له‌به‌ر رۆشنایى بۆچوونه‌كانى سه‌رۆك بارزانی

ریفراندۆم بۆ ده‌وڵه‌تبوون

(1)


له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا، له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانى جه‌نابى سه‌رۆك له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌ جیاجیاکانى خه‌ڵكى كوردستان، چه‌ند بۆچوونى هزریى نوێی خسته‌ به‌رده‌م خه‌ڵكى كوردستان، كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:


1- ئێمه‌ ده‌چینه‌ ناو قۆناغێكى نوێ، ده‌بێت ته‌نیا شته‌ باشه‌كانى ئێستاى خۆمان ببه‌ینه‌ ناو ئه‌و قۆناغه‌وه‌.


2- ئه‌و دەوڵەته‌ى كه‌ دروستی ده‌كه‌ین، دەوڵەتێكى نیشتمانى ده‌بێت، نه‌ك دەوڵەتى نه‌ته‌وه‌یى.


3- دەوڵەتى كوردستان باشه‌ ببێته‌ دەوڵەتێكى فیدراڵى- په‌رله‌مانى.


4- هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، خاوه‌نى ئه‌م دەوڵەته‌ ده‌بن.


ده‌مه‌وێت لێره‌دا خاڵ به‌ خاڵ، ئه‌م بنكه‌ هزرییانه‌ (به‌ بۆچوونى خۆم) روونتر بكه‌مه‌وه‌، به‌ هیواى كه‌ ئه‌وه‌ى ببێته‌ جێگاى گه‌نگه‌شه‌ و راى جۆراوجۆر، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئایینده‌دا قازانجى لێ ببینین.

 

* چوونه‌ ناو قۆناغێكى نوێ


ئه‌م قۆناغه‌ به‌ قۆناغى دەوڵەتبوون ناو ده‌برێت، كه‌ به‌ دوو هه‌نگاو جێبه‌جێ ده‌كرێت:


أ- هه‌نگاوى تێپه‌ڕبوون به‌ره‌و دەوڵەت.
ب- هه‌نگاوى گه‌یشتن به‌ دەوڵەت.


هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌م دوو هه‌نگاوانه‌ لێك جیاوازن و كارى جیاوازیانى ده‌بێت، له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا، هه‌موو بڕیار و یاساكانى كاتى ده‌بن و پێویسته‌ له‌ رووى به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ زۆر ئاسان بن، كوشنده‌ بن بۆ ئه‌م بیرۆكراتییه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمدا هه‌یه‌. پێویسته‌ هه‌موو بڕیاره‌كان له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستاندا بن، بۆ ئاسانكردنى ئیش و كاره‌كانى رۆژانه‌یان. بڕیار و یاساكانى ئه‌م قۆناغه‌ دوو جۆرن، ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ست به‌ كاروبارى ناوخۆییه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ بۆ ئیش و كاره‌كانى ده‌ره‌وه‌ ده‌بن، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، ده‌رباره‌ى موڵك و زه‌وى و پاسپۆرت و ره‌گه‌زنامه‌ و ... هتد. ئه‌م بڕیار و یاسایانه‌ یان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربكرێن، یانیش ئه‌نجومه‌نى دەوڵەت دروست بكرێت بۆ ده‌ركردنى بڕیار و یاساكانى پێویست به‌م قۆناغه‌وه‌. به‌ راى من، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ باشتره‌، چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئێمه‌ پێویستیمان به‌ بڕیار و یاساى جۆراوجۆر و به‌په‌له‌ هه‌یه‌، په‌رله‌مان پێى ناكرێ وه‌ڵامده‌رى ئه‌م پێداویستییانه‌ بێت.


له‌م قۆناغه‌دا رۆڵى خه‌ڵكى كوردستان و خۆڕاگریى ئه‌م خه‌ڵكه‌ و ئاماده‌بوونى بۆ گۆڕینى سیسته‌مى ژیانى ئاسان و كڕینى هه‌موو شتەوە، به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنانى هه‌موو شتێك و هه‌ڵگرتنى دروشمى (چاندن ژیانه‌). ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ بنكه‌ى سه‌ركه‌وتنى دەوڵەته‌كه‌مان. پێویسته‌ داموده‌زگاكان ئاماده‌ بكرێن بۆ یارمه‌تیدانى هاووڵاتییان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م دروشمه‌: زیادكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى ئاشه‌كان، گه‌نمى خۆماڵى بكرێته‌ ئارد و نان. ئه‌مه‌ سه‌ختترین قۆناغى دەوڵەتى كوردستانه‌، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى خه‌ڵكى كوردستان سه‌رده‌كه‌وێت، سڵاو و رێز بۆ ئه‌م خه‌ڵكه‌ خۆڕاگره‌، کە خاوه‌نى هەزاره‌ها شه‌هیدە بۆ دەوڵەتبوون.


له‌ هه‌نگاوى گه‌یشتن به‌ دەوڵەتدا، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ئه‌نجامى هه‌نگاوى یه‌كه‌م، به‌ دیدى من، نابێت درێژ بخایه‌نێت. پێویسته‌ ئامادەسازیى بۆ راگه‌یاندنى دەوڵەت كرابێت، له‌ ئاماده‌كردنى ده‌ستوور و هه‌یكلیه‌تێكى روون و بیروكراتییه‌تێكى كه‌م و ده‌سه‌ڵاتى زۆرى لامه‌ركه‌زى، وه‌زاراتى كه‌م و به‌گوێره‌ى پێداویستى بێت، لەگەڵ هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌كى رێكوپێك و یه‌كگرتوو.