له‌ مه‌نفاوه‌.. بۆ پێشمه‌رگایه‌تى

له‌ نسكۆوه‌.. بۆ مه‌نفا - 21

له‌دواى خۆپیشاندانێكى زۆر و كوشتارێكى زۆر، سه‌ره‌نجام شۆڕشه‌ ئیسلامییه‌كه‌ له‌ ئێران سه‌ركه‌وت. شاهینشا ئاریامیهر، كه‌ پێیان ده‌گوت (سێبه‌ری خودا) به‌ ره‌نگێكى هه‌ڵبزڕكاو، رووخسارێكى تێكشكاو، دوو چاوى تژى له‌ نیگه‌رانی و ترس، به‌ شكستخواردوویی له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانى به‌ سوارى فڕۆكه‌یه‌ك تێی قوچاند و هه‌ڵات. له‌ شوێنى ئه‌ودا ئایه‌توڵا خومه‌ینى (رۆحى خودا) به‌ مه‌ندیلێكى ره‌ش له‌ سه‌رى و ریشێكى سپی و به‌سه‌ر دیشداشه‌یه‌كدا عه‌بایه‌كى ته‌نكى له‌به‌ر، ده‌ركه‌وت، له‌ كاتێكا دوو گڵێنه‌ى نێو چاڵایی دوو چاوى، له‌ژێر دوو برۆی پڕ تووكیدا، به‌وپه‌ڕى باوه‌ڕبوون به‌خۆى و دڵنیا له‌ سه‌ركه‌وتنى شۆڕشه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى میهرابادى نێوده‌وڵه‌تى له‌ تاران، له‌ فڕۆكه‌ دابه‌زى و له‌ یه‌كه‌م وتاریدا، روو له‌ شاهپورى به‌ختیار، دوایین سه‌رۆكوه‌زیرانى (شا) گوتى: ”من ده‌كێشم به‌نێو ده‌مى ئه‌م حكوومه‌ته‌دا، من حكوومه‌تى نوێ داده‌مه‌زرێنم".


ئیدی، دواى ده‌ رۆژ، هه‌موو شتێ كۆتایی پێ هات و ده‌نگ و سه‌داى سروودى: "دێو كه‌ چووه‌ ده‌رێ، فریشته‌ وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێ". له‌نێو هه‌موو گوێچكه‌یه‌كدا ده‌زرینگایه‌وه‌. ئێمه‌ش پۆلی (ده‌)مان هه‌ر به‌ خۆپیشاندان به‌ڕێ كرد و له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵدا، مامۆستا چاودێره‌كان هێنده‌ به‌لامانه‌وه‌ نه‌ده‌هاتن و ئه‌و ساڵە به‌ ئاسانى ده‌رچووین.


***


هێشتا گه‌لانى ئێران له‌ شایلۆغانى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشه‌ ئیسلامییه‌كه‌یاندا بوون، له‌ ئێواره‌یه‌كى پڕ له‌ خه‌مدا هه‌واڵێكى ناخۆش كۆستێكى گه‌وره‌ى خسته‌ نێو دڵمانه‌وه‌. باوكم وه‌كوو هه‌موو رۆژانى دیكه‌، بۆ بیستنى هه‌واڵه‌كان گوێچكه‌كانى به‌سه‌ر رادیۆكه‌دا هه‌ڵخستبوو، له‌ هیكڕا له‌ پڕمه‌ى گریانێكی دا خوێنى له‌نێو ده‌ماره‌كانى جه‌سته‌ماندا وشك كرد. ئێمه‌ كه‌سمان سه‌رنجمان له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كان نه‌بوو. قه‌تیش له‌وه‌وپێش، فرمێسكم به‌ چاوه‌كانى باوكمه‌وه‌ نه‌بینیبوو، چی بگاته‌ ئه‌وه‌ى گوێم له‌ هه‌نسك و پڕمه‌ و ده‌نگى گریانى بێ. هه‌موومان له‌ شوێنى خۆماندا حه‌په‌سابووین و هێشتا دڵمان ڕێی پێمان نه‌دابوو لێی بپرسین چی رووی داوه‌. یه‌كه‌م هه‌واڵى به‌شی فارسیی ئێزگه‌ى (مۆنتى كارلۆ)، هه‌ڵه‌ نه‌بم به‌ ده‌نگى (هه‌ژیری ته‌یمورییان)، باسی له‌ كۆچى دوایی (مسته‌فا بارزانى) رێبه‌رى بزاڤى رزگاریخوازى كورد و سه‌ركرده‌ى شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌ى ئه‌یلوول كرد. قورسایی كاره‌ساته‌كه‌ هێنده‌ گه‌وره‌ بوو، خوێندنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ كۆتایی هاتبوو، ئێمه‌ هێشتا هەر ده‌گریاین. برینى نسكۆمان سه‌رله‌نوێ كولایه‌وه‌. باوكم ده‌یگوت ئه‌و رۆژه‌یش كه‌ نسكۆ به‌سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلوولدا هات و ناچار بوون سه‌نگه‌ره‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ، تووشی هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌ بوون، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وسا ئه‌ومان نه‌بینى، چونكه‌ له‌ناومان نه‌بوو. دیسان ده‌تگوت خانوومان به‌سه‌ردا رووخاوه‌ و ئێمه‌ش له‌بن تۆز و خۆڵ و داروپه‌ردووى خانووه‌كه‌دا ماوینه‌ته‌وه‌ و ده‌ستێ شك نابه‌ین به‌ره‌و ڕوومان درێژ بكرێت و رزگارمان بكات. ئێستاش له‌م شاره‌ ته‌ریك و غه‌ریبه‌دا، رێك له‌وكاته‌دا كه‌ پرشنگى ئومێدبه‌خشی رووخانى رژێمى شا و هاتنى رژێمێكى نوێ، ئه‌و سه‌رى تونێله‌ تاریكه‌کەى لێ رووناك كردبووینه‌وه‌ و هیواى سه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شۆڕش و گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ وڵاته‌ جوانه‌كه‌ى خۆمان له‌ دڵ و ده‌روونماندا زیندوو كردبووەوه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ دڵته‌زێنه‌ سڕ و هیوابڕى كردین.


***


ئه‌و رۆژه‌ى ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كانى پۆلی دوازده‌م وه‌رگرته‌وه‌ و ناوى خۆم له‌ لیستى ده‌رچوواندا بینى، نزیك بوو له‌ شاگه‌شكه‌ییدا دڵم رابوه‌ستێ و رۆحم ده‌ربچێ. نه‌ك هه‌ر له‌ خۆشیی ئه‌وه‌ى له‌ كۆڵ چوونه‌ قوتابخانه‌ و ده‌رس خوێندن ده‌بوومه‌وه‌، زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌نگاوێك نزیك ده‌كه‌وتمه‌وه‌ له‌و خه‌ون و خولیایه‌ى هه‌میشه‌ دڵ و مێشكمى ختووكه‌ ده‌دا. حه‌زى هه‌ره‌ گه‌وره‌م ئه‌وه‌بوو وه‌كوو مامۆستا له‌ دێهاته‌كان دابمه‌زرێم. ره‌نگه‌ به‌ ده‌یان جار ئه‌وه‌م له‌ خه‌ونه‌كانمدا بینیبێ. ئه‌ویش نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر پیشه‌كه‌، ده‌توانم بڵێم هۆى سه‌ره‌كیى ئه‌و حه‌ز و خولیایه‌م تێكه‌ڵبوونم بوو به‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و بێ بەش و چاره‌ڕه‌شه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو واتاكانى ژیاندا بوون. ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ى بیانكه‌م به‌ بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ى نێو ئه‌و چیرۆكانه‌ى له‌سه‌ر ژیانی پڕ له‌ كوله‌مه‌رگیی گوندنشینه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌م ده‌نووسی. هه‌ر له‌دواى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشی ئیسلامى له‌ ئێران، ده‌ستم دایه‌ چیرۆك نووسین و به‌ ده‌یان چیرۆكم به‌ زمانى فارسی له‌ گۆڤاره‌كاندا بڵاو كرایه‌وه‌ و له‌ خوێندنه‌وه‌كاندا بۆ چیرۆكه‌كانم، پێشبینىی ئه‌وه‌یان ده‌كرد له‌ داهاتوودا وه‌ك یه‌كێك له‌ چیرۆكنووسه‌ باشه‌كانى ئێران ناو ده‌ربكه‌م! ئه‌وان هیچ كات نه‌یانزانى من له‌ وڵاته‌كه‌یاندا په‌ناهه‌نده‌م. ئه‌وه‌بوو له‌ یه‌كه‌م راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ دامه‌زراندنى مامۆستاى لادێكان ناوى خۆم تۆمار كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى ئه‌زموونه‌ به‌راییه‌كاندا ده‌رچووم، به‌ڵام ناوم له‌ لیستى راگه‌یاندراوى وه‌رگیراوه‌كاندا نه‌هاته‌وه‌. به‌ خۆشم زۆر ئومێدم له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌چنیبوو، چونكه‌ ده‌مزانى بێجگه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ به‌راییه‌كان، ده‌بێ به‌ قۆناغی هه‌ستیاریی لێپرسینیشدا تێپه‌ڕ ببین. لێژنه‌یه‌ك ده‌چوو له‌ گه‌ڕه‌كى نیشته‌جێبوون و له‌ هه‌ندێ دۆست و هاوڕێی جێی متمانه‌ى خۆیان و له‌و قوتابخانانه‌ش كه‌ تێیدا خوێندبوومان ده‌یانپرسی و له‌باره‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌شدارییان له‌ ئه‌زموونه‌كانى دامه‌زراندندا كردبوو، زانیاریى پێویستیان كۆ ده‌كرده‌وه‌. ئه‌مه‌یش له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى پێشتر گرنگتر بوو، چونكه‌ ده‌رچوون له‌ هه‌موو ئه‌زموونه‌ به‌راییه‌كان هیچ شه‌فاعه‌تێكى نه‌ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى، له‌ رووى بیركردنه‌وه‌وه‌ هاوته‌ریب نه‌بیت له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌ نوێكانى وڵاته‌كه‌دا.


بۆیه‌ منیش وه‌رنه‌گیرام! ماوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ بێكارى سووڕامه‌وه‌. دواتر به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ باوكم بڕیارى خۆم دا.


ئاگامان له‌وه‌ هه‌بوو شۆڕش له‌ كوردستان هه‌ڵگیرساوه‌ته‌وه‌. منیش جانتاكه‌ى خۆم تێكنا و له‌ به‌یانییه‌كى زوودا ماڵه‌وه‌م له‌ مه‌نفاى زابوول به‌ره‌و كوردستان جێ هێشت و له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 1981دا له‌ راژان، شانازیى ئه‌وه‌م به‌ركه‌وت، وه‌كوو پێشمه‌رگه‌ تێكه‌ڵ به‌ خه‌بات و شۆڕش ببم.