چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

منداڵەکان هەڵگری بۆن و تام و رەنگ و دەنگی تازەن

منداڵێکی نوێ - 24

ن: ئۆشۆ
و: شێرزاد حەسەن

 

دەروازەی دووەم

چۆن هەستکردن بە گوناهباری پەیدا دەبێت؟
+ ئۆشۆ-ی خۆشەویست.. بۆچی دایکان و باوکان وەها دڵڕەقن بەرامبەر بە فەرزەندەکانی خۆیان؟ ئایا هیچ رێگایەکی دروست نییە بۆ ئەوەی پتر هەست بە بەرپرسیارییەتdی خۆیان بکەن؟ میهر و سۆزی زۆرتر بنوێنن؟ ئایا بە بیر و بۆچوونی تۆ رێگەچارەیەک نییە بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە و گوناه کە ساڵەهایە نەوە دوای نەوە دووبارەی دەکەنەوە؟

 

وەڵام: ئەگەر تۆ خۆت ئاشنا بیت بە شادومانی و هۆشیاریش بیت بەو خۆشنوودییە، دڵنیات دەکەم کە ئاسوودە دەبیت بەو هەستە خۆشەی کچەکان و کوڕەکانت کە ئازادن لەناو ژیان و سروشتدا کە بۆ خۆیان کەیفێ دەکەن.


منداڵەکەت سەرگەرمی سەما و بەزم و بازبازێن و هاوار و قریشکەیە، کەچی تۆ لە گۆشەیەکدا رۆژنامە دەخوێنیتەوە، رۆژنامە پەڕپووت و بێ سەنگەکەت. تۆ باش دەزانیت کە دووبارەیە و هەر هەمان هەواڵ و ماجەرایە، بەڵام حەزت بەوەیە خۆت سەغڵەت بکەیت. تۆ رێگری لە منداڵەکەت دەکەیت و دەیوەستێنیت، بەسەریدا هاوار دەکەیت کە تۆ بێزار نەکات، گوایە ئەتوو خەریکی شتێکی گەلەک گرنگ و بایەخداریت– رۆژنامە دەخوێنیتەوە- کەچی تۆ هێز و وزەی منداڵەکەت دەکوژیت، کە مەرجە وەک هەر شتێکی سروشتی رێڕەوی خۆی وەربگرێت. تۆ ئەو ئاگر و بڵێسەیە دەکوژێنیتەوە، ئەو رۆشنایی و پرتەوە دەڕەوێنیتەوە، تۆ خودی ژیان کوێر دەکەیتەوە و دڵت خۆشە کە تا ئەو رادەیە دڵڕەقیت و زەبروزەنگ دەکەیت بە خوو.


من مەبەستیشم نییە کە بە تۆ بڵێم بۆ هەمیشە رێگا بدەیت کە فەرزەندەکانت تووڕە و بێزارت بکەن، بەڵام من دڵنیام کە تۆ زۆربەی کات خۆت سەغڵەت و پەریشان کردووە. هاوکات بە فەرمان و داواکاری و مەرج و مەکە و مەڕۆ و مەخۆ، منداڵەکەی خۆت شێت کردووە، گەر تۆ هێمن و بە حەوسەڵە بیت، ئەوسا مندڵەکەش تێت دەگات، منداڵەکان زۆر وریا و خۆڕسکانە کاردانەوەی خێرایان دەبێت بۆ هەموو قسە و کردار و رەفتارێکی گەورەکان. ئەگەر منداڵەکە بزانێت کە تۆ وەک باوک و دایک و مامۆستا هەموو شتەکانی لێ قەدەغە ناکەیت، ئەوسا ئاسانترە کە تۆ وای لێ بکەیت هێمن و سەلار بێت، ئەو کاتەی سەرگەرمی یەکێک لە ئەرک و کار و خولیاکانی خۆتیت، دڵنیا بە کە هەست بەوە دەکات کە مادامەکێ تۆ نەرم و نیانیت، بگرە رێگات داوە کە بەهرەمەند بێت لە هەموو ئازادییەکی خۆی، ئامادە نییە ئاو لێڵ بکات.


منداڵەکان خاوەنی دیدگا و روانینی خۆیانن و مەرجە ئێمە رێزیان لێ بگرین.


جار هەیە مامۆستا لە کاتی وانەوتنەوەدا بەتووڕەییەوە بەسەر قوتابییەکانی خۆیدا هاوار دەکات، کە مەرجە هێمنی و کپیی پۆلەکە بپارێزن، بە رادەیەک کە ئەگەر دەرزی هەڵبدەیت و بکەوێتە خوارەوە زرنگەی نەیەت. هەڵبەتە فەرمانی مامۆستایە و پۆلەکە بۆ ماوەی دوو خوولەک نوقمی خامۆشییەکی سەنگین و هەم خنکێنەر دەبێت، لەناکاودا یەکێک لە ریزەکانی دواوە بە دەنگێکی بێزار و خنکاوەوە دەچرپێنێت:


"ئەرێ لە راهی ئاسمان خۆ دڵمان تەقی.. دەبا دەرزییەکە بکەوێتە خوارەوە و زرنگەی بێت... چش!"


هەڵبەتە رەنگە ئەم چرپە داخدارە لە تاو قوڕقەپی هەم خۆی و هەم هەموو قوتابییەکان بێت کە هی یەكێکیانە لە یەکەمین رۆژی هاتنی بۆ قوتابخانەکە.


جارێکیان لە رۆژی یەکەمی چوونە قوتابخانەدا، مندڵێک بەدوای دایکیدا زۆر گریا و ژیر نەدەبووەوە کە لەوێندەر بەتەنیا بەجێی هێشت، بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بە جۆرەها شێوە و بە سۆز و میهرەوە هەوڵیان دا، بەڵام بێ سوود بوو، تا دەمەو نانی نیوەڕۆ لە شیوەنی خۆی نەکەوت، ئەوسا بەڕێوەبەرەکە بە بێزارییەوە بە منداڵەکەی گوت:


" لە راهی ئاسمان بەسە و خامۆش بە، کاتی نانی نیوەڕۆیە، دوای دوو سەعاتی دیکە دایکە دێت و دەتباتەوە..ئیدی ژیر بەرەوە!"


یەکسەر منداڵەکە ژیر بووەوە و بەسەرحاڵییەوە گوتی: "من وامزانی تا دەبم بە شازدە ساڵ هەر لێرە دەمێنمەوە!"


منداڵەکان خاوەنی دیدگا و روانینی تایبەت بە خۆیانن، خاوەنی تێگەیشتن و شێوازی نزیکبوونەوەیان لە کەسەکان و شتەکان و رووداوەکان. ئێوە وەک دایکان و باوکان و مامۆستایان، یان خزم و کەسانی ئەو منداڵانە، هەقی خۆیەتی کە لێیان تێ بگەن و رێز لە بەهرە و وزە و توانا شاراوەکانی ئەوان بگرن، دوور بن لە سزا و هەڕەشە و تۆقاندنیان، مەرجە زۆر قورسەکانی خۆتان بەسەریاندا مەسەپێنن، ئەو حەز و خەون و خولیایانەی کە ئێوە بە منداڵی و گەنجییەتی نەگەیشتوون پێیان، یان بۆتان نەهاتوونەتە دی، مەیانخەنە سەر ئەستۆی کچەکان و کوڕەکانی خۆتان، ئەوەیان ستەمێکی گەورەیە و مەرج نییە بۆیان بکرێت هەر وەک چۆن خۆتان بۆتان نەکرا و نەهاتنە دی.


ئەگەر مێشکێک کراوە بوو بۆ لێکدی تێگەیشتن و دەرک کردنی بەرامبەر، بەتایبەتی لەنێوان باوان و فەرزەندەکانیان، ئەوسا دۆزینەوەی هارمۆنیا و ریتمی هاوسەنگ لەنێوان هەردوو لایان دەسازێت، هەموو شتەکانی دیکەش کۆک و تەمیز دەبن. ئەوە تەنیا گەمژەکان و بێهۆش و کاڵفامەکانن کە لەناو خۆیاندا خنکاون، ئامادە نین لە هیچ تێ بگەن، روانین و دیدگای دیکەی خەڵکی پەسند نەکەن و دژی بوەستنەوە، دۆگماپەرستن و هەرچی بیر و بۆچوونێک لەگەڵ هی ئەوان نەگونجێت شایستەی رەتکرنەوەیە، دروشمەکەیان بەم چەشنەیە: گەر وەکوو من نەبیت دوژمنمیت. ئەو خۆداخستنە بەرامبەر بەوانی دیکە هیچ پردێک دروست ناکات، هەر هەمان دۆخ وای کردووە هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینییەکان بۆ هەمیشە لە جەنگدا بن.


منداڵەکان هەناسەیەکی پاک و تازە دەهێننە ناو ژیان و جیهانی ئێمەوە. ئەوان هەڵگری بۆن و تام و رەنگ و دەنگی تازەن.


منداڵان بۆ هەمیشە چاپی تازەی ئاگاهی و هۆشیارین، کتێبگەلی نوێ بۆ ناسینی خۆمان و دونیایەکی تازە و نوێ.


منداڵان دەروازە و پردی پتەوی ئێمەن بۆ چوونە ناو ژیان، باڵمان پێ دەبەخشن تا بگەینە ئاسمان و شانشینی خواهانە، ئەوانن کە هێزیان هەیە پاک و پیرۆزمان بکەن.


تکایە هۆشیار و زرنگ بە و لە منداڵەکانی خۆت تێ بگە و هەموو شتەکان کۆک و رێک دەبنەوە. ئەگەر تۆ ئاسوودە و وریا بیت، ئەوسا پێویستت بەوە نابێت کە لەوە بترسیت چۆنچۆنی هەمان هەڵە و گوناه دووبارە و دەبارە نەکەیتەوە، چونکە شادی و زرنگی پێکەوە رێگر دەبن لە بەردەمتدا کە دوور بیت لە هەڵە و پەڵە. ئەوکات ئێوە دەبێت بە تەواوی و بنەبڕ بڕیار بدەن کە لە دایکان و باوکانی خۆتان جیاواز بن. هەڵبەتە سەیر نییە، چونکە هۆشیاری و ئاگاهی بۆ خۆی جیاوازییەکە دێنێتە ئاراوە.