بەرژەوەندی وڵاتان فاڵەکەتان پوچەڵ دەکاتەوە

 



دیاری کردنی وادەی ریفراندۆم بۆتە جێگای تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان بە جۆرێک دید و سەرنجی خۆیان لە ھەمبەر ئەو ھەنگاوەی ھەرێمی کوردستان خۆستۆتە ڕوو, ناوەندە ئیعلامیە ھەرێمی و جیھانیەکان وەک مژاری ڕۆژ ئەو ھەنگاوەی ھەرێمی کوردستان شیتەڵ دەکەن, ئەگەرچی ھەڵوێستی ئەمریکا و ولاتانی ناوچەکە بە رواڵەت ئەرێنی نیە, لە بەرامبەردا گەلێ جار ڕووداوەکان ئاوەژوو بوونەوتەوە و وڵاتانیان ناچار بە ئەمری واقیع کردووە, لە دونیای سیاسەت بەرژوەندی لە سەرووی ھەموو شتیکەوەیە, گەلێ جار بەرژوەندییەکان وا دەخوازن دان بە ئەمری واقیع بنرێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ, ئەمریکا لە دوای ئازاد کردنی عێراق و ڕووخانی دەسەلاتی ڕژێمی سەدام حوسێن خولیای عێراقی دیموکراسی, فیدراڵی, یەکگرتووە . لە ئەرزی واقیع عێراق چواردە ساڵە نە یەکگرتووە , نە دیموکراسە , نە لە خەمی چەسپاندنی فیدراڵیشە, ترسی ئەمریکا لە جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان قوڵبونەوەی کێشەی نێوان پێکھاتەکانی تری عێراقە و دەستکراوەیی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ دەستوەردانی زیاتر لە ناوخۆی عێراق, بەلام گرینگتر بۆ ئەمریکا بوونی ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست کە بتوانێ لە ڕێگای ئەو ناوچە ئارامەوە سیاسەتەکانی دابڕێژێت و ستراتیژیەتی رۆژھەڵاتی ناوین ئاراستە بکات.


درووست بوونی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکە باشترین بژاردەیە بۆ ئەمریکا کە ھاوشێوەی ئیسرائیل ھەم دۆست بێ و ھەمیش بەرژوەندییەکانی پارێزراو بن, گەر ھەرێمی کوردستان لە وادەی خۆی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و لەو ڕێگایەوە ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێ، ئەمریکا لە نێوان ھەڵبژاردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەوڵەتی کوردستان بژاردەی دووھەم ھەڵدەبژێرێت کە ئەویش کوردستانە, چونکە وەک گوتمان گرینگە ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکە لە دایک ببێ.


ئەمانە و کۆمەڵێک فاکتەری تر ئەو فاڵە سیاسییە ئاراستەکراوانە پووچەڵ دەکەنەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشت لە ھەرێمی کوردستان دەکات، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. لە لایەکی ترەوە بەرەی دژە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مانۆڕێکی ئیعلامییان دەستپێکردووە لە ڕێگای کەناڵە بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیاوە. ئەویش دەنگۆی ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بەو ھۆیەوە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕێکی نەخوازراو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە, ھەروەھا بە ھۆی داخستنی مەرزەکانەوە لە لایەن ولاتانی دراوسێ "تورکیا و ئێران" ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری دەکاتەوە، بەو ھۆیەوە برسیەتی و قەیرانی کەمبوونەوەی خۆراک ڕووبەڕووی ھاونیشتیمانییان دەبێتەوە .

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک ناوچەیەکی جیاواز لە ناوچەکانی تری عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت, بەڵگەی درووستیش ھێرشی ئاسمانی فرۆکە ئەمریکاییەکان بوو بەمەبەستی وەستاندنی ھێرشی تیرۆریستانی داعش کاتێک ویستیان خاکی کوردستان داگیر بکەن, لەبەرامبەردا لە کاتی داگیرکردنی ناوچە سوننە نیشینەکانی عێراق لە لایەن داعشەوە، ئەمریکا بێدەنگی ھەڵبژارد تا ئەو کاتەی ئاراستەی ھێرشە داگیرکارییەکە بۆ ھەرێمی کوردستان وەرگێڕدرا.


حەشدی شەعبی کە لە لایەن ئێرانەوە مەشقی پێ دەکرێ و پڕ چەک دەکرێ، ھەڵسوکەوتەکانی ئەو میلیشیایە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا یەکانگیر نیە. لە ئەگەری ھێرشی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کە ئەگەرێکی دوورە، مەحاڵە ئەمریکا چاوپۆشی لەو داگیرکارییە بکات, لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان خۆیان تووشی شەڕێکی نەخوازراو ناکەن لە سەر پرسی ڕیفراندۆم لە کاتێکدا بەرپرسانی عێراق گەیشتۆنەتە ئەو قەناعەتەی ھەرێمی کوردستان بە کرداری بەشێکی جیاکراوەیە لە خاکی عێراق.


داخستنی مەرزەکان بووەتە حەملەیەکی ئیعلامیی گەورە لە لایەن بەرەی دژە ڕیفراندۆم، بەندەش لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتییەوە مەبەستمە ئەو بانگەشەیە بە دیوێکی تر شیتەڵ بکەم. تورکیا وڵاتێکە بەرژوەندیی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەندەری جیھانی تورکییەوە دەگاتە بازاڕەکانی جیھان. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان ساڵانە بە ٢٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێ. بەھۆی بەردەوامیی کێشەی نێوان تورکیا لەگەڵ ولاتانی ئەورووپا، ململانێی لەمێژینەی تورکیا و ئێران وای کردووە دۆخی ئابووریی تورکیا بەردەوام لە ھەڵکشان و داکشان بێ و ھاوسەنگی بە خۆیەوە نەبینێ، ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کەناڵێکی گرینگی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتەیە و تورکیا نەک مەرزی ئیبراھیم خەلیل داناخات، بگرە گرینگیی زیاتری پیدەدات و ھەوڵ دەدات ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو مەرزە زیاد بکات.


وەک چۆن بۆ تورکیا مەرزی ئیبراھیم خەلیل گرینگە، مەرزەکانی تری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە ھەمان شێوە گرینگن. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستان لە سەرووی حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێ. ئێران وڵاتێکە گۆشەگیر کراوی نێو دەوڵەتییە و بەو ھۆیەوە ئەو ولاتە ساڵانێکە بەھۆی قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێ. ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرینگە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەھۆی مەرزەکانەوە ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ھاوکاریی ئێران بکات تا داتەپینی زیاتری ئابووری بەخۆیەوە نەبینێت..