چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

حزب و په‌رله‌مان له‌ سیاسه‌تدا

 

چالاكیی سیاسی و به‌شداریكردنی هاووڵاتییان له‌ ژیان و پڕۆسه‌ی سیاسیدا، شێواز و فۆرمی جۆراوجۆری هه‌یه‌، هه‌ر فۆرمێك له‌و فۆرمانه‌ش به‌گوێره‌ی پێوه‌ری دیاریكراو به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، بۆ هه‌ر كارێكیش ده‌بێت پابه‌ندبوونێكی دیاریكراو هه‌بێ به‌ یاساكانی گه‌مه‌كه‌وە.


ژیانی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرندا له‌ژێر كاریگه‌ریی چالاكیی پارته‌كانه‌، له‌ داڕشتنی شێوازی ململانێكردن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌ته‌كان و ده‌ركردنی یاسا و بڕیاره‌ تازه‌كان بۆ رێككه‌وتنی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی داواكاریی هاووڵاتییان و گرووپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاكان. دروستبوونی حزب و گرووپی سیاسی، هۆكارێكی سه‌ره‌كیی جێگیربوونی دیموكراسی و فراونبوونی فه‌زای ئازادین، هه‌روه‌ها له‌و شوێنانه‌ی كه‌ سیسته‌می دیموكراسی حوكم ناكات، هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌نجامدانی شۆڕش و بزوێنه‌ری دۆزه‌ سیاسییه‌كانن، چونكه‌ له‌ ئه‌نجامی داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی پوخت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كان كاریگه‌رییه‌كان زۆرتر ده‌بن.


پارتی سیاسی دیارده‌یه‌كی مۆدێرنی سیاسه‌تكردنه‌، بۆ خێراتكردنی ره‌وتی پڕۆسه‌كان و زیاتركردنی كاریگه‌رییه‌كان، چونكه‌ به‌هۆی هه‌بوونی ئامانجێكی دیاریكراو و ستراتیژییه‌تێكی كارا و كۆمه‌ڵێك ئه‌ندام، ئه‌وا كاره‌كان باشتر به‌ڕێوه‌ ده‌چن و ئامانجه‌كان باشتر ده‌پێكرێن. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ هه‌ر پارتێكی دیاریكراو به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، كه‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ یان دیدی تایبه‌تیی خۆی ده‌گونجێ، ئه‌وا چیتر باس له‌ پارتێكی سیاسی ناكرێ. بێ بوونی هه‌ره‌مێكی بڕیارده‌ر و پلانێكی دیاریكراو ئه‌ندامی تریش بۆ گرووپه‌كه‌ زیاد نابێ، چونكه شوناس و هێڵی سیاسیی جیاواز، وا ده‌كات مرۆڤی تر خۆیان بۆ پرسه‌كان بخه‌نه‌ گه‌ڕ. تۆ كاتێك باس له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ی له‌ مه‌ترسییه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل یان ته‌كنۆلۆژیا، پێویستت به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌ندامه‌كانی خۆت بزانن هه‌نگاوه‌كانی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌ست پێ ده‌كات و چ جۆره‌ ئارگیۆمێنتێك سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانجه‌ داڕێژراوه‌كان بگه‌ی، ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌ر كه‌سێك له‌ ناوه‌ندی رێگاكه‌ میتۆدێكی تر بدۆزێته‌وه‌ و بێ ئاگاداریی سه‌رپه‌رشتیاران ده‌ست بكات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خۆی پێ باشه‌ و له‌ میتۆده‌ داڕێژراوه‌كان دوور كه‌وته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌و مافه‌ش به‌ سه‌رپه‌رشتیاران بدا كه‌ مافی نوێنه‌رایه‌تیكردنی لێ بسه‌ننه‌وه‌.


ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌ دیموكراسییه‌ به‌هێزه‌كانی دونیا و ده‌وڵه‌تی یاسایه‌، وه‌ك خۆیان له‌ ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا جێگیریان كردووه‌، به‌ڵام ژیانی سیاسیی پارته‌كان به‌ رێككه‌وتن له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ و پرۆسه‌ی گفتوگۆش بۆ په‌رله‌مان به‌جێ ده‌هێڵن. چه‌ندین ساڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارتی سه‌وز و سۆسیال دیموكرات و پارتی چه‌پ ده‌یانویست یاسای هاوسه‌رگیری بۆ هاوڕه‌گه‌زبازان له‌ په‌رله‌مان ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی، چونكه‌ مێركل، كه‌ سه‌رۆكی پارتی مه‌سیحیی دیموكراته‌ له‌سه‌ر ئه‌م یاسایه‌ رازی نه‌بوو، ئه‌گه‌رچی چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارته‌كه‌ی رازی بوون و ته‌نانه‌ت هاوڕەگه‌زبازیش بوون. چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا، مێركل ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ نیشان دا و به‌ دوو رۆژ یاساكه‌ بردرا بۆ په‌رله‌مان و به‌ یه‌ك رۆژ گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و ته‌سدیق كرا و كرا به‌ یاسا، واته‌ پارته‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان رێك كه‌وتن و به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی خۆیان گوت ده‌نگی پێویستی بۆ كۆ بكه‌نه‌وه‌.


ژیانی حزبایه‌تی له‌ كوردستان كه‌موكوڕیی زۆره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان پێیان وابێ ئه‌وان نوێنه‌ری راسته‌وخۆی گه‌لن، ئه‌وه‌ سه‌رلێشواندنی ده‌نگده‌ره‌كانیانه‌، چونكه‌ ئه‌وان بۆ ده‌رچوونیان سوودییان له‌ كار و چالاكی و رێكخستن و راگه‌یاندنه‌كانی حزب وه‌رگرتووه‌، بۆ وه‌رگیرانیش له‌ هه‌ر پارتێكی سه‌ر ئه‌و دونیایه‌، پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ دان به‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرام و سیاسه‌تی حزبه‌كه‌دا بنێ، ئینجا وه‌ك نوێنه‌ر و ئه‌ندامی ئه‌و حزبه‌ قسه‌ بكات. دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی پارته‌ سیاسییه‌كان، چ له‌ كوردستان و چ له‌ جیهان، شتێکی تازه‌ نییه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌، لێدوانه‌كانی دوای جیابوونه‌وه‌ سنووری عه‌قلانییه‌ت تێ ده‌په‌ڕێنێ و كه‌سه‌كان خۆیان به‌ نوێنه‌ری ده‌نگی ئازا و بوێر و سه‌ربه‌خۆ نیشان ده‌ده‌ن، ناشیانه‌وێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ بن، كه‌ به‌هۆی پابه‌ندبوونیان به‌ پارته‌كه‌ وه‌ریانگرتووه‌.