ئه‌گه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌جێمان بهێڵێ ده‌بێت 100 ساڵی تر چاوه‌ڕێی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی تر بكه‌ین

نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌م گۆڕانه‌یش بارودۆخێكی تازه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌خولقێنێت كه‌ سنووری هه‌ندێك وڵات وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه‌ و، هه‌ندێكی دیكه‌یش سنووره‌كانیان فراوانتر ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێگه‌ی خۆیان به‌ هێز بكه‌ن و سنووره‌كانیان فروانتر بكه‌ن یان وه‌كو خۆی بیهێڵنه‌وه‌.


گۆڕینی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی و توێژه‌ر و ئه‌كادیمییه‌كان باسی لێوه‌ كراوه‌، ئه‌وان ماوه‌یه‌كی نزیكیان داناوه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ و پێشیانوایه‌ ئه‌مریكا وه‌كو رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ ئیدی ئه‌و زوڵمه‌ له‌كورد ناكات كه‌ بێده‌وڵه‌ت بیهێڵێته‌وه‌.


ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كه‌ بڕیاره‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌روارێكی گرنگه‌ بۆ داهاتووی كورد، به‌تایبه‌ت ئێستا وڵاتانی زلهێز له‌سه‌روبه‌ندی كێشانی نه‌خشه‌یه‌كی تازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن، بۆ ئه‌مه‌شیان ئه‌گه‌ر كورد له‌ئێستاوه‌ به‌ دنیا نه‌ڵێن من بوونم هه‌یه‌ و ئیدی ده‌مه‌وێت وڵاتم هه‌بێت، ئه‌وان ده‌ستت ناگرن و بڵێن فه‌رمو ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ته‌.
ئه‌وانه‌یشی پێیانوایه‌ ئێستا كاتی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌، نه‌یانویستوه‌ خۆیان ماندوو بكه‌ن و به‌دواداچوون بكه‌ن تا بزانن ئێستا له‌بارترین كاته‌ بۆ ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ست خۆمانی بده‌ین ده‌بێت 100 ساڵی تر چاوه‌ڕێ بین تا هه‌لێكی تری وه‌كو ئێستامان بۆ دێته‌ پێشه‌وه‌.


وڵاتانی دراوسێ كه‌ كوردی به‌سه‌ردا دابه‌ش بوه‌، هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا لاواز نه‌بوونه‌ و له‌ناو نه‌چوونه‌، ئه‌وه‌تا شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی سووریا و نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌، به‌شار ئه‌سه‌د زۆر مه‌منوونه‌ كه‌ ئه‌و خاكه‌ی له‌ده‌ستی ماوه‌ته‌وه‌ لێی نه‌ستێننه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز نابێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ كورد. عێڕاق تا مانگێك به‌ر له‌ئێستا نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ست گروپی تیرۆرستی داعش بوه‌، له‌ناو خۆشیان شیعه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا ده‌به‌شبوون و كێشه‌ی سوونه‌كانیش له‌وه‌لاوه‌ بوه‌ستێت، بۆیه‌ ئه‌و ناتوانێت كێشه‌ی ناوه‌خۆیی خۆی چاره‌سه‌ر بكات، چۆن ده‌توانێت ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی له‌داهاتوو؟ ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌مریكا بڵێت من له‌ناوچه‌كه‌ باڵا ده‌ستم، چونكه‌ ده‌زانێت له‌سه‌رده‌می ترامپدا شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئێران به‌رپا ده‌بێت و ئێرانیش حاڵی وه‌كو حاڵی عێڕاق و سووریای لێ دێت.


ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ توركیایه‌، كه‌ تا ئاستێك باڵاده‌سته‌ و له‌ناوچه‌كه‌ حیسابی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌یش دووچاری قه‌یرانی داراییه‌كی زۆر هاتوه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ ئاشكرا گه‌مارۆی ئابووری ده‌ده‌ن و له‌رووی گه‌شتیارییه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌یان خنكاندوه‌، رێژه‌ی بێكاری 20% و، له‌ناوه‌خۆشیدا به‌خراپترین كاتدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئێستا ئۆپۆزسیۆنی توركیا به‌ دوای رێگه‌ چاره‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا ئه‌ردۆگان له‌ناو ببات، بۆ ئه‌مه‌شیان ئه‌وروپا پشتگیری ته‌واوی ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌ردۆگان هه‌موو خه‌یاڵێكی لای ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانێت به‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌دا زاڵ بێت. كه‌واته‌ ئێستا باشترین كاته‌ كورد سوود له‌و لاوازییه‌ی وڵاتانی دراوسێ وه‌ربگرێت بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی خۆی.


ئه‌گه‌ر ئێستا كاتی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت ئه‌ی كه‌ی كاتییه‌تی؟ ئه‌گه‌ر بڵێن توركیا سنووركانمان به‌سه‌ردا داده‌خات و ده‌مرین له‌برسان، ئه‌وه‌ گریمانه‌یه‌كی زۆر لاوازه‌، چونكه‌ توركیا و ئێران هه‌تا هه‌تایه‌ هه‌ر دراوسێی ئێمه‌ن و خاكه‌كه‌یان هه‌ڵناگیرێت بۆ شوێنێكی دیكه‌، كه‌واته‌ به‌هانه‌ی كات ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكه‌. كاتی خۆی نه‌رویژیش كه‌ ویستی له‌سوید جیا ببێته‌وه‌، سوید پێی گوت ئێستا كاتی نییه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌ باشترین كاتیان زانی و جیابوونه‌وه‌ و ئێستا نه‌رویژ وڵاتێكی گه‌وره‌ و ئارامی ئه‌وروپایه‌.


ئه‌گه‌ر بڵێن هه‌موو وڵاتانی دنیا له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێڕاقدان، ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانن كه‌ هه‌موو وڵاتانی دنیایش ده‌زانن یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بوونی نه‌ماوه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێڕاقداین له‌رووی یاساییه‌وه‌ ناچارن وا بڵێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه‌ بڵێن پشتگیری له‌ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ین، ده‌بێته‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌خاكی وڵاتێكی دیكه‌ و ده‌كه‌ونه‌ ژێر به‌رپرسیارییه‌تی، به‌ڵام كه‌ ده‌وڵه‌ت راگه‌یه‌ندرا ده‌بێته‌ دیفاكتۆ و ناچارن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌و ریفراندۆمه‌ په‌یامی كورده‌، كه‌ له‌كاتێكی زۆر گونجاودا به‌ دنیا ده‌ڵێت له‌كاتی گۆڕینی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نابێت په‌راوێز بخرێم، به‌ڵكو وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی دنیا ده‌مه‌وه‌ێت وڵاتی خۆمم هه‌بێت تا ناوچه‌كه‌یش ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت.


ئه‌وانه‌ی له‌به‌ره‌ی نه‌خێردان، ده‌بێت بزانن ئه‌گه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ری سه‌ربه‌خۆیی به‌جێمان بهێڵێت، ده‌بێت 100 ساڵی تر چاوه‌ڕێی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی تر بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی بمانبات.