چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

ئامانجی شاسوار لە بەرەی (نەخێر)دا

 

 

کاتێک سەرمایەدارێکی وەک شاسوار عبدالواحید، کەمپینی (نەخیر) بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان ڕادەگەیەنێت جێگەی پرسیار و گومانی زۆر نییە. چونکە ئەم سەرمایەدارە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیەوە سەیری پڕۆسەکە دەکات، ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرمایەیە لە جوگرافیایەکی بەرفراوانتر و ژمارەیەکی زۆرتری دانیشتوان. بەم شێوەیە مانەوەی عیراق بەیەکگرتوویی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان و جوگرافیا بەرفراوانەکەی بۆ دەپارێزێت. وەک لەوەی سێ چوار پارێزگای کوردستانی گەمارۆدرواو لە داهاتوودا.

 

وەک دەوترێ سەرمایە ترسنۆکە، بەو مانایایەی وەبەرهێنان شوێنی گونجاو و دڵنیا و ئاسایشی دەوێت، کەواتە شاسوار بۆ زیاتر کەڵەکەبوونی سەرمایەکەی و فراوانترکردنی پڕۆژە نیشتەنجێبوون وگەشتیارییەکەی، دەیەوێ لەگەڵ عیراقێکی پان و پۆڕ و دانپێنراوی نێودەوڵەتییەوە بمێنێتەوە. کەواتە زۆر ئاساییە بۆ ناوبراو شەڕی مانەوە لەگەڵ عیراقێکی یەکگرتوو بکات، کە هەموو سەرمایە میدیاییەکەی و ئەوەشی وەری گرتووە بخاتە خزمەتی کەمپینی (نەخێر). خۆ ئەم کارەی شاسوار ئەگەر لە وڵاتێکی یان ناوچەیەکی خاڵی لە کێشە بێت لەوەیە ئاسایی بوایە، بەڵام ئاسایی نییە لە جوگرافیەکدا کە لەسەر کەللەسەری مرۆڤەکان بنیات نراوە، ئاسایی نییە لە کوردستانێکدا کە لە ڕابردوو و ئێستادا ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە لەپێناو سەربەخۆییدا. ئاسایی نییە بۆ هەرێمێک کە حکوومەتە ناوەندەکەی ئەگەری بەکارهێنانی هێز لەدژی ڕۆڵەکانی کوردستان بەردەوام کراوەیە، ئاسایی نییە بۆ هەرێمێک کە دراوسێکانی هەمیشە خۆشبەختن بە کەوتنی.

 

ئەم کارەی شاسوار هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ کاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی شەڕ و کوشتار دەدەن لەپێناو فرۆشتنی زۆرترین چەک و کۆکردنەوە سەرمایە. هەروەک چۆن سەرمایەداریی باکی بە مردنی مرۆڤەکان نییە دێت گەنم دەڕژێنێتە دەیارکانەوە لەپێناو پارێزگاریگرتن لە نرخی گەنم. سەرمایەدارە کوردەکە هەمان تراژدیا دەکات بە دیوێکی تر و لەسەر گەلی خۆی لەپێناو پارێزگاری و زیادکردنی سەرمایەکەی.

چ مانایەک دەبەخشێت کاک شاسوار؟ لەم کاتە هەستیارەدا هاوهەڵوێست بیت لەگەڵ حکوومەتەکانی عیراق و تورکیا و ئێران!