چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

ڕۆژگارێ له‌ سلێمانیدا ئاوا ژیاین

شێخ ئه‌نوه‌رى شاعیر چۆن مولازم موحسینى ته‌خت كرد!

(1)

هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان نووسینه‌وه‌ى ئه‌م به‌سه‌رهاتانه‌ بۆ مێژوو پێویستن.. لێ، من هه‌گیز باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌بووه‌‌ و نییه‌.. ئاخر ئێمه‌ى خه‌ڵكى وڵات‌ و ناوچه‌ عاره‌بى‌ و ئیسلامییەکان، تێكڕا هه‌زار‌ و چوارسه‌د ساڵه‌ له‌ ده‌رڤه‌ى مێژوودا ده‌ژین. ئه‌م جۆره‌ بیره‌وه‌رى‌ و ڕووداوانه‌ له‌ سه‌رگوزشته‌‌ و گورگانه‌شه‌وێ زێتر هیچی دى نین. میسرییەکان پێیان ده‌ڵێن (حه‌دوته‌).
له‌و ئه‌لقانه‌ى پێشوودا به‌شێكى كه‌م له‌‌و ڕۆژگارانه‌ى ژیانى به‌غدامان خسته‌ ڕوو. وام پێ باش بوو چه‌ند ئه‌لقه‌یەکیش بۆ ڕۆژگارێكى ژیانمان له‌ سلێمانیدا ناوكێش بكه‌ین، به‌تایبه‌تى بابه‌ت‌ و ڕووداوگه‌لێ بن، له‌لایێ شایسته‌ى گێڕانه‌وه‌ بن‌ و له‌لایەکى دییه‌وه‌ ڕه‌چاوى ڕێبازى هه‌فته‌نامه‌ شكۆمه‌نده‌كه‌ى (باس)یش بكات.
سه‌عات ده‌ورى ده‌ونیو، یازده‌ى به‌یانیى 18ى حوزه‌یرانى 1980، به‌سه‌ردان له‌ به‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ (دڵشاد مه‌ریوانى)دا هاتبوومه‌وه‌ سلێمانى، ویستم سه‌ردانى (شێخ ئه‌نوه‌ر) بكه‌م، له‌پێشمه‌وه‌ (مولازم موحسین) په‌یدا بوو، له‌به‌ر دوكانه‌كه‌یدا وه‌ستا، منیش به‌ناچارى له‌ملاى كتێبخانه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ستام. مولازم په‌نجه‌ى بۆ كارتێكى جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ڕاكێشا تا بۆى لێ كاته‌وه‌‌ و بیداتێ. شێخیش چاوى كزبوو، كارتێكى بۆ لێ كرده‌وه‌‌ و بۆى ڕاگرت. مولازم گوتى:
- وله‌ك مو هازا.. زاكه‌ (كوڕه‌! ئه‌وه‌ نا ئه‌ویدى).
شێخ ئه‌نوه‌ر ناهه‌قى نه‌بوو وشه‌ى (وله‌ك) به‌ ئیهانه‌ بزانێت. ئه‌و هێشتا ده‌ستى درێژ كردبوو تا كارته‌كه‌ى بۆ ده‌ستنیشان بكات، شێخ له‌سه‌ر پلیكانه‌ى دوكانه‌كه‌یه‌وه‌، مه‌چه‌كى مولازمى گرت‌ و بازێكى دا‌ و خۆى‌ و ده‌ستى ئه‌ویشى له‌گه‌ڵ خۆیدا بادا، به‌به‌رچاوى ئه‌و خه‌ڵكه‌وه‌‌ و له‌ناوه‌ڕاستى بازاڕى شاردا ته‌ختى زه‌وییەکه‌ى كرد.. به‌له‌قه‌شه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر ورگى و گوتى:
- دایكت ده‌..ێم، به‌ كێ ده‌ڵێیت (وله‌ك)!
حیمایه‌كانى له‌وبه‌رى شه‌قامه‌كه‌وه‌ به‌ڕاكردن گه‌یشتنه‌ سه‌ر شێخ‌ و په‌لاماریان دا، له‌سه‌ر مولازمیان لابرد‌ و ویستیان لێی ده‌ن. مولازم موحسین خێرا هه‌ستا، له‌گه‌ڵ خۆ ته‌كاندندا پێی گوتن:
- خه‌للو! (لێی گه‌ڕێن).
له‌به‌رئه‌وه‌ى مولازم كه‌وتبووه‌ نێو ته‌ڕایى قه‌راغى شۆسته‌كه‌‌ و شه‌قامه‌كه‌، پانتۆڵكه‌ى لاى سمتی ته‌ڕ بووبوو. پاسه‌وانه‌كان له‌ شێخیان نه‌دا، هه‌روا توند گرتبوویان تا ڕانه‌كات، چاوه‌ڕوانى فه‌رمانى مولازم بوون، مولازم به‌هێمنى سه‌یرێكى شێخى كرد‌ و به‌ جه‌ماعه‌تى گوت:
- خه‌للو! یاڵڵا وه‌ڕایی! (به‌ری ده‌ن.. ده‌ى دوام كه‌ون).
به‌ره‌‌و سه‌را‌ و شه‌قامى پیره‌مێرد به‌ره‌و ژوور بوونه‌وه‌.
زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى جامخانه‌ى دوكانه‌كانى ئه‌مبه‌ر‌ و ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌كه‌ داخرابوون. خاوه‌نه‌كانیان ئه‌و ناوه‌یان چۆڵ كردبوو، له‌ ترسى ئه‌وه‌ى نه‌با دوایى ئه‌گه‌ر بوو به‌ ته‌قه‌ گولله‌یان به‌ركه‌وێت، یاخود بكرێنه‌ شایه‌ت.. تاكوته‌را خه‌ڵكى له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا ده‌هاتن‌ و ده‌چوون.. خێرا خۆم گه‌یانده‌ شێخ‌ و ویستم پێی بڵێم ئه‌وه‌ بۆ وات كرد، ئه‌و پێشم كه‌وت‌ و گوتى:
- چوزانم ئه‌و سه‌گبابه‌ مولازم موحسینه‌.
- به‌ چیدا زانیت خۆیه‌تى؟
- دیاره‌.. له‌م شاره‌دا ئه‌و هه‌موو سه‌گ‌ و گورگه‌ هه‌ر به‌دواى ئه‌وه‌وه‌یه‌.
- باشه‌ ئێسته‌ چی بكه‌ین!
له‌و كاته‌دا دڵشاد مه‌ریوانى به‌ پڕتاو گه‌یشته‌ لامان.. شپرزه‌ بوو.
- ئێسته‌ بیستم.. بۆم بگێڕنه‌وه‌ چۆن بوو؟
به‌كورتى بۆمان گێڕایه‌وه‌.
- ئه‌ى نه‌تزانى ئه‌وه‌ مولازم موحسینه‌.. دڵشاد له‌ شێخى پرسى.
- نه‌وه‌ڵا.. كه‌ زانیشم ئێسته‌یش بڕوا ناكه‌م.. هه‌ر وه‌ك پووشكه‌ به‌ده‌ستمه‌وه‌ هات‌ و لوولم كرد.
دڵشاد به‌جدی پێی گوت:
- ئه‌گه‌ر بتزانیایێ ئه‌وه‌.. هه‌ر وات ده‌كرد؟
- نه‌وه‌ڵا.. ئیتر شته‌كه‌ قه‌وما.. چی بكه‌ین!
- ده‌بێت چاره‌یەکى بۆ بدۆزینه‌وه‌، ده‌بێت كارێ بكه‌ین، ده‌نا ئه‌و ده‌ستت لێ هه‌ڵناگرێت و دوایى زه‌فه‌رت هه‌ر پێ ده‌بات. چی ده‌ڵێیت یا شێخ؟
- جا ئه‌وه‌ چۆن چاره‌ ده‌كرێت، تازه‌ شاره‌كه‌یش هه‌موو پێیان زانیوه‌‌ و ئابڕووى چووه‌، ته‌نانه‌ت حیمایه‌كانیشى وا ده‌زانن میزى به‌خۆیدا كردووه‌، چاره‌ى چى! مه‌گه‌ر هه‌ڵێم‌ و شاره‌كه‌ جێ بێڵم.. سوور بزانم ده‌شمكوژێت جێی ناهێڵم.
- نا.. جێی مه‌هێڵه‌، به‌ مه‌رجێ تۆ ڕازی بیت من چاره‌ى ده‌كه‌م. ڕازیت به‌ناوى تۆوه‌ شتێ بنووسین كه‌ نه‌تناسیوه‌‌ و ئه‌گه‌ر بتزانیایێ ئه‌وه‌ مولازم موحسینه‌ لێشتى بدایێ هیچت نه‌ده‌كرد؟
- هه‌ر به‌ڕاستیش نه‌مزانى ئه‌وه‌، ده‌نا وام نه‌ده‌كرد.
دڵشاد خێرا داواى كاغه‌زى كرد‌ و پاندانه‌كه‌ى ده‌ركرد‌ و دایه‌ ده‌ستم، شێخیش چه‌ند په‌ڕه‌یەکى سپیى بۆ هێنام.. له‌گه‌ڵ دڵشادا دوو سێ لاپه‌ڕه‌مان به‌ عاره‌بى داڕشت، تێایدا جه‌ختمان له‌سه‌ر قسه‌كانى شێخ كردەوە، ئه‌وجا دڵشاد به‌ شێخى گوت:
- بیبه‌ره‌ لاى ئه‌رزه‌وحاڵچییه‌كى چایخانه‌ى شه‌عب، با به‌ پانگزه‌ بیست نوسخه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زى ته‌نك چاپ بكات، بۆخۆیشت زه‌رفت لایه‌.
دواى چاكردنه‌وه‌ى دوو سێ هه‌ڵه‌ به‌ مه‌ره‌كه‌بى سپى، به‌ قه‌ڵه‌مى سوور ئاماژه‌مان به‌ ناوى ئه‌و كه‌سێتى‌ و داموده‌زگه‌ پێویستانه‌ دا.. هێنده‌ى له‌بیرم مابێت، جگه‌ له‌ مولازم موحسین خۆى، كه‌ ناونیشانى نووسینه‌كه‌ بۆ ئه‌و بوو، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ داموده‌زگه‌كانى سلێمانى (ئه‌من)‌ و (موخابه‌رات)‌ و (پارێزگار)‌ و (قایمقامى مه‌ركه‌ز)‌ و (مونه‌زه‌مه‌)‌ و (قیاده‌ى شوعبه‌)‌ و نازانم كوێ، هه‌شت نۆیه‌كیشى بۆ به‌غدا بوو.. مه‌كته‌بى سه‌دام، قیاده‌ى قوترى‌ و ئه‌منى عامه‌، موخابه‌رات‌ و ئیستیخبارات‌ و...تد، نامه‌كانمان له‌ زه‌رف نان، ناونیشانه‌كانم له‌سه‌ر زه‌رفه‌كان نووسین. ئه‌وجا دڵشاد ئه‌وانه‌ى به‌غداى جیاكرده‌وه‌ و گوتى:
- هه‌ر ئێسته‌ ئه‌وانه‌ى سلێمانى بگه‌یه‌نن، منیش سبه‌ى ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ به‌غدا و ئه‌مانه‌ ده‌گه‌یه‌نم..
دڵشاد ڕۆیشت.. ناسیاوێكى به‌ته‌مه‌نى شێخیش– كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌ى شێخدا داده‌نیشت- نامه‌كانى له‌ شێخ وه‌رگرت‌ و خێرا بۆ گه‌یاندنیان به‌ره‌و سه‌را‌ و شوێنه‌ نزیكه‌كان بۆى ده‌رچوو.. دووره‌كانیشى به‌ تاكسى گه‌یاند.
شێخ هه‌روه‌كو هیچ ڕووی نه‌دابێت، ده‌ستى به‌ سوعبه‌ت‌ و ته‌علیقه‌ خۆشه‌كانى له‌سه‌ر من كرد..
- من له‌ مولازمم هه‌ڵداوه‌.. تۆ بۆ وا تۆقیویت!
ده‌یویست دڵه‌ڕاوكێى من كه‌م بكاته‌وه‌.. دڵه‌ڕاوكێى من زێتر بۆ ئه‌و مه‌ترسییه‌ى سه‌ر ژیانى ئه‌و بوو.. پیره‌ى ناسیاوى گه‌ڕایه‌وه‌ لامان، یەک دووانێكیان نه‌بێت هه‌موو نامه‌كانى گه‌یاندبوو، كاتى نانى نیوه‌ڕۆ بوو، شێخ گوتى:
- ده‌ى بابچین سه‌ر و قۆزى بخۆین.
- توخوا ئیشتیهاى خواردنت هه‌یه‌؟ من وام پێی گوت.
- به‌ شه‌ره‌فم له‌ ژیانمدا ئه‌وه‌نده‌ى ئێستا‌ برسیم نه‌بووه‌، خه‌ریكه‌ له‌برسانا ده‌مرم، ئه‌و سه‌گبابه‌ نه‌یكوشتم ده‌تانه‌وێت به‌ ده‌ستى خۆم له‌برسانا خۆم بكوژم! ده‌ى هه‌ستن!
به‌ڕاستى من ئیشتیهاى خواردنم نه‌مابوو، دڵم گیرابوو، به‌ كه‌وچك‌ و چه‌تاڵه‌كه‌ گاڵته‌م به‌ خواردنه‌كه‌ ده‌كرد. نه‌مده‌زانى ئه‌و چۆن وا ئیشتیهاى كراوه‌ته‌وه‌، قاپه‌ برنجى عەوازه‌ش داوا ده‌كات!
سه‌عات له‌ دوو تێپه‌ڕیبوو، هه‌ر خۆم‌ و خۆى مابووینەوە، گه‌ڕاینه‌وه‌ دوكان.. به‌ده‌م چا‌و جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ قسه‌مان ده‌كرد.. نزیكى سه‌عات سێ، شێخ قسه‌كانى بڕى، به‌ئەسپایی گوتى:
- هیچ خۆت تێك مه‌ده‌! ئه‌وه‌ خۆیه‌تى، هاتووەته‌وه‌. وادیاره‌ مه‌رگ هه‌ڵیگرتووه‌.
ڕوانیم مولازم موحسین هه‌ردوو ده‌ستى له‌سه‌ر سنگى لێك ئاڵاندووە و پشتى ناوه‌ به‌و دار ئه‌لێكتریكه‌ى سه‌ر شۆسته‌كه‌ى به‌رده‌مى كتێبخانه‌كه‌‌ و سه‌یرمان ده‌كات.
شێخ ئه‌نوه‌ر زۆر به‌هێمنى ده‌ستى دایە ئه‌و شه‌كرشكێنه‌ ئاسنه‌ى له‌سه‌ر ڕه‌فه‌ى جامخانه‌كه‌ى بوو، نازانم شێخ بۆچى به‌رده‌وام له‌وێدا ئه‌مه‌ى داده‌نا.. پێی گوتم:
- سه‌یرى مه‌كه‌‌ و هیچ خۆت تێك مه‌ده‌! تیله‌ى چاوم له‌سه‌رێتى، هه‌ر جووڵایه‌وه‌، تا ده‌ست بۆ ده‌مانچه‌كه‌ى ده‌بات‌ دوو فیشه‌كیشم پێوه‌ ده‌نێت، هیچم لێ نایه‌ت‌ و ده‌گه‌مه‌ سه‌رى ئه‌م ده‌مه‌ تیژه‌ى شه‌كرشكێنه‌كه‌ له‌ كه‌لله‌ی ده‌چه‌قێنم. ئێسته‌ من نوكته‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌‌ و تۆ هه‌ر پێبكه‌نه‌‌ و هه‌قت به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌بێت!
شێخ ده‌ستى به‌ نوكته‌‌ و قسه‌ى ئه‌نتیكه‌ كرد، ده‌سكى شه‌كرشكێنه‌كه‌ى توند گرتبوو.. جارجار ده‌مه‌كه‌ى ده‌كێشا به‌ له‌پى ده‌سته‌كه‌ى دیدا‌ و له‌پڕ بۆ ئه‌و نوكتانه‌ى خۆى له‌ قاقاى پێكه‌نینى ده‌دا.. من نه‌ هه‌ر پێكه‌نینم نه‌ده‌هات، به‌ڵكوو هه‌ر ئاگا‌ و هۆشم له‌ نوكته‌كان‌ و له‌ خۆیشم نه‌بوو.. شێخ بۆ دڵدانه‌وه‌ى من چه‌ند جارێ ئه‌و قسه‌یه‌ى پێشووى دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌‌ و نوكته‌یەکى به‌سه‌ردا ده‌كرد‌ و سووك سووك ده‌مى شه‌كرشكێنه‌كه‌ى به‌ له‌پى ده‌ستیدا ده‌دا‌ و بێ خه‌م له‌وه‌ى مه‌رگ به‌رامبه‌رمان وه‌ستاوه‌، قاقا پێده‌كه‌نى.
دوای نزیكه‌ى بیست ده‌قه‌یێ، مولازم به‌شێنه‌یى ده‌ستى به‌ردایه‌وه‌، شێخ وریا بووه‌‌ و خۆى بۆ حاڵه‌ته‌كه‌ ئاماده‌ كرد.. وه‌لێ، ئه‌و هیچى نه‌كرد، دیار بوو نامه‌كه‌ى پێگه‌یشتبوو.. ڕووى وه‌رچه‌رخاند‌ و به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ (سه‌را)‌ و (شه‌قامى پیره‌مێرد) ملی نا، حیمایه‌كانیشى له‌مبه‌ر‌ و ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌كه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ جووڵان.. هه‌ناسه‌یەکمان دا، نه‌مانزانى بۆچى هاتووەته‌وه‌ لامان‌ و بۆ هێنده‌ به‌رامبه‌رمان وه‌ستا، بۆ هیچى نه‌كرد‌ و هیچیشى نه‌گوت‌ و ڕۆیى!
به‌ هه‌مووى پێنج شه‌ش ده‌قه‌ى نه‌خایاند، زرمه‌ى گولله‌ هات.. تومه‌ز له‌ شه‌قامى پیره‌مێرد گه‌نجێكى سه‌موونفرۆش له‌ سه‌موونخانه‌كه‌ى ته‌نیشت خاتوو (نه‌وال)ى ئه‌جزاچى (سه‌یده‌لى) هێناوه‌ته‌ ده‌ر‌ و كوشتوویەتى، وه‌كوو بیستمان ده‌مانچه‌یێ، یان نارنجۆكێكیشى خستووەته‌ به‌ر پشتێنه‌كه‌ى، تا له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ كوشتنه‌كه‌ ئاسایى بێت! ئه‌مه‌ى دواییان نازانم چه‌ند ڕاسته‌، وه‌لێ، دواى چه‌ند ده‌قه‌یێ زانیمان ئه‌و گه‌نجه‌ى به‌ ده‌ستى مولازم موحسین له‌ كۆڵانى نزیك ماڵه‌كه‌ى خۆیان كوژراوه‌، (شه‌هید حه‌سه‌ن كانیساردى)ی، براى مامۆستا عومه‌رى حاجى مه‌حمودى هاوڕێم بوو.