(نه‌خێر)ێكى گه‌وره‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا

 

راسته‌ پشتگیریى وڵاتیكى زلهێزى وه‌ك ویلایه‌ته‌كانى یه‌كگرتووى ئه‌مه‌ریكا بۆ پرسى ریفراندۆمی كوردستان گرنگه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا مه‌رج نییه‌ هه‌ر شتێكى ئه‌مه‌ریكا ویستى، ده‌بێت ره‌چاو بكرێت. له‌ راستیدا ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكى نه‌یگوتووه‌ دژ به‌ ریفراندۆمه‌، به‌ڵام به‌پێى بۆچوونى خۆی كاته‌كه‌ به‌ گونجاو نابینێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك گونجاو نییه‌ بۆ كورد، به‌ڵكوو گونجاو نییه‌ بۆ خۆى و سیاسه‌تى له‌ عێراقدا.


ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌ته‌كانى ئیداره‌ى ئۆباما تووشى شكستێكى گه‌وره‌ بوو له‌ عێراقدا و چاره‌نووسى ئه‌م وڵاته‌ى خسته‌ ده‌ست ئێران له‌پێناو ئیمزاكردنى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌، له‌ ئه‌نجامدا عێراق بووه‌ گۆڕه‌پانیك بۆ ته‌راتێنى ئێران و هاوپه‌یمانانى به‌ شێوه‌یه‌ك توانییان كۆنترۆڵى هه‌موو چه‌مكه‌كانى سه‌ره‌كیى ده‌وڵه‌ت بگرنه‌ ده‌ست، بێگومان شه‌ڕى داعش هه‌لێكى ترى زێڕین بوو بۆ ئێران كه‌ زیاتر سه‌نگى خۆى له‌ عێراقدا بسه‌پینێت له‌ رێگه‌ى پڕ چه‌ككردن و مه‌شق و رێكخستنى میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ به‌ كرداری بووه‌ته‌ لقێكى فه‌یله‌قى قودسى ئێرانى له‌ناو عێراقدا. ئینجا وه‌ك ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ى كار له‌ كار ترازا، ئیداره‌ى تره‌مپى تازه‌ ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر جۆریك بێ ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بگۆڕێت و عێراق جاریكى تر بگه‌ڕێنێته‌وه‌ باوه‌شى خۆى.


له‌ راستیدا ئه‌مه‌ریكا هیچ دۆستیكى راسته‌قینه‌ى كاریگه‌رى نه‌ماوه‌ له‌نێو هیزه‌ سیاسییه‌كانى عه‌ره‌بى عێراقدا، به‌ڵام وه‌ك چۆن یه‌كیك له‌ گۆماودا خه‌ریكه‌ بخنكێت و ده‌ست بۆ پووشێك درێژ ده‌كات، هه‌موو هیوایه‌كى خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادى كه‌ پێگه‌ و شكۆى شیاوى ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ عێراق. وا دیاره‌ عه‌بادى گه‌لێك به‌ڵێنى به‌ ئه‌مه‌ریكا داوه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌موو توانایه‌كى نه‌ك هه‌ر پاڵپشتیى ده‌كات، به‌ڵكوو وڵاتانى تریش هان ده‌دات بۆ پاڵپشتكردنى به‌ تایبه‌تى سعوودیه‌ و ئوردن و وڵاتانى تری كه‌نداو. به‌ڵام پرسیارى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ عه‌بادى چه‌ند ده‌توانێت ئه‌جینداى ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ بكات؟ ئه‌وه‌یان جێگاى گومانێكى گه‌وره‌یه‌.


كه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت كاته‌كه‌ گونجاو نییه‌ بۆ ریفراندۆمى كوردستان، ده‌زانێت سه‌ركه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌بێته‌ زه‌برێكى گه‌وره‌ له‌ حكوومه‌تى عه‌بادى و ناحه‌زه‌كانى وه‌ك مالیكى و هێزه‌كانى تر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌كار دێنن بۆ شكست پێهینانى و سه‌رنه‌كه‌وتنى له‌ هه‌ڵبژاردنى به‌هارى ساڵى 2018. به‌ مانایه‌كى تر دیسان نیاز ئه‌وه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى وڵاتێكى شكستخواردووى وه‌ك عێراق جارێكى تر به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى كورددا بسه‌پێنن.


كاتی هاتووه‌ كورد سڵ نه‌كاته‌وه‌ له‌ گوتنى (نه‌خێر) و به‌ ده‌نگێكى به‌رز به‌ گوێى ئه‌مه‌ریكا و هاوبیره‌كانیدا بگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك: یه‌كه‌م، ئه‌مه‌ریكا باش ده‌زانێت كه‌ له‌ عێراقدا ته‌نیا كورد دۆستى راسته‌قینه‌ى ئه‌وه‌ و مێژووش ئه‌مه‌ى دیار خستووه‌، هه‌روه‌ها ده‌زانێت و دانیش پێدا ده‌نێت كه‌ كورد مافی خۆیه‌تى چاره‌نووسى خۆى دیار بكات. دووه‌م، زۆر به‌ دوور ده‌زانرێت ئه‌مه‌ریكا پشت له‌ كورد بكات، چونكه‌ بوونى ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان له‌به‌ر خاترى چاوى كورد نییه‌، به‌ڵكوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ستراتیجیى دریژخایه‌نى خۆیه‌تى كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ستراتیجییه‌كه‌ى له‌ گشت ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵه‌كانى نه‌وه‌ته‌كاندا كاتێ شه‌ڕى ناوخۆیى كورد له‌ كوردستان به‌رپا بوو، ئه‌وكاته‌ پێى ده‌گوترا ناوچه‌ى ئارام، كورد هیچى نه‌بوو و له‌ هه‌موو لایه‌ك ئابڵۆقه‌ درابوو و جیهانى ده‌ره‌وه‌ شاره‌زاى كورد نه‌بوو، زۆر ئاسان بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى پشت له‌ كورد بكه‌ن و سه‌رى خۆیان پێ قاڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان دا له‌سه‌ر به‌رزترین ئاست بارودۆخه‌كه‌ ئارام بكه‌نه‌وه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى له‌ واشنتوندا ئیمزاى رێككه‌وتنێك به‌ پارتى و یه‌كێتى بكه‌ن.


ئه‌مه‌ریكا وڵاتێكى زلهێزى پراگماتیكه‌ و ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك كه‌ روو ده‌دات، هه‌ڵسوكه‌وت بكات بێ ئه‌وه‌ى زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى بدات، كوردیش ده‌وڵه‌ت بێت یان نا، بووه‌ته‌ به‌شێكى گرنگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌م ناوچه‌یه‌دا و گومانى تێدا نییه‌ له‌ دواڕۆژیكى زۆر نزیكدا بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى ده‌توانێت عێراق جارێكى تر بخاته‌وه‌ سه‌ر پێ، نه‌ ئاشته‌وایى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى دێته‌ دى و نه‌ ئێرانیش پێگه‌ى له‌ عێراقدا لاواز ده‌بێت.


سووربوونى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆى، خوێندنه‌وه‌یه‌كى راسته‌ بۆ بارودۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى، گومانى تێدا نییه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ دواتردا هه‌ر ناچار ده‌بێت گوێ له‌ خواستى میلله‌تى كورد بگرێت.