چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

كوردستان تانكی ئاوی عێراقە

 

لێكۆڵەران كۆكن لەسەر ئەوەی كە گەورەترین كێشەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كێشه‌ى كەم ئاویە. خۆشبه‌ختانه‌ لە سێ ڕووباری گەورەی ناوچەكە، دووانیان كە (دجلە و فرات)ن، له‌ كوردستانى گه‌وره‌وه‌ هه‌ڵده‌قوولێن و به‌ كوردستانى باشووریشدا به‌ره‌و ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق خوار ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان پشكی باشی لەئاو بەركەوتووە.

 

ئەگەر بێتوو دجلە بكەین بەسێ بەشه‌وه‌، ئەوا دوو بەشی لە باشوری كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و تێكەڵی ڕووباره‌كه‌ دەبیت، كە هەر یەك لەلقەكانی سیروان، زێی بچووك، زێی گەورە، خاپوور و ڕووخانە پێك دین.

 

جێی ئاماژه‌ پێدانه‌، كه‌ 58%ى حەوزی تێركردنیان لە باشووری كوردستانەوە هەڵدەقوڵین، بۆیە ناكەونە ژێر هەڕەشەی جدی هیچ وڵاتێكی دراوسێوە.


هه‌روه‌ها سروشتی جێۆلۆجی و تۆبۆگرافی باشووری كوردستان بۆ دروستكردنی كۆگای گەورەی ئاو زۆر لەبارە، كە ئەمە كەمتر دەبینرێت لە ناوچە دەشتاییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.


ئەمەو جگە لەڕووباری دجلە و بەنداوی مووسڵ، كە یەكێكە لە گەورەترین بەنداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای ڕزگاركردنیان لەدەستی داعش كەوتنەوە ژیر كۆنترۆڵی هه‌رێمى كوردستان. هاوكات زۆرترین شار و شارۆچكەكانی عێراق لەسەر ڕووباری دجلە و لقەكانی گیرساونەتەوە.

 

ئەو بڕە ئاوەی ساڵانە بەر كوردستان دەكەوێت، بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەكان زۆر لە پێداویستی دانیشتوانی كوردستان زیاترە، گلدانەوەی بڕیكی زۆر لەم ئاوانە لەداهاتوودا سوودێكی زۆر لە هەموو بوارەكاندا بەكوردستان دەگەیەنیت، هەروەها چەكێكی بەهێزیش دەبیت بەدەست كوردستانه‌وه‌كه‌ ده‌توانێت فشارى له‌سه‌ر عێراق پێ درووست بكات و بۆ بابەتە سیاسی و نەتەوەییەكان به‌كاری بهێنێت.


هه‌ر بۆیه‌ عێراق، وەكو تانكی ئاوی خۆی ته‌ماشاى كوردستان دەكات، هەر دەستدرێژیەك بۆ سەر كوردستان لەئەنجامدا ئاسایشی ئاوی عێراق دەكەوێتە مەترسیەوە. بۆ نموونە: گرتنەوەی ئاوی سیروان بۆ چەند هەفتەیەك، پارێزگای دیالەی پرتەقاڵ دەگۆڕیت بۆ ناوچەیەكی نیمچە بیابان.


عێراق زۆر به‌ باشى لە هەڕەشە و كێشە و ئابڵوقەی ئاویی تێدەگات، بۆیە لەداهاتوودا دەبیت بەردەوام مل كەچ بێت و نەرمی بنوێنێ، ئه‌مه‌ش خاڵێكى به‌هێزى كوردستانه‌ بۆ به‌ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیی، خاڵێكى لاوازى عێراقیشه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كێك بێت له‌و هۆكارانه‌ى به‌ به‌رده‌وامى دژایه‌تى ئه‌و خواسته‌ى گه‌لى كوردستان بكات.