میلله‌ت به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌

 

پرینسپى دیموكراسى به‌ شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى بریتییه‌ له‌ حوكمڕانیى میلله‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناكرێت هه‌موو تاکێکى میلله‌ت به‌شدار بێت له‌ حوكمڕانىی سیسته‌مى نوێنه‌رایه‌تى (واتا په‌رله‌مانى) داهێنرا، بۆ ئه‌وه‌ى میلله‌ت رۆڵى خۆى له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌ره‌كانى به‌شدار بێت له‌ حوكمڕانى. به‌ڵام هه‌ندێ جار بابه‌تێكى تازه‌ دێته‌ به‌رده‌م كه‌ یا چاره‌نووسسازه‌ یا گرنگییه‌كى تایبه‌تیى هه‌یه‌ و پێویست ئه‌كات راسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ى ئه‌نجامدانى راپرسییەوە راى میلله‌ت وه‌ربگیرێت. راسته‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیى راى میلله‌ت ئه‌كات، به‌ڵام نه‌ك بۆ هه‌موو بابه‌تێك، واتا ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر كاغه‌زێكى سپى ئیمزایان بۆ نوێنه‌ره‌كانیان له‌ په‌رله‌مان نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ نوێنه‌ره‌كانیان داوه‌ كه‌ سنوورداره‌ به‌و به‌رنامه‌یه‌ى كه‌ له‌ كاتى هه‌ڵبژاردندا پێشكه‌شیان كراوه‌.


ئه‌مه‌ پرینسیپێكه‌ هه‌موو وڵاتانى دیموكراسیى جیهان په‌یڕه‌وى ئه‌كه‌ن، ته‌نیا له‌ كوردستان، یه‌كێ له‌ هۆیه‌كانى كێشه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى له‌ په‌رله‌مان بڕیاریان دا یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم بگۆڕدرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌ستنیشان بكرێت نه‌ك راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێستاى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم بدرێت به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ بیانووى گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى. گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى له‌ هیچ وڵاتێكى دیموكراسیدا له‌ ده‌سه‌ڵاتى په‌رله‌ماندا نییه‌، به‌ڵكوو ده‌بێت په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ راى میلله‌ت، به‌تایبه‌تى له‌ حاڵه‌تى كوردستاندا هاووڵاتییان له‌ كاتى ده‌نگدانیان به‌ حزبه‌كان مه‌سه‌له‌ى گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ئارادا نه‌بوو و له‌ به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى هیچ حزبیكیشدا نه‌بوو. با دوور نه‌ڕۆین، له‌ توركیا هه‌رچه‌نده‌ ئۆردوگان و حزبه‌كه‌ى ده‌مێك بوو بڕیاریان دابوو كه‌ سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بگۆڕن بۆ سه‌رۆكایه‌تى و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌شدا هه‌ڵبژرادنیان برده‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناچار بوو بگەڕێته‌وه‌ بۆ راى میلله‌ت به‌ شێوه‌ى ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر نا خۆ زۆرینه‌ى له‌ په‌رله‌ماندا هه‌بوو و ئه‌گه‌ر بكرایه‌ ده‌یتوانى به‌ یاسایه‌ك ئه‌م مه‌سه‌له‌یە تێپه‌ڕ بكات، بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ میلله‌ت.


بێ گومان كاتى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و به‌شێك له‌ یه‌كێتى و یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌زمى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تییان نایه‌وه‌ و داكۆكییان كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌بێت له‌ په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرێت، نه‌ك وه‌كوو جاران به‌ ده‌نگى راسته‌وخۆى میلله‌ت و له‌ هه‌مان كاتیشدا بێ ده‌سه‌ڵات بێت، باشیان ده‌زانى په‌رله‌مان ته‌خویل نه‌كراوه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام وا ده‌ركه‌وت ئه‌وان مه‌به‌ستى تریان هه‌بوو، كه‌ بریتى بوو له‌ لێدانى پارتى و خودى سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌گینا له‌ چ زه‌مانێکدا بووه‌ له‌ كاتى جه‌نگێكى سه‌ختى وه‌ها دژ به‌ داعش و قه‌یرانێكى ئابووریى دژوار، كه‌ حكوومه‌تى به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمى سه‌پاندووه‌، هه‌روه‌ها به‌قه‌ده‌ر نیوه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم ئاواره‌ په‌ناى هێناوەتە به‌ر، بڵێى ده‌مه‌وێت ئا له‌م كاته‌دا سیسته‌مى حوكمڕانى بگۆڕم! له‌ وڵاتاندا له‌ كاتى جه‌نگ و كاره‌ساتدا هێزه‌ سیاسییەكان نه‌ك هه‌ر باس له‌م جۆره‌ مه‌سه‌لانه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ى موعاره‌زه‌شه‌ كارى موعاره‌زه‌كردن ناكات و بگره‌ حكوومه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانیش پێكده‌هێنن.


ئێستاش كه‌ مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى هاتووەته‌ مه‌یدان، گۆڕان و لق و پۆپه‌كانى هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو جۆره‌ پیشنیارێك بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و به‌ره‌وپێش چوون له‌ پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆبوون، له‌ سه‌ره‌تادا گوایه‌ مه‌رجیان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌، كاتێ پارتى و یه‌كێتى پیشنیاریان كرد یوسف محەمەد بۆ یه‌ك دانیشتن بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كارى خۆى و گۆڕان سه‌رۆکێکى تر ده‌ستنیشان بكات، گۆڕان دروشمى خۆى كرده‌ (یوسف محەمەد یان نه‌مان)! كاتێ كه‌ هه‌ندێ ده‌نگۆ به‌رز بووە‌وه‌ كه‌ ئه‌م گرێیه‌ش چاره‌ى ئه‌بێت، گوتیان ئێمه‌ مه‌به‌ستمان سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان نییه‌، به‌ڵكوو هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمه‌! واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵى یه‌كه‌م. ئه‌مه‌ وا ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌به‌ست كارانه‌كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌، كه‌ بووه‌ته‌ خاڵێكى كاریگه‌ر به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى پارتى و سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ هه‌مان كاتدا كۆسپێك بخرێته‌ به‌رده‌م ریفراندۆم و پرسى سه‌ربه‌خۆیى، چونكه‌ گۆڕان باش ده‌زانێت پاش ئه‌و هه‌موو سووكایه‌تی كردنه‌یان به‌ مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆبوون و ده‌ست له‌ناو ده‌ستكردنى ناحه‌زانى كورد له‌ به‌غدا، سه‌ركه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ماناى زه‌برێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان و سه‌ركه‌وتنێكى مێژووییه‌ بۆ لایه‌نه‌كانى تر، به‌ تایبه‌تى گومانى تێدا نییه‌ كه‌ زۆربه‌ى زۆرى هه‌واداران و جه‌ماوه‌رى خودى گۆڕان ده‌نگ به‌ (بەڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیى ده‌ده‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌ى بۆچوون و هه‌ڵوێستى نه‌رێنیى سه‌ركرده‌كانیانەوە.