دواى ڕاپه‌ڕین دوو جار‌ و به‌ ده‌ستى دوو به‌رپرسى كوردى ناودار نانبڕاو كراوم

ئاوا ژیاین - 3

هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان نووسینه‌وه‌ى ئه‌م به‌سه‌رهاتانه‌ بۆ (مێژوو) پێویسته‌.. لێ، من هه‌گیز باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌بووه‌‌ و نییه‌.. ئاخر ئێمه‌ى خه‌ڵكى وڵات‌ و ناوچه‌ عاره‌بى‌ و ئیسلامییەكان هه‌زار‌ و چوارسه‌د ساڵه‌ تێكڕا له‌ ده‌رڤه‌ى مێژوودا ده‌ژین، بۆیێ ئه‌م جۆره‌ بیره‌وه‌رى‌ و ڕووداوانه‌ له‌ سه‌رگوزوشته‌‌ و گورگانه‌شه‌وێ زێتر هیچی دى نین، میسرییەكانیش پێیان ده‌ڵێن (حه‌دوته‌).

حوسێن عارف كه‌ون به‌جێ دێڵێت!
هاوینى 1976 له‌گه‌ڵ حوسێن عارف، ته‌ڵعه‌ت نادر‌ و جه‌مال خه‌زنه‌داردا، هه‌ر چوارمان له‌ كار لابرابووین. وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیری بۆ وتووێژى گه‌ڕانه‌وه‌مان داوای كردین، چووینه‌ لاى جێگرى وه‌زیر. دوای ئه‌وه‌ى نیگه‌رانیى خۆى به‌رامبه‌ر وه‌زعه‌كه‌ى ئێمه‌‌ و بارى سیاسیى ئه‌و ڕۆژگاره‌ش به‌گشتى ده‌ربڕى، ته‌نانه‌ت بۆ موجامه‌له‌ى ئێمه‌یش جوێنێكى باوى به‌و حاڵ‌ و ڕۆژگاره‌ش دا(1)، ئه‌وجا گوتى:
- ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ عوسمان محه‌مه‌د فایه‌قمان ناچار كردووه‌ سه‌باره‌ت گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ سه‌ر ئیشه‌كانتان قسه‌تان له‌گه‌ڵدا بكات‌ و ڕێك که‌ون.
كاك ته‌ڵعه‌ت نادر له‌ ئه‌ته‌كێتى گفتوگۆدا له‌ ئێمه‌ وریا‌ و شاره‌زاتر بوو، به‌ جێگرى گوت:
- باشه‌ ده‌چین.. به‌س بێ زه‌حمه‌ت پێى بڵێ كێ پێشوازیمان ده‌كات!
ته‌له‌فۆنى بۆ كرد، ئه‌ویش پێی گوت:
- خانمى سكرتێره‌م له‌ پێشوازییاندا ده‌بێت.
وه‌زاره‌ت له‌ (مه‌یدانى ته‌حریر)‌ و خانه‌ى ڕۆشنبیرى‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى له‌ فولكه‌، یا مه‌یدانى (خەڵانى) بوو. به‌ هه‌مووى سێ چوار خوله‌ك ڕێ بوو. گوتمان بۆ وا به‌په‌له‌! با بچینه‌ ئه‌و باڕه‌ دانیشین سه‌ر و بیره‌ى سارد بخۆینه‌وه‌. به‌ر له‌ دیتنى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بزانین چى بكه‌ین‌ و بڵێین‌ و چۆن له‌گه‌ڵیدا ڕێک كه‌وین. دوای نزیكه‌ى سه‌عاتێ هه‌ستاین بچین، حوسێن عارف هه‌ڵنه‌ستا.
- بۆ؟
- من نامه‌وێت ئه‌و (...) ببینم!
دیار بوو كه‌مێ مه‌ست بوو. پێم گوت:
- حوسێن ئه‌مه‌ ڕۆژى ئه‌وه‌ نییه‌ یارى به‌ نانى منداڵه‌كانت بكه‌یت، هه‌سته‌ ده‌ى! پێشمان كه‌وه‌.
ئیسته‌ره‌مى له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ى كرد‌ و گوتى:
- من ده‌مه‌وێت كه‌ون به‌جێ بێڵم. لێم گه‌ڕێن با ته‌نیا جارێ له‌ ژیانمدا خاوه‌نى بڕیارى خۆم بم!
بێ ئه‌وه‌ى كه‌سمان له‌م قسه‌ ڕوانگه‌ییه‌ى تێبگه‌ین‌ و بزانین چۆن كه‌ون به‌جێ دێڵێت! له‌وێ به‌جێمان هێشت..
عوسمان فایه‌ق‌ و خاتوونى سكرتێره‌ى تا ڕاده‌ى بێزاربوونیش چاوه‌ڕوانییان كردبووین. خاتوون به‌ گله‌ییه‌وه‌ فه‌رمووى لێ كردین. چوو هه‌واڵى گه‌یشتنمان به‌ عوسمان فایه‌ق بدات، هاته‌وه‌ و گوتى:
- ده‌ڵێت:
- بۆم نییه‌ كاك ته‌ڵعه‌ت ببینم، چونكه‌ پله‌ى ئه‌ویش وه‌ك من به‌ڕێوه‌به‌رى گشتییه‌.
- كاته‌كه‌ دره‌نگه‌، ته‌نیا ده‌رفه‌تى بینینى یەكێكتانم هه‌یه‌. ئێستا‌ با ڕه‌وف بێت‌ و كاك جه‌مالیش سبه‌ى.
دیار بوو سكرتێره‌كه‌ى پێی گوتبوو حوسێنیان له‌گه‌ڵدا نییه‌.
به‌م به‌ئه‌ده‌بییه‌وه‌ جیای كردینه‌وه‌. ئه‌وان ڕۆیشتن‌ و من چوومه‌ لاى. پیاوێكى (2) لابوو، نه‌م ده‌ناسى. سه‌عاتێک زێتر له‌مه‌ڕ چۆنێتیى پێكه‌وه‌كاركردن قسه‌مان كرد، نه‌سازاین. ئه‌و خاوه‌ن پۆست‌ و پله‌ى گه‌وره‌ى كارگێڕى‌ و حكوومه‌تى‌ و حزبى، منیش نووسه‌رێكى گه‌نجى خۆبه‌شتزان. جێ متمانه‌ى ده‌یان‌ و سه‌دان گه‌نج‌ و خوێندكارى زانكۆى هونه‌رمه‌ند‌ و نووسه‌ر. هاوڕێى گه‌وره‌ مامۆستایانى زمان‌ و ئه‌ده‌بى كوردیى وه‌ك: هێمن موكریانى‌ و مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانى‌ و عه‌لادین سه‌جادى‌ و مه‌سعود محه‌مه‌د‌ و مه‌لا شوكور‌ و هه‌روه‌ها زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى دكتۆره‌ كورده‌كانى زانكۆ‌ و شیوعییەكانى به‌غدا، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانى‌ و دكتۆر تاڵب(3‌) و عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ‌ و مارف خه‌زنه‌دار‌ و ئیحسان فوئاد‌ و كاوس قه‌فتان‌ و ئه‌وڕه‌حمانى حاجى مارف‌، هه‌روه‌ها له‌تیف هه‌ڵمه‌ت‌ و ئه‌نوه‌ر قادر جاف‌ و ئه‌حمه‌د تاقانه‌‌ و دڵشاد مه‌ریوانى‌ و...تد. هاوكات ئه‌وه‌ من‌ و هاوكارانم (مه‌حموود زامدار، عه‌بدوڵا عه‌باس، سه‌ڵاح شوان، بورهان قانع، نوورى حه‌یران...تد) بووین كاره‌ ڕۆژنامه‌وانییەكانمان ڕایی ده‌كرد، نه‌ك ئه‌وى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى.. مه‌رجى ئه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو من چى ده‌نووسم به‌ر له‌ بڵاوكرنه‌وه‌ بیبینێت. به‌وه‌ قایل بووم، به‌ مه‌رجێ یان ئه‌وه‌تا منیش نووسینه‌كانى ئه‌و به‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان ببینم، یاخود هیچمان هه‌قمان به‌سه‌ر نووسینى ئه‌وی دییه‌وه‌ نه‌بێت. ده‌مزانى ئه‌و خۆى هیچ ناخوێنێته‌وه‌. نووسینه‌كانمان ده‌داته‌ چه‌ند كوردیزانێكى ده‌رچووى كۆلێژ‌ و كارمه‌ندى ده‌زگاكه‌، بۆیێ له‌ پێشنیاره‌كه‌م تووڕه ‌بوو.
- من به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیم یان تۆ؟
- ئاخر من كاره‌كان ڕایی ده‌كه‌م نه‌ك تۆ، ئێمه‌ له‌ چاپخانه‌ شه‌ونخوونى به‌ دیارییەوه‌ ده‌گرین،
من بێ گومان بووم عوسمان فایه‌ق، له‌ من‌ و حوسێن عارف ته‌نیا یەكێكمانى ده‌ویست. گرنگ نه‌بوو كاممان بین، پشتم به‌ حوسێن قایم بوو، ئه‌و كه‌ون به‌جێ دێڵێت‌ و ئاماده‌ نییه‌ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵیشماندا بۆ بینینى بێت. قابیله‌ له‌پشتى ئێمه‌وه‌ كارى خۆى بكات!
دوا قسه‌ى عوسمان فایه‌ق له‌گه‌ڵمدا ئه‌وه‌بوو:
- ڕه‌وف حه‌سه‌ن! ئاگادار به‌! هه‌موو شتێكت به‌رامبه‌ر ده‌كه‌م، ته‌نیا شتێ نه‌بێت، نانت نابڕم.
به‌ لامه‌وه‌ زۆر سه‌یر بوو. گه‌رچى بۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یەكیشى تێدابوو، لێ، كۆتایى دانیشتنه‌كه‌مانم هێند به‌لاوه‌ په‌سه‌ند‌ و ته‌نانه‌ت و شكۆمه‌ندانه‌ش بوو، هه‌ڕه‌شه‌كه‌م فه‌رامۆش كرد. هه‌ستام‌ و به‌ره‌وڕووى چووم، تا ته‌وقه‌ى دواماڵئاوایى له‌گه‌ڵدا بكه‌م، هه‌ستا ده‌ستى خسته‌ نێو ده‌ستم، به‌ عاره‌بى (چونكه‌ ئه‌وێكى خه‌ڵكى سلێمانى نه‌ به‌ كوردى ده‌ئاخاوت‌ و نه‌ به‌ كوردى ده‌ینووسى) پێم گوت:
- ئوستاز عوسمان! وه‌له‌و ما ئیتته‌فقنا عه‌لعه‌مه‌ل سوه‌. به‌س ئنته‌ ره‌جول شه‌هم!
(گه‌رچى بۆ كارپێكه‌وه‌كردن پێك نه‌هاتین، به‌ڵام تۆ پیاوێكى ڕه‌فتار مه‌ردانه‌یت).
تا لاى ده‌رگه‌كه‌ هات.. دوا قسه‌ى ئه‌وه‌ بوو:
- حه‌تتا باچیر هیچى وه‌كت، تگده‌ر تفه‌ككر و تقه‌ڕر و تخبیرنى بالنەتیجه‌. (تا سبه‌ى ئه‌م حه‌لانه‌ ده‌توانیت بیر بكه‌یته‌وه‌، بڕیار بده‌یت‌ و جوابم لێ بگێڕیته‌وه‌).
له‌برى ئه‌وه‌ى بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ چۆن له‌ته‌كیدا كار بكه‌م، بیرم له‌ شتێكى دى زۆر له‌وه‌ گرنگتر ده‌كرده‌وه‌. ئه‌م پیاوه‌ وێڕاى هه‌موو شته‌ نه‌فره‌تییەكانى، بۆ ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ مه‌ردانه‌ ململانێ سیاسییەكه‌ى بكات! باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد. بێ گومان هه‌رگیز بیریشم بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو ڕۆژگارێ تێ ده‌كه‌وم و ناچار دەبم به‌راورد له‌نێوانى ئه‌م‌ و كوردانێكى تێكۆشه‌ر‌ و شاعیردا بكه‌م‌ و بكه‌ومه‌ گومانه‌وه‌. ئاخۆ چه‌ندیان ده‌زانن‌ و ده‌توانن ململانێى سیاسیى مه‌ردانه‌ى ئاوها- به‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن‌ و نانبڕین- بكه‌ن! بێ گومان بن به‌م جۆره‌ به‌راورده‌ زۆر دڵگرانم‌ و ئاواته‌خواز بووم نه‌ك ئه‌و شه‌هامه‌ته‌ى ئه‌ویان هه‌بووایێ، به‌ڵكوو لانی كه‌م ئێمه‌مانانیان ناچار نه‌كردایێ هه‌رگیز توخنى ئه‌م به‌راوردكردنه‌ نه‌خوازراوه‌ بكه‌وین.
هه‌ر بۆ دروستیى قسه‌كانم، دواى ڕاپه‌ڕین، دوو جار‌ و به‌ ده‌ستى دوو به‌رپرسى كوردى ناودار نانبڕاو كراوم:
- كاتێ له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕادیۆ‌ و ته‌له‌ڤزیۆنى هه‌رێمى كوردستان بووم، به‌ فه‌رمانى ویزاریى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى‌ و ئیمزاى شاعیرێكى كوردى سویدیى په‌رله‌مانتار‌ و وه‌زیر‌ و سه‌رۆكى گه‌وره‌ترین ده‌زگاى چاپ‌ و په‌خش‌ و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى حزبێكیش!
وا بزانم له‌ ڕۆژگارى دواى ئیمپراتۆریه‌تى (ماد)ه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ یەكه‌مین فه‌رمانى ڕه‌سمیى كوردیى نانبڕین بووبێت!
- كاتێ له‌ خانه‌ى وه‌رگێڕانى سلێمانى، وه‌ك شاره‌زا‌ و به‌رپرسى وه‌رگێڕه‌كان‌، هاوكات به‌رپرسى (ژماره‌ى سپاردن)یش له‌ كتێبخانه‌ى گشتى بووم، به‌ فه‌رمانى تێكۆشه‌رێكى ناودارى كورد، كه‌ جێگرى سه‌ره‌كوه‌زیرى حكوومه‌تى هه‌رێم‌ و (سه‌ره‌كوه‌زیرى ڕاستینه‌‌ و ڕه‌هاى ده‌ڤه‌رى سلێمانى) له‌نێو ده‌یان، بگره‌ سه‌دان (شاره‌زا)دا به‌ ته‌نیا من ده‌ركرام(5)، بێ ئه‌وه‌ى لاى منه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌‌ و دواتریش له‌ گوڵ كاڵتر به‌ هیچیان گوترابێت‌ و نووسرابێت.
ئیدى وه‌ك كاكه‌ زاناى كوڕم، هه‌موو جارێ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌ كورده‌ (نانبڕه‌كانى) ده‌ڵێت:
- بابه‌ گیان! لێیان تووڕه‌ مه‌به‌، ئه‌وانه‌ هه‌ر وه‌كوو باش نین، ئه‌و خراپه‌ش نین.
حوسێن به‌ جارێ له‌ هه‌موومان دوور كه‌وته‌وه‌
له‌ ڕۆژى داهاتوودا جه‌مال خه‌زنه‌داریش چووه‌ لاى، ئه‌ویش له‌ته‌كیا ڕێك نه‌كه‌وت‌ و وه‌ك من بێ ئه‌نجام هاته‌ ده‌ر.
كه‌چى دوای هه‌فته‌یێ، هه‌واڵى بزربوونى حوسێن عارفمان پرسى، چه‌ند ڕۆژێكه‌ بۆ دیار نییه‌، گوتیان:
- سێ ڕۆژه‌ ده‌وام ده‌كات!
زۆر زه‌حمه‌ت بوو بڕوا بكه‌ین. تا خۆى هات‌ و له‌ كۆمه‌ڵه‌ى ڕۆشنبیریى كورد- له‌ وه‌زیرییه‌- باسی كرد.
ئێواره‌یێ به‌ سه‌رخۆشى بۆ سه‌ردانى سه‌ڵاح شوان‌ و مه‌حموود زامدار ده‌چێته‌ (هاوكارى)، دوای ئه‌وه‌ى به‌ ته‌له‌فون به‌ عوسمان محه‌مه‌د فایه‌ق ده‌ڵێن حوسێنمان لایه‌‌ و په‌یمانى لێ وه‌رده‌گرن به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازیى لێ بكات، ده‌یبه‌نه‌ لاى. به‌كورتى- وه‌كوو حوسێن خۆى گوتى- دوا قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌گه‌ڵیدا ئه‌وه‌ بوو:
- من‌ و تۆ سه‌رى گرۆڵه‌كه‌مان دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر توند ئه‌وسه‌رى گرۆڵه‌یه‌ بگرین‌ و هێنده‌ش تێكه‌ڵى براده‌رانت نه‌بیت! ده‌توانین هاوكار بین‌ و له‌ خۆمانى نه‌ئاڵۆزێنین.
وام لێ هات هه‌ر چییه‌كى گوتبوو ‌و كردبوو به‌لامه‌وه‌ ئاسایى بێت، ته‌نیا (تێكه‌ڵى براده‌رانت نه‌بیت) نه‌بێت. چونكه‌ ته‌نیا من ئه‌و براده‌ره‌ى بووم كه‌ مه‌به‌ستیان بوو. ئیدى له‌و دابڕانه‌مانه‌وه‌ ته‌نیا جارێ نه‌بێت له‌سه‌ر داواى خۆى، پێكه‌وه‌ دانیشتین. تا باسى بێزارى‌ و وه‌زعى ناهه‌موارى خۆیم به‌ده‌ست عوسمان فایه‌قه‌وه‌ بۆ بكات. تا غافڵكوژیێ (ئیغتیال)ه‌كه‌ى. گرتنى حوسێن‌ و هێنانى بۆ (ئه‌منى عام)‌ و دابه‌شكردنى نیواونیوى هه‌ردوو ئه‌ڵقه‌ى كه‌له‌پچه‌یێ له‌ مه‌چه‌كماندا یەكدیمان نه‌بینییەوه‌.

 

(له‌ ئه‌ڵقه‌ى داهاتووه‌وه‌ هه‌قیقه‌تى غافڵكوژییەكه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ده‌زگاى هاوكارى ئاشكرا ده‌كه‌ین)
1- كاتێ كاك ته‌ڵعه‌ت نادر پێی گوت: (شلۆنه‌ك ئوستاز)، بریكار گوتى: (ك..س ئومللى زێن).
2 - دوایى زانیم ئه‌و پیاوه‌ به‌ڕێز كاك (سه‌ڵاح عه‌قراوى)یه‌‌ و ئاگادارى سه‌رتاپاى دیده‌نییەكه‌مان بوو.
3 - مامۆستاى زانكۆى موسته‌نسەرییه‌ى به‌غدا بوو، هه‌موو جارێ به‌خۆى ده‌گوت: من (شیوعى شروگى شیعى)م.
4- گه‌رچى هه‌ردوو نووسراوه‌ ویزارییەكانم لایه‌، لێ، به‌نیاز نیم باسیان بكه‌م، چونكه‌ هه‌ر به‌ ئاشكرا یەكێكیان له‌به‌رچاوى ڕاوێژكارێكى پێی گوتم: بۆ له‌سه‌رمان نانووسیت؟ بۆ (قسه‌مان پێ ناڵێیت؟) بۆ! ده‌ بنووسه‌..تد.
5- هه‌فته‌نامه‌یێ ئه‌و كاته‌ به‌ناوى (ڕۆژنامه‌)ه‌وه‌ له‌ سلێمانى ده‌رده‌چوو، له‌ مانشێتى یەكه‌مین لاپه‌ڕه‌یدا به‌ناوى خۆمه‌وه‌ نووسیبووى (ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌ده‌ركردنى من گه‌نده‌ڵى نه‌ما‌ و سلێمانى بوو به‌ ئاوى موقه‌تته‌ر)، دوای ئه‌وه‌ هه‌فته‌نامه‌كه‌شیان داخست!