چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

واقیعی تەندروستی لە کوردستان و هێڵەکانی چارەسەر

 

ئەم نووسینە باس لە واقیعی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات. چوارچێوەیەکیش بۆ چارەسەر پێشنیار دەکات.
دەمێکە باڵاترین کاربەدەستانی حکومەت دانیان بەوەدا ناوە سیستەمی تەندروستی کوردستان سیستەمێکی کۆنی بەسەرچووە بەڵام یەکەمجارە، بە لای کەمی من گوێم لێ بێت، ئەم بەرپرسە باڵایانە هەوڵ بدەن هۆکارەکانی ئەم بەسەرچوون و گرفتەکانی ئەم سیستەمە بەسەرچووە دەستنیشان بکەن. بەڕێز سەرۆکی حکومەت ماوەیەک پێش ئێستا لە میانی کۆنفرانسێکی تەندروستیدا رای خۆی خستەروو. بە رای ئەوان گرفتی سیستەمی تەندروستی ئەوەیە کە سیستەمێکی سۆسیالیستییە؛ بەرپرسیارییەتییەک دەخاتە ئەستۆی حکومەت کە بۆی هەڵناگیرێت. بۆ چارەسەرەکەشی پێیان وایە کە دەبێت پشت بە کەرتی تایبەت ببەسترێت.
سیستەمی کوردستان هەمان سیستەمی عیڕاقە. لە عیڕاق خوێندن و تەندروستی بە خۆڕایی بوون. ئەمەش لە سایەی بڕوابوونی حکومەتەکانی پێشووی عیڕاق بە سۆسیالیزم. حکومەتەکانی ئێستای عیڕاق و کوردستان هیچ لێدوانێک نادەن کە ئایا هێشتا باوەڕیان بە سۆسیالیزم ماوە یان نا بەڵام ئەم دوو سیستەمەی خوێندن و تەندروستی تاکو ئێستاش بە رەسمی کاری پێ دەکرێت؛ هەرچەند لە واقیعدا دووچاری فەرامۆشکردن و بایەخ پێ نەدانێکی گەورە بوونەتەوە.


لێپرسراوە گەورەکانی ئێستای وڵات خەریکی بزنس و کەڵەکەکردنی سەرمایەی گەورەن، بۆیە گرنگ نییە بە زارەکی دانی پێدا بنێن یان نا کە ئایا چ جۆرە سیستەمێکیان لە کن پەسەندە: سیستەمی سۆسیالیستی یان سەرمایەداری؟ ئەم سەرمایەدار و بزنسمانە گەورانە ناکرێت جگە لە سەرمایەداری لەگەڵ سیستەمێکی دیکە بن.


کەرتی تایبەت بە موبارەکەی ئەم لێپرسراوانەی وڵات سیستەمێکی تایبەتی هاوتەریب (پارالێل)ی گەورەی لە هەردوو کەرتی تەندروستی و خوێندن دروست کردووە. سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئەم سیستەمە تایبەتە بەپارەیە و راستەوخۆ بە کاش لە بەکاربەرەکانی وەردەگیرێت. سەرەڕای ئەوە، کەرتی تایبەت کێبڕکێیەکی جدیش لەگەڵ کەرتی گشتی دەکات لە کاتێکدا ئەوەی دووەمیان بە خۆڕاییە!


سیستەمی کەرتی گشتی (حکومی) بە خۆڕایی هێواش هێواش جێ پێ چۆل دەکات لەبەر دوو هۆکار: کێبڕکێی کەرتی تایبەت لەگەڵی و هەوڵی خۆدزینەوەی بێدەنگانەی حکومەت لەم بەرپرسیاریەتییە.


خەڵک بە گشتی متمانەی بە سیستەمی گشتی (کەرتی حکومی) نەماوە. ئەگەر یەکێک پارەی هەبێت منداڵەکەی دەنێرێتە قوتابخانەیەکی ئەهلی. ئەگەر نەخۆش کەوت، دەچێتە نەخۆشخانە و نۆڕینگە تایبەتەکان نەک نەخۆشخانە حکومی و بنکە تەندروستییەکان.


لە رۆژانی راوێژکاری، سەرنج دەدەم نەخۆشخانە حکومییەکان بوونەتە جێگەی هەژاران و ئەوانیش لە ناچاری دێن؛ ئەگەر نا، متمانەیان بە سیستەمی کەرتی گشتی (حکومی) نەماوە.


ئەم دوو سیستەمەی ئێستا لە کوردستان شانبەشانن تا رادەیەکی زۆر دژبەیەکن. خاڵە بەهێزەکانی ئەمیان خاڵە لاوازەکانی ئەوی دیکەیانە؛ خاڵە لاوازەکانیشی خاڵە بەهێزەکانی سیستەمەکەی دیکەیە.


خاڵێکی هەرە بەهێزی سیستەمی کەرتی گشتی (حکومی) بریتییە لە دەستڕاگەیشتنی سەرجەم هاوڵاتیان پێی (Accessibility) بەبێ جیاوازی. هەژار و دەوڵەمەند وەک یەک دەتوانن سوود لەو سیستەمە ببینن. ئاستی خزمەتگوزارییەکانیش بۆ هەمووان وەک یەکە و ستاندەردە. ئەمەش یەکسانی و دادپەروەرییەکی گەورەی رەخساندووە. بەخۆڕایی بوونی خزمەتگوزارییەکان ئەم خاڵە بەهێزەی بە سیستەمی گشتی بەخشیوە. لە هەمان کات ئەم بەخۆڕایی بوونە خاڵێکی لاوازیشی بۆ سیستەمەکە دروست کردووە. تێچووی ئەو سیستەمە خۆڕاییە لەسەر حکومەتە؛ حکومەت تەوەجوهێکی سەرمایەداری رووتی هەیە و ئەوانەی حکومەت بەڕێوەدەبەن بزنسمانەکانی وڵاتن و ئامادەنین تا سەر ئەو تێچوونانە لە ئەستۆ بگرن. بۆیە ساڵانە حکومەت لە بوجەدا رێژەیەکی زۆر کەمتر لە ستانداردی جیهانی بۆ کەرتی تەندروستی گشتی دابین دەکات.


بە خۆڕایی بوونی خزمەتگوزارییەکان بۆتە هۆی خراپ بەکارهێنانیشی لە لایەن خەڵکەوە. لە لایەک هاوڵاتی (نەخۆش) و لە لایەکەی دی پزیشکان و کارمەندان و کارگێڕانی تەندروستی. کارمەندی تەندروستی (پزیشک، دەرمانساز، پەرستار، کارگوزاری دیکە) هەیە بە عەلاگە دەرمان دەباتەوە بۆ خۆی و کەس وکاری. نەخۆش هەیە لە هەفتەیەکدا چەندین بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی کردووە و بە عەلاگە دەرمانی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی بەکاری بهێنێت.


لە سیستەمی کەرتی تایبەتی (ئەهلی) کوردستان هەموو شتێک بەپارەی کاشە. ئەمە خاڵێکی لاوازە چونکە نەک تەنها خەڵکی هەژار بەڵکو زۆربەی خەڵک توانای تێچووەکانی تەندروستی نییە لە گیرفانی خۆی. ئەمەش واتە دەستڕاگەیشتن (Accessibility) بەم سیستەمە تەنها بۆ دەوڵەمەند و پارەدارەکانە. خزمەتگوزارییەکانیش ستاندەرد نین بەڵکو بە گوێرەی پارەکەتە. بۆ دەوڵەمەندەکان ژووری ڤی ئای پی و دەرمانی براندە گەورەکان و پزیشکی پسپۆڕ دێتە ماڵەوە، بۆ کەمدەرامەتیش قاوشی بە کۆمەڵ و دەرمان و کەرستەی هیندی و چینی. بۆ هەژارانیش هیچ مەگەر لە رێگەی دەرۆزەکردن و پاڕانەوە و خێرخوازی دەستیان بە شتێکی کەرتی تایبەت رابگات. ئەمەش یەکسانی و دادپەروەری تێدا نییە.


لە هەمان کات ئەمە خاڵێکی بەهێزیشە چونکە لەو سیستەمەدا نەخۆش ناتوانێت بە عەلاگە دەرمان وەربگرێت و بەکاری نەهێنێت یاخود کارمەندانی نەخۆشخانە ناتوانن خێروخێرات بە دەرمان و ماڵی نەخۆشخانە بکەن.


خاڵێکی لاوازی دیکەی سیستەمی کەرتی گشتی (حکومی) لە کوردستان بریتییە لە بێخاوەنی سیستەمەکە. هاوڵاتی عیڕاقی و کوردستانی کەمترین هەستی خاوەندارێتی بۆ موڵکی گشتی هەیە. تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە خەڵک هەستێکی دوژمنکارانەیان بۆ موڵکی گشتی هەیە و بە ماڵی دوژمنی دەزانن. کاتێک دەرمان و پێداویستی لە نەخۆشخانەکاندا ئێکسپایەر دەبن کەسێک نییە بۆ بابەتەکە بە داخ بێت و خەمی لێ بخوات وەک ماڵی خۆی. شتومەک بە شێوەی مەرکەزی دەکڕدرێت و دەنێردرێت بۆ نەخۆشخانەکان بەبێ ئەوەی داوایان کردبێت لە کاتێکدا نەخۆشخانە هەیە داوای شتومەکێکی کردووە، پاش چەندین ساڵ هێشتا نەکڕدراوە. کاتێک خۆت شتێک دەکڕیت هەوڵ دەدەیت باشترین – هەرزانترین (باشترین مامەڵە) بکڕیت. لە حکومەت شتومەک کڕین لە لایەن خەڵکانێکەوەیە ئەگەر هەر خۆیان فرۆشیارەکە نەبن ئەوا بە دڵنیاییەوە لە فرۆشیارەکە نزیکترن وەک لە حکومەت.


سیستەمی کەرتی تایبەت (ئەهلی) ی کوردستان خاوەنی راستەوخۆی خۆی هەیە و خەمی لێ دەخوات. ئەو بۆ قازانج ئیش دەکات؛ ئەوپەڕی هەوڵ دەدات هیچی لێ ئێکسپایەر نەبێت و شتی زیادە ناکڕێت و پارە بە خۆڕایی خەرج ناکات. ناچێت بە فرۆشیارێک بڵێت لەگەڵ وەسڵەکەی خۆت، دوو سێ وەسڵی دیکەی فرۆشیاری دیکەشم بۆ بێنە کە لە هی خۆت هەرزانتر پڕ کرابێتەوە بۆ رۆتینی کڕینەکە! لە کەرتی تایبەت هیچ رێوشوێنێکی کارگێڕی و ژمێریاری کە ئامانج لێی گەرەنتی کردنی کڕینێکی شەفاف و باشترین مامەڵە (Transparency & Best deal) نابێتە رۆتینێکی بێمانا و ساختە یان سەرقاپ بۆ دزی و گەندەڵی گەورە.


ئەم دوو سیستەمە دژبەیەکە ئێستا لە کوردستان پێکەوە دەژین. هەردوو سیستەمەکە خاڵێکی هاوبەشی ستراتیژیشیان هەیە. هەردوو سیستەم بە هەمان دەستی کار کاردەکەن؛ واتە ئەو کارمەند (پزیشک، دەرمانساز، پەرستار) انەی لە سیستەمی کەرتی گشتی کاردەکەن و فەرمانبەری حکومەتن هەر هەمان کارمەندن لە کەرتی تایبەتی تەندروستی و نەخۆشخانە ئەهلییەکان کاردەکەن. تەنانەت پاسەوان، خزمەتگوزار و کارەباچیشیان تێکەڵە.


ئەمەش خاڵێکی دیکەی هەرە لاوازی سیستەمە گشتییە بەخۆڕاییەکەیە کە هیچ کارمەندێکی لە موچە و پاداشتەکانی رازی نییە و ناچارە لە دەرەوەی ئەو سیستەمە کاری دیکەش بکات بۆ دەستکەوتنی داهاتێکی زیادە.


لە کەرتی حکومی، پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستی لەسەر بنەمای دەوامکردن موچە وەردەگرن و هیچ هاندانێک نییە بۆ کاری زیاتر و بەرهەمی باشتر. کە دەوامی خۆت کرد، هیچ نەخۆشێکیش نەبینیت یان هیچ نەشتەرگەرییەکیش ئەنجام نەدەیت لەگەڵ ئەوەی هەزاران نەخۆش ببینیت و سەدان نەشتەرگەری ئەنجام بدەیت هەر هەمان مانگانە وەردەگریت. لە کاتێکدا هەمان کەس لە کەرتی تایبەت تەنها بە پێی ئەو بەرهەم و کارانە کە دەیکات یان ئەو خزمەتگوزاری و کاڵایانەی دەیانفرۆشێت پارە قازانج دەکات. هەر بۆیە هەمان کەس لە حکومی بە دڕدۆنگی دەوام دەکات و ناچاری نەکەی لە جێگەی خۆی نابزوێت و خواخوایەتی رۆژێک زیاتر پشووی فەرمی بێت کەچی بە راکردن بەرەو دەوامە ئەهلییەکەی دەڕوات، لە خودا دەپاڕێتەوە نەخۆشێک زیاتری بۆ بنێرێت و زۆریشی لێ بکەیت ئامادە نییە رۆژێک پشوو وەرگرێت.

 

دوو ساڵ بەر لە ئێستا باس و خواسێکی زۆر هەبوو لە وەزارەتی تەندروستی گوایە هەوڵی جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەدرێت؛ لەم رووەوە لیژنەیەک سەردانی نەخۆشخانەکانی دەکرد و راپرسییەک لە ناو کارمەندانی تەندروستیدا ئەنجام درا. لە بیرمە پزیشکان و پەرستارانی بەشداربوو لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری هەولێر بە تێکڕای دەنگ پێیان باش بوو دوو کەرتەکە جیابکرێنەوە تەنها دەرمانسازان بە تێکڕای دەنگ لەگەڵ جیانەکردنەوەی بوون! ئەو کات تێکەڵاوی کەرتی حکومی و ئەهلی وا وێنا دەکرا کە کرۆکی گرفت و کێشەکانی سیستەمی تەندروستی بێت. بەڵام وەک روونمم کردەوە ئەم تێکەڵاوییە یەکێکە لە خاڵەکان و لایەن و بواری دیکەش زۆرن کە پێویستە خۆیان لە قەرە بدرێت. تەنانەت ئەگەر کەرتی گشتی و تایبەتیش جودا بکەینەوە بەڵام موچەی کارمەندان هەر بە هەمان شێوازی پێشوو بدرێت، بە لای کەمی بەشێکی نەخرێتە سەر بنەمای شایستەیی بە پێی رێکوپێکی دەوام، بەرهەم و چالاکی مانگانە، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات لە خوێنگەرمی کارمەندان بۆ کارکردن. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کەرتی حکومی و تایبەت جیاش نەکرێنەوە بەڵام موچەی کەرتی گشتیش بە هەمان شێوەی کەرتی تایبەت بخرێتە سەر بنەمای بەگوێرەی چالاکی (per activity)، ئەو کات کارمەندان بۆ خۆیان بە هەمان شێوەی کەرتی تایبەت لە کەرتی گشتیش چالاک دەبن یان خۆیان لایەک هەڵدەبژێرن و واز لەوەکەی دی دەهێنن. بەمەش جیابوونەوەیەکی لەخۆوە بەڵام سەلامەتتر و ئاسانتری هەدوو کەرتەکە روودەدات وەک لەوەی بە زۆر یان بە تێچوونێکی زۆر هەوڵی جیاکردنەوەیان بدرێت.

 

کەواتە لەسەرجەم ئەم قسانەوە دەگەمە ئەو ئەنجامەی لە کوردستان یەک سیستەم لە ئارادا نییە تاکو بە تاوانباری واقیعی خراپی تەندروستی و کەموکوڕی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بزانین بەڵکو دوو سیستەمی پارالێلی دژبەیەکی تێکەڵ بەیەک هەیە: سیستەمی کەرتی گشتی (حکومی) بە خۆڕایی و سیستەمی کەرتی تایبەتی (ئەهلی) بە پارەی کاش. واقیعەکە پێکەوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە و پەیکەری هەردوو سیستەمەکە پێویستی بە دیزاین کردنەوەیە: پەیکەری سیستەمە گشتییەکە بەرهەمی شێوازێکی تێگەیشتنی کۆنە لە سۆسیالیزم. پەیکەری سیستەمە تایبەتەکەش هەڵتۆقیوێكی بێبەرنامەی ئەم چەند ساڵەی رابردووە کە پارەیەکی زۆری نەوتمان رێشت و بەهەدەر دا.


پێویستە بە عەقڵییەتی سۆسیالیزم یان سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ تەندروستی و خوێندن نەکرێت. بەڵکو بە عەقڵییەتێکی مرۆڤدۆستانە، مرۆڤناسانە و واقیعبینانە دوور لە ئایدۆلۆژیا و بازرگانی مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو کەرتە بکرێت.

 

دەکرێت کار لەسەر ئەم بوارانە بکرێت:
١. مەرجە خزمەتگوزاری خۆپاراستن و فریاگوزاری (Preventive Care & Emergency Care) بە خۆڕایی بمێنێتەوە. هەموو کەس بەبێ جیاوازی دەستی پێ رابگات و کەسیش نەتوانێت خراپ بەکاری بهێنێت. حکومەت تەنانەت دەتوانێت ئەم خزمەتگوزارییانەش بداتە دەستی نەخۆشخانە و دەزگای تەندروستی سەربەخۆی جێبەجێکار و حکومەت تێچوونەکانیان بداتەوە بە مەرجی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی کوالیتی کراو و نرخ دیاریکراو و ستاندارد بۆ هەموو کەسێک.

 

٢. خزمەتگوزارییەکانی دیکە (دووەمی و سێیەمی و رێککاری) جگە لە جوانکاری و تەواوکاری بە پارە بێت بەڵام زۆربەی پارەکە لە رێگەی سیستەمی بیمەوە بێت و بەشێکی لەسەر نەخۆش بمێنێتەوە تاوەکو رێگەی لێ بگیرێت زیاد لە پێویستی خۆی سیستەمەکە بەکاربهێنێت یان خراپ بەکاری بهێنێت.

 

٣. خزمەتگوزاری جوانکاری و تەواوکاری بەپارە بێت و سیستەمی بیمە نەیگرێتەوە مەگەر بیمەی تایبەتی سەرڕا.


٤. خزمەتگوزاری لوکس و تایبەت لە رێگەی کەرتی تایبەت رێگەی پێ بدرێت بەڵام سیستەمی بیمەی گشتی نەیگرێتەوە مەگەر بیمەی تایبەتی سەرڕا.

 

٥. حکومەت پشتگیری دارایی ستراتیژی نەخۆشخانە حکومییەکان بکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ نموونە دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا و موچەیەکی بناغەیی بۆ کارمەندان بۆ ماوەی چەند ساڵێک تا ئەو کاتەی سیستەمی بیمە دەکەوێتە سەرپێ.

 

٦. دواتر نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان لە رێگەی وەرگرتنی پارە بەرانبەر دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ نەخۆش پارە پەیدا دەکەن و پێویستە سەرجەم تێچووەکانی خۆیان و قازانجیش لەو رێگەوە بە دەست بێنن. پارەکە بەشێکی کەمی لە نەخۆش وەردەگیرێت و بەشەکەی دیکەی لە دەزگای بیمە.

 

٧. دەزگای بیمە مەرجەکانی خۆی بەسەر نەخۆشخانەکاندا بەبێ جیاوازی (حکومی و ئەهلی) دەسەپێنێت و ئەوەی هەموو مەرجەکان جێبەجێ نەکات ناخرێتە لیستی ئەو نەخۆشخانانەی بیمە دەیانگرێتەوە. گرنگترین مەرجە بنەڕەتییەکان بریتین لە: پابەندبوونی نەخۆشخانە بە نرخی ستاندارد کە دەزگای بیمە یان وەزارەتی تەندروستی دیاری دەکات و بەدەستهێنانی بڕوانامەی پشکنین و کوالێتی کۆنترۆل لە لایەن لایەنی سێیەمی سەربەخۆ و باوەڕپێکراو.

 

٨. وەزارەتی تەندروستی سیستەمێکی هەواڵەکردنی نەخۆش دادەنێت واتە شێوازی جوڵەکردنی نەخۆش لە نێوان بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان و لە نێوان پزیشکانی گشتی (خێزان) و پزیشکانی پسپۆڕ. بە هەمان شێوە بە هاوکاری کۆمەڵە پزیشکییەکان پرۆتۆکۆلی دەستنیشانکردن و چارەسەری هەموو نەخۆشییەکان ئامادە دەکات کە پێویستە نەخۆشخانەکان (پزیشکان و تەندروستکاران) پێوەی پابەند بن. ئەو پرۆتۆکۆلانە چۆنیەتی سەردانکردن و ژمارەی رێپێدراوی سەردانکردن و شێوازی هەواڵەکردنی نەخۆش دیاری دەکەن نەک نەخۆش بە کەیفی خۆی هەموو رۆژێک سەردانی دکتۆر بکات و داوا بکات بیمە پارەکەی بۆ بداتەوە یان پزیشکێک داوا لە نەخۆشەکەی بکات هەموو رۆژ سەردانی بکاتەوە تاکو بیکاتە ماڵ لەسەر بیمە بەبێ ئەوە نەخۆش پێویستی بەو سەردانکردنەوانە بێت.

 

٩. هیچی دیکە مەرج نییە حکومەت بە شێوازی ناوەندی پزیشک و کارمەندی پزیشکی دابمەزرێنێت، بەڵکو بە گرێبەست (ماوە دیاریکراو یان دیارینەکراو). نەخۆشخانەکان سەربەخۆیی دارایی و بەڕێوەبردنیان پێ دەبەخشرێت و خۆشیان کارمەند دادەمەزرێنن. حکومەت تەنها پابەندە بە گەرەنتی کردنی دامەزراندنی پزیشکان و دەرمانسازان و پەرستاران لە ماوەی پلەبەندی و خوێندنی پسپۆڕی.

 

١٠. پلەبەندی و خوێندنی پسپۆڕی پیشە پزیشکییەکان: لەگەڵ دەستکردن بە پڕۆژەی چاکسازی لە واقیعی تەندروستی پێویستە پلەبەندی و خوێندنی پسپۆڕی پیشە پزیشکییەکانیش چاکسازی تێدا بکرێت چونکە ئەویش سیستەمێکی کۆنی ئینگلیزییە بەڵام ئێمە چونکە هیچ چاکسازییەکمان تێدا نەکردووە و ئینگلیزەکان بەردەوام چاکسازی دەکەن و خۆیان لەگەڵ چاخەکاندا دەگونجێنن، ئێستا ئێمە و ئەوان زۆر لەیەک دوور کەوتووینەتەوە. پێویستە پلەبەندی و خوێندنی پسپۆڕی لە هەمان کاتدا بن. غەدرێکی گەورەیە ئێستا تەمەنێک لە پزیشکان دەکوژن و پلەبەندی و خوێندنی پسپۆڕی جودا کراوەتەوە. لە هیچ وڵاتێک ئەو سیستەمە نییە بەڵکو لە ئەوروپا پلەبەندی واتە خوێندنی پسپۆڕی. پێویستە رێڕەوەکان بۆ بوونە پسپۆڕ یەکبخرێن نەک یەکێک دوای پێنج ساڵ لە پلەبەندی هیچ بڕوانامەیەکی پێ نەبەخشی و ناوی لێ بنێی پزیشکی شارەزا، یەکێک دوای دبلۆمێک و یەکێک دوای ماستەرێک و یەکێک دوای دکتۆرایەکی نەزەڕی و یەکێک دوای خوێندنی بۆرد هەموویان وەک یەک ناو لێ بنێی پزیشکی پسپۆڕ. پێویستە تەنها خوێندنی بۆرد بمێنێت و هەموو پزیشکان لە سەرەتای دەرچوونیان یان دوای ساڵێك لە بۆرد وەربگریت و پلەبەندییان واتە خوێندنی بۆرد بێت. بەم شێوەیە پزیشکی پسپۆڕی گەنج دروست دەبن کە زۆر بەرهەمدارتر و داهێنەرتر دەبن لەوەی تۆ تەمەنیان لە کیس بدەی و دوای رۆیشتنی تەمەنیان ئینجا بیانکەی بە پسپۆڕ.

 

بەم شێوەیە رۆڵی حکومەت دەگۆڕێت بۆ رۆڵێکی رێکخەر و بەرنامەداڕێژ و پشتگیر و لەو رۆڵەی ئێستا نەجاتی دەبێت کە خۆی کردووە بە لێپرسراوی دابینکردن و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکی هەستیار کە لە توانایدا نییە. کەرتی گشتی ناچار دەبێت بکەوێتە جموجۆڵ و کێبڕکێ لەگەڵ کەرتی تایبەت. کەرتی تایبەت هەلی گەورەی بۆ دەڕەخسێت لە رێگەی سوود وەرگرتن لە بیمە. خزمەتگوزارییەکی کوالێتی کراو بەردەست دەبێت بۆ سەرجەم هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی و پارەدانەکەی نابێتە قورساییەکی گەورە لەسەر شانیان. دادپەروەری و یەکسانیش ناکەونە ژێر پێی سەرمایەدار و بزنسمانەکان.

 

تێبینی: واقیعی تەندروستی و خوێندن (پەروەردە) لەم رووانەی باسمکرد زۆر لەیەک دەچن؛ بە هەمان مێژوودا رۆیشتوون لەم ساڵانەدا. سیستەمی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی هەردووکیان لە هەمان بارودۆخدایە. دەتوانم بڵێم لە زۆربەی قسەکانی سەرەوە تەنها لە جیاتی وشەی تەندروستی وشەی پەروەردە یان خوێندن دانێیت راست دەردەچێت. تەنانەت هێڵەکانی چارەسەریشی بەسەردا دەگونجێت دوای گونجاندن لەگەڵ سێکتەری پەروەردە.