له‌ ژێر ڕۆشنایی چاكسازییه‌كاندا

 

په‌روه‌رده‌ پێویستى به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ و به‌دواداوچوونه‌وه‌ هه‌یه‌.


فه‌یله‌سوفى یۆنانى به‌ناوبانگ ئه‌فلاتون ده‌لێ: "كه‌سى چاك و پاك پێویستى به‌ یاسا نییه‌ كه‌ تێی بگه‌یه‌نێ چۆن ڕه‌فتار بكات له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تى، به‌ڵام كه‌سى گه‌نده‌ڵ و بۆگه‌ن هه‌رده‌م چه‌نده‌ها رێگا ده‌بینێته‌وه‌ بۆ سوڕانه‌وه‌ له‌ سه‌رووى یاسا".


به‌ شیكردنه‌وه‌ى ئه‌و وته‌یه‌ گونجاندنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌و ڕۆدا وه‌كو ڕه‌ش و سپی یان شه‌و و ڕۆژ دیاره‌، به‌ڵام خۆمانى لێ لاده‌ده‌ین و ویژدانمان ئاسوده‌ ناكه‌ین كه‌چى چاك ده‌زانین باجى زۆر گه‌وره‌ چاوه‌ڕێ ئه‌و خۆ به‌ خاوه‌ن نه‌زانینه‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كات.


بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌موومان تێڕوانین و هه‌نگاوه‌كانمان به‌ره‌و تێگه‌یشتن له‌ به‌رپرسیارییه‌تى په‌یڕه‌و بكه‌ین و شی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیارییه‌تى به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ وه‌كو به‌خشین و وه‌رگرتنى هێز و پۆست و پله‌ و پایه‌ ته‌ماشا نه‌كرێ به‌ڵكو وه‌كو ڕووه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى خۆى كه‌ به‌رپرسیارییه‌تى بریتییه‌ له‌ به‌رپرسیارییه‌تى زیاتر له‌ سه‌ر شانت له‌سه‌ر ویژدان و ناو ناوبانگت "ئه‌گه‌ر لات به‌نرخ بێت".


بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌رێینه‌وه‌ بۆ ڕه‌گه‌ تاڵه‌كه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌یه‌ ، ئه‌ركى په‌روه‌ده‌یه‌ ڕۆڵ ببینێ له‌ پێگه‌یاندنى نه‌وه‌كان و تێگه‌یاندنى ئه‌و چه‌مكانه‌ به‌ تێۆرى و پراكتیكى چۆن ده‌بێ په‌یڕه‌و بكرێن ، بێگومان لێره‌ دا له‌ په‌روه‌رده‌كردنى هه‌ر تاكێكى كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تى بچووك تا گه‌وره‌ سه‌ره‌تا ئه‌ركى ماڵ و قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگایه‌ چونكه‌ به‌رپرسیاریه‌تى كه‌ نرخ و به‌هایه‌كى مرۆڤایه‌تیه‌ وا له‌ تاك ده‌كات له‌ جیهانى هه‌ست و ئاره‌زوو و پێویستیه‌كانى ژیان بگۆرێت بۆ جیهانى نموونه‌ییه‌كان كه‌وا له‌ تاكى كۆمه‌ڵگا ده‌كات كه‌ پابه‌ند بێت به‌ قسه‌ و به‌لێن و وه‌فادار بێت به‌رامبه‌ر په‌یمان و بڕوانامه‌ و شه‌ونخوونى و ڕابردوو ئایینده‌ى ووڵاته‌كه‌مان له‌ سه‌ر بنچینه‌ى ڕه‌وشت و بنه‌ما جوان و بێگه‌رده‌كانى مرۆڤ و چاره‌نووسى میلله‌ته‌كه‌مان .


بێگومان ئه‌و بنه‌ما جێگیرانه‌ى سه‌ره‌وه‌كه‌ باسم كرد به‌ دڵنیایی له‌ په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌ خاوه‌نى نه‌وه‌كانى ئایینده‌ن سه‌ده‌ دواى سه‌ده‌ له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستا ماندوو نه‌ناسه‌كان كه‌ هه‌رده‌م پێشه‌نگ بوون له‌ په‌روه‌رده‌كانى نه‌وه‌كانى ئایینده‌ ، چونكه‌ قوتابخانه‌ ئه‌و ده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و زانستییه‌ ته‌رخان كراوه‌یه‌ له‌ پێكهینان و درووستكردنى كه‌سایه‌تى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌موو جۆڕه‌كانیه‌وه‌ وه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگاش واى كردووه‌ قوتابخانه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى په‌روه‌رده‌یی ڕه‌هاى هه‌بێت له‌ په‌روه‌رده‌ كردنى ڕه‌وشت و په‌ڕه‌پێدانى هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى له‌ چوار چێوه‌ى تاك دواتریش كۆمه‌ڵگا.


بێگومان قوتابخانه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى بیناتنانى كۆمه‌ڵگایه‌ و په‌روه‌رده‌ش كه‌ به‌رپرسیاریه‌تى له‌ ئه‌ستۆیه‌ ده‌پرسین ئایا تا چه‌ند ئێمه‌ و ئه‌وانه‌ى پێش ئێمه‌ و ئه‌وانه‌ى دواتریش توانیومانه‌ به‌ ئه‌ركى خۆمان هه‌ڵسین و به‌رپرسیاریه‌تیمان بۆ خۆمان و كه‌سانى تر قۆرخ نه‌كردبێت؟


بێگومان ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كرێ وردبكه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌نده‌ها بڕگه‌ى جۆراوجۆر!


بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامه‌كان لاى تاك و كۆمه‌ڵگا ڕوون و شه‌فاف بن به‌ سوپاسه‌وه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ى چاكسازیى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى ده‌زگاكانى ترى تایبه‌ت له‌ حكوومه‌ت به‌داوداچوون و لێكۆلینه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ (وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ تا ده‌گاته‌ قوتابخانه‌كان، له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان، سه‌رپه‌رشتیاران، به‌رێوه‌به‌رى به‌شه‌كان و به‌رپرسى هۆبه‌كان له‌ هه‌موو ده‌زگاكانى په‌روه‌رده‌یی) كه‌س به‌ده‌ر نه‌بێت به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ى ورد بكرێ كه‌ كامه‌مان به‌رپرسیاریه‌تیمان قۆستووەته‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنى خزم و كه‌س و خه‌ڵكانى نزیك خۆمان بگره‌ ئه‌ندامانى خێزان له‌ هاوسه‌ر و كوڕ و كچ و خوشك و برا و خزمانى تریش، چونكه‌ زۆر جار لێره‌و له‌وێ ده‌بیستین و ده‌بینین كه‌ یه‌كێك له‌و شوێنه‌ى به‌رپرسیارییه‌تى هه‌یه‌ وا ده‌زانێ بۆیه‌ له‌م شوێنه‌ ده‌وام ده‌كات تا هه‌موو خێزان و خزمه‌كانى ده‌بێ دابمه‌زرێنێ بگره‌ ئه‌گه‌ر بكرابایه‌ كێشكه‌ى سه‌ر سوانده‌ى ماڵه‌كه‌شى به‌ناونیشانێك داده‌مه‌زراند!!


ده‌بیستن قوتابی بووه‌ له‌ قۆناخى ئاماده‌یی نه‌گیشتۆته‌ هه‌ژده‌ ساڵ دایمه‌زراندووه‌ به‌كاتى به‌ گرێبه‌ست ئیتر لۆ خۆى قوتابییه‌ و وانه‌ ده‌خوێنێ تا ته‌واو ده‌كات له‌و لاتریش مووچه‌ى بۆ ده‌چێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌ رێگاى به‌رپرسیارییه‌تى باوكى!! هه‌روه‌كو ده‌لێن زێر به‌ئاگر تاقى ده‌كرێته‌وه‌ با ته‌ماشاى دۆسییه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌ زۆر به‌ ئاسانى ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ته‌مه‌نیان چه‌نده‌ و كه‌ى ده‌رچوونه‌ و كه‌چى خزمه‌ت و دامه‌زراندنیان چ سالێكه‌! كه‌ زۆر جار ئه‌وانه‌ن باسى كه‌مته‌رخه‌مى و گه‌نده‌ڵى و دڵسۆزى ده‌كه‌ن و باسى ڕاست و ناڕاست ده‌كه‌ن، گرنگه‌ و به‌پێویست ده‌زانرێ له‌ پرۆسه‌یه‌كى وه‌كو په‌روه‌رده‌ سیڤى تایبه‌تى هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان دیار بكرێن و ڕوون بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ره‌و ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆین له‌ ئێستاوه‌ پێویسته‌ گرنگى و بایه‌خى جدى به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێ كه‌سانى دڵسۆز و پاك و بوێر له‌ جومگه‌كانى په‌روه‌رده‌ كاریان پێ بسپێردرێ هه‌ر ته‌نها نه‌ سورێینه‌وه‌ له‌ بازنه‌یه‌كى داخراوى تیره‌ مه‌ودا كورتى دووباره‌، به‌ڵكو بازنه‌ى په‌وره‌رده‌ فراوانه‌ و پێویستى به‌ ده‌ست بژێر و سه‌ره‌دكردنێكى پوخت هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانى نیشتیمان په‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌ خۆشه‌ویست و په‌روه‌رده‌خوازان دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تاكى به‌رپرسیارییه‌تى تایبه‌ت كه‌ ماف و ئه‌ركى گشتى له‌لا هاوسه‌نگ بێت و به‌ویژدانێكى زیندوو به‌ ئاگا كه‌ داهاتووی میلله‌ته‌كه‌مانى له‌لا مه‌به‌ست و ئامانج بێت.


چونكه‌ به‌رپرسیارییه‌تى به‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنان یان گه‌نده‌ڵى له‌ به‌رپرسیارییه‌تى هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانى خۆت تێر بكه‌ى و ته‌نها قازانج و سوود بۆ خۆت بێت زۆر جاران كه‌ زیان به‌ كه‌سانى تریش ده‌گه‌یه‌نی له‌ ئه‌نجامى به‌كارهێنانى به‌رپرسیاره‌كه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانى خۆت یه‌ك ناگرێته‌وه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ى گه‌نده‌لی و به‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانى به‌رپرسیارییه‌تى هه‌ر وه‌كو به‌رتیل وه‌رگرتن و جۆره‌كانى تر له‌ بۆگه‌ن كردنى به‌رپرسیارییه‌تى بێ ئه‌وه‌ى ڕه‌چاوى مافى سروشتى و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بكرێن.


په‌روه‌رده‌ پێویستى به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ و به‌دواداوچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌ك چۆن (په‌ڕه‌نا و ده‌كه‌ین ورده‌كا ده‌كه‌وێته‌ بنه‌وه‌ قرشه‌ى بنه‌وه‌ش دێته‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جه‌نجه‌ڕ وردى بكات و هه‌مووى وه‌ك یه‌ك بێت نه‌ك ته‌نیا كه‌سانێك سه‌ره‌وه‌ یان ورده‌كایه‌ و كه‌چى ژێره‌وه‌یان هه‌موو قرشه‌یه‌).


چاوه‌رێ ده‌كه‌ین له‌ لێژنه‌ى چاكسازى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وبه‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی و ده‌زگاكانى ترى په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت بۆ به‌داوداچوون و ده‌ستنیشانكردنى كه‌سانى په‌روه‌رده‌یى دڵسۆز و دیارى كردنى كه‌سانى ترى كه‌مته‌رخه‌م و هه‌ست نه‌كردوو به‌ لێپرسراویه‌تى و بێ باك له‌ كاره‌كاندا و هه‌ركه‌سه‌ و مافى خۆى وه‌ربگرێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ متمانه‌ و سیقه‌ و دڵنیایی بۆ په‌روه‌رده‌ به‌ گشتى كه‌ هیواو و ئومێد و بنیات نه‌رى كۆمه‌ڵگایه‌.