له‌ژێر رۆشنایی چاكسازییه‌كان

 

پێویستیمان به‌ گۆڕانكارى ڕیشه‌یی هه‌یه‌ له‌ تێڕوانینى كۆمه‌ڵگا بۆ پیشه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندن


سه‌ركرده‌ى ئه‌مریكى و چاڵاكوانى سیاسى مارتن لوسركینج ده‌لێ " له‌ سه‌ر شانه‌كانى په‌روه‌رده‌، میلله‌تان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ سه‌ر پێ"


گومانى تێدا نییه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كى زیندوو و رۆشنبیر له‌ ئه‌نجامى په‌روه‌رده‌یه‌كى درووست دێته‌ به‌رهه‌م، په‌روه‌رده‌یه‌ك كه‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یى تێدا فه‌راهه‌م بێت و كاراكته‌ره‌كانى كه‌سانى به‌توانا و ڕاستگۆ و خۆنه‌ویست و ویژدان زیندوو و په‌روه‌رده‌یی بن دووربن له‌ خۆ دزینه‌وه‌ خۆ خافلاندن و خه‌ڵك فریودان و نواندن .


له‌و بڕوایه‌ دابن هه‌ر چاكسازییه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگادا په‌یوه‌سته‌ به‌ چاكسازى كردن له‌ كۆى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و خوێندن وه‌ هه‌ر پشتگوێ خستێنك و په‌ڕاوێز خستنێك له‌ كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌بێته‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ گه‌نده‌ڵیه‌كى مه‌ترسیدار له‌ سه‌ر هه‌موو بواره‌كانى ژیان.


لێره‌وه‌ ده‌پرسین ئایا دیدگایه‌كى په‌روه‌رده‌یى نوسراو و رۆشن و شه‌فافمان هه‌یه‌ كه‌ ڕاشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كاراكته‌ره‌ هاوبه‌شه‌كانى په‌روه‌رده‌یى له‌ به‌رێوه‌به‌ر و مامۆستا و قوتابی و كه‌س وكارى قوتابیان هه‌موویان تێدا به‌شداربن خۆان به‌ خاوه‌ن بزانن ؟


وه‌ ئایا تا چه‌ند سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یى درێژخایه‌ن یان كورت خایه‌نمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو بواره‌كانى په‌روه‌رده‌ بگرێته‌وه‌؟


وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تا چه‌ند دڵنیایی دراوه‌ته‌ كۆمه‌ڵگا یان كه‌س وكارى قوتابیان كه‌ سیاسه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌بوون ئه‌وا به‌ هاتنى وه‌زیرێك یان رۆیشتنى وه‌زیرێكى تر نا گۆڕدرێن واتا جێگیربوون بۆ ماوه‌یه‌كى دیارى كراو؟


سیاسه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان لانى كه‌م پێویسته‌ پاپه‌ندبن له‌سه‌ر تێگه‌یشتنى گۆڕانكارییه‌كانى قۆناخه‌كان و و پێویستیه‌كان و به‌ربه‌سته‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵگا، نه‌ك به‌ بیركردنه‌وه‌ى تاكه‌ كه‌س چۆنى بۆ بلوێ وا بكات بێ هه‌بوونى پلان و ستراتیژیه‌تى په‌روه‌رده‌یى ، به‌ڵكو ته‌نها به‌ میزاج و بیركردنه‌وه‌ى نا په‌روه‌رده‌یى له‌ كاتێك ده‌بینێ پاپۆری په‌روه‌رده‌یى خه‌ریكه‌ نغرۆ ده‌بێ و ئاڕاسته‌كه‌ى به‌ره‌وو زۆنگا و زه‌ڵكاوه‌كانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رهاوێشته‌ى نه‌بوونى پلان و سیاسه‌ت وستراتیژیه‌تى په‌روه‌رده‌یى و بیركردنه‌وه‌ى تاكه‌ كه‌س و كورت بینى مه‌وداكان و بڕیاره‌ خێرا ناپه‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌ ، كه‌چى په‌روه‌رده‌ موڵكى هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ نه‌ك تاكه‌ كه‌سه‌كان ، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌ موڵكى مامۆستایان قوتابیان و كه‌س وكارى قوتابیان و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ گشتى، بۆیه‌ كۆى بڕیار و ڕاسپارده‌كان پێویسته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بن.


بێگومان كارگێرى و سه‌لیقه‌ كارگێرییه‌كان و دڵسۆزى و سه‌ركردایه‌تیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان یه‌كێكن له‌ گرنگترینى كۆڵه‌گه‌كانى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یى سه‌ركه‌وتوو بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیى و دڵسۆزى كارگێرییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌ گشتى مسۆگه‌ر بكه‌ین له‌ هه‌موو لایه‌نێك ئه‌وكاته‌ ده‌توانین بلێن وا به‌ره‌وو هه‌نگاونانى به‌ره‌وپێشچوونى په‌روه‌رده‌ ده‌بین ، كه‌ ببینین به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌وپه‌رى دڵسۆزى و ڕاستگۆیی و دادپه‌روه‌ریی له‌ له‌كاره‌كانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌ووپێشچوونى په‌روه‌رده‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و كاریان له‌سه‌ر ده‌كات و خۆى بۆ ته‌رخان كردووه‌ بۆ جوانتركردنى هه‌نگاوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بۆته‌ جێگاى متمانه‌ و دڵنیایی مامۆستا به‌رێزه‌كان و قوتابیه‌ خۆشه‌ویسته‌كان و كه‌س وكارى قوتابیان ئه‌وكات ده‌لێین وا قوتابخانه‌ هه‌نگاوى په‌روه‌رده‌یی ده‌هاوێژى به‌ره‌وو كۆمه‌ڵگایه‌كى درووست.
له‌ پێناو چاكسازى زیاترى په‌روه‌رده‌ له‌ رێگاى قوتابخانه‌كان سه‌ره‌تا پێویسته‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كان كه‌سانى شیاو و په‌روه‌رده‌یى و ڕاستگۆ بن قوتابخانه‌ بكه‌نه‌ ماڵى هه‌مووان  هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى به‌رێوه‌به‌ر و ده‌سته‌ى كارگێرى شه‌فاف و ڕوون و ڕاشكاوبن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئیراده‌یه‌كى سیاسى هه‌بێت چاودێرى و به‌ردوادچوون و چاكسازى و ئاڕاسته‌ كردنیان بكات به‌ره‌وو ئامانجى هاوبه‌شى په‌روه‌رده‌یى كه‌ هه‌موومان له‌ پێناویدا تێ ده‌كۆشین له‌سه‌ر زه‌وى.


له‌م پێناوه‌دا پێویسته‌ ڕاى كه‌سانى خاوه‌ن ئه‌زموون وه‌ربگیرێ له‌ پێش هه‌موویاندا مامۆستا به‌رێزه‌كان به‌ گشتى كه‌ سه‌رقافله‌ى پرۆسه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كه‌ن ، وه‌ ڕای شاره‌زایانى په‌روه‌رده‌یى له‌ كۆمه‌ڵگا وه‌ربگیرێ بۆ ئه‌وه‌ى چاكسازى په‌روه‌رده‌یى چاكسازییه‌كى گشتگیر بێت و به‌رده‌وام بێت ، پێویسته‌ رێزى مامۆستایان بگیرێ و ڕه‌فتاریان وا له‌گه‌ڵ بكرێ كه‌ ئه‌وان پیشه‌گه‌رن و خاوه‌ن پیشه‌یه‌كى پیرۆزن نه‌ك ته‌نیا فه‌رمانبه‌رێكى په‌روه‌رده‌یبن، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕووبه‌رێكى په‌روه‌رده‌یى فراوان بۆ مامۆستا دڵسۆزه‌كان جێ بهێلین چى به‌ په‌سند ده‌زانن و پێشنیاریان چیه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌ووپێشه‌وه‌ ده‌بات.


بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربكه‌وین له‌ چاكسازى په‌روه‌رده‌ و خوێندن و هه‌ڵكێشانى ڕه‌گه‌ زیان به‌خشه‌كان (فریزئاسا) و گژ و گیا بێ سووده‌كان له‌ ڕه‌گه‌ وه‌ هه‌ڵكێشرێن تا گڵ و خاكه‌كه‌ نه‌مامه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانى تێدا بچێنرێ و نه‌ش ونما بكات، پێویستیمان به‌ گۆڕانكارى ڕیشه‌یی هه‌یه‌ له‌ تێڕوانینى كۆمه‌ڵگا بۆ پیشه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن، مامۆستا هه‌ست به‌ قورسایی و رێزى خۆى بكات له‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ نیوه‌ى زیاترى په‌یوه‌ندى به‌ خودى مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كانمان ده‌نێرینه‌ قوتابخانه‌ مامۆستایه‌ په‌روه‌رده‌ى ده‌كات و فێرى ده‌كات و ئاماده‌ى ده‌كات وه‌كو هاووڵاتیه‌كى سوود به‌خش ، چونكه‌ داهێنان و گۆڕانكارى به‌ره‌وو باشتر ڕوونادات ئه‌گه‌ر مامۆستاكانمان له‌ پیشه‌یی خۆیان ڕازى نه‌بن و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یى له‌ قوتابخانه‌كان و په‌روه‌رده‌ به‌گشتى هه‌ستى پێ نه‌كه‌ن و ئاسوده‌ نه‌بن قوتابخانه‌ جێگاى متمانه‌ى ئه‌وان نه‌بێت.


ماوه‌ته‌وه‌ بلێین كه‌ خه‌مى په‌روه‌رده‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م تا ئێستاش وه‌كو پێویست ئێمه‌ سه‌ركه‌وتوو بین له‌ به‌رهه‌م هێنانى هاووڵاتى سه‌ركه‌وتوو به‌هێز و ڕاستگۆ و پارێزراو كه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌و باره‌ ئاسانه‌ نییه‌ كه‌ دڵی خۆمان خۆش بكه‌ین بلێین هاوسه‌نگ بوو ، نه‌خێر په‌روه‌رده‌ ئه‌و باره‌ قورس و هه‌ستیار و پیرۆزه‌یه‌ پێویستى به‌ ده‌ستبارى و ده‌ست گرتنى هه‌موو دڵسۆزانى ووڵاته‌كه‌مه‌ چونكه‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌مانه‌تێكى پارێزراوى نه‌وه‌ى ئاینده‌ى كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ گشتى، نه‌ك به‌ تاك بڕیارى و هۆ هه‌ڵقورتاندن و نواندن.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێرى په‌روه‌رده‌یی