دەکرێ دیالۆگی ساڵح موسلیم و ئەنکەرە دەست پێبکاتەوە

 

لە سەرەتای درووست بوونیەوە یەپەگە کە ھاوسەرۆکەکەی ساڵح موسلیمە، بەھۆی ھاوسنووری ٩٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ تورکیا، لێکنزیکبوونەوەی باشیان ھەبوو.

 

سەرەتا ساڵح موسلیم سەردانی توکیای کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆبوویەوە، پەیوەندییەکە باش بوو، لە جەژنی نەورۆزیش بەرپرسانی کانتۆنی رۆژئاوا سەردانی ئامەدیان کرد.

 

دواتر تورکیا داوای لە ساڵح موسلیم کرد کە لەگەڵ پەکەکە و ئێراندا کار نەکات و پەیوەندییان بە پەکەکەوە نەبێت، ئەو کات ئامادەن لەگەڵیان ھەماھەنگی بکەن. سنورەکان لێک نێزیک بوون، بریندارانی یەپەگە لە تورکیا چارەسەریان وەردەگرت، ھەروەھا ئاڵوگۆڕی بازرگانیش ھەبوو. دواتریش رێگەی دا پێشمەرگە لە خاکەکەیەوە بچێت بۆ کۆبانێ و رزگاری بکەن. ھەروەھا سوپای تورکیا بەناوچەکانی (پەیەدە)دا چوو بۆ ھێنانەوە مەزاری (سولەیمان شاە) لە سوریا.

 

ساڵح مەسلیم بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە دیالۆگ بوو، لە سەردانەکانی بۆ ئەنکەرەو ئیستانبوڵ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری میت ھاکان فیدان دیداری ساز دەکرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دیالۆگ لە نێوان موسلیم و ئەنکەرە دەکرێ جارێکی دیکە بەکار بخرێتەوە، چوونکە ساڵح موسلیم بەردەوام ئاماژەی بەوەدەدا کە ئێمە دژی تورکیا نین و تەنیا فیشەکێکیش دژ بە تورکیا ناتەقێنین. لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی تورکیا لەکاتی شەھیدبوونی کوڕەکەی پرسەو سەرەخۆشیان بۆ ساڵح موسلیم نارد.

 

تورکیا بەھۆی نزیکی لە پەکەکە بڕیاری تەواوەتی لە بەرامبەر ساڵح موسلیم نەداوە ھەمیشە شوبھەیەکی ھەبوو، چوونکە لە ساڵی نەوەدەکان و پێش دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، پەکەکە لە قەندیلەوە ئەندامی رادەھێنا بۆ رۆژئاوا کە برای عەبدوڵا ئۆجەلان، عوسمان ئۆجەلان سەرپەرشتی دەکرد. بەڵام موسلیم دەڵێت ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکیا ھەماھەنگی بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش داوای دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات. ئێستاش ھیچ شتێک کۆتایی پێ نەھاتووە و ھاوسەرۆکی پەیەدەش دەزانێت کە دەبێت بەھەر شێوەیەک بێـت لەگەڵ تورکیا دیالۆگ بکات. دوای نەمانی داعش سەرجەم نەخشەکە و ھێزەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، نزیکترین سنوور لە رۆژئاوا تورکیایە.

 

 

ئەگەر بێت و ساڵح موسلیم لەگەڵ تورکیا دووبارە دەست بە گفتوگۆ بکاتەوە لەم کاتەی ئێستا بۆ داھاتووی رۆژئاوا باش دەبێت، چوونکە ٩٠٠ کیلۆمەتری بەسەر تورکیاوەیە ئەمەش لە رووی ئابووری و سیاسییەوە کاریگەری خۆی ھەیە. لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە کە لە خێزانێکدا بەشێک لە تورکیا و بەشێکی دیکە لە رۆژئاوە دەژین.

 

ئەمریکا تائێستا خۆی بۆ رۆژئاوا یەکلایی نەکردووەتەوە، ئایا دوای داعش ھەمان ئەمریکا دەبێت کە ئێستا یەپەگە پڕچەک دەکات؟ باشە خۆ پەکەکەش لە رۆژئاوایە بۆ بە پەکەکە دەڵێت تیرۆریست؟ کەواتە پێویستە بە ووردی بڕوانینە ئەم ھاوکارییەی ئەمریکا بۆ یەپەگە، بۆچی راستەوخۆ چەکی بۆ پێشمەرگە نەنارد کە ئێرانێک حوکمی بەغدا دەکات، سوریاش ھەر ئێران نیە؟ سیاسەتی ئەمریکا و ترمپ جێگای متمانە نیە و پێویستە یەپەگە ھۆشیار بێت لەم یارییە، چوونکە دوای نەمانی داعش ئەگەری ئەوە ھەیە کاری بە یەپەگە نەمێنێت و لەگەڵ تورکیا داھاتوویی سوریا دیاری بکەن، بۆیە یەپەگەش نابێت تورکیا فەرامۆش بکات چوونکە کاراکتەرێکی بەھێزی ئەم سەردەمەیەو دراوسێیەتی.