بەلاڕێدابردنی ھەواڵی 360 شوقەکەی ئەڵمانیا بەدرۆ خرایەوە

دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا، لەسەر دەستی چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان، چەند قسەیەک گوایە "بەربرسێک لەسلێمانی نیشتەجێیە، ٣٦٠ شوقەی لەئەلمانیا کڕیوە" لەکەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوبۆوە. ئەمڕۆ نوسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (کۆسرەت رەسوڵ)، بەتوندی رەتییان کردەوە کەوا دوورو نزیک پەیوەندی بە (کۆسرەت رەسوڵ)ەوە نیە و بۆ ئەو مەبەستە رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.

 

کەواتە ئەو بابەتەی کەچەند رۆژێکە بەترس وشەرمنانە، لەچوار دەوری کەسێک دەسوڕێندرێتەوە، لە لاپەرەی یەکەمی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاوێنە بەگەورەیی و بەتەواوی رەتکرایەوە. 

 

بۆ ئەم ھەواڵە وەک نمونەیەکی زیندوو،ھەروەھا بۆ کۆی ھەموو ئەو قسانەی رۆژانە وەک ھەواڵ بڵاو دەکرێنەوە، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەچەند ھەڵسەنگاندنێکی ئەو جۆرە قسانەی ھەندێک لەئەندام پەرلەمانەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و زۆرێک لەوانەی رۆژانە یان جارجار وەک فەریکە نووسەرو ووتەبێژو بانگەشەکارانی ئایدیۆلۆجی و راپۆرت نووسی حزبی، بکەم، کەوا چۆن دزە دەکەنە نێو دەزگاکانی راگەیاندن و لایەنی کەم دەبنەگرفت بۆ وەرگری کوردی.

 

زۆرجار "شەلم کوێرم، ناپارێزم" ووشە فرێ دەدەن و دەزگاکانی راگەیاندن وەک تەنەکەی خۆڵ دەبینن و لەدواجاردا، ئەو زانیارییە ناتەواوانە، دەبن بەژەھرو میوەی رزیو، کەلەھەمووان زێدەتر، کۆمەڵگا تووشی کارەسات و ناخۆشی دەکاتەوە. 

 

کاتێک چەند قسەیەک لەشێوەی ھەواڵ لەناوەندە فەرمییەکانی میدیادا بڵاودەبنەوە، بێگومان دەبێت راست و دروست بن و بنەماکانی بوون (بەھەواڵ)یان تێدابێت، لەکاتێکدا ئەم ھەواڵە، ھەواڵ ی میدیای نەبوو، چونکە ھەواڵ ی دروست و ئەکادیمی دەبێت لەمەوپێش روویاننەدەبێت. لەم ھەرێم و ناوچەیەدا، رۆژانە لەمیدیاکاندا، دەیان جۆری لەو قسەو باسانە دەکرێن بەھەواڵ، کەھەندێکیان ھەواڵ نین و بەشێکیان وەک ئەو قسەو باسانە تەنھا سەرئێشەن. 

 

وەلێ کاتێک زانیارییەک لەو بابەتانە دەست دەکەون، دەبێت وەک کەرەستەی خاو ، یان بدرێن بەرۆژنامەنووسان و ئەوان دێن، کاری لەسەر دەکەن، تا دەگەن بەبنچ و بنەوانی، نەوەک بەخشکەیی پاشگەزبوونەوە یان لارکردنەوە، یان لێدانی نادروست و شکاندن و ئەزیەتدان و بەلارێدابردنی لێبکەوێتەوە.  یاخود ئەگەر زانیارییەک ھاوشێوەی ئەو بابەتە دەست کەوتن، گەر بۆ مزایەدەی سیاسی و ووروژاندنی شەقام و ھەست و سۆزی خەڵک نەبێت، خۆ باشترین و نزیکترین رێگا چارە، پەنابردنە بۆ دادگاکان و دەتوانن بەڵگەکان بدەن بەدادگاکان، نەوەک ناوە ناوە شەقام بەبابەتێک خەریک بکەن، تا پرسە گەورەکان و تەنانەت کۆمەڵگا خۆیی لەبیربچێتەوە.

 

ئاخۆ ئەگەر سەرچاوەی زانیاری، نەیتوانی تەواوی زانیارییەک راشکاوانە رابگەینێت، یان شەرم بکات و بترسێت لەناردن و گەیاندنی، ئەوا دەکرێت، بێ دەنگ و کەرو لال بێت، زۆر لەوەباشترە، تا خەڵک ھەراسان بکرێت، چونکە ناکرێت بۆ کۆکردنەوەو فراوانکردنی پانتایی دەنگی پشتیوانی خەڵک و سواربوونی شەپۆلی نارەزاییەکانی خەڵک، تەنھا بابەتەکان بووروژێندرێت.

 

بۆیە وەک دەردەکەوێت، زۆرجار زانیارییە ناراستەکان لەسەرچاوە فەرمییەکانەوە دەبیسترێن، کەئەمەیان بۆ بینەروبیستەرو خوێنەری کوردی کۆمەلێک ئاستەنگی دروست دەکات، بۆ نمونە ئەگەر ھەواڵەکان و زانیارییەکان، نادروست و پێنەگەیوو بوون، ئەوا خەڵک تووشی (بێ ھیوایی، دڵ رەقی، توڕەیی، ترس و توندوتیژی، ماندووکردن، کوشتنی ھەستی جوانی، بێ متمانەیی،ھەڵچون و پەستکردن، دڕندەیی، غەمبارکردن و پەرێشانکردن، دڵتەنگی و نائاسودەیی) دەبێت، بێگومان ئەمانە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ھەواڵە ناراست یان ناووردو ناتەواوەکانن.

 

بۆیە دەخوازم، داواکاری گشتی بێتەدەنگ، بۆ داکۆکی کردن، لەخەڵک و لەراستی و دروستی وووردی، ھاوشێوەی ئەو جۆرە قسەوباسانە بکۆلێتەوە، بەتایبەتی کاتێک ئەو داتایانە، بارگاوین یان بەشێک لەناراستییان تێدایە، یاخود بەشێک لەزانیارییەکان بەمەبەست دەشاردرێنەوە، کە ئەمانە ھەمووی واتە وات لەنێو کۆمەڵگادا دەخولقێنن.

 

رۆژانە دەیان ھەواڵ و زانیاری، بەنێو میدیاکاندا تێدەپەڕن و دەگوزەرێن، کەوا بەشێکیان یان ناراستن یان ووردنین یان ھەواڵ نین، دوور لەچاودێریکردن و لێپێچینەوە، جا بۆ ھەر جۆرە مەرامێک بێت بڵاودەکرێنەوە. بۆیە ووردی و بێ لایەنی و پابەندبوون بەرەوشتی میدیایی و  ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی، لەپڕەنسیپە سەرەکییەکانی میدیایە. دەکرێت ھەمووان ھەڵوەستەیەکی جدی لەسەر بکەن و پابەندی بن، تاوەکو چی تر کۆمەڵگا، بەھەواڵی ناورد و بێ بنەما تووشی زەرەر مەندی نەکەن.