چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

سێ ئەگەر بۆ شەوی بووک و زاوا چوار ئەگەریش بۆ.....!

 

هەر ئەو رۆژەی لە قبووڵ مەرکەزی ناوی دەرچووانی دوازدەی ئامادەیی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەرچوو و ناوی خۆمم لە بەشی (گەشتوگوزار و کارگێڕێی هۆتێلەکان)ی پەیمانگای تەکنیکیی شەقڵاوە بینییەوە، زانیم تووشی چ بەدبەختییەک بووم، ئاخر من لە کوێ و سیاحەت و ئیدارەی فەنادق لە کوێ!


وەنەبێ خوێندنی ئەو بەشە و ئەو پەیمانگایە بە شتێکی کەم بزانم، نەخێر، نیگەرانیی من لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە من خۆم گەنجێکی وشک و برینگ و بێ خولق و حەواس بووم و چەندم دەهێنا و دەبرد، مەزاجم لەگەڵ ئەو کارەدا نەدەگونجا، ئاخر من خەون و خولیای ترم هەبوو.


بەهەرحاڵ، پاش دوو ساڵ خوێندن، بڕوانامەی ئەو بەشەم بەدەست هێنا و دوو ساڵ و نیویش دوای ئەوە بێ ئیش مامەوە، تا خاڵە رەحیمم کارێکی لە میوانخانەیەکی گەشتیاریدا بۆ دۆزیمەوە. میوانخانەکە پێکهاتبوو لە 25 کابینەی گەشتیاری و زۆربەی میوانەکانمان بەبەردەوامی بووک و زاوای تازە بوون، خزمەتگوزارییەکانی ئەو میوانخانەیەش بەزۆری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابوون، بۆ نموونە ئێمە تاکە میوانخانە بووین لە کوردستان کە ئۆتۆمبێلێکی لیمۆزینی سووری رازاوەمان تەرخان کردبوو، ئەو رۆژەی بووک و زاوا بەخێرێ لە ماوەی هەنگوینی تەواو دەبوون، ئەم لیمۆزینە بە شۆفێرێکی زۆر کەشخە و بە پاکەتێک شیرینی و دەستەگوڵێکەوە، بووک و زاوای دەگەیاندە ماڵەوە. تەنانەت بۆ حاڵەتی خوێنپژان و نەخۆشیی لەناکاوی بووک و زاواش، لە ژوورێکی میوانخانەکە، دوو خانمی پەرستاری بەئەزموون و بەڕێز هەبوون، بە تەواوی کەرەستەی پزیشکیی فریاگوزاریی سەرەتاییەوە، بەدەم ئەو جۆرە رووداوانەوە دەچوون،.. ئیتر نامەوێ ببێتە رێکلام بۆ میوانخانەکەمان، خزمەتگوزاریی زۆر گرنگتریش هەبوون.


هەموو ئەم کارانەش بیرۆکەی خاڵە رەحیمم بوون، کە بەڕێوەبەرایەتیی میوانخانەکەی لەئەستۆ بوو، خاڵە رەحیمم، شێوەی لە پاڵەوانانی فیلمەکانی هۆلیوود دەچوو، پیاوێکی تەپلەبەسەری سوور و سپی و چاوشینی سەر و ریش ماشوبرنجیی قسەخۆش و خۆشمەشرەب بوو، دەتگوت کانی قسەی قۆڕە، بەشێکی زۆری نوکتەکانی شار، سەرەتا لە زاری ئەوەوە بڵاو دەبوونەوە.


من کە لە بەشی پێشوازیی ئەو میوانخانەیەدا بە واستەی خاڵە رەحیمم دامەزرابووم، هیچ تاقەتی ئەو ئیشەم نەبوو، بەڵام خاڵە رەحیمم هەمیشە ئامۆژگاریی دەکردم: ”ئیشێکی خۆشە، تۆ ماوەیەک بەردەوام بە، ئیتر هەرگیز تاقەتت لێی ناچێ!”.


بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەسەر ئەو کارە بووم، میوانی سەیر و عەنتیکەمان بۆ دەهات، کە ئەگەر یەکەیەکە چیرۆکەکانیان باس بکەم، بە کتێبێکیش تەواو نابێ.
بۆ نموونە، رۆژێکیان لەڕێی پەیوەندییەکەوە، داوای حجزکردنی دوو کابینەی تایبەت بە بووک و زاوا کرا، بە مەرجێک لەتەنیشت یەکەوە بن و بۆ یەک شەو بێت! بە شاگردەکانم گوت و دوو کابینەیان تەرتیب کرد.


وای بۆ دەچووم یان دوو برا پێکەوە زەماوەندی بووک گواستنەوە دەکەن، یاخۆ بابەتەکە ژن بە ژنە و، هەردوو بووک و زاوا حەز دەکەن لەو شەوە خۆشەدا دراوسێی یەکتر بن!


بۆ سبەی ئیوارە، بووک و زاوای یەکەم بە کەژاوە و گۆرانی و تیاترۆوە گەیشتنە نێو هۆڵی پێشوازیی میوانخانەکەمان، توومەس زاوا لە عەشیرەتێکی گەورەی ئەو گوندانەی ئەترافی شارە و کەسوکار هەمووی چەکدارن، هەر پیاوێک لە خزمانی زاوا دەهاتە حەرەمی مۆتێلەکەوە، دەمانچەیەکی رەش، بەبەر پشتوێنەکەیەوە بریقەی دەدایەوە، هەر کە دادەبەزین، یەکەم شتیان ئەوە بوو، میلی دەمانچەیان رادەکێشا و بە ئاسمانا تەقەی خۆشییان دەکرد، جا پیاوم ئەویست ئەو کەربازاڕە کۆتایی پێ بهێنیت! دەنگی تەق و تۆق، بووک و زاواکانی تریشی لە ئیشی خێر کرد! هەر زاوا بوو بە شۆرت و فانیلە و رووێکی ئەبڵەق و هەترەشچووەوە، لە کابینە هەڵدەهات و دەهاتە هۆڵی پێشوازی تا خەبەرێک لەو تەق و تۆقە ببیستێت! هەر تازەبووک بوو، بە سێتی خەوتن و رۆبی حەمامەوە پەردەی کابینەی لا دەدا تا بزانێ چ قەوماوە!


چەند هەوڵم دا و کۆشام، رەوشەکەم پێ کونترۆڵ نەکرا، کچان و ژنان، لە هۆڵەکەدا هەلهەلە و هەلەکەسەما و خۆبادان، پیاوانیش لە حەوشەی مۆتێل، تاق تاق تاق تاق.. فیشەکیان بە ئاسماندا دەتەقاند!


باش بوو خاڵە رەحیمم گەیشتە هۆڵی پێشوازی و کەمێک ئارامی کردنەوە، بەشێک لە گەنجان و خزمانی بووک و زاوای بەڕێ کرد و تەقەی خۆشیی کۆتایی پێ هێنا، کەوتینە وەرگرتنی ناسنامەی بووک و زاوا و رێنوینیکردنیان بۆ کابینەی خۆیان، سێ گەنجی دەمانچە لەقەد، کە ئاوباڵایان بە عارەقی هەڵپەڕکێ ئاوەچۆڕ بوو، لەپشت بووک و زاواوە وەستابوون، خاڵە رەحیمم دوای پیرۆزبایی، پرسی: ئەی بووک و زاوای دووەم؟ دیارە هێشتا نەگەیشتوون!


گەنجێکیان وەڵامی دایەوە: تەنیا ئەم بووک و زاوایەمان هەیە، کەسی تر نایەت.


خاڵە رەحیمم: ئاخر بەڕێزینە ئێوە دوو کابینەتان حجز کردووە!


گەنجەکە: ئاخر کابینەی تەنیشتیان بۆ ئێمەیە، ئێمە برا و ئامۆزا و پشت و پەنای زاواین و لەم شەوەدا بەتەنیا جێی ناهێڵین، پێویستە لەنزیکییەوە بین!
خاڵە رەحیمم: نەخێر بەڕێزینە شتی وا نابێ، ئێرە تەنیا بۆ بووک و زاوایە، رێگە نادەین سێ گەنجی زگورتی لە کابینەیەکی تەنیشت بووک و زاوای تازە، بەچەکەوە بمێننەوە!


یەکێکی تر لە گەنجەکان، خۆی تووڕە کرد: کاکە ئێمە عەشایەرین و عادەتمان نییە، لە شەوێکی وادا کوڕ و کچێکمان بەتەنیا جێ بهێڵێن، موستەحیلە!
خاڵە رەحیمم بەئارامی وەڵامی دایەوە: قوربان بەتەنیا نین، ئێمە هەموو خوشک و برای ئەو بووک و زاوا بەڕێزەین، بڕۆن بەدڵنیاییەوە بەجێیان بێڵن و هیچ خەمتان نەبێ.


گەنجەکان کەللەره‌ق و خاڵم لەوان ئینکارتر، مشتومڕ بەردەوام بوو، تا خاڵم دەنگی بەرز کردەوە و پیێ گوتن: برایانی عەزیز، ئەمشەو کە ئەم بووک و زاوا تازەیە لێرەن، سێ ئەگەر و ئیحتیمال هەیە، هیچیان پێویستی بە بوونی ئێوە نییە لەم مۆتێلە!


گەنجێکیان بەتووڕەیی پرسی: ئادەی پێمان بڵێ سێ ئەگەرەکە چین؟


خاڵە رەحیمم: ئیحتیمالی یەکەم ئەوەیە، ئەمشەو بووک و زاوا بە خێر و خۆشی و بێ موشکیلە، کاری خۆیان بکەن، لەم حاڵەتەدا ئێمە سبەی بەوپەڕی رێزەوە چەپکە گوڵ و شیرینییان پێشکەش دەکەین و بە ئۆتۆمبێلێکی لیمۆزینی جوان، دەیانگەینینەوە ئەو شوێنەی خۆیان دەیانەوێ... ئیحتیمالی دووەم ئەوەیە، خوانەخواستە بووکەخان تووشی نەزیف و خوێنپژان بێت، لەو حاڵەتەشدا دوو خانمی پەرستار لێرەن و بێ هەراوهوریا هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەری بووکەخان دەیکەن و دیسان پێویستی بە ئێوە نییە.


گەنجێک پرسی: ئەی ئیحتیمالی سێیەم؟


خاڵە رەحیمم بە دەنگێکی بەرزتر وەڵامی دایەوە: ئەها... ئیحتیمال و ئەگەری سێیەم ئەوەیە کە زاوا ئیشە خێرەکەی پی نەکرێ، ئێ ئەگەر زاوا پیێ نەکرێ، خۆ ئێوە ناچن بۆی تەواو بکەن!


کاتێ ئەم چیرۆکەم دەنووسییەوە، هاوکارێکی رۆژنامەنووسی سیاسیم هاتە ژوورەکەم، کە پرسیی خەریکی نووسینی چیم؟ سەربردەکەم بۆ گێڕایەوە، پێم وابوو زۆر حەزی لەو باسە نەبوو، پرسیی: بەڕای تۆ رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆچی لەم کاتەدا گەڕایەوە؟


گوتم: راستت دەوێ زۆر ئاگەداری هەواڵەکان نیم، بەڵام حەز دەکەم رای تۆ بزانم، بۆچی پاش هەشت مانگ لەو هەموو کێشە و قەیرانە گەڕاوەتەوە و بەتەمای چییە؟
هاوکارە رۆژنامەنووسەکەم، گوتی: منیش وەکوو خاڵە رەحیمت، چوار ئەگەر و ئیحتیمالم داناوە، یەکەمیان ئەوەیە، رێکخەری گشتیی گۆڕان سازشی زۆر گەورە بۆ یەکێتی بکات و رێککەوتنەکە دەمەزەرد بکاتەوە و تەسعیدی میدیایی و شەڕی پارتی دەست پێ بکاتەوە... دووەم ئیحتیمال ئەوەیە، سازش بۆ پارتی بکات و یوسف محەمەد لا بدات و بزووتنەوەی گۆڕان لەو پەراوێزییە رزگار بکات، سێیەم ئەگەر، ئەوەیە لەگەڵ نووری مالیکی رێک بکەوێت و بۆ گەڕێکی تری هەڵبژاردنەکان پاڵ بداتە پاڵی بەئومێدی هەستانەوە، چوارەم ئیحتیمالیش ئەوەیە کە وەکوو جاری پێشوو کۆمەڵێک لەو پشکانەی لە کارگە و کۆمپانیا و موڵکەکان کە لەسەر ناوی خۆی ماوە، بیخاتە سەر ناوی کەسێکی نزیکی خۆی و بۆ گەڕێکی تری چارەسەر بڕواتەوە ئەوروپا!
گوتم: کەواتە لە هەموو حاڵەتێکدا، هاتنەوەی رێکخەری گشتی، هیچ پێویستی بەو هەراوهوریایە نییە!