منداڵێکی نوێ - 11

فرە ناسنامەیی و خۆ بەپیرۆزکردن و زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا جیهانی کرد بە دۆزەخ

ن: ئۆشۆ
ز: شێرزاد حەسەن

 

هەژاری و کارەساتباری
وەک پرۆسەیەکی ڕامکردن

 

*پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست، بە بڕوای تۆ منداڵان مافی ڕەوای خۆیانە کە سەربەست بن و ژیان و بڕیاری تایبەت بە خۆیان هەبێت یان نا؟ بەو مانایەی کە تایبەتمەندیی خۆیان بپارێزن لەدەرەوەی بازنەی ئەو هەموو کۆتوبەند و هەلومەرجانەی کە دایکان و باوکەکان دەیانسەپێنن؟ ئایا وەک باری پەروەردەیی و رەوشتپارێزی، ئەو هەموو چاوەڕوانییانەی سەرپەرشتیارەکان کە لەبەرامبەر کچۆڵان و کوڕیژگەکاندا هەیانە: خواست و داوایەکی دروستن؟

 

- وەڵام: هەموو ئەو کەسانەی کە سەرەتا کەوتبوونە دوای (بوودا) و بوون بە مرید و پەیڕەوکەرانی رێبازەکەی بە ژمارە کەم بوون، هاوکات گەورە و فامیدە بوون، رەسەن و راستگۆ بوون، هیچ منداڵێکی تێدا نەبووە، دیارە بۆ هەموو پەیامبەرەکانی دیکەی ئاسمانی و سەرزەمینی هەر هەمان مەزەندە راست بووە، ئەو دەستەبژێرەی پەیامەکانی (بوودا)یان پێ راست بووە، بە کامی دڵەوە بوودایی بوون و راستگۆ بوون، سەرسامی ئەو زاتە بوون، بەڵام لەم سەردەمەدا بە ملیۆنەها کەس بوودایی و مووسایی و عیسایی و موسڵمانن، بەڵام مەرج نییە هەموویان راستگۆ و رەسەن بن، بەڵکوو بە هەزارەهایان تێدایە ریاکار و ساختەباز و زڕ و سوودمەندن، چونکە بەشێکیان بەرژەوەندییان لەوەدایە و بەشێکی دیکەیان زۆرەملێیە و بەسەریاندا سەپاوە، یان ناتوانن لەو بازنە کۆمەڵایەتییە بێنە دەرەوە کە دابونەریت دەیخوازێت، دەشێت چاولێکەری بێت، یان ئایین و مەزهەبەکە بووەتە کولتوور، بە تایبەتی ئەگەر لە منداڵییەوە بەو رێوڕەسمە گۆش کرابێت، چونکە چ ئایدیۆلۆژیای ئایینی و ئاسمانی بێت و چ رامیاری و سەرزەمینی، کە لە تەمەنێکی ناسکدا کە هێشتا کاڵفامین و ئاوەزێکی پڕ و تەواومان نەبووە، زۆر ئاسانە بە جۆرەها ئایدیۆلۆژیا، بە ناوی پیرۆزی و بەها باڵاکان و پەیامی مەزنەوە گەمارۆمان بدەن، لە رێگەی گەمەی سزا و هەڕەشە یان پاداشت و قسەی زێدە شیرینەوە فریو بخۆین و بچینە ناو هەمان تۆڕ و بازنەوە.


بە تایبەتی کە هەموو دەروونناسەکان کە سەر بە رێباز و قوتابخانەی فیکری و سایکۆلۆژیی جیاوازن رێک و تەبان لەسەر ئەوەی کە قۆناغی منداڵی، هەر لە لەدایکبوونەوە تا تەمەنی پێنج ساڵی، ترسناکترین وێستگەیە بۆ شێواندنی منداڵ، یان دەکرێت پێچەوانەکەی بێت کە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزی لێ دروست بکەن کە گومان و پرسیار و خەون و خولیای خۆیان هەبێت، هەندێک لە دەروونناسەکان ئەم قۆناغەی کە پێکهاتەی رۆحی و زیهنی و عەقڵی تا تەمەنی دە ساڵی درێژ دەکەنەوە، کە تیایدا فەرزەندەکانمان یان دەستخەڕۆ دەکەین یان دەیانکەین بە مرۆڤی راستەقینە و رەسەن.


هەر هەموومان بەرلەوەی لەدایک بین مەزهەب و ئایینێک چاوەڕوانمانە، هەمان شت بۆ فرە ناسنامەی نەتەوەیی و بگرە خێڵ و هۆز و تیرە، هیچیان بە خوایشت و ئارەزووی خۆمان و دادگای عەقڵانیانە نەبووە، دەمانکەن بە ئێرانی و هیندوستانی و چینی و ئەڵمانی... هتد، بە هەمان شێوەش دەمانکەن بە سوننە و شیعە و کاتۆلیک و پرۆتستانت... هتد. ناسنامەی نەتەوەگەرییش هەر شتێكی سەپێندراوە، کارەساتەکەش گەورەترە کە لەپای ئەو ناسنامانەوە بە رۆحێکی شۆڤێنیستییانە پەروەردە بکرێین، خۆ بە مەزنتر و پاکتر بزانین، فرەناسنامەیی و خۆ بەپیرۆزکردن و زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا جیهانی کرد بە دۆزەخێک کە ژیان تیایدا ئەستەم بێت. گەرچی گەر کەمێک هۆشمەند بین ئاسانە لەوە تێ بگەین کە مرۆڤایەتی یەکانگیرە و ئەم سەرزەمینەش ماڵ و هێلانەی هەموومانە بێ جیاوازی و کینە و دووبەرەکی و دوژمنداریی نەبڕاوە بۆ هەتاهەتایە.


بەڵام سیاسەتبازەکان بەوە ئاسوودە نین ئەم سەرزەمینە هاوبەشانە و بە یەکسانی هی هەر هەموومان بێت، مرۆڤایەتیش بە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانەوە یەکگرتوو بن، چونکە ئەوسا ئەوانەی رامیارییان کردووە بە بازاڕێکی گەرم بۆ سووود و قازانجی خۆیان دەبێت بارگە و بنەیان تێک بنێن و بزر بن، رۆڵیان وا گەورە نابێت، ناچار دەبن یان ڕەو بکەن یان بەم رەوشتە نزمەوە گەمە ناشیرینەکانی خۆیان پیادە بکەن. ئەگەر مرۆڤایەتی یەکانگیر و ئاشتیخواز بێت، خەڵکانی نێو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان تەبا و تفاق و ئاشتیخواز بن، ئەو هەموو سەرۆکانە بە وەزیر و گزیر و دەست و پێوەندەوە روو لە کوێ بکەن؟ چۆن وا ئاسان ئەو بازاڕە گەرمەی خۆیان بۆ من و تۆ چۆڵ دەکەن؟ ئەو هەموو سیاسەتبازانەی دونیا تەنیا بەوەوە ماون کە هەموومان دابەش و لەت و پەت بین. خوانی ئەوان چەور و رازاوە دەبێت، ئەگەر ئەم ئاشی خوێنەی ئێمە لە گەڕدا بێت.


هاوکات.. گەر لەسەر زەمین یەک ئایین هەبوایە، یان هەر هەموو ئایینەکان خاوەنی یەک رۆحی یەکانگیر دوور لە جیاوازی و ململانێ بوونایە، ئەوسا ئەو هەموو قەشە و زنجیرەی نەبڕاوەی پاپاکان و حاخامەکان و رابەرانی گەمژە و بێشوماری هیندۆسی، ئەو هەموو ئایەتوڵا و ئاخوندانە ڕوو لە کوێ بکەن؟ رابەرانی کینەبازی شیعە و سوننە کە سەدەها ساڵە شیر و تیر لە یەکدی دەسوون و خوێنبازی دەکەن، لە کۆندا خراپتر لەوە، پرۆتسانت و کاتۆلیکەکان. گەر ئەو رۆحە یەکانگیر و ئاشتیخوازە لە ئایینەکاندا هەبوایە، یان تاکە یەک ئایینی بێ کینە و ململانێ هەبوایە، ئاخۆ ئەو هەموو کارگەرانەی ناو کایەکانی ئایین چییان بکردایە کە گەرمترین بازاڕیان هەیە بۆ سوودمەندی و قازانجی دونیایی پتر لە هی قیامەتیان؟ ئەوانە بە تەنیا ئەو کاتە ماونەتەوە و دەمێننەوە کە چەندین ئایینی جیاواز و فرەمەزهەب زۆر بن، کە هەر یەکێکیان خۆی لەوی دیکە بە پیرۆزتر بزانێت، چەندەها ئایینزا و مەزهەب و کڵێسا و مزگەوت و رێوڕەسم و سرووت و شێوازی جیاواز لە پەرستن و نماز و پەیڕەو و پرگرام کە دەگەین بە دۆخێک لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە تا کۆتایی نە لە ژیان و نە لە مەرگدا هیچمان لە یەکدی نەچێت، کەواتە هیچ سەیر نییە کە دونیا بەم ئەندازەیە پەرێشانحاڵە.