چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

فڕین لەگەڵ پەرلەمانتاراندا

یاداشتەکانی خانمێکی خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی

پاش چەندین خوولی (زمان، مامەڵە و ئیتیک، فریاگوزاریی تەندروستی، تەکنیکی خۆرزگارکردن و نهێنییەکانی فڕۆکە و فڕۆکەوانی) و دەیان وانەی تیۆری و پراکتیکیی تر لە بواری خزمەتگوزاریی نێو فڕۆکەدا، پێرێ شەو خەونە مەزنەکەم هاتە دی و بۆ یەکەمین جار بەفەرمی لە چوارچێوەی ستافی خزمەتگوزاریی فڕۆکەی (ayway)ی تایبەت بە هێڵی فڕۆکەوانیی (bay bay get) بەرەو تورکیا فڕیم.


ناتوانم بە وشە گوزارشت لە هەستی زۆر خۆش و پڕشانازیی خۆم بکەم، ئاخر ئەو پیشەیە (مەبەستم خانمی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی - مضيفة طيران)ە، خەونی دووەمی ژیانم بوو، ئەمە پاش ئەوەی نەمتوانی خەونی یەکەمی ژیانم کە (پەرلەمانتاری) بوو بەدی بهێنم، چونکە مردم و سووتم رێی بوونە (ئەندام پەرلەمان)م نەدۆزییەوە.


ئەو شەوە کە یەکەمین گەشتی رەسمیم بوو لەو فڕۆکەیەدا، دەمویست شاجوانی ئەو بوارە بم، تا پێم کرا خۆم شەنگ و کەشخە کرد، تەنانەت هەردوو خوشکەکەم تا چەند سەعاتێک پێش فڕین، خەریکی ئەوە بوون، کام تەسریحە بۆ قژم هەڵبژێرن، ج جۆرە ماکیاجێک بکەم، کام کاتژمێر و ئەنگوستیلە بکەمە دەستم و چ ملوانکەیەک لە مل کەم و کام بۆنە خۆشە لە خۆمی بدەم، بەدرێژایی گەشتەکەش، گرنگیی پرەنسیپی (رووخۆشی و دەمبەخەندەیی و لێبووردەیی و ئارامیم لەگەڵ سەرنشینەکانی فڕۆکەکەدا) لەیاد نەکرد.


من بەهۆی ئەوەی پێشتر لە رێکخراوێکی فیمینیزمیدا کارم دەکرد، گەلێ لە پەرلەمانتارە پیاو و ئافرەتەکانم لە نزیکەوە دەناسی، لێتان ناشارمەوە کە تا ئەو شەوەش لەدڵەوە ئیرەییم بەو پەرلەمانتارانە دەبرد، ئای چەند خۆشە پەرلەمانتاری (مووچەی باش، پلە و پێگە، بەردەوام دەرکەوتن لە میدیاکاندا، قسەی زل زل لە فەیسبووکدا، خانوو و شوقە و ڤێلا، ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێل، گەشت و ئیفاد و سەفەری بەردەوام، کەشخەیی، دەوڵەمەندی و لەوسەریشەوە بە ملیۆنان دینار خانەنشین بوون).


هەرچەندە دایکم ئێستاش هەر دەڵێ: ”ئەو خوا گەورەیە بەقوربانی بم، بینەرانی تەلەڤزیۆنی خۆش ویست کە لەکۆڵ ئەو چەلەحانێ و مێزگرد و دەمە دەمەی پەرلەمانتارانی کردنەوە!“، بەڵام لەو باوەڕەدام هەر حەسوودی و چاوپیسیی خەڵکانی وەکوو من وای کرد، مووچەی پەرلەمانتاران کرایە روبع و دەرگای هۆڵەکەیان داخرا و سەرۆکەکەیان دەرکرا و وردەوردە لە میدیاکانیشدا دیار نەمان!


بە هەرحاڵ، ئەو شەوە زۆر بەڕێزەوە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵی تورکیا سەرنشینانی کوردستانمان داگرت و بەرەبەیانی دوێنێ لە هەمان فڕۆکەخانەوە فڕینەوە بەرەو هەولێر، دیار بوو رۆژی پێشوو ئەنجامە نافەرمییەکانی ریفراندۆمی تورکیا بۆ هەمواری دەستوور دەرچووبوو و لایەنگرانی دەنگی (بەڵێ) و ئەردۆغانی ئاخر زەمان، ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا.


لە گەشتی ئاسمانیی گەڕانەوەدا، من لە بەشی بزنس کڵاسی فڕۆکەکەدا کاری خزمەتکردن و میوانداریی 7 سەرنشینی تایبەتم گرتە ئەستۆ، بۆ بەدبەختیم شەشیان پەرلەمانتار دەرچوون، 3 پیاو و 3 ئافرەت، هەموویانم یان بەئاشنایی دەناسی یاخۆ بە شکڵ و شێوە لە میدیاکانەوە بینیبوو، تەنانەت هەندێکیان ئاشنایانە سڵاویان لێ کردم و منیش زۆر بەڕێزەوە بەخێرهاتنم کردن.


لە ئەنجامی گفتوگۆکردنیان لەگەڵ یەکتر، بۆم دەرکەوت جگە لە دوو خانمی پەرلەمانتار کە پێکەوە لە تورکیا بووبوون، ئیدی ماباقییان، هەریەکە و لە وڵاتێکەوە هاتبوون و بەڕێکەوت لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ یەکیان گرتبوو، حەوتەم سەرنشینی ڤی ئای پییش، سەرمایەدارێکی کوردی کوردستانی باکوور بوو.


کاک ساحیب، یەکێک لە پەرلەمانتارە پیاوەکان بوو، دواتر زانیم سەر بە فراکسیۆنی (ئای باوکەڕۆیە) و لە گەشتی عەمرەوە هاتبوو، دیار بوو بەرلەوەی لە ماڵی خواوە بگەڕێتەوە، وای بە باش زانیبوو سەردانێکی تورکیاش بکات، من نازانم بۆچی لە مەککەوە هاتبووە تورکیا، بەڵام لەکن هاوڕێ پەرلەمانتارەکانی دەیگوت: ”هەندێ فحوساتی توببیم هەبوو لە ئیستانبوڵ!“، ئاگام لێ بوو بەر لە نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە هەولێر، دەستی دایە جانتاکەی و خۆی کرد بە توالێتی فڕۆکەکەدا و کاوبۆ و چاکەت و تیشێرتەکەی داکەند و دشداشەیەکی سپیی پۆشی و دەرپێیەکی سەرخەرمانی لەپێ کرد و کڵاوێکی سپیی موشەبەکیشی کردە سەر، بەڵام خوا هەڵناگرێ هەر پێنج خولەک جارێ داوای شتێکی دەکرد و کە بۆم دەهێنا، زۆر مێبازانە چاوی لە چاوم دەبڕی!


لەمیعە خان، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (مەوقیف) بوو، لووتی یەک تۆپ لەزگەی پێوە بوو، لە سەداسەد لام مەعلووم بوو کە عەمەلیاتی تەجمیلی لووتی کردووە، بەڵام لای هاوڕێکانی گوتی: ”جیوبی ئەنفیم هەبوو، هەراسانی کردبووم، ناچار نەشتەرگەریم کرد!“، کە یەکێک لە هاوسەفەرەکانی لێی پرسی: ”خۆ عەمەلیاتی جیووب ئاسانە، چما چوویتە ئەوروپا بۆ نەشتەرگەری؟“.. لەمیعە خان زۆر بەتووڕەیی وەڵامی دایەوە: ”بۆچی خوا کەری کردووم خۆم بخەمە بەردەستی دکتۆری کوردستان؟!“.


هەردوو خانمی پەرلەمانتاری هاوسەفەر، سوەیلە سایلۆ و شەولان جەولانیش کە سەر بە فراکسیۆنی (سوێرە ناخورێ) بوون، بەرلەوەی فڕۆکە دەست بە جووڵە بکات، لێگا لێگا لێویان بە تەسریحەی ماچ دەگۆڕی و بە مۆبایلەکانیان وێنەی سێڵفییان دەگرت، ئەوانیش لای هاوپیشەکانیان گوتیان: “بۆ پشتیوانی لە خوشک و برایانمان لە هەدەپە و کەمپین کردن بۆ دەنگی (نەخێر) لە ریفراندۆمدا، چووینە تورکیا“، ئەلحەقی کە وێنەی مۆبایلەکانیان، پیشانی هاوڕیکانیان دا، چەند وێنەیەکی خۆیان بە جلی کوردییەوە لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری هەدەپە و گرووپی (نەخێر)دا گرتبوو، بەڵام کە وردەوردە وێنەکان رۆیشتن، ئیدی وێنەی سێڵفیی سەر بەحری ئیستانبوڵ دەستی پێ کرد، کاک ساحیبی پەرلەمانتار بۆ چرکەیەکیش چاوی لە مۆبایلەکەی خاتوو شەولان جەولان نەترووکاند.


منیش هەموو ئەم گفتوگۆ و دیمەنانەم بەدەم خواردن هێنان و شەربەت و ئاو گێڕان و خاوێنکردنەوەی کورسییەکانیانەوە دەبینی و دەبیست.


شێخ سەحلووبیش پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (خێرەومەند) بوو، ئەویش پشتی ملی بە پانایی بستێک سوور هەڵگەڕابوو کرێمێکی چەوریش لێ درابوو، تەوقی سەریشی هەمووی وردە مەزبەتەی برین بوو، کە کڵاوەکەی لا برد، زانیم ئەویش لە تورکیا نەشتەرگەریی روواندنی قژی کردووە و بەدرۆ لای هاوڕێکانی دەڵێ: ”دەعوەتی پەرلەمانی مۆڵدافیا بووم“. مۆڵدافیا!!!!! پیاوم ئەوێ بتوانێ بەدرۆی بخاتەوە.


شەشەم پەرلەمانتار، یاقووبی یاقووتی سەر بە فراکسیۆنی (برا ڕۆ کۆنی) بوو، دیار بوو کەمێک زمانی تورکیی دەزانی، یاقووب لای سەرمایەدارە کرمانجییەکە بەتورکی گوتی: ”چووم بۆ ئیتاڵیا ئیقامەم وەرگرتووە“، کەچی لای برادەرەکانی خۆی ئەم درۆیەی کرد: ”داوەتی پێشانگای کتێب بووم لە لیتوانیا!“.


پاش بیستنی ئەم چیرۆکانە، هەستم کرد پەرلەمانتارانی کوردستان، سوودێکی زۆر باشیان لەم عوتڵە دایمییەی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام ئەو کاتە تووشی شۆک بووم، کە سوەیلە سایلۆی پەرلەمانتار لە سەرمایەدارە کوردەکەی باکووری پرسی: ”لە ریفراندۆم بە (بەڵێ) دەنگت دا یان بە (نەخێر)؟“، ئەو سەرمایەدارە نەگبەتە دەمی سووتا و بە پێکەنینەوە هەر ئەوەندەی گوت: ”دەنگێ من بۆ (بەلێ) بوو!“..وەختێکم زانی هەر شەش پەرلەمانتار هەستانە سەر پێ و گوتیان: ”چما بە (بەڵێ) دەنگت دا؟ هەی خائینی جەردەوان!“.