چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

سەرساڵی ئێزدیخان

30 گۆڕ، 30 جەژن، 3 هەزار پەری و 300 هەزار ئاوارەی دیل!

دوا فەرمان و کۆمەڵکوژی دژی خەڵک و خاکی کوردستان لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەنجام درا. چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە سەرەتای مانگی تەباخی ساڵی 2014 هێڕشیان کردە سەر شنگال و دەوروپشتی و بە دڕندەترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ مرۆڤ و داروبەردی دەڤەرەکەیان کرد. ئێستاش کە داعش لە زۆربەی ئەو ناوچە کوردستانییانە دەرکراوە و چیدیکە شەریعەتی بەدناوی ئەو رێکخراوە لەوێ جێبەجێ ناکرێت. بەڵام هەژموونی ترسی هەڵگرانی ئاڵا رەشەکە هەر ماوە و نەتوانراوە ئەو هەڕەشەیە لەسەر قوربانیان و خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکە بەزیندوو و مردووشەوە دوور بخرێتەوە.


ئێستا و دوای پتری 30 مانگ هێشتا پتری 3 لە مەزنترین کۆمەڵگە، لەگەڵ ناحیەک و چەند گوندی شنگال لەژێر دەستی داعشن. لەکاتێکدا خەڵکی ئازای ئەو کۆمەڵگانە بوون لەگەڵ هاتنی داعش رووبەڕووی چەکدارانی ئەو رێکخراوە بوونەتەوە و پێشڕەوی ئەو چەکدارانەیان دواخست. ئەوەش دەرفەت بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی رەخساند کە بتوانن خۆیان رزگار بکەن و بەرەو چیا بڕۆن. پێموایە دووریی ئەو کۆمەڵگانە لە شنگال و هەژاریی خەڵکەکەی بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە قوربانیی زۆر بدەن و ئێستاش پشتگوێ بخرێن. ترسی گەورەش ئەوەیە کە لە کۆتاییدا ئەو ناوچانە لە دەرەوەی سنووری کوردستان بهێڵدرێنەوە!


هەروەها دوای پتری 30 گۆڕی بەکۆمەڵ کە لە قەزای شنگال دۆزراونییتییەیی، هێشتا 3 راپۆرتی رێکوپێک و تێروتەسەل لەسەر ئەو تراژیدیایە ئامادە نەکراون کە بەهۆیەوە جیهان باشتر ئاگاداری ئازاری لێقەوماوان بێت. پێموایە هەمان هۆکاری سەرەوە، واتە دووریی شوێنەکە و هەژاریی قوربانیانی ناو گۆڕەکان وای کردووە پسپۆران و کۆمیتەکان نەتوانن ئەو رێگە دوور و درێژە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵین و پشکنین! بەڵام دڵنیام ئەگەر میرزادەیەک لەناو ئەو گۆڕانەدا بوایە ئێستا رەوشەکە بەشێوەیەکی دیکە دەبوو.


دیسان دوای پتری 30 جەژن و تەواف کە بەبێ دەنگی بەسەر ئێمەی کوردی ئێزدیدا دەرباز بوون، هێشتا پتری 3 هەزار کچی شنگالی دیلی دەستی داعشن. حکوومەتی کوردستان دەڵێ هەموو هەوڵێکیان بۆ دەدات. بەڵام ئەو کچانەی رزگاریان دەبێت لە مەحافلی نێودەوڵەتی باسێکی پێچەوانە دەکەن. ئەوان دەڵێن کەس سۆراخیان ناکەت و کەسوکاری کچەکان پارە بۆ رزگارکردنیان دەدەن! هەندێکیش دەڵێن بازرگانی بە کەیسی ئەو کچانە دەکرێت! بەڕاستی چونکە گوێبیستی زۆر کەیسی گەندەڵی بووینە، بوویە مرۆڤ گومانی ئەوەش دەکات کە بازرگانی بەو دیلانەش بکرێت. بەتایبەتی کە ئەمانەش هەموویان بەپێی زانیارییەکانم کچە هەژارن و کچە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگەی ئێزدی لەگەڵدا نییە.


زێدەباری ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، هێشتا پتری 300 هەزار هەژاری ئێزدی لەسەر خاکی وڵاتی خۆیان ئاوارەن. گەرمای هاوین و سەرمای زستان لەژێر چادری نایلۆندا دەرباز دەکەن و چاوەڕێی رێکخراوێک دەکەن پارووی رۆژانەیان بداتێ! پێشهاتەکان و هاتنی جەژنی سەرساڵ "چارشەمبا سوور"ی ئەمساڵەش بەبێ دەنگی، پەیامی ئەوەمان دەدەنێ کە رەوشەکە بەم زووانە ئاسایی نابێتەوە!