په‌راوێزكه‌وتن له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا

 

هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك فۆرمی جیاوازی نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تیی تێدایه‌. هاوسه‌نگییه‌كانی هێز و ئیمتیاز و پێگه‌ی به‌رز له‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رووی پره‌نسیپ و تیۆرییه‌وه‌ و زۆر جاریش له‌ یاسا نووسراوه‌كاندا له‌به‌رده‌م هه‌موواندا یه‌كسانه‌، به‌ڵام له‌ واقیع و ئه‌زموونی ژیانی رۆژانه‌دا مرۆڤه‌كان هه‌ست به‌ جیاوازی له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پێدراوانه‌دا ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی له‌ مێژوو له‌سه‌ر نموونه‌ی سۆسیالیستی دروست كراون، كه‌ ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی بۆ دابین كرابێ، گرووپێك خاوه‌ندارێتی كه‌لوپه‌له‌كانی كۆنترۆڵ كردووه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر كلیله‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سامان و ئیمتیاز و پێگه‌ی به‌رزدا گرتووه‌، وه‌ك فه‌رمانبه‌ر و بیرۆكراته‌ گه‌وره‌كان و زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ردا كه‌مترین شتیان هه‌یه‌، چ له‌ رووی ماددی یان مه‌عنه‌وی. بۆ تێگه‌یشتن له‌ مرۆڤه‌ په‌راوێزخراوه‌كان پێویسته‌ قسه ‌له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كان و ریشه‌كانی دروستبوونی ئه‌و دیارده‌یه‌ بكه‌ین، یان وه‌ك كۆمه‌ڵناسی گرنگی ئه‌ڵمانی نیكلاس لوومان، ده‌ڵێ: مرۆڤ بوونی نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا سیسته‌مه‌، مرۆڤ به‌رهه‌می كارلێكی سیسته‌مه‌ جیاوازه‌كانه‌.


ئه‌گه‌رچی په‌راوێزخراوی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیارده‌یه‌كی تازه‌ نییه‌ و وه‌ك كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ریشه‌ی قووڵی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌و فۆرمه‌ی ئێستای كه‌ رێژه‌كه‌ی به‌رزبووەته‌وه‌، به‌ زۆربوونی دانیشتوانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، ‌ئێستا ره‌هه‌نده‌كانی بووەته‌ جێگه‌ی سه‌رنج. په‌راوێزی هه‌ستێكی تایبه‌تی ته‌نیایی‌ و جیاوازبوون و نه‌بوونه‌ به ‌به‌شێك له‌ ئه‌وانی تر، ئه‌م جیاوازبوونه‌ زۆر جار هۆكاری ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كه‌سه‌كان هه‌ژارن و ناتوانن پێداویستییه‌كانی ژیانیان دابین بكه‌ن، كه‌ ده‌كرێ ئه‌مه‌ش زۆر جار ببێته ‌هۆكارێك. په‌راوێزبوون زۆر جار به‌ دوو شت ده‌پێورێت، ١ داهات. زۆر/ كه‌م، ٢ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌عنه‌ویی كه‌سه‌كان.


له‌ ئاستی ماددی و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ مۆدێرنه‌كاندا زۆر كه‌س هه‌ن ناتوانن وه‌ك خه‌ڵكه‌كانی تر سوودمه‌ند بن له‌ به‌رهه‌مه‌كانی سه‌رمایه‌داری و ببن به‌ ماشینه‌ی خه‌رجكردن، به‌هۆی ئه‌وه‌یش كه‌ سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیسته‌مێكی ئاڵۆزی دروستكردنی به‌ها له‌ كۆمه‌ڵگه‌، وای كردووه‌ هه‌ستێكی گشتی دروست بێ كه‌ هه‌موو كه‌سێك نه‌توانێ به‌ به‌رده‌وامی كه‌لوپه‌لی تازه‌ بكڕێ و ئامێره‌ تازه‌ده‌رچووه‌كان به‌كار نه‌هێنێ، ئه‌وا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژیانی ئاسایی دواكه‌وتووه‌ و ناتوانێ وه‌ك ئه‌وانی تر چێژ له‌ ژیان وەربگرێت. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، چێژه‌كانی مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی سه‌رمایه‌داری له‌ده‌وری كڕین و گۆڕینی كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه‌یه‌، هه‌ر كه‌سێك له‌م كێبركێیه‌دا دوابكه‌وێ، ئه‌وا له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ هه‌ست به‌ په‌راوێزی ده‌كات.


گۆڕان له‌ بونیاتی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، یان لاوازبوونی سیسته‌مه‌ نه‌ریتییه‌كانی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان مرۆڤه‌كان، حاڵه‌تێكی نائاسایی دروست ده‌كات كه‌ تیایدا مرۆڤه‌كان هه‌ست به‌بێ مانایی یان به‌ مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌و به‌هایانه ‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌وره‌بوونیاندا وه‌هایان تێگه‌یاندوون كه‌ گرنگترین پره‌نسیپن له‌ ژیاندا، هه‌روه‌ها زۆربوونی دانیشتووان وای كردووه‌كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌ت به‌دوای فۆرمی تردا بگه‌ڕێ بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كان، چیتر متمانه ‌و یه‌كترناسین و به‌ڵێن و پابه‌ندبوون به‌ وته ‌و قسه‌كان و خزمایه‌تی و ناسیاوی، بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كان نین، چیتر شتی نه‌نووسراو و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێله‌كی سه‌رچاوه‌ی گرنگی نین، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندییه‌كان تا بكرێ ناكه‌سی ده‌كرێن، پیشه‌ و كاری تازه‌ دێته‌ ئاراوه‌ كه ‌هه‌ندێك كه‌س له‌ رێگایانه‌وه‌ پله‌یه‌كی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تییان لێوه‌ به‌ده‌ست ده‌كه‌وێ، هۆكارێكیشه‌ بۆ هه‌ستكردن به‌ په‌راوێزی لای هه‌ندێكی تر. ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ ده‌ست به‌ به‌ها كۆن و نه‌ریتییه‌كان بگرن ده‌كه‌ونه‌ ناو ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ له‌ هاتنی شتی تازه‌دا هه‌لی ئه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ جووڵه‌ له‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان روو بدات و بتوانن ژیانێكی باشتر به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ زۆر ئاستدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.


خاڵێكی تریش گرنگه‌ له‌و ئاسته‌دا ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین، ئینتیما بۆ نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ت شوێنی ئینتیما بۆ هۆز و خێڵ ده‌گرنه‌وه‌، تاك چیتر له‌ باوه‌شی گه‌رمی خێزان و یه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ریتییه‌كان و خێڵ نامێنێته‌وه‌، ده‌بێ به‌دوای شوێنی تردا بگه‌ڕێ بۆ پڕكردنی پێداویستیی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی بونه‌وه‌رێكه‌ ته‌نیا له‌ناو ئه‌وانیتر هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه‌ مرۆڤه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تازه‌دا زۆرینه‌ی سەعاتەكانی رۆژانه‌یان به‌ كاركردن به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌وا كاتیان بۆ چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نامێنێ، بۆیه‌ ده‌بینین یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌فتانه‌ دروست ده‌كرێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێداویستییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ما و مه‌رجی جیاواز دروست ده‌كرێ و زۆر جار هه‌ستی گه‌رموگوڕ به‌ ئه‌ندامه‌كانیان نادات، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تری هه‌ستكردنه‌ به‌ ته‌نیایی و په‌راوێزبوون.