چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بۆچی لە ئەڵمانیاوە گەڕامەوە بۆ کوردستان؟

کۆتایی هەموو ئەو چیرۆکانەی کۆتاییەکانیان هەر کوردستانە

دوا بەش

رۆژی 15-1-2016 یەکەم چاوپێکەوتنم بوو لە ئەڵمانیا و هەر لەو چاوپێکەوتنەشدا ناوی وڵاتەکەیان بۆ راست دەکردمەوە، یا هەر هەڵەیەکی تر هەبوایە لە دۆکیۆمێنتەکەم هەر لەو مێژووەدا بۆم راست دەکرایەوە، بەڵام من لەو رۆژە لە کوردستان بووم و گەڕابوومەوە.
ئەو سەفەرەم خۆش و ناخۆش، قازانجم کرد یان زەرەر، بوو بە ئەزموونێک لە ژیانمدا، کە بەپێی کات زیاتر هەستم بە جیاوازییەکانی ژیان دەکرد، پێش ئەوەی بڕۆم چۆن بووم و دوای گەڕانەوەم چۆنم. هەر وەک خۆم و هەندێک لە هاوڕێکانم لە ئەڵمانیا دەمانگوت گەر ئێستا لە کوردستان بین دەزانین چۆن دەژین و چۆن بیر دەکەینەوە و چی دەکەین. بەو هەموو جیاوازییانەی بینیمن، بیرکردنەوەم بۆ زۆر شت گۆڕدرا.
ئەگەر یەکێک لە ئێمە بیویستایە وەکو ئەڵمانییەک هەڵسوکەوت بکات ئاسان نەبوو، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤی باشیشمان لەگەڵدا بوو، بەڵام ژینگەی ئێمە جیاواز بوو، لای ئێمە پێشکەوتنەکان رووکەشن، خەڵک دوا مۆدێلی سەیارە دەکڕێت، بەڵام بە عەقڵی 30 ساڵ بەر لە ئێستا شوفێری دەکات.
جیاوزییەکان گەلێک زۆرن، هەر لە سڵاوکردن و بەیانیی باشەوە، هەتا لە کاتی سەرکەوتنی شەمەندەفەریش، ئەگەرچی خەڵكی توندڕەوی لێ بوو، بەڵام بەگشتی لە ئێمە ئارامتر بوون.
کاتێک هەندێک پەنابەرم دەبینی بە جۆرێک قسە و هەڵسوکەوتیان دەکرد یان رەفتاری وا ناشیرینم لێ دەبینین، كه‌ سەیری ئەڵمانەکانیشم دەکرد، شەرمم دەکرد و حەزم نەدەکرد ئەڵمانەکان بمبینن نەبادا بە یەک چاو سەیرمان بکەن..
لە رووی گرنگیدان بە کات ناتوانرێت لەگەڵ ئێمە بەراورد بکرێن، لێرە کەس گرنگی بە کات نادات. هەروەها لە رووی هاتوچۆشەوە، چونکە دیارترین شت کە لەوێ بەرچاو بوو سستمی هاتوچۆ بوو، دابینکردنی ئۆتۆمبێلی گشتی بوو، کە ئاسانکاریی تەواو بوو بۆ هاووڵاتییان.
کە گەڕامەوە، دوای ماوەیەک ئەو هاوڕێیانەی کە لە ئەڵمانیا مابوونەوە پەیوەندییان دەکرد و دەیانگوت ژیان چۆنە لە کوردستان؟ منیش لە وه‌ڵامدا دەمگوت، وەک جارانە و هیچ جیاوازی نییە، لەڕاستیدا لای من جیاواز بوو لەچاو جاران، بەڵام لای هاوڕێکانم باسم نەدەکرد، هەبوو دەیگوت دەگەڕێمەوە کوردستان، به‌ڵام لەبەر عەیبە ناگەڕێمەوە، دوایی دەڵێن ئەوە پیاوی ئەوروپا نییە، یا بە نەستەلە گەورە کراوە، یا دەیگوت با رەفزم بۆ بێتەوە ئینجا دەگەڕێمەوە، ئەوکات عه‌یب نییە.
هەبوو دەردەدەڵی دەکرد و دەیگوت خۆزگە لەگەڵ تۆ گەڕابامەوە کوردستان، سه‌ری لێ شێوابوو و دەیگوت نازانم چی بکەم. زۆریش لەو قسانە بەمن گوتران، بەتایبەت خێزانەکەم هەمووی گوتیان تۆ فێری ناز و خزمەتکردنی، زانیمان ناتوانی لەوێ بیت.
لە سوید و ئەڵمانیا ته‌له‌فۆنیان بۆ دەکردم، پیاو هەبوو ژن و منداڵه‌کەی لە کوردستان بوو، پرسی بە من دەکرد چۆن بگه‌ڕێمەوە کوردستان، منیش رێکاره‌کانی وەرگرتنی پاسپۆرتی سەفەری، کە وەک خۆم پێم گوت، كه‌ لە ئەڵمانیا چۆن وەرم گرتووە، تا ئەویش بگەڕێته‌وە. دوای ماوەیەک تەلەفۆنی کرد و گوتی گەڕاومەتەوە کوردستان، یەکێک لەو کوڕانەی بەیەکەوە بووین ته‌لەفۆنی کرد بۆ چاک و چۆنی، کەچی گوتی دەزانی فڵانە کوڕ 600 یۆرۆی کافتریا قەرزدارە و نەیداوەتەوە!
هەبوو تەلەفۆنی دەکرد و دەیگوت گەر نەگەڕێمەوە ئەو کچەی خۆشم دەوێت لەدەستم دەچێت. یه‌كێكی تر دەیگوت وام لێ هاتووە كه‌ لەوانەیە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبم.
کاتێک گەڕامەوە و ئەو قسانەم دەگێڕایەوە، خوشكێكم كه‌ رۆژنامه‌نووسە، پێی گوتم‌ گەر پێت باش بێت ئەوا هەموو ئەو بەسەرهاتە هه‌ر لە سەره‌تاوە تا ئێستا هەمووی وەکو خۆی بگێڕەوە، بۆ ئەوەی سوودی بۆ خەڵك هەبێت، چیتر خەڵک پێی وانەبێ لە ئەوروپا ژیانی مسۆگەر چاوەڕێیان دەکات.
منیش پێم باش بوو، بۆیە دەستم کرد بە نووسین، سوپاس بۆ هەفتەنامەی (باس) کە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی پێ دام. جیاوازییەکانی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کەوا بینیم لەودیو ئیبراهیم خەلیلەوە، ئەوە ساڵێک زیاترە دەنووسم، لەوانەیە ئەو چەند مانگەی من لە تەمەنی 25 ساڵیدا لەو وڵاتانە بینیبووم، خەڵکی ئەم پارچەیەی کوردستان هەیە ساڵی جارێک هەر بۆ کەیف و سەفا ئەوەندەی سەفەرەکەی من لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام کە دەیبینی و مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت هیچ هەست ناکەیت شتێکی باش لەو وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووانە فێر بووبێت، بەتایبەت دەوڵه‌مەند و بەرپرسەکان، یاخود وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئەو وڵاتە. لەوانەیە ئەو بینینەی چاوتروکانێک بووبێت لەچاو ئەوان، یاخود زۆر شت هەبوو من هەر نەشم بینیوە، ئەگەر زیاتر مابامەوە، بێ گومان شتی زیاترم دەبینی و زیاترم دەنووسی، من کە ئەو هەموو جیاوازییەم بینی هەستم بە شەرم دەکرد، کە کوردستانم بەراورد دەکرد لەگەڵ ئەو وڵاتانە، نازانم ئەوان چۆن ئاسوودە دەبن کە بە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە دەوڵەمه‌ند بوون، یاخود بە دەنگی ئەو خەڵکە هەژارە ئەو پلە و پایەیان وەرگرتووە، چۆن ئاسوودە دەبن و چۆن وەڵامی خودای خۆیان دەدەنەوە، لە کاتێکدا کە دەسەڵات وەردەگرن، بەڵێنی زۆر دەدەن و دواتر هیچ!
سیستەمی نەخۆشخانەکەیان و هێمنیی کارمەند و دکتۆرەکان و رێزگرتنەکانیان لە ناخەوە ئاسوودەی دەکردم. بەڵام هەمیشە وام بیر دەکردەوە، کەوا ژیان یەک جارە و دووبارە نابێتەوە، کەوایە بۆ لە دەرەوەی وڵاتی خۆم بژیم، رۆژێک هەر دێت دەگەڕێینەوە، ئەوە بیرکردنەوەی زۆر لە کوردەکان بوو، واتا کۆتایی هەموو ئەو چیرۆکانەی کۆتاییەکانیان هەر کوردستانە.
رەنگە هەزاران گەنجی وەکو من هەبێت بیەوێت ئەم وڵاتە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئامادە بێت بۆ ئەم مەبەستە بێ بەرامبەر کار بکات، بەڵام دەنگمان دەگاتە کوێ و دەتوانین چی بکەین، لە وڵاتێکدا کە گەندەڵی بە سیستەم جێبەجێ دەکرێت و خەڵکی تەنگەنەفەس کردووە.
من کە رۆیشتم بەناو فرمێسک و گریانی خوشکەکانمدا رۆیشتم، چونکە قەت بەم جۆرە لە ماڵ دوور نەکەوتبوومەوە، جگە لەوەی ئەوان زۆر لە مەترسییەکانی رێگای قاچاخ دەترسان، ئاخر لە خێزانەکەی من هەمیشە هەمووی دژی کاری نایاسایی و خۆلادان بووە لە کاری قاچاخ. لەگەڵ ئەوەی هەموویان هەوڵیان دا پەشیمانم بکەنەوە، بەڵام ئەوکات سوودی نەبوو. زۆرم خەم دا بە هەموویان، کەچی سەرکەوتووش نەبووم، بۆیە ویستم داوای لێبوردنیان لێ بکەم، چونکە تا من گەیشتم ئەوان هەموو سەعاتێک دەستیان لەسەر دڵیان بوو، بەتایبەت کە هەواڵی ناخۆشی مردن و خنکانی پەنابەران هەبوو، هەرچەندە بەڵێنی ئەوەیان لێ وەرگرتم کە بە هیچ جۆرێک بە رێگای ئاودا نەڕۆم.
کاتێک گەیشتمەوە ماڵەوە، هەموویان بە باوەش و قسەی خۆش پێشوازییان لێ كردم، هەوڵیان دەدا وا هەڵسوکەوت بکەن کە هیچ نەبووە و منیش بڕیارێکی دروستم داوە مادام خۆم قەناعەتم بە رۆیشتن و گەڕانەوە هەبوو.
بەڵام کاتێک خوشکە گەورەکەمم بینی، باوەشی لێ دام و دیسان گریا و گوتی، بایی فرمێسکەکانی من لەوێ نەمایتەوە!