كاریزمای خانمان

 

جوانی و كاریزما دوو چه‌مكی جودان، هه‌رچه‌نده‌ نزیكن له‌ یه‌كیشه‌وه‌، جوانی و كاریزما كار ده‌كەنە سه‌ر هه‌ستی مرۆڤ، ئاگایی و هۆشی مرۆڤ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ راده‌كێشن، به‌ڵام كاریگه‌ریی كه‌سایه‌تیی كاریزمایی درێژخایه‌ن و به‌رده‌وام، قووڵتریشه‌، له‌ كاتێكدا كارتێكردنی جوانی مه‌رج نییه‌ زۆر درێژخایه‌ن بێت.
جوانی ده‌كرێت كورت بێت، ساته‌وه‌ختێتك تێ نه‌په‌ڕێنێت و سه‌رپێی و رەوتەنی بێت.
مه‌رج نییه‌ هه‌موو جوانێك كاریزماتیك بێت، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێكی كاریزماتیك جۆره‌ جوانییەك و جۆره‌ خوێنشیرینییه‌كی خۆی هه‌یە، ده‌شكرێت كه‌سێكی كاریزماتیك بیت، بێ ئه‌وه‌ی پیاوێكی قۆز و باڵابه‌رز بیت و رووخسار جوان بیت، یان ئافره‌تێكی شۆخ و شه‌نگ بیت.
له‌نێو پیاوانی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌دا، ده‌كرێت (جۆن كێنێدی)ی سه‌رۆكی جارانی ئه‌مریكا به‌ نموونه‌ بهێنمه‌وه‌. كه‌ له‌ پرۆفیلی ئه‌ودا قۆزێتی و كاریزما له‌ یه‌ك كه‌سایه‌تیدا كۆ بووبوونه‌وه‌.
له‌ كاتێكدا چێرچل كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزماتیكی زۆر به‌هێز بوو، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت وه‌كو پیاوێكی قۆز، یان وه‌كو میری خه‌ونی ئافره‌تان ته‌ماشا بكرێت.
كه‌چی سه‌دام حوسه‌ین، سه‌ره‌ڕای كه‌سایه‌تیی دیكتاتۆریانه‌ و سته‌مكارانه‌ی، به‌ڵام له‌ راپرسییه‌كدا، زۆربه‌ی ئافره‌تانی عه‌ره‌ب پێیان وابوو، كه‌سایه‌تییه‌كی پیاوانه‌ و قۆزه‌. به‌پێی بۆچوونی نووسه‌رێك، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ناوه‌كه‌یم له‌بیر نه‌ماوه‌، ئه‌و ئافره‌تانه‌ هه‌واداری پیاوه‌تییه‌كه‌ی سه‌دام حسین بوون، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان وه‌كو پیاوێكی قۆز سه‌دامیان پێ په‌سه‌ند بوو، هاوكات ئاڵووده‌ی ئه‌وه‌ بوون پیاوی باشی چه‌وساندبووه‌وه‌ و زه‌بری كوشنده‌ی لێ وه‌شاندبوون. بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌ گرینگ بووه‌، كه‌ پیاوێك هه‌بێت پیاوان بچه‌وسێنێته‌وه‌
به‌ گوێره‌ی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌ بێت، سه‌دام حسێن دوو كاریزمای به‌هێزی له‌ لای ئافره‌تانی عه‌ره‌ب هه‌بووه‌: یه‌كه‌میان قوزێتی، دووه‌میان شێوازی سته‌مكاری خۆی به‌رانبه‌ر به‌ پیاوان، ئه‌گه‌رچی ئه‌م سته‌مكارییه‌ ئافره‌ت و منداڵیشی گرتبێته‌وه‌.
له‌نێو ئافره‌تانیشدا (شازاده‌ دایانا) نموونه‌ی ئافره‌تی كاریزماتیكی شۆخ و شه‌نگ و جوان بوو. جوانیی ئه‌فسوناویی شازاده‌ دایانا كاریزمای خۆی هه‌بوو، كاریزمایه‌ك تیكه‌ڵ بووبوو به‌ ساده‌یی و خاكه‌ڕایی، له‌گه‌ڵ خه‌نده‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان (ئیندیرا گاندی)، یه‌كێك بوو له‌و ئافره‌ته‌ سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كه‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر به‌هێز بوو، دووه‌م ئافره‌ت بوو كه‌ له‌ مێژووی جیهاندا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، ئیندیرا گاندی توانی رۆڵێكی گرینگ له‌ دروستكردنی پێوه‌ندیی نێوان هندستان و جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ببینێت.
شان به‌شانی گه‌لێك له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان، مانه‌ندی نیكیتا خرۆشێڤ-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، جه‌مال عه‌بدولناسڕی سەرۆکی میسر، مارشال تیتۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی چیكۆسلۆڤاكیا) كاریگه‌ریی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و وسه‌رفرازی تاك و مافی هه‌ژاران له‌ ره‌وتی سیاسیی جیهاندا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌ بلۆكی وڵاتانی بێلایه‌ندا.
بێگومان خاتوو گاندی یه‌كێك نه‌بوو له‌ ئافره‌ته‌ جوانه‌كانی جیهان، به‌ڵام خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزماتیك بوو، ئه‌و به‌ر له‌ مارگریت تاتچه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، نازناوی (ئافره‌ته‌ پۆڵایینه‌كه‌)ی لێ نرا.
پێم خۆشه‌ لێره‌دا یه‌كێك له‌ سه‌رگوزیشته‌ ته‌نزئامێزه‌كانی خرۆشێڤ و ئیندیرا باس بكه‌م: دیاره‌ له‌ سه‌رده‌می خرۆشێڤدا شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت گه‌یشتبووه‌ ترۆپك. هاووڵاتیانی سۆڤیه‌ت ڕێگه‌یان پێ نه‌ده‌درا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌فه‌ر بكه‌ن. پاش یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان خاتوو گاندی و خرۆشێڤ، گاندی به‌ خرۆشچڤ ده‌ڵێت: پێویسته‌ هه‌ندێ چاكسازی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ئازاد سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و مافی مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سیسته‌می حوكمڕانیی ئێوه‌ نه‌گرن“.. خرۆشێڤیش لێی ده‌پرسێت:
- باشه‌، چاكسازی وه‌كو چی؟
- بۆ نموونه‌ی ئازادیی سه‌فه‌ركردن، لێ گه‌ڕێن با خه‌ڵك به‌ ئاره‌زووی خۆیان سه‌فه‌ر بكه‌ن.

-خرۆشێڤ پاش بیركردنه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامدا پێی گوت:
ئه‌ی زیره‌ك ئێستا له‌ مه‌به‌ستت تێگه‌یشتم، ده‌ته‌وێت سنووره‌كان ئاوه‌ڵا بكه‌ین، تاكو هاووڵاتیان رووسیا به‌جێ بهێڵن، هه‌موو بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆم و خۆت لێره‌ به‌ ته‌نیا بمێنینه‌وه‌.

مێركل كاریزمای ئه‌م سه‌رده‌مه‌
ئه‌گه‌ر خاتوو گاندی پرۆفیلی خانمه‌ كاریزماتیكی شه‌سته‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات، مارگریت تاتچه‌ریش پرۆفیلی خانمه‌ كاریزماتیكی كۆتایی حه‌فتاكان و هه‌شته‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات، ده‌كرێت ئاماژه‌یه‌ك به‌ خانمه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یش بكه‌ین، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیاندا رۆڵی كاریگه‌ر و مرۆڤدۆستانه‌یان هه‌بووه‌.
كاریزمای ئافره‌تانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌گشتی ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی كاریزما سۆز و به‌زه‌یی و گه‌شه‌پێدان و مرۆڤدۆستییه‌وه‌. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشتی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازنه‌ی ئافره‌ت، ئه‌نگیلا مێركیل باشترین نموونه‌ی ئه‌م جۆره‌ كاریزمایه‌یه‌.
ئه‌نگیلا مێركێل، له‌ راپرسییه‌كدا ده‌رباره‌ی ئافره‌تانی كاریزماتیك، به‌ كاریزماترین كه‌سایه‌تیی ساڵی 20013 له‌ قه‌ڵه‌م درا، پاش ئه‌وه‌یش كاریزمای مێركل هێشتا له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌تایبه‌تی پاش هه‌ڵوێستی پڕ له‌ سۆز و مرۆڤانه‌ی له‌ یارمه‌تیدانی ئاواره‌ و كۆچبه‌راندا.
ئه‌مه‌یش له‌ ڕووی ئینسانییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرینگ هه‌ژمار ده‌كرێت، مێركێل توانی دید و روانگه‌یه‌كی مرۆڤانه‌تر بۆ ئه‌ڵمانیا وێنا بكات، كه‌ پێشتر، به‌هۆی نازیزمه‌وه‌، ناشیرین و دزێوی بووبوو.
هه‌ر له‌و ڕاپرسییه‌دا، خاتوو هیله‌ری كلیتنۆن له‌ پله‌ی دووه‌م دانرا، دیاره‌ كاریزمای كلینتۆن به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌رز بوو، كه‌ بتوانێت به‌ربه‌ره‌كانێێ دوو كاندیدی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا (ئۆباما و ترامپ)، به‌ڵام كاندیدی بێ ركابه‌ر و سه‌رسه‌ختیش بوو.
ناوێكی دیكه‌ له‌ خانمه‌ كاریزماتیكه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات، كه‌ له‌لای ئێمه‌ كه‌متر ناسراوه‌، دیلما ڕوسیفی سه‌رۆك كۆماری بەرازیله‌. خاتوو روسیف یه‌كه‌م سه‌ركۆماری ئافره‌ته‌ له‌و وڵاته‌، ئێستایش ئه‌و رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ گه‌شه‌ی ئابووریی بەرازیلدا هه‌یه‌.
به‌ڵام ئه‌ی چی ده‌رباره‌ی كایزمای میشێل ئۆباما بڵێین؟
میشێل ئۆباما خاوه‌ن كاریزمایه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ كاریگه‌ره‌، شایسته‌ی وتارێكی سه‌ربه‌خۆیه‌.