خۆشەویستی و ئازادی - 16

ئەگەر حەز گەشەی کرد بۆ خۆشەویستی، ئینسان بەرەو باڵایی هەڵدەکشێت

هەندێک جار هەستێکی وامان لە کن دروست دەبێت، هەر لەوە دەچێت تووشی داوی خۆشەویستی هاتبین، بەڵام هەر زوو بۆمان ساغ دەبێتەوە، ئەوە هەستی خۆشەویستی نییە، هەستی حەزکردنە لە سێکس. چ قەیدی با ئەو هەستە زادەی برسێتیمان بێت بۆ سێکس، ئاخر ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، ئەو هەستە بگۆڕێت بە خۆشەویستی، ئاخر ئەگەر حەز سەرکوت بکەین، ئەگەری سەرهەڵدانی خۆشەویستی وەک مەحاڵی لێ دێت. خۆشەویستی بریتی نییە لە تێرکردنی حەز، بەڵام بەدەریش نییە لێی. خۆشەویستی لە تێرکردنی حەز باڵاترە، بەڵام ئەگەر حەز ڕەچاو نەکەین، ئەستەمە گوڵی خۆشەویستی بگەشێتەوە.

 

دەتوانین حەز سەرکوت بکەین، بەڵام نەک هەر ناتوانین بیسڕینەوە، بەڵکوو بەهێزتری دەکەین، تاقە ڕێگە بۆ کەویکردنی حەز، خۆشەویستییە. کە حەز دەگۆڕێت بە خۆشەویستی، ژیانت جوانتر و لەشت هێندە سووک دەبێت، وا هەست دەکەیت باڵت لێ ڕواوە و توانای فڕینت پەیدا کردووە. ئەگەر حەز سەرکوت بکەیت، هەستێکی وات لا دروست دەبێت، وەک گابەردێک چۆکی لەسەر سینگت دادابێت. لێ گەڕێ با حەز ببێت بە خۆشەویستی، ئەگەرنا وەک ئەوە وایە، ئینکاری بوونی خۆت بکەیت. تا زیاتر وزەی سێکس سەرکوت بکەیت، بارت قورستر دەبێت و زیاتر بە قوڕدا دەچیت، ئەوەی ئایین بەڵێنی سێکسی سێژەمەی ئەو دونیا بە بڕواداران دەدات، پادداشتی ئەوەیە لەم دونیا خۆیان چەپاندووە.

 

ئەگەر حەز گەشەی کرد بۆ خۆشەویستی، ئینسان بەرەو باڵایی هەڵدەکشێت، بەڵام ئەگەر حەز سەرکوت کرا، ئینسان بەرەو نشێو ڕۆ دەچێت. سێکس وزەیەکە دەتوانین بیگۆڕین بە خۆشەویستی، وەک چۆن کاربۆن دەبێت بە ئەڵماس، بەڵام ئەوی نەزانێت دروست بە پیرییەوە بچێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئاژەڵدا نابێت. ئینسان بوونەوەرێکی جنسییە، وەک چۆن ئەوە هەڵەیە، ژیان بۆ سێکس تەرخان بکات، ئەوەیش هەر هەڵەیە سێکس سەرکوت بکات. سرووشت بڕیاری داوە، ئینسان لە ڕێی سێکسەوە بێتە دونیاوە، ئەوە زادەی ترس و گەوجایەتییە ئەگەر پێمان وابێت، (پاکیزە)یەک نەوەی خستووەتەوە. حەز جەستە پیس ناکات، بەڵام ئەگەر سەرکوتی بکەین، ڕۆح دەشێوێت. ئەوە پارادۆکسە، جەستەمان پاکژ ڕابگرین، بەڵام بیر لە پاکڕاگرتنی ڕۆحمان نەکەینەوە. ئینسان زادەی وزەی سێکسە و لە وزەی سێکس تژییە، سێکس سەرەتایە، نەک کۆتایی. سێکس وێستگەیەکە ئەگەر پێیدا ڕەت نەبین، ناتوانین بەجێ بهێڵین، تاقیکردنەوەیەکە ئەگەر بەشداریی تێدا نەکەین، تێیدا دەرناچین.

 

لە خۆشەویستیدا دڵسۆزی و ڕاستگۆیی زۆر گرنگن، ئەوە تا بڵێیت خراپە، کەسێکت خۆش نەوێت و خۆتی وا پیشان بدەیت، وەک خۆشت بوێت، ئەوە زۆر خراپە، هاوژینی کەسێک بیت و هیچ خۆشەویستیت بۆی نەبێت. ئەوە خراپەکارییە، لە ترسی کۆمەڵ ناپاکی لە خۆشەویستی بکەیت، ناپاکی ئەوەیە، هاوسەرینەکەت خۆش نەوێت و سەرجێی لەگەڵدا بکەیت. ئاوێزانبوون بەبێ خۆشەویستی، ئەتککردنە، ئاخر کەسێک خۆشی نەوێیت و سەرجێیی لەگەڵدا بکەیت، وەک ئەوە وایە ئەتکت کردبێت، با بەپێی گرێبەست ژن و مێردیش بن.

 

لە ڕۆژهەڵات هەر کەسە و بە درێژاییی تەمەنی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەژی، ئەوە شتێکی باشە، ئینسان هەموو ژیانی لەگەڵ کەسێک بەسەر ببات، بە مەرجێک ئەو کەسەی خۆش بوێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نزیکەی لە سەد، نەوەدونۆی هاوسەران، بەبێ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانیاندا مابێت، پێکەوە دەژین. ڕاستە هاوژینان پێوەندییان بە یەکەوە هەیە، بەڵام ئەو پێوەندییە، هیچ لەگەڵ خۆشەویستیدا کۆی ناکاتەوە. ئەگەر بلوێت هەموو تەمەن لەگەڵ کەسێکدا بژین و یەکمان خۆش بوێت، ئیدی هۆگری یەکدی دەبین، خۆشەویستیمان هەر قووڵ و قووڵتر دەبێت. ئەگەر زوو زوو هاوسەر بگۆڕین، وەک ئەوە وایە، درەختێک زوو زوو لە جێی خۆی هەڵبکێشین و لە جێیەکی دیکەی بنێژین، ئیدی فریای ئەوە ناکەوێت، قووڵ ڕەگ دابکوتێت.

 

هیچ لەوە باشتر نییە، خۆت بە بەرپرسیار بزانیت بەرانبەر بە تاکە کەسێک، بەڵام ئەگەر خۆشەویستی کۆتان نەکاتەوە، ئەو بەرپرسیارییە دروست نابێت، بۆیە ئەگەر زەوینەی خۆشەویستی لەبار نەبوو، ئەوە ئاسایییە درەختەکە بگوێزییەوە، ئەگەرنا وەک ئەوە وایە دژی ژیان بوەستییەوە. لە خۆرئاوا بۆیە خۆشەویستی مردووە، چونکە زوو زوو دۆست دەگۆڕن، لە خۆرهەڵات بۆیە خۆشەویستی مردووە، چونکە زەندەقیان لە گۆڕینی هاوژین چووە. خۆشەویستی نە ئەوەیە وەک بەجێگەیاندنی ئەرکی سەر شانی لێ هاتبێت، وەک لە خۆرهەڵات هەیە، نە ئەوەیشە، دژی بەرپرسیاری بوەستییەوە و هەر بیر لە ئازادیی خودی خۆت بکەیەوە، وەک لە خۆرئاوا هەیە.

 

چارەسەر ئەوەیە، نە سەر بە خۆرئاوا بیت، نە سەر بە خۆرهەڵات، سەر بە خۆشەویستی بیت. هەتا پێوەندیتان زادەی خۆشەویستی بێت، بەرانبەر بە یەک خۆتان بە بەرپرسیار دەزانن، کە خۆشەویستی لە گۆڕێ نەما، لە غەیری گۆڕین، چارەی دیکەتان نییە و گۆڕین لە دۆخی وادا، وەک کەسێکتان لێ ناکات، خووی بە گۆڕینەوە گرتبێت. گۆڕینی هاوژین مەکە بە خوو، خۆ هاوژین سەیارە نییە، زوو زوو بیگۆڕیت، ژن ژنە و پیاویش پیاوە، جیاوازی لە نێوان ژنێک و ژنێکی دیکەدا زۆر کەمە، پیاویش هەروەها، جیاوازییەکان دەرەکی و ڕووکەشن، بۆیە وابەستەی هاوژینەکەت بیت باشترە، بەڵام ئەگەر خۆشەویستی وشکی کرد، بەر لەوەی خووی پێوە بگریت، بە هێوری جێی بهێڵە. ئەگەر خۆشەویستی لە نێوانتاندا هەبوو، هەمیشە وەفادار بە بۆی، ئەگەر خۆشەویستی نەما، هەق نییە ئیدی توخنی بکەویت، چونکە ئیدی ئەگەر دەستی بۆ ببەیت، وەک ئەوە وایە، یاسای خۆشەویستیت پێشێل کردبێت، وەک ئەوە وایە، زەبروزەنگت بەرانبەری نواندبێت.

 

ئینسان وەک تاک لە دایک دەبێت و وەک تاکیش دەمرێت، لە نێوان ئەو دوو تاکایەتییەدا، بۆ فریودانی خۆمان، بۆ دەربازبوون لە بازنەی تاکایەتی، چەندان پێوەندی و کێشە دەخوڵقێنین، بەڵام هەر وەک تاک دەمێنینەوە و تاکایەتیی خۆمان لە دەست نادەین. تاکایەتی نابێت خەمناکمان بکات، هەقە هەوێنی خۆشیمان بێت. تەنیایی و تاکایەتی هاوواتا نیین، دوو دۆخی جیاوازن، تەنیایی وەک ئەوە وایە فەرامۆش کرابین، بەڵام تاکایەتی ئەوەیە خۆمان بەس بێت، پێویستمان بەوی دی نەبێت، خۆمان بیر بکەینەوە، خۆمان بڕیار بدەین و هەست بە بەختەوەرییش بکەین. تەنیایی وەک تاریکایی نەرێنییە، وەک ئەوە وایە کەسێکمان لە دەست دابێت و لەم دونیا بەرینەدا هەست بە بۆشایییەکی ترسناک بکەین، بەڵام تاکایەتی تەواو جیاوازە، ئەرێنییە، ئاخر کەسمان لێ بزر نەبووە، خۆمان دۆزیوەتەوە.

 

ئینسان کە خودی خۆی دۆزییەوە، وەک ئەوە وایە مانای ژیان، بەهای ژیان، خۆشی و مەزنیی ژیانی دۆزیبێتەوە. دۆزینەوەی خود، لە دۆزینەوەی کیشوەرێک گرنگترە، ئینسان تاکوو تاکایەتیی خۆی نەسەلمێنێت، توانای دۆزینەوەی خودی خۆی نابێت. بۆ دۆزینەوەی خود پێویستمان بەوە دەبێت، پێویستمان بە کەس نەبێت و سەرقاڵی هیچ شتێک نەبین. کە هۆشیاریت لەگەڵ خودی خۆتدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئیدی پەرجوو ڕوو دەدات و ڕێگەی خۆ دۆزینەوە لەبەردەمتدا تەخت دەبێت، ئیدی وەک بازنەیەک چۆن کۆسپ نایەتە ڕێی، تۆیش ئاوا بەرەو سەرچاوە، بەرەو بەیەکبوون، بەڕێ دەکەویت و دەبیت بە بەشێک لە هەموو گەردوون و دڵت لەسەر هەمان ڕیتمی دڵی گەردوون لێ دەدات.

 

سۆفییەکان هەمیشە وا باسی ئەزموونی بەیەکبوونیان کردووە، وەک هیچ ئەزموونێک هێندەی بەیەکبوون خۆشیبەخش نەبێت، ئاخر بەهۆی ئەو ئەزموونەوە سەراپای تێڕوانینت گۆڕانی بەسەردا دێت و ئیدی لە تاریکایییەوە دەگەیت بە ڕووناکی، لە کوێرەوەرییەوە دەگەیت بە بەختەوەری، ئیدی دونیای پڕ لە ڕق و تۆڵە و بەدگومانی بەجێ دەهێڵیت و ماڵی دونیا بە لاتەوە هیچی بایەخێکی نامینێت، ئیدی تەنیا گوڵێکی گەش دەبینیت، گوڵی جوانی خۆشەویستی، ئیدی هەموو ئەو وزەیەی بۆ شتی نێگەتیڤ بە خەسارت دەدا، بۆ خزمەتی شتی پۆزەتیڤ و بۆ داهێنان دەیخەیە گەڕ. دوای ئەزموونی بەیەکبوون لەگەڵ گەردووندا، ئیدی خودە دێرینەکەت لە دەست دەدەیت و دەبیت بە خاوەنی خودێکی نوێ کە خودی ڕاستەقینەی تۆیە، خودێکە نەمر، خودێکە سەر بە هەتاهەتایی.

 

تۆ بۆیە لە مردن دەترسایت، چونکە خودی خۆت نەناسیبوو، چونکە دەرکت بەوە نەکردبوو، تۆ سەر بە نەمرییت، تۆ بەشێکی لە هەمووان، چونکە نەتزانیبوو تۆ سەرچاوەی ژیانی ئەبەدییت. هەر کە زانیت بوونی تۆ سەر بە ئەبەدییەتە، ئیدی گاڵتەت بە مردن دێت و بە درۆی دەزانیت، ئاخر ئەوسا تێدەگەیت مردن نە هەبووە و نە دەبێت، چونکە ئەوی بوونی هەبێت، هەمیشە دەمێنێت، بەڵام بە شێوەی جیاواز و لەسەر ئاستی جیاواز، چونکە هیچ دابڕانێک لە بەردەوامیدا ڕوو نادات، چونکە تۆ ڕەگت لە ڕابردوودا دەبێت و لە داهاتوویشدا، چونکە ئێستای تۆ، خاڵی پێکگەیشتنی ئەوسا و ئایندەیە.

 

هەمیشە تەکەز لەسەر تاکایەتیی خۆت بکەوە، هەر بە ئاوەزت نا، بە هەموو بوونت، بە هەموو خانەیەکی جەستەت. بایەخدانت بە تاکایەتیی خۆت، با سنووری دەربڕینەکە ببەزێنێت و ببێت بە هەستێکی قووڵ. ئەوەت لە بیر بێت، گەورەترین هەڵە ئەوەیە، خودی خۆت فەرامۆش بکەیت. هیچ لەوە گرنگتر نییە، خودی خۆتت هەمیشە لە بیر بێت، تاکایەتیی خۆت لە بیر نەچێت و هەرگیز نەبیتە یەکێک لە مێگەل. تەنیا ئەو کەسە بە مامۆستای خۆت بزانە، کە هەوڵ دەدات، بە حەقیقەتی خۆتت بناسێنێت، تا حەقیقەتی خۆت نەناسیت، دەرەوەی بۆ دەگەڕێیت، هەرچەندە خوا لە ناخی خۆتدایە. خۆناسین ئەو هەلەت بۆ دەڕەخسێنێت، دەرک بەوە بکەیت کە تۆ بەشێکی لە بوون و لەوە گەورەتری کە مەرگ دەرۆستت بێت. تەنیا بەهۆی خۆناسینەوە، لە کوێرەوەری و نیگەرانی و ئەو مۆتەکەیە ڕزگارت دەبێت کە چۆکی لەسەر سینگت داداوە.

 

ڕامان ئەوەیە پارێزگاری لە تاکایەتیی خۆت بکەیت، قووڵ بەناو خودی خۆتدا ڕۆبچێت و لێ نەگەڕێیت، هەستێک یان بیرۆکەیەکی نامۆ، کانیاوی ڕوونی خودت، شلوێ بکات، ئەوسا تاکایەتییت بە لووتکە دەگات و تیشکێک کە لە ناخی خۆتەوە هەڵدەقوڵێت، بوونت ڕۆشن دەکاتەوە. خراپە ئەوەیە، خۆت فەرامۆش بکەیت، چاکە ئەوەیە، هەمیشە خۆت لەبیر بێت، ئەوسا پێویستت بە ئۆل نابێت، ئاخر کرۆکی ئایین ئەوەیە، تۆ خۆت بیت.

 

ڕاستییەکەی ئێمە لە بوون جودا نەبووینەتەوە، ئاخر هەموو بوون یەکەیەکی ئۆرگانیکە. ئێمەیش وەک گەڵای درەخت واین، وەک چۆن گەڵا لە گەڵاکانی دیکە جیایە، بەڵام سەر بە هەمان قەد و هەمان ڕەگە، بوونیش وەهایە، یەکێکە، بەڵام بە شێوەی جیاواز خۆی نمایش دەکات. ئەگەر خۆمان بناسین، دەزانین، کەس وەک دوورگەیەکی دوورەدەستی دابڕاو ناژی، هەموومان پێکەوە لە هەمان کیشوەردا دەژین، کیشوەرێکی بێ کۆتایی و بێ سنوور. ئەوە وەهمە ئەگەر خۆمان بە جیا بزانین، دەربازبوون لەو تاریکایییە، پێویستی بە هەندێک لە زیرەکی هەیە، پێویستی بەوەیە، خۆمان بناسین و تاکایەتیی خۆمان لەبیر نەچێتەوە. با تۆ پەنجا ساڵیش لەگەڵ هاوژینەکەتدا بەسەر ببەیت، بەڵام ئێوە یەکێک نیین، دووانن، ئەوە هەڵەیە ئەگەر پێت وابێت، چونکە سەر بە یەک خێزان، یەک کۆمەڵ، یەک نەتەوە، یەک ئایین و یەک کولتوورن، کەواتە یەکێکن.

 

تۆ نە تەنیایت، نە نامۆ، با لە زێدی خۆیشت دوور بیت، تۆ ئاوەزی زیرەک و بێداری بوونیت، تۆ ڕۆحی بوونیت، تۆ ڕوویەکی خوداوەندیت کە هەر لە ئینساندا نا، لە درەخت و مەل و گیانداری دیکەیشدا خۆی پیشان دەدات. مەل و مرۆڤ لە ڕووی هۆشیارییەوە جیاوازن، ئەگەرنا یەکێکن، ئاخر ئەوە تەنیا ئینسانە دەگاتە ترۆپکی گەشەسەندن و دەرک بەوە دەکات، ئەو خوداوەندی دونیای بۆ دەگەڕا، لەنێو دڵیدایە و ئیدی کێشەی ئایینی نامێنێت و پێویستی بەوە نابێت، ببێت بە هیندۆس، بوودایی، جوو، یان کریستیان، ئاخر خۆشەویستی هەر خۆشەویستییە، پێوەندیی بە ئایینەوە نییە، هۆشیارییش هەروەها. ئینسان کە بە هۆی خۆناسینەوە دڵی ڕۆشن دەبێتەوە، ئیدی ئەوە هیچ بایەخێکی نییە، پێستسپییە، یان پێستڕەش، پیرە یان گەنج، نێرە یان مێ. کوێرەوەری ئەوەیە دونیا تەی بکەیت و نەزانێت بۆ چی دەگەڕێیت، کەسی زیرەک بۆ دۆزینەوەی خودی خۆی، ناخی خۆی دەگەڕێت.

 

دونیا پێویستی بە شۆڕشێکی مەزن هەیە، شۆڕشێکی وا کە هەر تاکێک دینی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئایینێک کە لەنێو خودی خۆیدا بێت، ئاخر گەورەترین مەترسی کاتێک دێتە ئاراوە کە ئایین ڕۆڵی ڕێکخەری خەڵک دەبینێت و وەک ڕێکخستنێکی سیاسیی لێ دێت. تەواو وەک حیزب، خەمی گەورەی ئایینیش ئەوەیە، زۆرترین کەسی لە دەور کۆ ببێتەوە، دینێک نییە، خەڵک هان بدات، بەدوای خودی خۆیاندا بگەڕێن. خۆت لە ڕێکخستن بەدوور بگرە، ئاخر حەقیقەت حەوجەی بە حیزب نییە. بە تەنیا بچۆ بۆ حەج، کەس لەگەڵ خۆت مەبە، حەجی تۆ با بۆ ناخی خۆت بێت. چی لە خەڵکەوە فێربوویت، فڕێی بدە، ئاخر حوکمدانی پێشوەخت، تێڕوانینت دەشێوێنێت و لێ ناگەڕێت حەقیقەت وەک خۆی ببینیت و خۆت خوای خۆت ببینییەوە.

 

حەقیقەتی تۆ خوایە، خوایەکی بێ ڕتووش و جوانکاری، خوایەک بە هەمان چاو کەسەکان دەبینیت، بێ ئەوەی گوێ بداتە، ڕەنگی پێست، زمان، ڕەگەز، نەتەوە یان وەڵات. خوایەک کە زۆر نزیکە لێتەوە، بە هەنگاوێک بەرەو ناخی خۆت دەیگەیتێ. ئەوە ڕاست نەبوو کە دەیانگوت سەفەری بەرەو لای خوا، دوور و درێژە، نا، خوا لە هەناسەماندایە، لە لێدانی دڵماندایە، لە خوێن و لە ئێسکماندایە، تەنیا ئەوەی دەوێت، چاو بنووقێنین و بە هەنگاوێک بچینە ناو ناخی خۆمانەوە. خۆت لە فیکری دێرین و دابونەریت قوتار بکە، چاودێر بە، بەسەر بۆچوونەکانەوە، هیچیان ڕەچاو مەکە و پاساو بۆ هیچیان مەهێنەوە، هەر کە ئاوەزت بیدەنگ بوو، ئەوە هەنگاوی یەکەمە بەرەو پەرستگەی خوا، پەرستگەیەک لە هۆشیاریی خۆت چێ کراوە، ناتوانیت لەگەڵ کەسوکارتدا بۆی بچێت، پێویستە هەموو کەس بە تاقی تەنیا بۆی بچێت.

 


(1) أوشو، الحب و الحریه‌ و الفردانیه‌، ترجمه‌: متیم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیه‌.
(2) أوشو، ألإنسان الجدید، ترجمه‌: متیم الچایع، دار الحوار 2014 اللاژقیه‌.
(3) أوشو، گریق الحب، ترجمه‌: متیم الچایع، دار الحوار 2015 اللاژقیه‌.
(4) أوشو، کتاب الحکمه‌، ترجمه‌: متیم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیه‌
(5) أوشو، الشجاعه‌، نقلە إلی العربیه‌: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد 2014 دمشق.
(6) أوشو، رٶیه‌ التانترا سر التجربه‌ الداخلیه‌، نقلە إلی العربیه‌: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد 2014 دمشق.
(7) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعی، نقلە إلی العربیه‌: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد 2011 دمشق.
(8) أوشو، حتی تموت، نقلە إلی العربیه‌: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد 2014 دمشق.