هەڵوێستی سیاسی لەنێوان بۆسۆی سووتان و عارەقەی شەرمدا!

 

پەندێک هەیە دەڵێ: "ئەوانەی شەرمیان کرد، مردن". ڕەنگە ئەم پەندە بۆ کەسانێک کە تەنیا خەیاڵیان بەلای ئەو قسەیەوە دەچێ کە دەڵێ: "ئەگەر شەرم نەکەیت، هەرچییەکت دەوێ بیکە"، جێی سەرسوڕمان بێت.

بەهەرحاڵ، سەرچاوەی ئەو پەندە بەسەرهاتێکی خۆشە. دەڵێن کاتی خۆی لە دیمەشق ئاگر لە گەرماوێکی پیاوان بەردەبێت، هەرچی جلوبەرگ و پۆشاکی ئەوانەی خەریکی خۆشووشتن بوون، سووتان. ئەو سەردەمەش کۆمەڵگای سووری، کۆمەڵگایەکی پارێزگار و داخراو بووە، بۆیە لە کاتێکدا ئاگرەکە لەژوورەوە نێڵە و کڵپەی دەکرد و بەرز دەبووەوە، لەدەرەوەش خەڵکێکی زۆر خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەبن، زۆر لەوانەی ژوورەوە، لەبەردەم دوو بژارەدا بوون، یان دەبووا پەردەی شەرم بشکێنن و بەڕووتی لە گەرماوەکە دەربچن و بێنە ناو خەڵکەکە، یاخود دەبوو لە شەرمان بمێننەوە، تا دەمرن. ئیتر بەهۆی ئەو شەرمەوە، بەشێکی کەمیان ڕزگاریان بوو و زۆربەیان لە شەرمان لەژوورەوە سووتان و مردن، یان خنکان و گیانیان لەدەست دا.

بە بەراوردکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئەوکاتی سووتانی حەمامەکە و دەرەنجامەکانی، لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی سیاسیی کوردستان و دەرهاوێشتەکانی، هەڵوێستی هەندێ حزب لەناو دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و ململانێی لایەنەکان، بەتایبەتی لەو ناکۆکییانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی باشووری کوردستاندا بەردەوامن(هەنووکەش لە پەیوەست بە شەڕفرۆشییەکانی پەکەکە و پاشکۆکانی بە هەرێمی کوردستان، کەم و زۆر هەست بەم دڕدۆنگییەیان دەکرێ!)، ڕێک وەک ئەوانەی ناو حەمامەکەیان لێ هاتووە.

ئەو حزبانە وەک حزبی ئاشقە پۆست و ئیمتیاز، کە بە لۆژیکی(گۆشتەکە ناخۆم حەرامە و گۆشتاوەکەی دەخۆم بەتامە!) هەڵوێست دەنوێنن. بەدرێژایی ئەو ماوەیەی ململانێیەکانی کوردستان، سەرکردەکانیان کوچک لە ئاگر گەرمتر، بە بۆنە و بەبێ بۆنە خۆیان گیڤ دەکردەوە، کەچی هەنووکە، کە ئاراستەی ڕووداوەکان گۆڕاوە، چاوەڕوانییەکان بە ئاقارێکی دیکەدا چوون، هاوکێشەکە سەراوژێر و سیحرەکە بەسەر خاوەنەکانیدا قڵپ بووەتەوە، جگە لەوەی گەرمییە ناسروشتییەکەیان، سارد بووەتەوە، چەقۆ تیژەکەی لێدوانەکانیشیان، کوڵتر بووە.

لەوەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم حزبە دڕدۆنگ و سیاسییە مشەخۆرانە، بەردەوام بۆ ئەوە دێنە ناو ئەو جۆرە گەمانەوە، تا دواجار کە هەریسەکە لە ئاستی باڵادا بەش دەکرێ، ئەوان بەشی خۆیان ببەن. ئەوە بۆیەش لە کۆتایی شکستی هەموو سیناریۆکاندا، یەکەم کەسن کە پەنا بۆ لێدانەوەی قەوانی بەستنی کۆبوونەوەی لووتکە دەبەن و هەمیشە تامەزرۆی دیداری لووتکەن، بۆ ئەوەی لەمیانی مەرایی و خۆڕەپێشکردندا، شتێک بچننەوە!

لەم گۆشەنیگایەوە، ئەگەر بەوردی سەرنجی زمانی قسەکردن و لێدوانی سەرکردەکانیان بدەین، هەست دەکرێ بە لۆژیکی(نە شیش بسووتێ و نە کەباب!) و(زیان لە نیوە بگەڕێتەوە، قازانجە!)، لەنێوان دوو بژارەی، ئاشتکردنەوەی دڵی ئەم و نەڕەنجاندنی دڵی ئەوی دیکە.. لەنێوان دەستگرتن بە ئیمتیاز و پۆستەکانی حکوومەت و هاوخەمی و نازهەڵگرتنی یادەوەریی ئۆپۆزسیۆن.. بەردەوامی لە بردنی بەشە گەندەڵیی وڵات و خۆ پاککردنەوە لە گوناهی فریودان و گەوجاندنی شەقام، تێی کەوتوون.

بەو مانایەی، ئێستا هەندێک لەو حزب و سیاسییانە تێ ماون و نازانن چی بکەن، ئەگەر لەگەڵ ئەمیان دەسازێن، خەڵکی خۆیان نائومێد دەکەن و لە ئاست ئەوانەی فریویان دان، شەرم دایان دەگرێ. ئەگەریش لەگەڵ ئەوی دی دەمێننەوە و بەردەوام دەبن، دەستیان لە هەنبانەی ئیمتیاز بەر دەبێ و بە تاسەی لووتکەوە، لە بناراندا دەستی پەشیمانی دەگەزن!

بە کورتی و بە کوردی، بەو حاڵەیانەوە، ئەگەر لە حەمامە گڕ گرتووەکەدا دەمێننەوە، دوور نییە لەناو ئاگر و دوکەڵی ململانێیەکەدا، بخنکێن، یان بسووتێن. ئەگەریش خۆیان کۆ دەکەنەوە و لە حەمامەکە ڕادەکەن و بەڕووتی بەڵێن و دەستی بەتاڵی موژدەوە دێنە دەر، عارەقەی شەرم تەڕیان دەکات و ڕەنگیان لە تەریقبوونەوەدا سوور هەڵدەگەڕێ!    

بە شێوەیەکی گشتی، ئێستا هاوکێشەکە بە جۆرێکە، ئەوانەی لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، بەرمەبنای خاوەندارێتیی کردن لە حەقیقەتی ڕەها و بە لۆژیکی(گۆبڵز)، شەرمیان نەکرد و هەموو شتێکیان کرد، بۆ ئەوەی بەرامبەرە جیاوازەکەیان ببەنە ژێر باری پێشمەرجەکانیان. تازە بە تازە و لە کاتی نزیکبوونەوە لە فیکەی کۆتایی یارییەکەدا، خەریکە شەرمیان بیر دەکەوێتەوە و هەستی ئەوەی، لەناو دوکەڵەکە بخنکێن ئەهوەنترە، یان لەناو گەرمای تەریقبوونەوەدا عارەق بکەن ئاسانترە، دەستوپێی بەستوون و لەگەڵ خۆیشیاندا دۆخەکەیان بە هەڵپەسێردراوی و خەڵکیان لە چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی ژیاندا جێهێشتووە!