دیوەکەی تری هاوکێشەکە!

 

هیچ بیانووێک، دنەدان و هاندان بۆ شەڕی ناوخۆ و کوردکوژی پاساو ناداتەوە، هەر هەوڵ و هەڵوێستێکی لەم چەشنەش، کارێکی ناچیزە و قێزەونە، بەڵام لەوە قێزەونتر، نەبینینی دیوی دووەم و دیزەبەدەرخۆنەکردنی ڕەهەندەکانی تری هاوکێشەی ململانێکەیە.


ئەوەی پێویستە لە ڕووداوەکەی(سنوونێ و خانەسۆر) بخوێندرێتەوە و بکرێتە پەند بۆ ئەوەی رەوایی بە شەڕی کورد - کورد نەدرێ، بینینی کۆی لایەنەکانی هاوکێشەکەیە، نەک خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و بەلاڕێدا بردنی، وەک ئەوەی هەندێک رۆشنبیر و میدیای کوردی لە باشووری کوردستان دەیکەن.


ڕووداوەکەی(سنوونێ و خانەسۆر) دەرهاویشتە و سەرەتای پرۆسە و ئەجێندایەکی دیکەی مەترسیدارترە، کە دەیەوێ ئامانجێکی ناقۆڵا بپێکێ، ئەویش لاوازکردنی ئیرادەی سیاسیی کوردستانی باشوور و بەتایبەتتر، ئیرادەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.


هەڕەشە و گوڕەشە ناو بەناوەکانی قەندیل، لێدانی سەنگەر و قەرەقۆڵ لە مەخموور و چیای قەرەچووغ، مڵۆزمییەکانی دووزخورماتوو و هەوڵە پاوانخوازییەکانی شنگال، هەموو ئەوانە بیانوو و گڕوو گرتنی پەکەکەن بە حکوومەتی هەرێم، یان کارتی فشاری ناڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکەن، بۆ ئەوەی کوردستانی باشوور ملی بداتە بەر پێشمەرجە نەخوازراوەکانی ئەجێندایەکی هەرێمایەتی.


نەبینینی، یان ڕاستتر شاردنەوەی ئەو ڕەهەندەی هاوکێشەکە، بەرنامەیەکی سیستەماتیکی پێشتر داڕێژراو و کار لەسەر کراوە. بەرنامە و ئەجێندایەک بە تەنیا پەکەکە و کلکەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئامرازی پیادەکردنی نین، بەڵکوو لەگەڵیاندا، حزبی دیار و وردە هێز و پێکهاتەی دیکەی ناو باشووری کوردستان و تەنانەت ماکینەیەکی بەگوڕی هەندێ لایەنی عەرەبیی عێراق و دەوروبەریشی لەپشتە.


بە سەرنجدانی ورد لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە، تێدەگەین کە هەموو ئەو هاوار و فیغانەی ڕۆژی ڕووداوەکەی(سنوونێ و خانەسۆر) لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێنتەرنێت و قیژە و ڕۆڕۆی هەندێ نووسەر و ڕۆشنبیر و ناڕاستەوخۆش لە میدیای هەندێ حزبی باشوور کرا، بەوەی داد و بێدادیانە لە مەترسیی ڕوودانەوەی شەڕی کورد و کورد. جگە لەوەی لایەنێکی ئەو شین و واوەیلایە جۆرێک بوو لە بێئاگایی و خۆفریودان و کاڵفامیی خاوەنەکانی. وەکوتر، لایەنی هەرە گرنگی بریتییە لەوەی کە ئەو شین و شەپۆڕ و فرمێسکە تیمساحییانە دەمامکی شاردنەوەی سیناریۆیەکی ئامادەکراو بوون بۆ تێوەگلاندن و تاوانبارکردنی هێزیکی سیاسیی باشووری کوردستان.


بە مانایەکی دیکە، ئەوە لە ڕوانگەی پەرۆشیی هەموو ئەو فەیسبووکچی و نووسەر و ڕۆشنبیرە ئایدیۆلۆژی و میدیا قوڕمیشکراوانە نەبوو بۆ ڕژانی خوێنی کوردان بە دەستی کورد خۆی، بەڵکوو بۆ لێدانی هێزیک(پارتی) و ڕەوایەتیدان بوو بە هێزیکی دیکە (پەکەکە). هێزێک (پەکەکە) کە لەگەڵیاندا لە یەک بازنەی بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسیی هەرێمایەتیدا دەخولێتەوە!


بەریەککەوتنەکەی نێوان پێشمەرگەکانی ڕۆژ و چەکدارانی پەبەشە(کە باڵێکی سەربازیی دیکەی پەکەکەن لە ناوچەکە و لە لایەن حەشدی شەعبییەوە کۆمەکی دارایی و لۆجیستی دەکرێن)، بە هیچ پێوەرێک ناچێتە ژێر باری پێناسە و تەفسیری شەڕی ناوخۆ و کوردکوژی، بەڵکو دەرهاویشتەی ئەو ململانێ ناوخۆیی و هەرێمایەتییەیە کە لە عێراق و ناوچەکەدا دەگوزەرێ. واتە ئەوە شەڕی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەی تای تەرازووی هێز و سەنگەربەندی و بەرەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەکانە، کە بەداخەوە باشووری کوردستانیش ناچار بەو گەمە مەترسیدارە کراوە.


پەکەکە دوای بەکوشتدان و بەفیڕۆدانی خوێنی سەدان لاوی کورد لە شەڕی (منبج) و دواتریش ڕادەستکردنەوەی شارەکە بە ڕژێمی سووریا و سوپا و دەزگا ئەمنییە سەرکوتکارەکەی، وەک چۆن لە هەندێ ناوچەی دیکەی عەرەبستانی سووریا خرانە تەڵەکەوە. هەروەها هەڵپەی شەڕڤانەکانی بۆ شەڕی(ڕەققە) کە دووبارە و پاش بەکوشتدانی گەنجانی کورد، بە دەستی بەتاڵ دەکشێتەوە ناوچە کوردییەکان، دەبێ ئەو پاشەکشێ پێکردنانەیش، بەشی ئەوە ئەو حزبە وەهۆش خۆی بهێننەوە کە چۆن لە (منبج) کشایەوە، ئاواش لە (شنگال و مەخموور و دوورخورماتوو) و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی باشوور بکشێتەوە.


ڕووداو و پێشهاتە مەترسیدارەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەمان پێ دەڵین، ئەگەر پەکەکە ڕاست دەکات، ئەوا شەڕی گرنگ و چارەنووسسازی ئەو لە شاری (الباب) و ئەو ناوچانەیە کە بە هۆیانەوە شادەماری نێوان شار و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بڕیوە، نەک ئەوەی بێت و لە باشوور، شەڕی لابەلا بکات.


لە کاتێکدا پەکەکە ئەو مافە بە خۆی دەدات، جارێک لە ڕێگای کلکەکانییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێگا لە گەڕانەوەی هاووڵاتییان و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ بگرێ کە ڕۆڵەی ئەو ناوچەیەن، جارێکی دیکەش بەهۆی پاشکۆکانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرسنگی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دیموکرات دەگرێ، ڕۆژانەش لە قەندیل شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێ، سەیرە دەیەوێ ڕەوایەتیی ئەوەش بە خۆی بدات کە (مەخموور و شنگال و گەرمیان) بکاتە قەندیلی دووەم و سێیەم و چوارەم. لەوەش سەیرتر، ئەو حزب و لایەنە سیاسی و نێوەندە ڕۆشنبیری و میدیاییانەی باشووری کوردستانن کە بە دەهۆڵی پەکەکە کەوتوونەتە هەلەکەسەما. سەیریی ئەوانەی لای خۆمان لە دووفاقیی گوتاریاندایە، چونکە لە ئاستی ئەو کەڵەگاییەی پەکەکە نەک هەر متەقیان لێوە نایە، بەڵکوو لەبەر کینەی سیاسی و ناکۆکیی حزبی، سەپۆرتی مانەوەیشی دەکەن، کەچی لە ئاست پڕۆژەی دەوڵەتی یاسا و ئەجێندای مالیکی بۆ دەرکردنی هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەمیان بووەتە تەڵەی تەقیو!