چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

له‌نێوان پارتى و گۆڕاندا یه‌كێتى به‌ره‌و كوێمان ده‌بات!

مه‌وداكان

وه‌كو كادیرێكى دێرینى یه‌كێتى یه‌كێتىی نیشتمانیی کوردستان، كه‌ زیاتر له‌ 40 ساڵه له‌ ته‌مه‌نى گه‌نجیه‌تیى خۆم به‌خشیوه‌ به‌ حزبەکەم، هه‌ر له‌ خه‌باتى نهێنیى ڕێكخستنه‌ دێرینه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان زیاتر له‌ 10 ساڵ و چه‌ندین ساڵیش پێشمه‌رگایه‌تى و له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا، بۆم هه‌یه‌ و مافى خۆمه‌ قسه‌ و ڕه‌خنه‌شم له‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌ نه‌خوازراوه‌كانى یه‌كێتى هه‌بێ، وه‌ك چۆن جارانیش هه‌میشه‌ وتارى ڕه‌خنه‌ییم له‌ ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)دا بڵاو ده‌كرده‌وه‌. بارودۆخى سیاسیى یه‌كێتى ڕۆژ به‌ڕۆژ و لاوازى و هه‌ڵه‌ و لێدوانى ناشایسته‌ى هه‌ندێ له‌ به‌رپرسه‌كانى، نه‌ك هه‌ر من نیگه‌ران ده‌كات، به‌ڵكو بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یشى بێزار كردووه‌ و ده‌یكات. ڕاسته‌ له‌ ڕووى هێزى چه‌كدارى و ئه‌منیىەوە به‌هێزه‌، به‌ڵام له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ گوتارێكى سیاسیى ناهه‌موارى هه‌یه‌ و سیاسه‌تێكى دوولایه‌نه‌ى خه‌ته‌رناك ده‌كات، پێیه‌كى لاى گۆڕانه‌ و پێیه‌كەى ترى لاى پارتییه‌. ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتییه‌ هاوپه‌یمانیه‌تیی ستراتیژییه‌، كه‌ به‌ چه‌مكه‌ سیاسییه‌ باوه‌كان چه‌مكى هاوپه‌یمانیه‌تى له‌گه‌ڵ پارتى به‌هێزتره‌... له‌ ڕێككه‌وتنێكى لاوه‌كى و له‌رزۆك له‌گه‌ڵ گۆڕان، چونكه‌ ڕێككه‌وتن هه‌ر كاتێك بارودۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى لایه‌نێك نه‌بوو و بۆى نه‌ڕه‌خسا به‌رده‌وام بێت، هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وە. ئه‌وه‌تا سه‌ركردایه‌تیى هاوبه‌شى گۆڕان و یه‌كێتى به‌ كرده‌یی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه،‌ به‌تایبه‌تى دواى دروستبوونى ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى و كشانه‌وه‌ى د. به‌رهه‌م و حاكم قادر و شاڵاو كۆسره‌ت عه‌لى.. ئیتر سه‌ركردایه‌تیى هاوبه‌ش په‌كخرا و ده‌توانم بڵێم هه‌ر نه‌ما، كه‌چى له‌و ڕۆژانه‌دا به‌رپرسێكى یه‌كێتى ده‌ڵێت: ”نابێ ڕێككه‌وتنى گۆڕان و یه‌كێتى هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و یه‌كێتى واز له‌ گۆڕان بهێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ئاماده‌بوونى (مام جه‌لال) ئیمزا كراو“.. له‌ كاتێكدا جه‌نابى مام جه‌لال ئیمزاى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نه‌كرد و یه‌ك وشه‌ش قسه‌ى نه‌كردووه‌ و كاك كۆسره‌تیش كه‌ ئیمزاى كرد دواى دروستبوونى ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى، ئۆتۆماتیكى ئیمزاكه‌شى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانیه‌تى له‌گه‌ڵ پارتى، مام جه‌لال خۆى ئیمزاى كردووه‌ و گه‌رماوگه‌رم له‌ ساڵى (2007) ڕای گه‌یاند كه‌ له‌ هه‌موو ژیانى سیاسیمدا توانیم گه‌وره‌ترین به‌خششى سیاسیى خۆم له‌گه‌ڵ پارتى له‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌دا بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕان مام جه‌لال به‌هۆى نه‌خۆشییه‌كه‌ى ئاگاى له‌ وردەکارییەکەی نییە و نه‌بووه‌، دڵنیشام مام جه‌لال نه‌خۆش نه‌بوایه‌ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ڕازى نه‌ده‌بوو. له‌ هه‌مووى سه‌یرتر له‌و ڕۆژانه‌دا كاك مه‌لا به‌ختیار گوتى: دواى كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى ئینجا سه‌ردانى گۆڕان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر لێیان تێ بگه‌ین. ئه‌دى دیاره‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى لێكتێگه‌یشتنى تیا نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ژێر كاریگه‌ریى چه‌ند كه‌سێك له‌ سه‌ركردایه‌تیى هه‌ردوولا و دواى چه‌ند پێشنیازێك ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ كراوه‌، به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌كى له‌یه‌ك گه‌یشتن و نامه‌سئولانه‌ كراوە. پاشان یه‌كێتى و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى چه‌ند زوو ئه‌وه‌یان له‌بیر چوو كه‌ ڕێكخه‌رى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان گه‌وره‌ترین گورزى سیاسیى له‌ یه‌كێتی دا و ئینشقاقى كرد و بووه‌ دوو كه‌رت، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانیش هه‌ڵمه‌تى میدیایی گۆڕان چى نه‌ما به‌ یه‌كێتیى نه‌كات و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ و شه‌ڕه‌ شه‌قه‌ى له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رى یه‌كێتیدا له‌ سلێمانى كردى، كه‌ من خۆم ئه‌و كاته‌ له‌ ساڵى (2004) له‌ گه‌رمه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ شارى سلێمانى بووم. ناشزانم دواى ئه‌و هه‌موو كه‌تنانه‌ى گۆڕان به‌ یه‌كێتیى كرد و زۆر بێ شه‌رمانه‌ و بێ منه‌تانه‌ هه‌ر هه‌موو پۆسته‌كانى یه‌كێتى به‌ وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌رگرت، ئێستاش ده‌یه‌وێ بێته‌وه‌ باوه‌شى یه‌كێتى، دواى ئه‌و كوده‌تا ناڕه‌وایه‌ى له‌ دژى یه‌كێتیدا كردى، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان به‌هۆى خراپ ئیداره‌دانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ویستیان كوده‌تایه‌كى سپیش دژى پارتى بكه‌ن. (یوسف محه‌مه‌د) له‌ژێر قوببه‌ى په‌رله‌مان ڕای گه‌یاند پێوستیمان به‌ سێ ده‌نگ ماوه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم لابه‌رین و هه‌رزه‌كارانه‌ ڕای گه‌یاند خۆم بۆ (2) مانگ ده‌بم به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر و كاردانه‌وه‌ى پارتى زۆر له‌وه‌ توندتر بوو كه‌ گۆڕان لێى تێگه‌یشتبوو، ئه‌و كاردانه‌وه‌ى پارتى كه‌ نه‌یهێشت سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ پۆسته‌كه‌ى، به‌ كاردانه‌وه‌یه‌كى ڕه‌واى ده‌زانم، ئه‌گه‌رچى په‌رله‌مانى په‌كخست، به‌ڵام كاروبارى حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌رچى كه‌موكوڕیى زۆره‌ له‌ ڕووى كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ و دواخستنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌تایبه‌تى مووچه‌ى خانه‌نشینان و كه‌مئه‌ندامان كه‌ به‌ دوو مانگ جارێك نیو مووچه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، كه‌ غه‌درێكى گه‌وره‌یه‌ له‌و توێژه‌ ماندووه‌ ده‌كرێ، به‌ڵام كه‌م و زۆر حكوومه‌ت له‌ كار نه‌كه‌وتووه‌ و كاروبارى خۆى ڕاده‌په‌ڕێنێ.
جارێكىتر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ جیاوازیى نێوان ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانیه‌تى ئاسمان و ڕێسمانه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌تا (هاوپه‌یمانیه‌تیى ناتۆى نێوده‌وڵه‌تى) كه‌ زیاتر له‌ 60) ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى دروستبوونى هه‌ندێ گیروگرفتى لاوه‌كى، كه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر دروست نه‌كردووه‌.
ئێستاش به‌ ڕاى من و وابزانم ڕاى گشتیى یه‌كێتى و خه‌ڵكى كوردستانیش له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یە بۆ هاوپه‌یمانییه‌ته‌كه‌ى جاران، یانیش هاوپه‌یمانیه‌تیى نوێى نێوان یه‌كێتى و پارتى هاوڕان. ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌كى باشیشه‌ كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوولا ده‌ستى پێ كردووەته‌وه،‌ جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندیى كه‌سایه‌تییه‌كان به‌ دیتن و ته‌له‌فۆن زۆر لێك نزیك بوونه‌ته‌وه‌. به‌رپرسانى هه‌ردوولا دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌بێ یه‌كێتى و پارتى به‌ڕێوه‌ ناچێ، ته‌نیا چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ زیندوو بكرێته‌وه‌ و بارودۆخێكى سیاسیى باشتر و بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریى هه‌ردوولا و خه‌ڵكیش هه‌ناسه‌یه‌ك هەڵکێشن و بارى ئابوورى چاك بكرێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ش ده‌یڵێم هه‌ندێ له‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌یان پێ ناخۆشه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ پێشه‌كى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌واندایه‌.
جارێكى تریش ده‌یڵێم به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ئه‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ خه‌ته‌رناكه‌ بكات، كه‌ پێیه‌كى له‌ناو گۆڕان و پێیه‌كى له‌ناو پارتیدایه‌، زه‌ره‌رمه‌ندى گه‌وره‌ خۆى و بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى و خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێت. بۆیە ده‌بێ یه‌كێتى واز له‌و سیاسه‌ته‌ دوو سه‌ره‌یه‌ بهێنێت و له‌گه‌ڵ پارتى جارێكى تر بچێته‌وه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كى به‌هێز، ئه‌وه‌ش ئاواتى هه‌موو لایه‌كمانه‌.
هیوادارین هه‌ردوولا ئاواته‌كانمان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و دوا جاریش سه‌ركه‌وتنى ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌یی و ئابوورییه‌ بۆ پارتى و یه‌كێتى و سه‌رفرازییه‌كى گه‌وره‌ش بۆ مێژووى سیاسیى خۆیان بۆ کوردستانیش تۆمار ده‌كه‌ن.