چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

چۆن له‌ به‌غدا دۆراندمان!

 

شوێنه‌كه‌ هۆڵى په‌رله‌مانى عێراق بوو له‌ به‌ غدا ساڵى 2014 ، حه‌یده‌ر عه‌بادى، كه‌ تازه‌ ده‌ستنیشان كرابوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، له‌سه‌ر شانۆكه‌ خۆى ئاماده‌ كردبوو بۆ خوێندنه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌ته‌كه‌ى و راگه‌یاندنى ناوى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى بۆ په‌سه‌ندكردن، كورد هێشتا بڕیارى نه‌دابوو چۆن مامەڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حكوومه‌ته‌ تازه‌یه‌دا بكات و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌ چاوه‌ڕێى بڕیارى سه‌ركردایه‌تى بوون. حه‌یده‌ر عه‌بادى، له‌سه‌ر پلاتفۆرمه‌كه‌ رای گه‌یاند كورده‌كان داواى نیو سەعاتیان كردووه‌ راگه‌یاندنى كابینه‌ دوابخرێت تا وەڵامێك وه‌رده‌گرن. له‌ ناوه‌ڕاستى ریزى پێشه‌وه‌ى ئاماده‌بووان، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق نوورى مالیكى و له‌ته‌نیشتییه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار فواد مه‌عسوم دانیشتبوون، مالیكى به‌ ده‌ست ئیشاره‌تى دا بۆ عه‌بادى و به‌ ده‌نگێكى به‌رز گوتى چاوه‌ڕێ مه‌كه‌، ده‌ست بكه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌. سه‌رۆك كۆماره‌ كورده‌كه‌ وه‌كو ته‌ماشاكه‌ر نققه‌ى لێوه‌ نه‌هات! ئیتر دیمان چۆن ئه‌ندام په‌رله‌مانانى كورد به‌په‌له‌ له‌ده‌ره‌وه‌ رایانكرده‌ ناو هۆڵى كۆبوونه‌وه‌ و ئاڵا تاڵە‌بانى وته‌یه‌كى خوێنده‌وه‌ گوایه‌ داواكارییه‌كانى كورده‌ له‌ حكوومه‌ته‌ تازه‌كه‌. وته‌كه‌ به‌ گوێى ئاماده‌بوواندا تێپه‌ڕى و هیچ كاریگه‌رییه‌كى نه‌بوو، سیناریۆیەكه‌ داڕێژرابوو.
نه‌دانى ماوه‌ى ته‌نانه‌ت نیو سەعاتیكیش به‌ كورد سووكایه‌تیكردنێكى گه‌وره‌ بوو به‌ پێگه‌ى كورد و ده‌سپێكێك بوو بۆ زیاتر به‌ركه‌ناركردنى كورد و پشتگوێخستنى داواكارییه‌كانى. بێ گومان نه‌ بڕیارى پێشووى مالیكى به‌ بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم و نه‌ ئه‌م بێباكییه‌ى عەرەبی شیعه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاتنى كورد یا نا بڕیاریكى تاكه‌ كه‌سى و هه‌ڕه‌مه‌كى نه‌بوو، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌یه‌كى راست بوو بۆ بارودۆخى ناكۆكیى سیاسیى ناوخۆى كورد. ماوه‌یه‌ك بوو قووڵبوونى ناكۆكییه‌كانى نێوان پارته‌ سیاسییه‌كانى كورد به‌رچاو ئه‌كرا و په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ندێ لایه‌نى كورد به‌ مالیكى و ده‌وڵه‌تى یاسا چڕ بووبووه‌وە به‌ مه‌به‌ستى لاوازكردنى پارتى دبموكراتى كوردستان و پێگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم به‌ بیانووى به‌دیهێنانى هاوسه‌نگیى سیاسى له‌ هه‌رێمی کوردستاندا. زۆرى پێ نه‌چوو ماكینه‌ى پروپاگه‌نده‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و به‌شێك له‌ یه‌كێتیى نیشتمانی ده‌ستیان كرد به‌ داڕشتنى به‌رنامه‌به‌كى چڕوپڕ له‌ میدیاكانى عه‌ره‌بى و جیهانى و له‌نێو میانه‌ سیاسییه‌كان دژایه‌تىكردنى پارتى دیموكرات و سووكایه‌تى كردن به‌ حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و چه‌واشه‌كردن و هاندانى خه‌ڵك بۆ شله‌ژاندنى بارى كۆمه‌ڵایه‌تیى ناوخۆیى هه‌رێمی کوردستان . هه‌ر به‌مه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو دووبه‌ره‌كییه‌كه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ به‌غدا و هه‌روه‌ها پشتگرتنى لایه‌نه‌كانى عه‌ره‌بى شۆفێنى و ناحه‌ز به‌ كورد (هه‌موومان دیمان چه‌ند لەو په‌رلەمانتاره‌ كوردانه‌ دڵخۆش بوون به‌ هاوكاریكردنى په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ لادانى وه‌زیرى دارایى كورد له‌ پۆسته‌كه‌یدا یا ده‌نگدان به‌ یاساى حه‌شدى شه‌عبى). به‌ڵام ئه‌مانه‌ ئه‌م راستییه‌یان له‌بیر خۆیان بردەوە كه‌ پێگه‌ و سه‌نگى خۆیان وه‌كو هێزى سیاسى له‌ به‌غدا هه‌میشه‌ پەیوەست بووه‌ به‌ به‌رزى یا نزمیى سه‌نگ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ده‌ره‌وه‌. به‌كورتى ئه‌مان به‌م هه‌ڵوێسته‌یان شكستیان به‌ سه‌نگ و پێگه‌ى خۆیان هێنا، پێش ئه‌وه‌ى بتوانن شكهست بهێنن به‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، یا حكوومه‌تى هه‌رێم .
بۆیه‌ ده‌بینین پاش ئه‌و هه‌موو خۆ نزیككردنه‌وه‌یە له‌ به‌غدا و په‌یماندان به‌ پاراستنى یه‌كێتیى عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و ماستاوچییه‌تى بۆ مالیكى، نه‌یانتوانیوه‌ تا ئیستا یه‌ك ده‌ستكه‌وتى بچووكیش وه‌ربگرن بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێمی کوردستان كه‌ گوایه‌ مه‌به‌ستیانه‌. كۆمیدیاكه‌ى یاساى بودجه‌ى عێراقمان له‌به‌ر چاوه‌، یه‌ك خاڵیشى تێدا نه‌بوو كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كورد بێت و تا ئێستا حیساب بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌كراوه‌ و ناشكرێت. مه‌سه‌له‌ى په‌راوێزكردن و ئابلووقه‌دانى هه‌رێم و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتى كورد به‌رنامه‌یه‌كى داڕێژراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارنى عەرەبی شیعه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى و هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئێرانى ئیسلامیدا. مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تى لایه‌نێكى سیاسیى كورد و نه‌ نه‌وت و نه‌ شتى تر،‌ به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌ به‌وه‌ى هێزى كورد و پیشكه‌وتنى و پێگه‌ى نێوده‌وله‌تى له‌و قه‌باره‌یه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ به‌غدا و ده‌وڵه‌تانى ئیقلیمى به‌ بیرى خۆیان نابێت لیى ده‌ربچیت، بۆیه‌ جێگاى سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ وڵاتێكى وه‌كو ئێران دەڵێت چۆن ئه‌بێت هه‌ولێر ئه‌و هه‌موو كونسولخانه‌ى تێدا بێت، یا هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو خاكه‌دا بگرێت.
ئه‌مڕۆ مالیكى و زۆربه‌ى شیعه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ سوننه‌كان داواى حوكمڕانیى زۆرینه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى نه‌هێشتنى بنه‌ماى سازان و هاوپشكیى نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا و هه‌نگاوێكى تره‌ بۆ په‌راوێزكردنى كورد. ئه‌و لایه‌نه‌ كوردانه‌ش كه‌ وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت خواستیانه‌ به‌ده‌ر له‌ كۆده‌نگیى نیشتمانیى كورد ببن به‌ به‌شێك له‌و حوكمه‌ زۆرینه‌ى كه‌ مالیكى و هاوپه‌یمانانى كارى بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌نجامه‌كه‌ى ته‌نیا خۆكوشتنێكى سیاسی ده‌بێت، چونكه‌ رۆڵیان له‌و جۆره‌ حوكمڕانییه‌ زیاتر نابێت له‌و حزبانه‌ى كه‌ له‌ رابوردوودا به‌ناو هاوپه‌یمان بوون له‌گه‌ڵ رژێمى سه‌دام و حزبى به‌عسى گۆڕبه‌گۆڕ.