ئایا كورد به‌ یه‌ك شاند ده‌چێته‌ ژنێڤ؟

 

هێنده‌ی نه‌ماوه‌ كه‌ گوتوبێژی نێوان سوورییه‌كان (رژێم و ئۆپۆزسیۆن) له‌ ژنێڤ به‌ چاودێریی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ست پێ بكات، هێشتاش گفتوگۆ له‌باره‌ی شاندی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.
نێرده‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی (دیمستۆرا) به‌ئاشكرا داوای كرد كه‌ شاندی ئۆپۆزسیۆن یه‌كگرتوو بێت، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا ئه‌و به‌ گوێره‌ی بڕیاری 2254ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ئه‌و بۆ خۆی لایه‌نانی ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت ده‌كات و به‌رانبه‌ر به‌ شاندی رژێم دایان ده‌نێت، به‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش قسه‌ و قسه‌ڵۆكی له‌ لای ئۆپۆزسیۆن نایه‌وه‌، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك (ئیئتیلاف) له‌باره‌ی قسه‌كانی دیمستۆراوه‌ گفتوگۆی كرد، مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیی ئۆپۆزسیۆن ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ به‌ره‌و ژنێڤ بچێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هێڵی شۆڕشه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌.
ئیئتیلاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش نه‌كرد كه‌ ئاخۆ گرووپه‌یلی ئیسلامی له‌سه‌ر هێڵی شۆڕشن یان نا، ئه‌و گرووپانه‌ ئامانجی خۆیان و دیدی تایبه‌تیان هه‌یه‌، وێڕای ئه‌وه‌ ئه‌وان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت ده‌كرێن. كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئیئتیلاف نامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای خوێنده‌وه‌، ئه‌ویش ئاماژه‌ی به‌ پێكهێنانی شاندێكی یه‌كگرتوو كرد، داواشی كرد ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كوردیش تێیدا به‌شدار بێت، ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر گرنگه‌ به‌وه‌ی توركیا له‌ سووریا رۆڵی هه‌یه‌، كه‌چی پارتی (پ ی د) هێشتا له‌ مشتومڕدایه‌ و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ئاماده‌ بێت، رووسیاش پاڵپشتی ئه‌وانن، (پ ی د) له‌گه‌ڵ رووسیا و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ئه‌م جاره‌یان وه‌ك جاران پێشوو ئاماده‌بوونی ژنێڤ له‌ده‌ست نه‌دات، ژنێڤ واته‌ سه‌ره‌تای تێپه‌ڕاندنی گرێیه‌كان و چوونه‌ نێو بابه‌ته‌كانه‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌مووان بگه‌نه‌ لێك گه‌یشتن له‌باره‌ی حكوومه‌تێكی راگواسته‌ی هاوبه‌ش و پاشان ده‌ستوورییش.
بۆ ئاستانه‌ كورد نه‌یانتوانی ببن به‌ یه‌ك، وێڕای هه‌موو تێبینییه‌ك و له‌گه‌ڵ هه‌بوونی په‌یمان له‌ نێوانی كورداندا و به‌ چاودێریی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی كورد له‌ هه‌ر دیدارێكی تایبه‌ت به‌ ئایینده‌ی سووریا ئاماده‌ بوو، ئه‌وا ئه‌و لایه‌نه‌ و ئاماده‌بوونی گوزارشت له‌ هه‌موو كورد ده‌كات. (پ ی د) رازی نابێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد نوێنه‌رایه‌تیی بكات، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانیی كوردیش ناتوانێ بڵێ كه‌ من نوێنه‌رایه‌تیی (پ ی د) ده‌كه‌م چونكه‌ ناتوانێ زیاده‌ڕۆیی بكات. ئه‌گه‌ر بڵێ من نوێنه‌رایه‌تیی (پ ی د) ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كوردستانی سووریا روویان داوه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ و ده‌رهاویشته‌ی ده‌بێت بۆ سه‌ر كاری ئه‌نجومه‌ن.
هه‌ردوو لاش بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زه‌مان هێدی هێدی به‌سه‌ر ده‌چێت، ئه‌وان مادام ده‌توانن هاوبه‌شی و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌دا ببه‌ستن، له‌به‌ر چی ناتوانن هاوبه‌شایه‌تی گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتتنانه‌ی به‌ چاودێریی سه‌رۆك له‌ نێوانیان واژۆ كران؟
هاوبه‌شی له‌ بڕیاردا كارێكی زۆر گرنگه‌، دابه‌شكردنی رۆڵیش له‌نێوانی كورددا ئه‌وا بایه‌خێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی هه‌یه‌، هه‌ڵبه‌ت هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ له‌ ره‌فتاری رۆژانه‌ی سیاسیی كورددا ونن، له‌ كاتێكدا زمان حاڵی كورد ده‌ڵێ: كریدۆری كوردتان له‌ده‌ست دا، داخوازییه‌كانی دیكه‌ی كوردیش له‌ده‌ست مه‌ده‌ن، ئیدی چ له‌ حكوومه‌تی راگواسته‌ی داهاتوودا بوون یان له‌نێو لیژنه‌كانی داڕشتنی ده‌ستووردا.
كه‌س گوێ به‌ هاواری كورد نادات، بیریش له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ دواكه‌وتن له‌ گرێدانی هاوبه‌شایه‌تی، واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیر له‌ به‌رپرسایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌و كاره‌ی خۆیان ناكه‌نه‌وه‌. ئاخۆ ده‌بێ گۆڕه‌پانی حزبایه‌تیی كورد بگاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ سه‌رده‌می حیزبایه‌تی به‌سه‌ر چووه‌، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات ره‌هه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ و به‌ لای گشته‌وه‌ گرنگه‌، كه‌ ده‌بێ به‌ لۆژیكی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تی و ناحزبی بیر بكرێته‌وه‌، تا ده‌رفه‌تی ئاماده‌بوون له‌ وێستگه‌كانی داهاتوو له‌ده‌ست نه‌ده‌ین.