حەشدی شەعبی و نەوتی کوردستان

شاڵاو عەبدولخالق محەمەد

ئاسایشی وزە تەنیا لە ڕێگەی مامەڵە بازرگانی و بەرز و نزمیی نرخی نەوت و غازەوە ناکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بەڵکو مەترسیی گرووپە چەکدارەکان جا ئۆپۆسزیۆن بن یان گرووپی تیرۆرستی، بە مەترسیدارترین جۆری مەترسی دادەنرێن لەسەر ئاسایشی وزەی وڵاتانی هەناردەکار و هاوردەکاریی وزە لەسەرانسەری جیهاندا. هەرێمی کوردستانیش ماوەی چەند ساڵێکە وەک هەرێمێکی نوێی هەناردەکاری نەوت ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام ئاسایشی وزەکەی بێ بەش نییە لە مەترسیی گرووپە چەکدارەکان لە نموونەی حەشدی شەعبی. بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا مەترسیی گرووپە چەکدارەکان لەسەر ئاسیشی وزەی جیهان چۆن بووە؟ ئایا ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان چۆن لە ئایندەدا لەلایەن هێزی حەشدی شەعبییەوە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە؟
لە مێژووی وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتیندا، زۆرن ئەو گرووپ و لایەنە ئۆپۆسزیۆنانەی دەیانەوێت لەڕێگەی دروستکردنی مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتانەی دژایەتییان دەکەن، ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانیان بەدەست بێنن. بەڵام هیچیان سەرەڕای ناوزڕاندنی خۆیان و دواخستنی مافە ڕەواکانی گەل و نەتەوەکانیان، بەشێوەیەکی ستراتیجی نەگەیشتوون بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانیان.
بەپێی داتاکانی پەیمانگای لێکدانەوەی ئاسایشی جیهانی (IAGS) لە بەشی ئاسایشی وزەدا، سەرجەم ئەو گرووپ و لایەنانەی لەسەر ئاستی جیهان پۆلێن کردووە، کە مەترسییان لەسەر ئاسایشی وزەى وڵاتان بە شێوازی جۆراوجۆر دروست کردووە. شێواز و ڕێگاکانی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وزەی وڵاتانی هەناردەکار و هاوردەکاری وزە جیاوازە، لە دیارترین ڕێگاکانیش بریتین لە (تەقاندنەوەی بۆڕییەکانی نەوت و غاز، هێرشکردنە سەر کێڵگە و بیرە نەوت و غازەکان، ڕفاندنی تەنکەر و کەشتییە بارهەڵگرەکانی وزە، ڕفاندنی کارمەند و ئەندازیارانی کەرتی وزە، ڕێگرتن لە گەیشتن و ئاڵوگۆڕی وزە لەنێوان وڵاتان و کۆمپانیاکانی هەناردەکار و هاوردەکاری وزە).
سەرەتا ئەگەر لە ئاسایشی وزەی وڵاتە دەوڵەمەندە پڕ لە نەوت و غازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێ بکەین و وڵاتێکی وەک (سعوودیە) وەربگرین، لە ناوەڕاستی مانگی دوازدەی ساڵی 2004دا، (ئوسامە بن لادن)ی سەرۆکی ڕابردووی گرووپی تیرۆرستیی ئەلقاعدە، شەڕێکی یەکجارەکی ڕاگەیاند دژی ژێرخانی پترۆلیۆمی وڵاتەکەی خۆی کە سعوودیەیە، بە بیانووی ئەوەی کە نەوت و غازی وڵاتەکەی لە خزمەتی دانیشتوانی سعوودیە و گەلانی ئیسلامدا بەکار ناهێنرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە چووەتە خزمەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکاوە. بۆیە داوای لە توندڕەوەکانی گرووپەکەی کرد لە سعوودیە هێرشی تیرۆرستی دژی کێڵگە نەوت و غازییەکانی سعودیە ئەنجام بدەن.
ئەگەر بپەڕینەوە بۆ ناوچەکانی ئۆراسیاش و وڵاتێکی دەوڵەمەندی تری وزەی وەک (ڕووسیا) وەربگرین، بە هەمان شێوە ئاسایشی وزەی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، لەلایەن گەریلا (چیچانییەکان) کەوتبووە ژێر مەترسییەوە. چیچانییەکان کە بە ئەسڵ یەکێکن لە میلەتانی ناوچەی چیچانیا، کە دەکەوێتە باکووری ناوچەکانی قەوقازەوە، بۆ ماوەیەک دژی دەوڵەتی ڕووسیا شەڕیان دەکرد، بۆ هێنانەئارای چیچانێکی سەربەخۆ، تا لە دەرەنجامدا بوونە هەرێمێکی فیدراڵی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیای ئێستا. لە ڕووی ئاسایشی وزەوە، یەکێک لەو کارانەی کە گەریلا چیچانییەکان ئەنجامیان دەدا بۆ فشار خستنەسەر دەوڵەتی ڕووسیا، لێدان بوو لە ژێرخانی نەوت و غازی ڕووسەکان. لەنێوان ساڵانی (1991-2004) چەندین بۆڕیی نەوت و غازیان لە ناوچە جیاجیاکانی (ڤۆلۆگراد، داغستان، ستاڤرۆپۆڵ) و دەوروبەری مۆسکۆ تەقاندەوە. ئەوەی شایەنی باسە تەنیا چیچانییەکان مەترسیاین نەخستووەتە سەر ئاسایشی وزەی ڕووسیا، بەڵکو چەندین گرووپی چەکداریی جیاجیای سەر بە نەتەوە و ئایینە جیاجیاکانی ناو ڕووسیا بەهەمان شێوە مەترسییان دروست کردووە.
هەروەها هندستانیش سەرەڕای ئەو وزە کەمەی کە هەیەتی لە هەرێمی فیدراڵی (ئەسامی) دەوڵەمەند بە نەوت، ئاسایشی وزەکەی بەهۆی بەرەی یەکگرتووی ئازادیی ئەسام (ULFA) کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. ئەو بەرەیە وەک هێزێکی ئۆپۆسزیۆن کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی ئەو هەرێمە فدراڵییە لە هندستان، بۆیە زوو زوو مەترسی دەخاتە سەر ژێرخانی نەوتی ئەو هەرێمە، تائێستاش چەندین جار بەرپرسیارێتیی خۆی ڕاگەیاندووە لەو هێرشانەی کراونەتە سەر بۆڕییە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیە.
لە (کۆلۆمبیا)ش چەندین گرووپی تیرۆرستی لە نموونەی هێزی چەکداریی شۆڕشگێڕی کۆلۆمبی (FARC) و سوپای ئازادکردنی نیشتمانی (ELN)، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بۆڕیی نەوتی نێوان کانۆ لیمۆ – کۆڤیناس کە درێژییەکەی نزیکەی 480 میل دەبێت.
دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەو وڵاتانەی کە بە بەکاربەرانی وزەی جیهانی دادەنرێن، بە هەمان شێوە مەترسیی گرووپە چەکدارە ئۆپۆسزیۆنەکانیان لەسەرە. بۆ نموونە (چین) کە یەکێکە لە گەورەترین داواکارەکان و بەکاربەرانی نەوتی جیهان، بە شێوازی جۆراوجۆر مەترسی لەلایەن گرووپ و هێزە ئۆپۆسزیۆنەکانی ناو چینەوە خراوەتە سەر ئاسایشی وزەکەی، بەتایبەتی بۆڕیی نەوتی نێوان ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای هەرێمی خینجیانگ (Xinjiang) و دەوڵەتە دراوسێکەی کە کازاخستانە و بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، هەروەها بەشێوەیەکی ستراتیجیش کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی ئەو کەمینە موسڵمانەی کە بەردەوام لە خەونی جیابوونەوەن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی پەکینی پایتەختی چین.

عێراق و مەترسیی
گرووپە چەکدارەکان
عێراقیش وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و غاز، بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی ژێرخانی وزەکەی، سەدەها جار ڕووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارە ئۆپۆسزیۆن و تیرۆرستییەکان بووەتەوە. بۆ نموونە، هەر لە ساڵی 2003 بەدواوە تا 2008 ژێرخانی وزەی عێراقی (لە سەرانسەری باکوور و باشوور و ناوەڕاستی عێراق) ڕووبەڕووی زیاتر لە 490 هێرشی تێکدەری و تیرۆرستی بووەتەوە، بەتایبەتی تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتییەکان و هێرشکردنە سەر کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکان لە باشوور و باکووری عێراق. تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی نێوان کەرکووک- جەیهان و داگیرکردنی پاڵاوگەی بێجی، کاریگەرترین هێرشەکانی ئەو گرووپە تیرۆرستییانە بوون لەدوای ساڵی 2003و ڕزگارکردنی عێراقەوە، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بووە هۆکاری گەیاندنی زیانی دارایی لە ژێرخانی دەوڵەتی عێراق، کە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت دەتوانین بڵێین ئەو کارانە سەرەڕای ئەوەی لەلایەن قاعیدەوە چەندین جار ئەنجام دراون، بەڵام گرووپی تیرۆرستیی داعش لە ساڵی 2014 بەشێوەیەکی ستراتیجی دووبارە ئەو کارە تیرۆستییانەی ئەنجام دایەوە.

ئاسایشی وزەی کوردستان
بەپێی هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی، کوردستان کەوتووەتە شوێنێکی نائارامەوە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، چونکە لە هەر چوار لاوە سنوورەکانی پێکهاتوون لە ڕژێمی دیکتاتۆری بەرژەوەند جیاواز. سەرەڕای ئەوەی لەدوای ساڵی 2009وە، دەوڵەتی تورکیا، تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیدایە کە ئاسایشی وزەی کوردستان پارێزراو بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئاسایشی وزەی کوردستان لە مەترسی بەدوورە. بەڵکو دەکرێت لە ڕووی مەترسیی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان لەسەر دوو ئاست خوێندنەوەی بۆ بکەین:
یەکەم: ئاستی ناوخۆ
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، مەترسیی گرووپە چەکدارەکان کەمترە وەک لەسەر ئاستی دەرەکی. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێوەیەکی گشتی گرووپی چەکداری نایاسایی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا نییە. ئەو هێزە چەکدارەی کە هەیە بریتییە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس. ئەم هێزانە لە ڕووی دامەزراوەییەوە پرسیاریان لەسەرە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی جێ و شوێن و بەرپرسیارێتییان دیارە، ئەوەش وای کردووە کە ئەگەرچی تا ڕادەیەک باڵادەستیی حزبی لەناو ئەو هێزانەشدا هەبێت، بەڵام ئاسان نییە هیچ لایەن و کەسێک ئەو هێزانە دژی ئاسایشی وزەی کوردستان بەکار بهێنێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە، گرووپی بچووک و چەکداریی تاکە کەسییە کە بەشێوەیەکی سنووردار بەهۆی نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و غاز، یان بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تاکەکەس سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە، تەقاندنەوەی بۆریی غازی نێوان کەرکووک – هەولێر، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان. بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ئاگاداری باری دارایی و ئابووریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و بارودۆخە داراییەکە بەرەو باشتر بەرێت، چونکە ئاسایشی دارایی و ئابووری کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی تریش، وا باشترە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان زۆر لەوە وریاتر بن کە کارتی نەوت و غازی کوردستان بەکار بهێنن لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
دووەم: ئاستی دەرەکی
مەترسیی گرووپە چەکدارەکان لەدەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان زیاترە. چونکە ئەو گرووپە چەکدارانەی هەن بەشێوەیەکی پلان بۆدڕێژراو لەلایەن چەندین وڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەکار دەهێنرێن. بەداخەوە بەشێکی ئەو گرووپ و هێزە چەکدارانەی لە ڕابردوودا مەترسییان دروست کرد بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان، هێزی چەکداری پارتە سیاسییە کوردییەکانی پارچەکانی تری کوردستان بوون. بۆ نموونە، ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان وەربگرین، ئەوا ئەو پارتە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی لە ساڵی 1978وە تا ئێستا، چەندین جار بە ماوە و کاتی جیاجیا لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئەو بۆڕییانەی لە ڕووی وزەوە بەرژەوەندیی تورکیا بە وڵاتانی جیهانەوە دەبەستێتەوە، هەوڵی داوە ئامانجە سیاسییەکانی بپێکێت. بۆ نموونە: پەکەکە چەندین جار بۆڕیی باکۆ- تەبلیس- جەیهان و بۆریی غازی نێوان ئێران- تورکیا و بۆریی نەوتی کەرکووک- جەیهانی تەقاندووەتەوە.
هەروەها ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئاسایشی وزەی کوردستانەوە، هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر بۆریی نەوتی کوردستان و دژایەتیی گەچەکە بۆ سەر پڕۆژە ئایندەییەکانی غازی کوردستان -تورکیا یەکێک بوون لەو مەترسییانەی لەسەر ئاستی دەرەکی دەکرانە سەر ئاسایشی وزەی کوردستان. بەڵام ئەو هێرشانە لە ڕووی ستراتیجییەوە بەهیچ شێوەیەک زەرەرمەندی یەکەم دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵکو هەرێمی کوردستانە. چونکە پەکەکە وەک حزبێکی کوردی، تائێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەناو لیستی تیرۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی NATOدایە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بەشێوەیەکی فەرمی PKKی خستووەتە لیستی ڕێخراوە تیرۆرستییە بیانییەکانەوە، بەپێی مادەی 212ی یاسای کۆچ و ناسنامە و گۆڕنکارییەکانی. کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناساندنی پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆرستی بەپێی یاسای 212 لێدانە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانانی و مەترسی دروستکردن بۆ سەر ئاسایشی بەرژەوەندیی جیهانی، کە ئاسایشی وزەش یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرەکییانەی دەکەوێتە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتە زلهێزەکانەوە.
هەروەها چەندین گرووپی تیرۆرستی کە سەر بە نەتەوە و هێزی کوردی نین، بەهەمان شێوە مەترسییان دروست کردووە بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان، بەتایبەتی لە ساڵەکانی 2008وە تا 2015 لە نموونەی گرووپی تیرۆرستیی ئەلقاعیدە و داعش. بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستەکردنە، گرووپە چەکدارە باڵادەستەکانی ئێستای ناو عێراقە، کە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە یاسایی کراون و لەژێر چەتر و ناوی حەشدی شەعبی کۆ کراونەتەوە، لەوانە:
١-عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق.
٢-ڕێكخراوی بەدر- باڵی سەربازیی رێکخراوی بەدر.
٣- كەتیبەکانی حزبوڵا.
٤- لیوای ئەبولفەزڵی عەباس.
٥- سەرایای خوراسانی.
٦- بزووتنەوەی حزبوڵای نەجیبان.
٧- جەیشی ئەلكەڕار.
ئەم گرووپە چەکدارە شیعانەی سەرەوە، لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە یاسا ڕێکخراون، بەڵام دامەزراوەیی بەڕێوە نابرێن، بەڵکو لەلایەن چەندین سەرکردەی سیاسیی شیعی بەرژەوەند جیاواز و وڵاتانی دەرەکی بەتایبەتی ئێران، سەرپەرشتی دەکرێن. ئەو سەرکردە سیاسییانەش بەشێوەیەکی ئاشکرا بازرگانی و بەرژەوەندیی نەوت و غازی خۆیان هەیە لەناو عێراقدا. هەر کاتێ کار بێتە سەر ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبی، گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەبنە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان، بەتایبەتی ئاسایشی وزەی کێڵگەکانی ناوچە جێ ناکۆکەکان، بەتایبەتی تریش کێڵگە نەوت و غازییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، لە نموونەی کێڵگە نەوت و غازییەکانی (کەرکووک، بابەگوڕگوڕ، جمبور، بای حەسەن، ئاڤانا، نانەوا، کێڵگەی بور، خەباز)، هەروەها لەو کێڵگە نەوت و غازییانەی کە دەکەونە سنووری شاری مووسڵەوە، کە لە ئایندەدا پێدەچێت بکەونە ژێر مەترسی و هەژموونی حەشدی شەعبیی شیعەوە بریتین لە (عەین زالە، گیارە، بەتمە و سەفیە).
کەواتە ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە لەڕێی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانییەوە پلان و ستراتیجی تۆکمە دابڕێژێت بۆ بەرگریکردن لە ژێرخانی وزەکەی، هەروەها لە ڕێگەی بەکارهێنانی دبلۆماسیەتی وزەوە هەوڵ بدات مەترسیی لایەنە ناکۆک و بەرژەوەندیخوازەکان، لە ژێرخانی وزەکەی دوور بخاتەوە. بەتایبەتی مەترسیی گرووپە جەکدارەکانی کە لە چوارچێوەی هێزی حەشدی شەعیبی شیعەدا کۆ کراونەتەوە.