چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

عەمبەروەریدەکەی گەڕەکی خۆمان

 

لە قۆناغی منداڵیمدا، زۆربەی کات بە نابەدڵی و بۆڵەبۆڵ لەگەڵ باوکم دەچووم بۆ شانۆ، چونکە هەموو جار بە گریان دوای باوکم دەکەوتم و دەم و لچم دەهێنایەوە یەک و دڵم پڕ دەبوو لە گریان، خۆم لە ژوورەکانی ماڵەوە دەشاردەوە و بە فەقیانەکانم دەموچاوم بەدزییەوە دەسڕی، بەڵام هیچ شتێک سوودی نەبوو، هەر دەبوایە لەگەڵ باوکم بڕۆم، ئەویش بە نەرمونیانی و دەم بەخەندەکەی، بە دەنگێکی پڕ لە سۆزەوە دەیگوت: تۆ ئەم جارەیان لەگەڵ باوکی خۆت وەرە، خوا گەورەیە بۆ جارێکی تر، وەرە با بڕۆین حەزت لە چییە بۆت دەكڕم، منیش لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەبێ حەزی من لەو کاتەدا چی بوو بێت؟ هەرچەندە منداڵیش بووم، خۆم چاک دەمزانی کە باری ئابووری ئێمە سنووردارە. دەمزانی نابێت حەزم لە هەموو شتێک بێت، هەر بۆیە ئێمەش ناچاربووین حەزەکانی خۆمان سنووردار کەین، ئێمە نەدەبوو حەزمان لەو شتانە بێت کە باوکم یان دایکم نەیان دەتوانی بۆمان بکڕن، بۆیە هەر لەسەرەتاوە بە ئەمـڕۆشەوە وا ڕاهاتبووین چین ئەو شتانەی کە دەبێ بۆ ئێمە بێت بەتەنیا حەزەکانیشمان هەر لەو سنوورەدا بمینێتەوە!، ئەویش یان دەبوو حەزمان لە بسکویتی زەرد یان نوقڵی مینۆی قاوەیی و نوقڵی ترش و شیرین و کورسیی نەعنا و شرووبی، یان عەمبەروەرید بێت، ئەو شێوە خواردنانە خواردنی زۆرینەی منداڵان بوو بە بێ جیاوازی و زۆریش دڵمان پێی خۆش بوو، بەتایبەت عەمبەروەریدەکە، ڕەنگە ئێستا ئەگەر بۆ منداڵی ئەمڕۆی بگێڕینەوە نەک تێی ناگەن، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک وێناشی ناکەن یان باوەڕیان نییە، بەڵام من و هاوڕێکانم هەمیشە وێنەی ئەو پیاوەمان لەبەر چاوە کە دەیفرۆشت، سینییەکی خڕی خانە خانەی سێگۆشەی سەرداپۆشراو، سێ قاچی هەبوو، کە لە تەنەکە دروست کرابوو، کابرای فرۆشیار دەیدا بە شانیدا و کۆڵان بە كۆڵان و بە گەڕەکەکاندا دەگەڕا و هاواری دەکرد، وەرنەوە بۆ عەمبەر وەرید! چەندە دڵمان پێی خۆش بوو، بەتایبەت کە سینییەکەی دادەنا و قەپاغی سینییەکەی دەگێڕا، کە قەپاغێکی ئاوی بوو، رەنگەکان یەک یەک لەژێرەوە دەردەکەوتن، سوور، زەرد، سەوز، شین، پرتەقاڵی . هەر یەکەیان ئەوەندە جوان و بریقەدار بوو حەزت دەکرد لە هەموویان بخۆیت، داوای چ رەنگێکت بکردایە، خێرا کابرای فرۆشیار لە سەتڵە بچووکەکەی دارێکی بچووکی دەردەهێنا کە بە قوڵفەیەک کرابوو بە سینییەکەوە و هەڵی دەکێشا لە عەمبەروەریدەکە و لەولاتریشەوە خانێکی سێگۆشەی پڕ لە لیمەندۆزیی تێدابوو، شیلەکەی هەڵدەکیشا لە لیمەندۆزییەکە و دەیدایە دەستمان، من زۆرم حەز لێ بوو هەموو ڕەنگەکانم بۆ تێکەڵ بکات، هەر ئەو جارانەی کە دەگریام و لەگەڵ باوکم نەدەچوم بۆ شانۆ بەڵێنی پێ دەدام کە عەمبەروەریدم بۆ بکڕێت و ئاشتی دەکردمەوە، چەندەها جار ئەو شیلە رەنگاوڕەنگە بە فەقیانەی جلەکانمەوە نووساوە، کە دەگەڕامەوە ماڵەوە دایکم زۆر بەزەحمەت بۆی لێ دەکردمەوە و سەرزەنشتی دەکردم کە لەکاتی خواردنیدا دەبێ فەقیانەکانم بەرز کەمەوە بۆ ئەوەی شیلاوی نەبێت و لە هەمان کاتدا کە دەچوومە سەر شانۆ، گەلێ جار لەپشت پەردەکانەوە دڵم نەدەهات عەمبەروەریدەکەم فڕیێ بدەم، دەچووم دەمئاڵاند لە دەستەسڕێکەوە و دەمخستە جانتاکەمەوە، بەڵام کاتێ کە دەگەڕامەوە سەیرم دەکرد هەموی بە دەسەسڕەکەوە تواوەتەوە و بە کەڵکی خواردن نەماوە، من چەند جارێک تووشی ئەمە بووم، هەموو جارەکانیش بیرم دەچوو کە باشترە فڕێی بدەم لەوەی هەڵی بگرم، چونکە بەڕاستی ئەوە خواردنێک نەبوو کە هەڵبگیرێت.