خۆشەویستی لە سێکس باڵاترە - 7

کە پێت ناخۆشە موڵکی کەس بیت، کەسیش مەکە بە موڵکی خۆت!

لە هەر جێیەک خۆشەویستیی ڕاستەقیبە هەبێت، لەوێ وابەستەیی نییە. کە وابەستەیی هەبوو، ئیدی موڵکایەتی دێتە گۆڕێ، ئیدی تۆ ئەو بە موڵکی خۆت دەزانیت، ئیدی ئەو بە کاڵا تێدەگەیت، ئەوەیش ئەوپەڕی سووک سەرنجدانی ئەوە. کە تۆ ئەو بە موڵکی خۆت بزانیت و ئەویش تۆ بە موڵکی خۆی بزانێت، لەوێوە کۆیلایەتی دەست پێ دەکات، ئاخر ئیدی هەردووکتان کۆیلەی یەکتری دەبن. کێشە ئەو کاتە پەیدا دەبێت، تۆ دەخوازیت ئازاد بیت، بەڵام ئەو کۆیلەی تۆ بێت، خۆت ئازاد بیت، ئەو موڵکی تۆ بێت، خۆت ئینسان بیت، ئەو کاڵا بێت، بەڵام دەبوو وەک چۆن ئازادییت بۆ خۆت دەوێت، بۆ ئەویشت ویستبا، کەستان کۆیلەی ئەوی دیکەتان نەبوونایە، وەک دوو کەسی سەربەخۆ و هۆشیار و ئازاد پێکەوە ژیابان. ژن و پیاو دەتوانن، تەواو تێکەڵ بە یەکتری ببن، بەبێ ئەوەی کەسیان موڵکی ئەوی دیکە بێت، بەبێ ئەوەی وابەستەیی و کۆیلایەتی لە ئارادا بێت.

 

وابەستەیی بۆیە قێزەونە، چونکە تۆ وەک تاکێک، کەسایەتیی خۆت لە دەست دەدەیت، کە خۆیشت لە دەست دا، ئیدی هەموو شتێکی دیکەت لە کیس دەچێت. ئەگەر دڵشاد بیت بەوەی، کەسێک وابەستەی تۆیە و پێویستی پێتە، ئەوەیش بەرەو بزربوونت دەبات. کە هەوڵ دەدەیت، خۆت ئازاد بیت و ئەو وابەستەی تۆ بێت، ئەویش خەریکی هەمان گەمەیە لەگەڵ تۆدا، بۆیە هاوژینیی ئێوە، لە یەکدی فریودانەوە، نزیکترە، وەک لە خۆشەویستییەوە. کە پێت ناخۆشە موڵکی کەس بیت، کەسیش مەکە بە موڵکی خۆت! کەس مەکە بە کۆیلەی خۆت، ئەگەرنا خۆیشت دەبیت بە کۆیلە. ئەگەر خاوەنی کۆیلە بیت، مەحاڵە خۆیشت ئازاد بێت، ئازاد کەسێکە نە کۆیلەی هەبێت، نە کۆیلەی کەس بێت، ئاخر وەک چۆن تۆ خەریکی بە کۆیلەکردنی ئەویت، ئەویش خەریکی بە کۆیلەکردنی تۆ دەبێت.

 

سەروەر کەسێک نییە، خاوەنی کۆیلە بێت، کەسێک سەروەرە نە کۆیلەی هەبێت و نە کۆیلەی کەس بێت. ئەگەر عاشقی ئازادی بیت، تەنیا خودی خۆتت بەسە، دەتوانیت کەسێکیش بکەیت بە هاوژینت، بەڵام نەک بەو مەبەستەی بەد سوودی لێ ببینیت، بەڵکوو خۆشەویستیی پێ ببەخشێت و بیکەیت بە هاوبەشی خۆشییەکانت. ئەگەر کرۆکی خۆت بناسیت، خۆشەویستی نابێتە وابەستەیی، دەبێتە قوربانیدان بۆ هاوژینەکەت و بۆ هەمووان. ئەگەر پێت وابێت هەموو خۆشەویستییەک بە وابەستەیی دوایی دێت، ئەوە هێشتا خۆت نەناسیوە و خاوەنی خودی خۆت نییت. سەرەتا خۆت هەبە، ئەوسا بەدوای هاوژیندا بگەڕێ، کە خۆت ناسی، کە خاوەنی خودی خۆت بوویت، ئەوەی لەگەڵ کەسێکدا کۆت دەکاتەوە، خۆشەویستی دەبێت، نەک وابەستەیی.

 

دژایەتیکردنی وابەستەیی بەوە نابێت، لە کار و لە ماڵ و لە منداڵ هەڵێیت، ئاخر دواتر لە جێیەکی دیکە، وابەستەی شتی دیکە دەبیت، وەک کەسێک کە پشت دەکاتە دونیا، بەڵام وابەستەی تەنیایی دەبێت، ئەوسا لەبری ماڵ، وابەستەی خەڵوەت دەبێت. وابەستەیی جۆری زۆرە و بە ئاسانی لە دەستی قوتار نابین، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین، بۆچی وابەستەیی هەیە. کە خۆمان نەناسین، کە خۆمان بزر بین، هەمیشە وابەستەیی حازرە. ئەوە خۆ نەناسینە بەرەو وابەستەییمان دەبات، ئەگەر هەست بە دڵنیایی نەکەین، بە ئومێدی گەییشتن بە ئاسوودەیی، لە هەوارێکدا بارگە دەخەین و وابەستەی ئەوێ دەبین. ئەگەر قووڵ بە ناخی خۆماندا ڕۆبچین، باش خۆمان بناسین و لە بوونی خۆمان تێبگەین، ئەوسا لە بازنەی وابەستەییدا گیر ناخۆین، ئەوسا پشت بە خۆمان دەبەستین، نەک بە کەسی دیکە.

 

ئەوە شتێکی ئاسایییە و ناوبەناو ڕوو دەدات، یەکێکتان حەزی لە سێکس نابێت، لە دۆخێکی وادا ئەوی دیکەتان وا هەست دەکات، چونکە سێکس لە نێوانتاندا نەماوە، کەواتە چیرۆکی نێوانتان ڕوو لە کۆتایییە. کێشەکە ئەوەیە، تا تۆ زیاتر داوای سێکس بکەیت، ئەو زیاتر لێت بێزار دەبێت، ئاخر هەر جارێک لەژێر گوشاری تۆدا سێکست لەگەڵدا بکات، خەم دایدەگرێت و ویژدانی ئازاری دەدات. کە هاوژینیتان ڕوو لە ساردوسڕی دەکات، هۆکاری دیکەی هەیە، لەبەر ئەوە نییە، وەک جاران بە گەرموگوڕی سێکس ناکەن، پێویستە ئەوە بزانین سێکسکردن زادەی خۆشەویستی نییە، ئاخر خۆشەویستی لە سێکس باڵاترە و دەشێت بەبێ سێکسیش گوڵی خۆشەویستی بگەشێتەوە.

 

پێم ناڵێت خۆشم دەوێیت. ئاخر ترساندووتە، هەر ئەو گوتی خۆشم دەوێیت، تۆ دەستبەجێ داوای سێکسی لێ دەکەیت، چونکە لە تۆ وایە، خۆشەویستی هاوواتای سێکسە، چونکە هەر جارێک لە ئامێزت بگرێت، ماچێکت بکات، دەست بکاتە ملت، یان تەنانەت دەستی بەرت بکەوێت، تۆ بۆ سێکسکردن ئامادەیت. تۆ بەبێ ئەوەی دەرکی پێ بکەیت، وات کردووە خۆیت لێ بەدوور بگرێت. مشتومڕ لەبارەی خۆشەویستییەوە لەگەڵ کەسدا مەکە! ئاخر ئەگەر ئەو هەستی بە خۆشەویستی نەکردبێت، تۆ ناتوانیت بیخەیە دڵییەوە. ئەو تۆی خۆش دەوێت، ئەگەرنا بەجێی دەهێشتیت، تۆیش ئەوت خۆش دەوێت، بەڵام خراپ لە سێکس حاڵیی بوویت.

 

خۆشەویستی کاتێک دەست پێ دەکات، کە سێکسی ئاگرین دوایی دێت و هێدی هێدی بەرەو خاوبوونەوە دەچێت، ئەوسا ئیتر ئەوین قووڵ ڕەگ دادەکوتێت، گەشە دەکات و بەرەو باڵایی هەڵدەکشێت. خۆشەویستی بەکاوەخۆ گەورە دەبێت، بەڵام تۆ بواری بۆ ناڕەخسێنیت، ئاخر لە تۆ وایە، خۆشەویستی لە سێکسدا چڕ دەبێتەوە. ئەو ئامادەیە تۆی خۆش بوێت، بەڵام تۆی تینووی سێکس، پێوەندییەکەتان لەبار دەبەیت. تا ئەو کەمتر بایەخ بە سێکس بدات، تۆ زیاتر بایەخی پێ دەدەیت، تا تۆ زیاتر داوای بکەیت، ئەو زیاتر خۆی لە گێلیی دەدات. تۆ وای بۆ دەچیت، ڕەنگە بەبێ سێکس شێت ببیت، کە ئەوە ڕاست نییە و کەس بە هۆی قەیرانی سێکسەوە شێت نەبووە. ئەگەر تۆ ئەوت خۆش بوێت، با ئەو ساردیش بێت، خەمت نەبێت و بێزار مەبە، درەنگ یان زوو وزەی خۆشەویستی لە تۆوە بەویش دەگات.

 

کە دڵشادیت بەوەی ژیان لەگەڵ ژنێکدا بەسەر دەبەیت، بەبێ ئەوەی سێکس لە نێوانتاندا هەبێت، هیچ پێویست ناکات خۆت سەغڵەت بکەیت، خۆ ئەوە نەفرەت نییە، ئەوە بارانی فەڕە و هیچ هەڵەیەک لە گۆڕێدا نییە. کە سێکس بزر دەبێت و خۆشییەکی هێمن دێتە ئاراوە، خۆشییەک زادەی تەباییی نێوان دوو ڕۆحە، ئەو جۆرە خۆشی و تەبایییە لە ئەنجامی ڕامانەوە سەرهەڵدەدەن. دژی خواستی خۆت مەوەستەوە، گوشار لە خۆت مەکە! ئەوەت پێ ئاسایی بێت کە مەیلت بۆ سێکس نییە، ئەگەرنا کۆسپ دێتە ڕێی گەشەسەندنی ڕۆحت.

 

بۆچی ئایین دژی سێکسە؟ تا ئینسان چی وزەی هەیە بۆ گەڕان لە دووی سێکس بە خەساری بدات و سەرقاڵی ڕامان نەبێت، ئاخر ڕامان ئاسۆی تازە بە ڕووماندا دەکاتەوە و بیرکردنەوەمان فراوان دەکات. ئەوە لووتکەی بەختەوەرییە ئەگەر خۆت و هاوژینەکەت پێکەوە دەست بە ڕامان بکەن، ئەگەرنا لێک دوور دەکەونەوە. ئەگەر تۆ پێش ئەو دەستت بە ڕامان کرد، وا باشترە ئەویش بۆ ڕامان هان بدەیت، نەک بەجێی بهێڵیت. ئەوە بەرەو ڕامانت نابات ئەگەر خۆت بچەپێنیت و توخنی سێکس نەکەوێت، ئەوە دەروونت دەشێوێنێت، لەم بوارەدا ئایین نیشانەی نەپێکاوە، ئاخر تێپەڕین بە ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستیدا بەرەو ڕامانمان دەبات. ئینسان ئەگەر سەرقاڵی ڕامان بێت، سێکس وەک بایەلۆجی بزر دەبێت و دەگۆڕێت بە وزەیەکی ڕۆحی، ئەوسا لە کۆیلایەتی ڕزگارت دەبێت و دەرگای ئازادی بە ڕووتدا واڵا دەبێت.

 

وزەی سێکس ئەگەر سەرکوت بکرێت، لادانی لێ دەکەوێتەوە ولە توانای کەسدا نییە، وزەی سێکس بگۆڕێت بە وزەیەکی دیکە. ئینسان کە لە خودی خۆی نزیک دەبێتەوە و دەگاتە کرۆکی خۆی، خۆڕسکانە وزەی سێکس بۆ باڵایی هەڵدەکشێت و ڕۆحی ئینسان دەوڵەمەند دەکات. هەر تۆ نا، هاوژینەکەیشت بەهۆی ڕامانی قووڵەوە بە هەمان ئەزموونی تۆدا تێپەر دەبێت و ئەوسا پێکەوە بەشێوەیەکی هارمۆنی سەمایەک دەکەن لە فڕینەوە نزیکە. تا لە ڕووی ڕۆحییەوە زیاتر گەشە بکەین، خۆری خولیای سێکس زووتر ئاوا دەبێت، ئەوسا خۆشەویستییەکی بەرینتر و پاکژتر دێتە ئاراوە، خۆشەویستییەک بەبێ موڵکایەتی و بەدگومانی، بەڵام بەوپەڕی سۆزدارییەوە.

 

هەموو پێوەندییەک لە نێوان ژن و پیاودا، وەک گەمەکردن وایە بە ئاگر، بە تایبەتی ئەو سەروەختەی ڕامان دەست پێ دەکات، ئاخر ئیدی گۆڕانکاریی وەها ڕوو دەدات کە خۆمان بۆ ئامادە نەکردووە و دونیایەکی دیار جێ دەهێڵین و پێ دەنێینە دونیایەکی نادیارەوە. چونکە دوای ڕۆچوون بە دونیای ڕاماندا، سێکس بەهایەکی ئەوتۆی نامینێت، زۆر جار جیابوونەوەی لێ دەکەویتەوە و دەبێتە هەوێنی ئازارێکی قووڵ، ئاخر هیچ مەرج نییە، ژن و مێرد هاوزەمان پێکەوە، بە هەمان ئەزموونی قووڵی ڕاماندا ڕەت ببن.

 

سەروەختی ڕامان، هەست دەکەیت، ئیدی ئەگەری ئەوە لە ئارادا نەماوە، پێوەندییە کۆنەکە کە لە سێکسی نێوان ئاژەڵان دەچوو، درێژەی هەبێت. ئەو قۆناغە سەروەختێکی دژوارە و پێویستە هاوژینان کۆمەکی یەکدی بکەن، ئاخر بۆشایی دەکەوێتە نێوانیانەوە و لە یەکدی دوور دەکەونەوە، بۆیە ئەوی زووتر بە قۆناغی ڕامان گەییشتووە، نابێت هاوژینەکەی جێ بهێڵێت، بەڵکوو دەبێت بەهۆی نیشاندانی سۆز و خۆشەویستییەوە، یاریدەی بدات، تا ئەویش بە قۆناغی ڕامان بگات و بەرەو بەرزایی هەڵبکشێت. تەنیا خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە توانایدا هەیە، وزەی سێکسی ئاژەڵی، بگۆڕێت بە وزەیەکی ڕۆحی. چونکە هەر کەسە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هاوژینان بە هەمان خێرایی بەرەو باڵایی هەڵناکشێن، بۆیە پێویستە لەسەر یەکدی بوەستن، ئەگەرنا بەد لە یەکدی حاڵیی دەبن و تا دێت زیاتر لە یەکدی دوور دەکەونەوە.

 

4ی 1ی 2017

(1) أوشو، الحب و الحریة و الفردانیة، ترجمة: میتم الضایع، دار الحوار 2013 اللاذقیة.

(2) أوشو، ألإنسان الجدید، میتم الضایع، دار الحوار 2014 اللاذقیة.

(3) أوشو، طریق الحب، ترجمة: میتم الضایع، دار الحوار 2015 اللاذقیة.