بۆچی پوتین نایەتە کوردستان

 

ئەگەر سەرۆک ئۆڵاند واتا فەرەنسا بێت، بە دڵنیاییەوە فەرەنساش مانای بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی و مێژووی دیموکراسیەت و سۆسیالیزم و  ئازادیی ژن و تاکەکانی کۆمەڵگایە بە شێوەیەکی گشتی، دواجاریش فەرەنسا مانای فکرەی ڕۆشنگەری و فەلسەفەی شارستانیەتە.

 

ئەگەریش سەرۆک پوتین مانای روسیا بێت! ئەوە روسیا واتا قەیسەر و سوپای سوور و سەرکردەی روحیی شۆڕشەکانی کۆمۆنیستی و لێنینە، ھەروەھا واتای  سەرکەوتن بەسەر ئایدلۆژیای فاشیزمی نازی و یەکێک لە وڵاتە زلھێزەکانی ئەمڕۆی جیھانی سیاسی و سەربازیی، دواجاریش یەک لەسەر سێی ڕووبەری جیھان.

 

سەرۆک ئۆڵاند لە کاتێکدا سەردانی کوردستان دەکات، کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی ھەستیارو مەترسیدار تێپەر دەبێت،و رێکخراوێکی تیرۆرستی بەناوی داعش بوونی ھەیە، ئەم رێکخراوە تۆقینەرە بۆتە مەترسێکی گەورەتر و زیاتر تەنیا لە گۆرانی ئاوەوھەواش بەسەر جیھاندا. ئۆڵاند و رۆژئاوە باش لەوە گەیشتوون ئەم رێکخراوە تیرۆرستییە تەنیا بە زەبری ھێزی سەربازی کۆتای پێنایەت، داعش ئەمرۆ وەک گەورەترین رێکخراوی تیرۆرستی لە جیھاندا لەوە دەرچووە کە تەنیا بریتی بێ لە ھێزێکی تۆقینەری رادیکاڵی ئیسلامی سونی سەلەفی، بەڵکو بۆتە ڤایرۆسێکی ترسناکی ئیسلامی توندرەو کە لە زۆربەی ووڵاتانی جیھاندا بڵاوبۆتەوە. فەرەنسا وەک دڵ ئۆروپا بۆتە قوربانی یەکەمی فکرەی توندرەوی و کاری تۆقێنەری ئەم رێکخراوە تیرۆرستیە کە لەسەردەمی فەرمانرەوای بەرێز ئۆڵاندا سەری ھەڵدا و فەرەنسای رووبەرووی گەورەترین کارەساتی تیرۆرستی کردەوە لە مێژووی ژیانی رابردووی  ئۆروپایەکاندا. ئۆڵاند ھەمیشە خۆی لەبەردەم بەرپرسیاریەتی و دابینکردنی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ ھاوڵاتیانی بە بەرپرسیار دەزانێ ، راستە ھیچ کاتێک ئەوەی دەرنەبریووە کە کەم تەرخەم بووە لەم روەوە، بەڵام بەدڵنیاوە دووبارە خۆکاندیت نەکردنەوەی بۆ سەرۆکی ووڵات بەشێکی زۆری ئەو راستیانە دەردەخەن.                                                                                                                             

       

 وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە  ناوبردنی تیرۆر و شەری رێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش تەنیا بە زەبری ھێزو ھێرشی ئاسمانی لەناو ناچێت، بەڵکو لەناوبردنی پێویستی بەبیر و ئەندێشەی نوێ و فەلسەفەی شارستانیەت و نوێگەرای ھەیە، داعش وەک ھێزێکی سەربازی و دەوڵەتیکی دانپێدانەندراو بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەڵام فکرەو ئایدلۆژیا و خۆشەویستی لەناو دڵی ئیسلامیە توندرەوەکاندا ھەردەمێنێ ، ئەوەش گەورەترین مەترسییە لەسەر ئۆروپاو فەرەنسا بەتایبەتی. ئەوەی لە کۆتایدا دەتوانێ رێکخراوی تیرۆرستی داعش لەناو ببات، تەنیا فکرەی رۆشنگەرای و  و بیر و ھزری سیاسی نوێ و  کولتورە کە  پاریسی پایتەختی شۆرشی رۆشنگەرای فەرەنسا سەرچاوەکەیەتی.                                                                                                                

روسیا لە شەری تیرۆدا خۆی لەبەرەی پێشەوەدا دەبینێتەوە، ئەوەش بەھۆکاری ئەوەی لەلایەک ژمارەیەکی زۆر ئیسلامی توندرەوەی باکوری قەفقاز لە داگستانی و چیچانی لە ناوریزەکانی ئەم رێکخراوە توندرەوەدان و ھەموو کاتێک مەترسی گەرانەوەیان ھەیە بۆ ووڵاتەکەیان، کە دواجاریش دەبنە ئامێرێکی تری دەستی دوژمنانی روسیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی بارودۆخی ئەمنی روسیا، لەلایەکی تریشەوە ئەم رێکخراوە تیرۆرستیە مەترسێکی گەورەی لەسەر تاکە ھاوپەیمانی واقعی روسیا لە ناوچەکادا دروستکردووە کە سوریایە، ھەر بۆیە روسیا ھەرچی لەتوانایدایە کردوویەتی و دایکا بۆ لەناوبردنی رێکخراوە تیرۆستیەکانی سوریا بەتایبەتی داعش و بەرەی نووسرە.                                                                                                                                 

روسیا زۆر بە ھەستیاریەوە مامەڵا لەگەڵ عێراق دەکات لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، ھەموو کات تێک چوونی بارودۆخی عێراق بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەگەرێنێتەوە، ھەروەھا دڵخۆش و پشت قایمە بە بەھێزبوونی  ھەژموون و دەسەڵاتی ئێران بەسەر عێراقدا، وەک دوژمنی ستراتیژی ئەمریکاو ھاوپەیمان و ھاوبەرژەوەندی خوازی خۆی لە ناوچەکەدا.                                                                                                                                 

ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای کوردستان لە ناوچەکەدا زۆر گرینگترە بۆ رۆژئاوە و ووڵاتێکی وەک فەرەنسا، وەک لەوەی بۆ روسیا، ووڵاتانی زلھێز ھەمیشە بیر لە پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و ھەژموونی جیۆسیاسی خۆیاندەکەنەوە بەسەر جیھاندا، راستە فەرەنسا ھەمیشە لە کات و قۆناغە سەختەکانی رۆژگاری رابردووی کورداندا ھاوکارو پشت و پەنامان بووە، رۆڵیکی گرینگیشی گێرا لە بریاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی،ھەر ئەوەش لەگەڵ نازناو و ناوبانگی دەوڵەتێکی وەک فەرنسا دێتەوە وەک خاوەن شۆڕشی فەرەنسی و نوێگەری لە جیھانی نوێدا، و کە چاوی مرۆڤایەتی لەسەر دنیا و چەمکە مەزنەکانی لیبرالیزم و سوسیالیزم کردەوە بە رووی مرۆڤایەتیدا. بەڵام ئێمەی کورد لەم قۆناغەدا زۆرتر چاوەریدەکەین لەم ووڵاتە، کە یەکێکە لە پێنج ووڵاتە ھەمیشە ئەندامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەی و دڵنیاشین زۆرتر لە توانایدایە بۆ گەلی کورد بیکات لەم قۆناغەو قۆناغەکانی تری داھاتووتی کوردستاندا.                                                                                  

ھەرێمی کوردستان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست رۆڵێکی یەکجار گەورەو یەکلاکەرەوە دەبینێت لە بواری ئابووری و دابینکردنی ئاشتی بۆ ناوچەکە، ھەروەھا نابێت ئێمە رۆڵی سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی لە رابەرایەتیکردنی گەیاندنی ھەرێمی کوردستان بەم قۆناغ و پێگەیەی ئێستای کوردستان و ئاڕاستەکردنی بۆ ئایندەیەکی گەشتر لە بیربکەین، کە فاکتەرێکی تری بەھێزی ئەم رووداوانەن

ئەوە سەلمیندراوە لە زۆربەی ناوەندە سیاسی و نیودەوڵەتیەکاندا، و گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە، کە پێشمەرگەی کوردستان ئەمرۆ بۆتە زامنی پاراستن و ئارامی بۆ ناوچەکە،  لەسەر دەستی پێشمەرگە تواندراوە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەستبێت بەسەر ترسناکترین کارەساتی سەردەم کە تیرۆر و دەوڵەتی بەناوی ئیسلامی بوو، ھەر ئەم ھۆکارەش بوو ئۆڵاندیشی ناچارکرد لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بێت، و شکستی ئەو ھێزە  بەچاوەکانی خۆی ببینێت پێش تەواو بوونی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی، کە ببووە مەترسی گەورە بۆ سەر ناوچەکەو ئۆروپاو دواجاریش زۆربەی ووڵاتانی جیھان.                                                                                                                     

قۆناغی یەکەمی مەترسیەکان بەرەو کۆتای دەرۆن، ئێستا جیھان تێگەیشتووە قۆناغێکی سەختر چاوەریان دەکات ئەویش راستەخۆ پەیوەندی بە ووڵاتانی ئۆروپاو و روسیاشەوە تارادەیەک ھەیە، کە بریتییە لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر وەک ئایدلۆژیاو فکرەی توندرەوەی، کە دواجار ئەگەر چارەسەری خێراو و بنەرەتی بۆ نەدۆزنەوە، بە دڵنیایەوە دەبنە قوربانی یەکەم و جەبھەکانی بەرگری دەگوازرێنەوە ناو جەرگەی ووڵاتەکانیان.                                                                                                                          

بەھۆی بەھێزی ھەژموونی سیاسی و سەربازی روسیا بەسەر ناوچەکادا بە شێوەیەکی گشتی، بەرێز پوتین بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ و لە رێگای لایەنی دووەم ھەمیشە و ھەموو رۆژێک سەردانی کوردستان دەکات، بە پێچەوانەشەوە ووڵاتانی رۆژئاوە ناچار دەبن خۆیان ئەو ئەرکانە رابپەرێنن، و ھەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بدەن لەگەڵ فاکتەرە ھێزەکانی لە ناوبردنی ئەو ھێزە تۆقینەرەی کە جیھان و فەرەنسای ھەراسان  کردووە.                                                                                                                      

دەشکرێ ھاتنی سەرۆک ئۆڵاند بەشێکی گرینگی پەیوەندی بە سەرکەوتوویی سیاسەتی سەرۆک بارزانی لە  ئیدارەکردنی مەلەفی دیپلۆماسی کوردستانەوە ھەبێ. بەڵام لەم قۆناغەی ئێستادا                                                                                                                                           زۆر گرینگە کوردستان ھیچ کاتێک ھەنگاوێکی وا نەگرێتە بەر ببێتە بەشێک لە بازنەیەکی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دژ بە بازنە و پێکھاتەیەکی دیکەی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، پەرە بە مامەڵەکردنێکی ھاوسەنگ  بدات لەگەڵ تەواوی کارەکتەرە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی تردا. .                                                                                                      

دانەر ئەبووبەکر مستەفا