شه‌ڕی سایكۆلۆژیی دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

لیوا ئەحمەد کۆیی

له‌ میدیای عه‌ره‌بی و به‌شێكی میدیای كوردیشدا، له‌ زاری سیاسی و په‌رله‌مانتار و كه‌سایه‌تییه‌ شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌ب و به‌شێك له‌ كورده‌كانی به‌غداش، به‌ به‌رنامه‌ی پیلان بۆ داڕێژراو له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕێكی ده‌روونیی به‌رده‌وامدا، گوێمان له‌ قسه‌ و لێدوان دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌بێ، ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی هێنده‌ ساده‌ و بچووك نییه‌، ته‌نیا به‌ هه‌ڵمه‌تی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و قسه‌ی هه‌رزه‌ سیاسی و په‌رله‌مانتاره‌كان لێكی بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو ڕوانگه‌ی قوڵتری له‌پشته‌وه‌یه‌، به‌گشتی شه‌ڕێكی ده‌روونیه‌، بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا شانازی به‌ نه‌به‌ردییه‌كانیه‌وه‌ ده‌كرێ، هاوكات هه‌وڵێكیشه‌ بۆ به‌لاڕێدا بردنی ئامانجی له‌مێژینه‌ی كورد و ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆی.


ئه‌م پیلانه‌ به‌چڕی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ، هه‌وڵ ده‌درێ له‌ ناوخۆی كوردستان ڕای گشیتی له‌سه‌ر دروست بكرێ و خه‌ڵكی كوردستان به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌یه‌نرێن، كه‌ كوردستان مووچه‌ی نییه‌ و كاره‌بای نییه‌ و ئاو و سووته‌مه‌نی و قوتابخانه‌ی باشی نییه‌، چۆن به‌و شێوه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، پێشمه‌رگه‌ مووچه‌ی نییه‌ و چه‌كی نییه‌ و دابه‌ش كراوه‌، چۆن كوردستانی سه‌ربه‌خۆی پێ ده‌پارێزرێت!


له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌ربه‌خۆییان ڕاگه‌یاندووه‌، هیچ كات له‌سه‌ر ئه‌م شته‌ بچووكانه‌ نه‌وه‌ستاون، مالیزیا و سه‌نگاپوور سه‌ربه‌خۆییان ڕاگه‌یاند، زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام بوون، وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌ربه‌خۆییان له‌ وڵاتانی ئیستعمار وه‌رگرت، ته‌نانه‌ت باڵه‌خانه‌یه‌كیش له‌ شاره‌كانیاندا نه‌بوو، ڕێگاوبانی باش، ئاو و كاره‌با و نه‌وت و مووچه‌، ئه‌مانه‌ نه‌بوون، حاڵی هیندییه‌كان زۆر له‌ سه‌رده‌می داگیركاری به‌ریتانیا خراپتر بوو، دوای ئه‌وه‌ی گاندی شۆڕشێكی سپیی له‌و وڵاته‌ ئه‌نجام دا، ڤێتنامیه‌كان دژ به‌ داگیركاریی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌و ده‌مه‌ هیچ یه‌ك له‌ چه‌كداره‌كانی ڤێتنام مووچه‌ی دۆلارێكیشی نه‌بوو، خه‌ڵكی وڵاتانی دنیا به‌ ته‌واوی توانایانه‌وه‌ پشتیوانیی سه‌ربه‌خۆیی بزاڤی ڕزگاریخوازی نێو وڵاته‌كانیان كرد، سه‌رسه‌ختانه‌ دژی داگیركاری وه‌ستانه‌وه‌، نه‌ خه‌ڵك و نه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان وه‌كو خه‌ڵكی لای ئێمه‌ بیریان نه‌كرده‌وه‌. بێگومان ئه‌وكات و ئێستاش مرۆڤ گه‌ر ناسنامه‌ و شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی له‌سه‌ر خاكی خۆی پارێزراو نه‌بێ، مووچه‌ی هه‌موو دنیا و كاره‌بای 24 سه‌عات و ئاوی پاك و نه‌وتی زستان هیچ بایه‌خێكیى بۆی نابێت.


له‌ سلێمانی مامۆستایان له‌سه‌رده‌می به‌عس له‌ژێر سته‌می زۆری ملازم موحسینه‌كان، به‌دزیه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكان باسی پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خاكی پیرۆزی كوردستانیان به‌ گوێی نه‌وه‌ی نوێ ده‌چرپاند، تا به‌ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ین، ئه‌دی بۆچی ئێچستا له‌پێناو مووچه‌دا له‌ نێوجه‌رگه‌ی ئه‌و شاره‌دا خۆپیشاندان ده‌كرێ و به‌ شان و باڵی عه‌بادیدا هه‌ڵده‌درێ، دڵنیام ده‌ستێكی سیاسی ئه‌مه‌ ده‌كات و به‌ئه‌نقه‌ست و به‌ ئامانجی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی و ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ سه‌ربه‌خۆییه‌، چونكه‌ ئه‌و هوتاف كێشانه‌ بۆ كه‌سانێكه‌ كه‌ مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌ ده‌بڕن، چه‌ك نانێرن بۆ پێشمه‌رگه‌، ناوه‌ ناوه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دوای داعش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان!


ناو و ناتۆره‌ دروستكردن و سووكایه‌تی كردن به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕیشه‌ و بنه‌ڕه‌ته‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نییه‌، ئه‌مه‌ خه‌ڵكانێك له‌ به‌غدا ده‌یانه‌وێ سیاسه‌ته‌كانی سه‌دام حوسێنی گۆڕبه‌گۆڕ دووباره‌ بكه‌وه‌ و مالیكی ئێستا ده‌ست له‌ناوده‌ستی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی عێراقی و كورده‌، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێ ببێته‌وه‌ سه‌دام، به‌ڵام سه‌دامێكی عه‌ره‌بیی شیعه‌. بێگومان كورد و پێشمه‌رگه‌ هیچ سه‌دامێك قبوڵ ناكه‌ن و چاره‌نووسی سه‌دامه‌كانیش له‌ مێژوودا دیاره‌، بۆیه‌ ئه‌و سیاسییانه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندان و له‌ ته‌ك پایته‌ختی ئه‌نفالكراون سیاسه‌تی سه‌دام دژ به‌ كه‌سوكاری خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بێ له‌م خه‌وه‌ قوڵه‌ به‌ئاگا بێنه‌وه‌.


ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ نابێ به‌بچووكی شته‌كان له‌ یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ ببینین، ئه‌ركی ئێمه‌ پاراستنی كوردستانه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ی و ئایینییه‌ جیا جیاكان، ناشبێ دابه‌زینه‌ ئاستی قسه‌ی خه‌ڵكی نابه‌رپرسیار كه‌ له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن و ململانێكان قوڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ژێر په‌یڕه‌و و فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان سه‌رۆك بارزانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانین و بۆ كوردستانێكی ئارام و سه‌ربه‌خۆ تێ ده‌كوشین و خوێن ده‌به‌خشین، چوونه‌ نێو ململانێ سیاسییه‌كان و قسه‌كردن به‌ زمانی خه‌ڵكی نێو فه‌یسبووك، ئه‌ركی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ نییه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ پاراستنی شكۆ و سه‌ربه‌رزیی خاك و خه‌ڵكی كوردستانه‌، هه‌ر لایه‌ن و گرووپێكیش كار بۆ خیانه‌ت كردن له‌ دۆزی ڕه‌وای كوردستان و ده‌ریای خوێنی شه‌هیدان بكه‌ن، گیان له‌سه‌ر ده‌ستین و خیانه‌ت كردن له‌ خاك و نیشتمان و خوێنی شه‌هیدان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ین.


بیر هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕی ده‌روونی دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی خاكی كوردستان و سه‌ربه‌رزی و شكۆمه‌ندیی پێشمه‌رگه‌، ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ناحه‌زان تێكه‌ڵ كردووه‌ پێیان ده‌ڵێین، ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانمانه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین و ڕێگاش ناده‌ین، جارێكی تر ببینه‌وه‌ پاشكۆی به‌غدا. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا و دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوه‌ستنه‌وه‌، چ له‌ناوخۆ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی كوردستان بن، له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن، پێویسته‌ لایان ڕوون بێ، ده‌ستی پۆڵایینی پێشمه‌رگه‌ ساز و ئاماده‌یه‌ و هێشتا ئاره‌قه‌ی شكست و ڕاوه‌دوونانی دڕنده‌ترین گرووپی تیرۆریستی جیهانمان نه‌سڕیوه‌ته‌وه‌، دڵنیا بن خه‌بات و خوێنی پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌.