كورد له‌نێوان حمێمیم و كازاخستاندا

 

هه‌ر كه‌ رژێمی سووریا ده‌ستی به‌سه‌ر حه‌له‌بدا گرت، ده‌موده‌ست رووسیا پارته‌كانی كوردی بانگهێشتی حمێمیم كرد. حمێمیم بنكه‌یه‌كی ئاسمانیی سه‌ربازییه‌ له‌ شاری لازقییه‌، ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی رووسیادایه‌ و كردوویانه‌ به‌ باره‌گا به‌وردی به‌دواداچوونی رووداوه‌كانی سووریا، ئامانجی ئه‌و بانگهێشته‌ش ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌ له‌نێوانی كورد و رژێم له‌باره‌ی ئایینده‌ی ئه‌وان و ره‌وشیان له‌ پاش قۆناغی حه‌له‌ب.


هه‌ندێ لایه‌نی كورد بانگهێشته‌كه‌یان ره‌ت كرده‌وه‌ و هه‌ندێكێش قبووڵیان كرد و وێڕای سوپاسكردنی رووسیا به‌ره‌و حمێمیم چوون. ئه‌و لایه‌نانه‌ی ره‌تیان كرده‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد و پارتی دیموكراتی پێشڤه‌ڕۆ بوون. ئه‌مه‌ش له‌نێو ده‌سته‌بژێری كورددا گۆبه‌ندێكی نایه‌وه‌، ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌ پێیوایه‌ پاساوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد (ئه‌نه‌كه‌سه‌) دروست نین و ئه‌و پشت له‌ به‌رپرسیاریه‌تیی مێژووییانه‌ی خۆی ده‌كات.


جێی ئاماژه‌یه‌، پاساوه‌كانی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌باره‌ی شوێنی دیداره‌كه‌ و چاوگی بانگهێشته‌كه‌وه‌ بوو، مه‌به‌ستیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نێكی سه‌ربازییه‌، كه‌ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ری سووریا (ئه‌لعیماد ئه‌سكه‌نده‌ر) به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئه‌و بانگهێشته‌ی ناردبوو. زۆر كه‌س لایان وابوو كه‌ پاساوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد سه‌رپێیی و ناڕوون بوون، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ده‌سته‌بژێر پێیوایه‌، كه‌ هۆی دیكه‌ش رۆڵی له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌بوو، واشی كرد كه‌ (ئه‌نه‌كه‌سه‌) به‌و بانگهێشته‌ رازی نه‌بێت.


واش دیاره‌ ئه‌نجومه‌ن هه‌ر زوو ویستی هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرا بكات و رای گه‌یاند، ئه‌وان سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی رووسیایان له‌ هه‌ولێر كردووه‌، سوپاسنامه‌یه‌كیشیان پێشكه‌ش به‌ رووسیای فیدرال كردووه‌، هه‌روه‌ها گوتوویانه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هیوا بوون ئه‌و دیداره‌، بۆ نموونه‌، له‌ مۆسكۆ بوایه‌. هاوشانی ئه‌وه‌، له‌و كاته‌ی كه‌ شه‌قامی كورد له‌ كوردستانی سووریا له‌ خۆپیشانداندا بوو، به‌وه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) ناڕِه‌حه‌ت و نیگه‌رانه‌، هه‌واڵی بانگهێشتكردنی ئۆپۆزسیۆن (ئیئتیلاف) و لایه‌نی دیكه‌ش له‌ لایه‌ن رووسیاوه‌ دزه‌ی كرد (ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد به‌شێكه‌ له‌ ئیئتیلاف)، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كازاخستاندا دیدارێكیان له‌گه‌ڵ رژێمدا بۆ ساز بدات. ئه‌مه‌ش ئه‌نه‌كه‌سه‌ی خسته‌ دۆخێكی مۆله‌قه‌وه‌، به‌وه‌ی بانگهێشته‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا ناتوانێ بانگهێشته‌كه‌، ئه‌گه‌ر بۆ كازاخستان بێت، ره‌تی بكاته‌وه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ دزه‌ی كرد، بوو به‌ راست، رووسیا وا هاته‌ پێش كه‌ ره‌وشی ئۆپۆزسیۆنی سووریای به‌توندی له‌ ده‌ستدایه‌، ئیدی رووسیا له‌ ره‌وشی راگواسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكادا، هه‌ر خۆی خاوه‌نداری له‌ دۆخی سووریا ده‌كات به‌ ئۆپۆزسیۆن و رژێمییه‌وه‌، جا لایه‌نی كورد كه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، له‌ حمێمیم ئاماده‌ نه‌بوو، به‌ڵام له‌ كازاخستان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا ئاماده‌ ده‌بێت.


پێشمان سه‌یر نییه‌، كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی سه‌ردانی حمێمیمی كرد كه‌ زۆربه‌یان له‌ (ته‌ڤده‌م) بوون له‌ پاڵ دوو كه‌س له‌ هاوپه‌یمانی دیموكراتدا، به‌ ئه‌نجامێك گه‌یشت ئه‌وه‌ كرۆكه‌كه‌یه‌تی: پێكهێنانی شاندێكی فه‌رمیی كورد بۆ دانوستاندنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ رژێم. گوتراش كه‌ ده‌نگی ناڕه‌زاییش به‌رز بووه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی (ته‌ڤده‌م) باڵی به‌سه‌ر شانده‌كه‌دا گرت، هه‌روه‌ها ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆشی بۆ خۆی قۆرخ كرد. هه‌روه‌ها ئه‌و شانده‌ی ده‌موده‌ست دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ حمێمیم پێك هێندرا، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری له‌ (ته‌ڤده‌م) بوو، ته‌نیا دوو كه‌س له‌ هاوپه‌یمان و كه‌سێكی عه‌ره‌ب و یه‌كی ئاشووری. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا، چاوی له‌ گه‌ڵاڵه‌ نامه‌یه‌كه‌ كه‌ ناوی رێككه‌وتننامه‌ بێت، تا سه‌لامه‌تیی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، نه‌مازه‌ رژێم پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ سه‌ر حه‌له‌بدا گرت، ئیدی به‌هێز بووه‌. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی رژێم و رووسیا و ئێران و هه‌روه‌ها ئۆپۆزسیۆن كه‌ خۆی له‌ (قه‌لغانی فرات)دا ده‌نوێنێ، هه‌موویان ده‌یانه‌وێ سوود له‌ ده‌رفه‌تی ماوه‌ی راگواسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا وه‌ربگرن و دیفاكتۆیه‌كی نوێ بهێننه‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ ره‌وشی كوردستانی سووریا له‌ مه‌ترسیدایه‌، بۆیه‌ زۆرینه‌ سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رووسیادا بگه‌نه‌ لێك تێگه‌یشتن، به‌رله‌وه‌ی گۆزه‌كه‌ به‌سه‌ری كورددا بشكێت.


ماوه‌ بڵێین، كورد له‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردان، ئیدی رووسیا و رژێم و لایه‌نانی هه‌رێمی له‌ سایه‌ی ئاماده‌ نه‌بوونی ئه‌مریكاوه‌، ده‌توانن بگه‌نه‌ لێك تێگه‌یشتنی خۆبه‌خۆ. ئه‌و لایه‌نه‌ی چووه‌ حمێمیم و ئه‌و لایه‌نه‌ی سه‌ردانی كازاخستان ده‌كات، سه‌رله‌نوێ وێنه‌ی كورد ده‌خه‌نه‌وه‌​ روو كه‌ له‌ دووبه‌ره‌كیدان، هه‌موو ئه‌زموونه‌كانیش سه‌لماندوویانه‌ كه‌ دووبه‌ره‌كی ئه‌نجامێكی نابێت. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستانی سووریا پتر له‌ هه‌ر كاتێك، ئێستا پێویستی به‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌یه‌.