ئیسلامییه‌كانی كوردستان و شه‌ڕی داعش

ئایین و توندوتیژی - 34


به‌شی چواره‌م


ره‌وته‌ ئایینییه‌ سیاسی و ناسیاسییه‌كانی كوردستان
مه‌به‌ست له‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان حزبه‌ ئیسلامییه‌ ره‌سمییه‌كانی كوردستان و ئه‌و گرووپه‌ دینییانه‌ن كه‌ به‌ئاشكرا هه‌ست به‌ بوونی رێكخستنه‌كانیان له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌كرێ، با ناوی حزبیشیان له‌ خۆیان نه‌نابێ.


له‌ كوردستان سێ حزبی ئیسلامیی سیاسی هه‌ن:


1- یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان: حزبێكی مه‌ده‌نیی پاشخان ئیخوانییه‌ و له‌ 6ی شوباتی ساڵی 1994 وه‌ك حزب دامه‌زراوه‌، كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا ئه‌و رۆژه‌ به‌ (ئیعلانی حزب) ناوی ده‌بات نه‌ك دامه‌زراندن، ئه‌ویش له‌و رووه‌وه‌ ساڵانێك له‌وه‌وبه‌ر وه‌ك رێكخستن هه‌بووه‌، هێنده‌ هه‌یه‌ له‌ژێر ناوی حزبێكی ره‌سمیدا نه‌بووه‌. ئه‌م حزبه‌ له‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئایاری ساڵی 2012 سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی بوو، پاش ئه‌وه‌ی ناوبراو له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می حزبه‌كه‌ له‌ ئایاری 2012 خۆی بۆ پۆسته‌كه‌ی كاندید نه‌كرده‌وه‌ و محه‌مه‌د فه‌ره‌ج به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو به‌ دووه‌م ئه‌مینداری گشتیی حزبه‌كه‌، به‌ڵام له‌ دوایین كۆنگره‌یان (له‌ ئایاری 2016)، جارێكی تر سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین بووه‌وه‌ به‌ ئه‌میندار. یه‌كگرتوو كاتی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ 10 كورسیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌ سێ وه‌زیر به‌شداریی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.


2- كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان: ئه‌م حزبه‌ حزبێكی پاشخان جیهادییه‌، پاش لێكترازانی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی به‌رابه‌رایه‌تیی ره‌حمه‌تی مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز له‌ ئایاری 2001، كه‌ كه‌متر له‌ دوو ساڵ پێشتر له‌ یه‌كگرتنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی پێكهاتبوو، دامه‌زرانی خۆی راگه‌یاند و له‌و كاته‌وه‌ عه‌لی باپیر ئه‌میریه‌تی.. كۆمه‌ڵ ئێستا 6 كورسیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ و به‌ دوو وه‌زیریش به‌شداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كردووه‌.


3- بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ كوردستانی عێراق: حزبێكی پاشخان جیهادییه‌، له‌ ساڵی 1987 له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌لا و كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان كه‌ نه‌یاری رژێم بوون، له‌ ئێران دامه‌زرا و مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز بوو به‌ رابه‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌. ئه‌گه‌رچی پاش یه‌كگرتنی بزووتنه‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕین له‌ ئابی 1999، ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی، به‌ڵام پاش لێكترازانه‌كه‌ و جیابوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و جوندولئیسلام و ئیسڵاح (باڵی نه‌جمه‌دین كرێكار، كه‌ به‌ مه‌لا كرێكاریش ناو ده‌برێ) له‌ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوون، ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ و زیاتر له‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌ بزووتنه‌وه‌كان بوون، گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ناوه‌كه‌ی پێش یه‌كبوونه‌كه‌. ئێستا عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز رابه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌یه‌ كه‌ كوڕی دووه‌م رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ (مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیزه‌). بزووتنه‌وه‌ یه‌ك كورسیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ و له‌ حكوومه‌تدا به‌شدار نییه‌.


ئه‌م دوو حزبه‌ی دوایی پاش روخانی رژێمی سه‌دام، به‌ فشاری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌رداری چه‌كه‌كانیان بوون و مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ریی حزبه‌كانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌و كاته‌وه‌ وه‌ك دوو حزبی مه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن.


ره‌نگه‌ رێكخستنی سیاسیی تریش هه‌بن كه‌ من زۆر ئاگام لێیان نه‌بێ، له‌وانه‌ بۆ نموونه‌ ره‌وتی سه‌ر به‌ (مه‌لا كرێكار)، كه‌ دیاره‌ هه‌واداری خۆی هه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ حزبێكدا خۆیان رێك نه‌خستووه‌، له‌ سێپته‌مبه‌ر یان ئۆكته‌ربی 2016 بوو مه‌لا كرێكار له‌ دیمانه‌یه‌كی كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی)دا ئاشكرای كرد شه‌ش مانگه‌ كار له‌سه‌ر داڕشتنی پرۆژه‌ی رێكخستنێكی ئیسلامی داده‌ڕێژێ و ته‌واوی كردووه‌ و به‌نیازن له‌ ئاینده‌یه‌كی گونجاودا كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی گرێ بده‌ن.


له‌م ساڵانه‌ی دواییدا د. محه‌مه‌د بازیانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پێشووی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش پاش دوایین جیابوونه‌وه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ حزبێكی به‌ناوی بزاڤی چاكسازی و گه‌شه‌ دامه‌زراند و خۆی (رێكخه‌ری گشتی)ی رێكخراوه‌كه‌یه‌، كه‌ وه‌ك له‌ لێدوانه‌كانیدا دیاره‌ ده‌یه‌وێ حزبێك بێ له‌ شێوه‌ی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا و به‌ لیستێك به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كوردستان له‌ 21ی ئه‌یلولی 2013 كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ كورسییه‌ك به‌ده‌ست بێنێ.


* ره‌وته‌ ناحزبیه‌كان:


جگه‌ له‌ حزبه‌كان ژماره‌یه‌ك ره‌وتی تری ئایینی هه‌ن كه‌ وه‌ك حزب نه‌ناسراون به‌ڵام بوون و چالاكییان به‌رچاوه‌، له‌وانه‌:


* سه‌له‌فیه‌كان: كه‌ له‌ جۆری سه‌له‌فیی زانستی یاخود وه‌ك خه‌ڵك ده‌ڵێن، سه‌له‌فیی مه‌دخه‌لین، نه‌ك سه‌له‌فیی جیهادی. ئه‌مانه‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یان زۆره‌ و كه‌ناڵێكی ئاسمانییان هه‌یه‌ به‌ناوی (ئامۆژگاری) له‌گه‌ڵ رادیۆ و بڵاوه‌كراوه‌ی جۆراوجۆر، ره‌تیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وان حزب بن یان باوه‌ڕیان به‌ حزبایه‌تی هه‌بێ. ئه‌مانه‌ جیاواز له‌ سه‌له‌فیه‌تی جیهادی كه‌ دژی رژێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی وڵاتانیانن، ده‌سه‌ڵاتی ئارا به‌ شه‌رعی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ (وه‌لی ئه‌مری موسڵمانان) و گوێڕایه‌ڵیكردنی به‌ واجب داده‌نێن.


* نوورییه‌كان: ره‌وتێكی تر هه‌ن پێیان ده‌وترێ جه‌ماعه‌تی نوور، كه‌ به‌شێكن له‌ ره‌وتی نوورییه‌كانی سه‌ر به‌ رابه‌ری ئایینیی ناسراوی توركیا فه‌تحوڵا گویله‌ن، كه‌ خۆیان به‌ درێژه‌پێده‌ری قوتابخانه‌ی به‌دیوعوززه‌مان سه‌عیدی نوورسی (1877-1960) نووسه‌ری په‌یامه‌كانی (نوور) داده‌نێن. ئه‌مانه‌ له‌ پاش راپه‌ڕینه‌وه‌ چالاكی و جموجوڵیان له‌ كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی حزبێكی سیاسیدا خۆیان ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌نێو قوتابیان و لاواندا چالاكی و رێكخستنیان هه‌یه‌، ماوه‌یه‌ك كۆلێژه‌كانی ئیشق و نیلۆڤه‌ر هی ئه‌وان بوون و له‌ڕێی لقه‌كانی ئه‌و كۆلێژه‌وه‌ كه‌ له‌ 1995 له‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌ و ئێستا لقیان له‌ سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌یش كردووه‌ته‌وه‌. كه‌متر خۆیان له‌ قه‌ره‌ی لێدوانی سیاسی ده‌ده‌ن، به‌ڵام پشتیوانییان بۆ ره‌وتی گویله‌نیه‌كانی توركیا ئاشكرایه‌ و بڵاوكراوه‌كانی گویله‌ن بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و بڵاوكراوانه‌ی له‌ میوانداریه‌كدا ده‌ست منیش كه‌وت، ده‌قی لێدوانێكی فه‌تحوڵا گویله‌ن بوو له‌باره‌ی كاره‌كانی داعش، كه‌ به‌ (تیرۆریست) ناوی ده‌بات و كاره‌كانی به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یامی ئیسلام داده‌نێ، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیش له‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌كا كه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا رووبه‌ڕووی داعش وه‌ستاون. گویله‌ن ده‌ڵێ: "ئیدانه‌ی ئه‌و سته‌مه‌ وه‌حشیگه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستی (داعش)ه‌وه‌ به‌خۆحه‌شاردان له‌ژێر ناوی ئاییندا ئه‌نجام ده‌درێن، هاوكات ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی له‌ هه‌رچوار لای جیهانه‌وه‌ ده‌كرێن بۆ كۆتاییهێنان به‌ كرده‌وه‌ دژه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ و راپێچكردنی بكه‌ره‌كان له‌ زووترین كاتدا بۆ به‌رده‌م دادگا. هه‌موو جۆره‌ فشار و سته‌م و هێرشێك بۆ سه‌ر كه‌سانی سیڤیلی بێتاوان به‌ته‌واوی دژیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئه‌سڵییه‌كانی قورئان و سوننه‌ته‌كانی سه‌روه‌رمان (د.خ). شوێنكه‌وتوانی (داعش) ئه‌گه‌ر ده‌سكه‌لای كۆمه‌ڵێ هێزیش نه‌بن، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌ جاهیلێكن كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كرۆكی ئایینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان نه‌​ناسیوه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن تیرۆره‌ و پێویسته‌ هه‌ر به‌و ناوه‌یش ناوزه‌د بكرێن".


هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "به‌بۆنه‌ی ئه‌م رۆژه‌ تاڵ و پڕ ئازارانه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ و ئاكنجی توركمان و سه‌ربازانی سوپای عێراق ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌ره‌كاندا گیانیان به‌خت كردووه‌.."..