شه‌ڕه‌ بالیف

كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ - 61

به‌ چاوی خۆم دى له‌سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ خه‌تێكی ناڕێكی ره‌ش نووسرابوو: هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كوردزمان..
كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ هه‌رای نایه‌وه‌، هه‌بوو به‌ سووكایه‌تی به‌ كوردی خوێنده‌وه‌، به‌ فیتی جاشی تێگه‌یشتن، جاشی له‌ جاشانیش، چونكێ هه‌موو جاشێك كاری وا ناچیزه‌ ناكات، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س به‌ كاری شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌ژمار كرد و وا بزانم حه‌مه‌د مه‌ستان بوو گۆتی:
خۆ سه‌رپشتی كه‌رێ له‌ ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌فتێ پیستر نییه‌، ئه‌دی لۆ له‌وێ ده‌نووسرێ!
مه‌لارۆكیشم دیت شووشه‌یه‌ك نه‌فتی ده‌ستدایێ، كه‌ری كورد له‌ پشتێی گرت و كه‌وته‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی بۆیاغی سه‌رپشتی، هه‌بوو گومانی لۆ وی چوو، به‌ڵام سوێندی به‌ زاد (گه‌نم و جۆ)ی بنیاده‌م و كه‌ران ده‌خوارد كه‌ ده‌ستی ویی تێدا نییه‌..
ئه‌ی ره‌قیبی سه‌ر چاكه‌تی مامۆستاش هێنده‌ی قه‌ومی كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ ده‌نگی داوه‌، له‌ قوتابخانه‌وه‌ به‌ ئیسكاندا هات و هه‌موو به‌لاشاوه‌ی گرته‌وه‌، بزانه‌ سه‌ربرده‌ی چاكه‌ته‌كه‌ چۆنه‌:
مامۆستایه‌ك هه‌یه‌، كاتێ داده‌نیشێ و لاق ده‌خاته‌ سه‌ر لاق و ده‌كه‌وێته‌ قسه‌، پێڵاوی له‌ پێ بكه‌وه‌ ئاگای لێ نییه‌، قووڵ رۆده‌چێته‌ ناو باس و خواسان، ئه‌گه‌ر باسه‌كه‌ شتێكی ئه‌وتۆش نه‌بێ، ئه‌و گه‌وره‌ی ده‌كات و په‌لوپۆی لێ ده‌بێته‌وه‌، باسی دارا و زارا بكات، ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئاده‌م و حه‌وا و ده‌ركردنیان له‌ به‌هه‌شتێ. باس باسی مێوژی مام زۆراب بێ، ده‌مانباته‌وه‌ ناو ره‌ز و باخی خۆشناوه‌تی و چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی دار و دره‌ختان. ئێ، له‌ قسه‌ی مامۆستا گه‌ڕێ، با چاو ده‌ینه‌ سه‌ر چاكه‌تێ، مامۆستا هه‌ستا سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شی، له‌سه‌ر دامه‌نی چاكه‌تی سپی، لای چه‌پی، به‌ خه‌ته‌كی خۆشی ره‌ش (ئه‌ی ره‌قیب)ه‌كی له‌ په‌نجه‌ پانتر، وه‌ك بڵێی ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ها نه‌خشابوو، مه‌گه‌ر جۆته‌ خوشك وا بینه‌خشێنن.
پۆل ده‌زانێ كه‌رخی ئه‌و كوڕه‌یه‌ كه‌ به‌ جووته‌ پێنووسی دار جوان ده‌نووسێ، ئه‌و وانه‌یه‌ مامۆستا تا ده‌ستی شل بوو له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش شتی نووسی، به‌ڵام پۆل به‌ ده‌نگی نزم چاكه‌تی مامۆستایان خوێنده‌وه‌، له‌ناو جاده‌ و كۆڵان و گه‌ڕه‌كیش گۆتیانه‌وه‌، وا بزانم مامۆستا هه‌وكه‌ش پێوه‌ نه‌یزانی ئه‌ی ره‌قیبی پێوه‌ بوو!
ئه‌دی ئه‌ی ره‌قیبی ده‌ست و په‌نجه‌ی جۆته‌ خوشك! ئه‌گه‌ر به‌ كامی دڵ قسه‌ له‌ نه‌خش و نیگاری جۆته‌ خوشك نه‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كۆڵانێكی جوانی به‌لاشاوه‌ له‌ نه‌خشه‌ی به‌لاشاوه‌ بسڕمه‌وه‌، ئاخر چ سه‌رنان و به‌رگه‌ بالیف و به‌رگه‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و په‌رده‌ی ده‌لاقه‌ و په‌نجه‌ره‌، تۆ په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستیشی به‌گه‌ڵ بده‌، نییه‌ نه‌خشی په‌نجه‌ی وانی پێوه‌ نه‌بێ. ئه‌وه‌ی نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشكی دیتووه‌، شایه‌دی ده‌دا كه‌ (مانی)یش هه‌ر وا نه‌خشی نه‌خشاندووه‌.
ماڵی جۆته‌ خوشك له‌وسه‌ر كۆڵانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌كدا پێچ بكه‌یته‌وه‌، ده‌كه‌ویه‌ كۆڵانی ماڵی شفتیفرۆشه‌كه‌، با بڵێین كۆڵانی پێنج شه‌هید، دیاره‌ من دواترێ ئه‌و ناوه‌م لێی ناوه‌، ده‌نا له‌ به‌لاشاوه‌ كۆڵانێك نییه‌ به‌و ناوه‌، ئێ، له‌ ماڵیان گه‌ڕێ، بزانین نه‌خش و نیگاریان چۆن به‌ ماڵاندا ده‌گه‌ڕێ..
هه‌ر ده‌بێ به‌ به‌ندێكی پلكه‌ به‌ندبێژ بچینه‌ سه‌ر باسی جۆته‌ خوشك، ئاخر تا به‌ندی وی هه‌بێ، سه‌رهاتخوان ناوی خوداشی به‌ زاردا نایه‌، به‌ندی وی (هه‌بوو نه‌بوو)ه‌، تۆبه‌ خودایه‌! خوداش به‌دوای ویدایه‌، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ به‌ندێكی درێژ، درێژتر له‌و رسته‌ی له‌ حه‌وشه‌ی گه‌وره‌ی ماڵی جۆته‌ خوشك، هه‌میشه‌ چه‌ند پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌خشدار، تۆ بڵێ ئاڵای به‌ سه‌ره‌وه‌ هێند به‌ ناز ده‌شه‌كانه‌وه‌، جۆته‌ حاجی له‌قله‌قه‌كه‌ی هه‌ولێرێش مرخیان لێ خۆش كردبوو. به‌نده‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ كۆڵانی ماڵی كه‌ویاریش درێژتر بوو، به‌ڵام من چ مێشكم ماوه‌! حه‌یف هه‌ر هێنده‌م بیرماوه‌:
جۆته‌ خوشكه‌ك هه‌ن له‌وسه‌ری
كراسی باخیان له‌به‌ری
فۆته‌ی گوڵداریان له‌سه‌ری
شاریان نه‌خشاند سه‌رله‌به‌ری
كراسی به‌ری جۆته‌ خوشك چ ته‌رز و ره‌نگ بوون، نایه‌نه‌وه‌ به‌ر بیناییم، به‌ڵام فۆته‌ی سه‌ریانم له‌ چاوه‌، گوڵه‌ به‌یبوون وخه‌زێمه‌یان لێ چنراوه‌، هێند جوانیان ده‌به‌ست، ئه‌و ژنانه‌ی ده‌مێك بوو فڕێیاندابوو، به‌ دیتنی وان بۆ فۆته‌ گه‌ڕانه‌وه‌، نه‌خشی فۆته‌ش هه‌ر چنراوی ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆیان بوو. جۆته‌ خوشك وه‌ها تێكه‌ڵی نه‌خش و چنینن، ناپرژێنه‌ سه‌ر هیچ، نه‌نه‌ خانی دایكی سوڵتانه‌ شێت گۆته‌نی: له‌بیریان چووه‌ شته‌ك هه‌یه‌ مێردكردنی ده‌ڵێنێ.. چاوچاوانێ و حه‌زحه‌زۆكێ و ئه‌و شتانه‌ش نازانن چییه‌، لۆ جوانیش له‌ جوانان بوون، به‌ژن لاولاوی، پرچ خاوی، به‌ڵه‌ك چاوی، له‌وانه‌ بوون وه‌ك ده‌ڵێن برای خۆیان عاشقیان ده‌بوو..
ده‌رێ و گه‌ڕانیان نییه‌، كه‌مه‌، چ جێ پێ نازانن، به‌ره‌ جه‌ژنانێك له‌بن قه‌راتێ له‌ دایكیان داده‌ده‌بڕێن، به‌ ساكه‌گۆڕی و ریم و پاسان ناكه‌ونه‌وه‌، بۆ بانگه‌واز ده‌چنه‌ مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قان، مه‌لا ئه‌وها بانگ راده‌دێرێ:
دوو كیژۆره‌ له‌پێش ده‌ركه‌ی مزگه‌فتی خانه‌قایێ چاوه‌ڕێی داكیان ده‌كه‌ن..
جۆته‌ خوشكی ده‌ستڕه‌نگین دێنه‌ كۆڵانێش، ده‌رزی و ده‌زوویان له‌ ده‌سته‌ و په‌ڕۆ ده‌نه‌خشێنن، دایكیان گۆتبووی:
ده‌ست به‌ ده‌رزییه‌وه‌ خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌..
ئه‌دی ده‌رزی له‌ مه‌مكی گه‌وره‌كه‌یان رانه‌چوو! لێی پیس نه‌كرد!! ده‌رزی، دوای ده‌رزی بڕێ! كچ خه‌وی لێ ده‌كه‌وێ و ده‌رزی له‌بیر ده‌چێ، له‌ خۆ وه‌رگێڕانێ ده‌رزی له‌ مه‌مكى راده‌چێ.. دكتۆری هه‌ولێر و مووسڵێ نه‌ما پێی نه‌كه‌ن، بردیانه‌ به‌غداش، خوای نه‌خش و نیگار كردی هێشتییه‌وه‌ و نه‌یكوشت، بابی سێ جوانه‌گای له‌ خۆی گرتبوو، ده‌مه‌ و عه‌سرانێ ماڵ نه‌بوو له‌ به‌لاشاوه‌ له‌گه‌نه‌ گۆشتێكی بۆ نه‌چێ، خوشكی گچكه‌ش به‌رگه‌ بالیفی نه‌خشداری له‌خۆ گرتبوو، پاشۆڵێكی به‌خشی، ئێمه‌ش به‌رمان كه‌وت، له‌ ماڵێ له‌سه‌ری به‌شه‌ڕ هاتین، شه‌ڕه‌ بالیفێكمان كرد ده‌تگوت رێوی چۆته‌ كۆڵیتی مریشكان، له‌ به‌ر په‌ڕه‌مووچه‌ چاو چاوی نه‌ده‌دی، بالیفه‌كان چنگێ كه‌متریان لێ مایه‌وه‌! خۆ له‌بیرتانه‌ هه‌ینێ بالیف په‌ڕه‌مووچه‌ی تێدابوو، هه‌ر ئێمه‌ نا، منداڵ نه‌بوو له‌سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك به‌ شه‌ڕ نه‌یێ!
ئاخر سه‌رنانه‌ و سه‌ربالیفی وان، وه‌ك چوونه‌ ناو په‌پووله‌ و گوڵان وایه‌، ئه‌و به‌رگه‌ی شه‌ڕه‌ بالیفی له‌ ماڵی ئێمه‌ نایه‌وه‌: عه‌رده‌كه‌ی به‌ لای مۆریدا ده‌ڕوانی، دوو په‌پووله‌ باڵیان لێك كردۆته‌وه‌، یه‌كیان سپی سپی، پنتی ره‌شی تێدا، ئه‌وی دی پرته‌قاڵی هێل هێل، هێلی باریكی شینی ئاسمانیی تێدا، له‌پێش په‌پووله‌كان گوڵێكی سوور به‌ لاسكێكی ناسكه‌وه‌، له‌نێوان گوڵ و په‌پووله‌ سێ چوار په‌ڕی گوڵ وه‌ك بڵێی له‌ سه‌ما دان، یان خۆیان بۆ پێشوازیی په‌پووله‌كان راخستبێ، له‌سه‌رێ دوو په‌ڵه‌ هه‌وری نازانم چ ره‌نگ، وه‌ك بڵێی كه‌وتبنه‌ به‌ر تیشكی زه‌رده‌په‌ڕ، ته‌نكه‌ سێبه‌ریان به‌سه‌ر په‌پووله‌ و گوڵه‌وه‌ دیاره‌..
نه‌خشی سه‌ر بالیفه‌كه‌ی كه‌ویاریشم له‌ چاو نه‌خشاندووه‌ و دوای ئه‌و هه‌موو نه‌خشه‌ و ره‌نگه‌ی به‌سه‌ر دنیادا هات، ره‌ش نه‌بۆته‌وه‌، دنیاش كاول بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك به‌ هێل و ره‌نگه‌وه‌ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌:
وێنه‌ی ناوله‌پێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ په‌نجه‌ی شوو شوو باریكه‌وه‌، چ په‌نجه‌یێ، له‌ شێوه‌ی په‌لكی دار بی، نینۆكی پێنج په‌لكه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ندووكی كه‌ون، سوور ده‌چنه‌وه‌، كه‌ویار گۆتبوویه‌ كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان:
كاتێ سه‌ر ده‌خه‌مه‌ سه‌ر بالیفی خۆم هه‌ست ده‌كه‌م گوێم له‌ ده‌نگی كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌یت، وه‌ره‌ له‌سه‌ری بخه‌وه‌..
خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و قسه‌ی به‌ من گۆتبا.
بالیفی كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش، نه‌مدیتبوو، به‌ڵام به‌ قسه‌ی خۆی بێ، نه‌خشه‌كه‌ی دوو باڵی په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌، هه‌ر باڵه‌ی به‌ لایه‌كدا ده‌فڕێ، هه‌ندێ پووشیش وه‌ك بڵێی با هه‌ڵیگرتبن، به‌ ئاسمانه‌وه‌، شتێكی گچكه‌ش له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌ پێده‌چێ ده‌ندووك بێ، كچه‌ له‌ جۆته‌ خوشكی پرسیبوو:
ئه‌و به‌رگه‌ بالیفه‌ زۆر جوانه‌، به‌ڵام تێناگه‌م لۆ ئه‌وهایه‌!
گۆتبوویان:
له‌ تێگه‌یشتن گه‌ڕێ، جوان، جوانه‌!
نه‌خشی ده‌ستی سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك، ده‌ستاوده‌ست ده‌كه‌ن، ژن و كچانی گه‌ڕه‌ك، ئه‌وانه‌ی ده‌ستی نه‌خش و چنینیان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌پێش ئاوێنه‌ له‌ خۆ ورد ده‌بنه‌وه‌، ئاوا به‌ دیار نه‌خش و ره‌نگی جۆت خوشكه‌وه‌ راده‌مێنن، به‌ڵام په‌نجه‌یێ له‌ ره‌نگی په‌نجه‌ی ئه‌وان په‌یدا نه‌بوو، نه‌خشی سه‌ر به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك له‌ دووره‌وه‌ ده‌ناسرانه‌وه‌، سه‌رنانی ده‌ستی وان رۆژیی به‌ رۆژیوانان ده‌شكاند، دڵگیراوی ده‌هێنایه‌ سه‌ر خوان، هه‌ر كه‌سێ نه‌خشی سه‌رنانی ئه‌وانی له‌سه‌ر تلیانه‌ی نانێ ده‌دی تازه‌ش له‌سه‌ر نانێ هه‌ستابا، حه‌زی ده‌چووه‌ نان، جۆته‌ خوشك به‌ سه‌د ته‌رز نه‌خشیان ده‌نه‌خشان، ده‌ بڕوانه‌ ئه‌و سه‌رنانه‌:
عه‌رده‌كه‌ی ره‌نگ جۆییه‌، جۆی ره‌ش، له‌ناوه‌ندێ به‌ ره‌نگی سپی، له‌ گه‌نم سپیتر نانێكی نه‌خشاندووه‌، له‌ نه‌خشاندنێ دیاره‌ ته‌نكه‌، ته‌نك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵیش ته‌نكتر، له‌ چوارده‌وری نانه‌كه‌ سێ چوار ئه‌نگوتكی قیت، له‌ مه‌مكی خۆیان قیتتر، له‌ ره‌نگ له‌ چ ئه‌نگوتكێ ناچن، ره‌نگی مێوژی ره‌شیان گرتووه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناوبرێشكێ به‌ سێ په‌نجه‌وه‌ دیاره‌، ناوبرێشك ره‌نگی نانی نه‌ختێك سووتاوی گرتووه‌، په‌نجه‌ش ده‌ڵێی ئێستا له‌ خه‌نه‌ی گرتووه‌، ئه‌نگۆ بڵێن، خۆتان له‌ خودا مه‌كه‌ن، نه‌خشی واتان له‌سه‌ر سه‌رنان دیتووه‌!
چاوده‌نه‌ سه‌رنانه‌كه‌ی ماڵی نه‌نه‌خان، دوو گوڵه‌گه‌نم به‌ لاسكی درێژه‌وه‌، به‌ گوڵی ره‌ژگوڵ ده‌چن، پرژیان ره‌ش ره‌ش ده‌ڵێی برژانگی خۆیانه‌، له‌وێیان نه‌خشاندووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ چاو و برۆی جۆته‌ خوشكیان بینیبێ، قسه‌كه‌م لێ وه‌رده‌گرن، له‌نێوان دوو گوڵه‌كه‌ ره‌وسه‌ی گه‌نم له‌ شێوه‌ی له‌گه‌نه‌ پڵاوساوار هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ش ته‌باره‌یه‌ك ده‌ڵێی په‌له‌ هه‌ورێكی ته‌نكه‌ به‌ سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ نیشتۆته‌وه‌، شاتكه‌ شێت گۆته‌نی:
ده‌وجا وه‌ره‌ حه‌زت نه‌چێته‌ نانی بن سه‌رنانێ!
به‌ شاتكه‌ شێت سه‌ری پشیله‌م بیركه‌وته‌وه‌، جۆته‌ خوشك له‌سه‌ر خواست نا، به‌ دڵی خۆیان نه‌خشیان ده‌نه‌خشاند، به‌ڵام دڵی شاتكه‌یان نه‌شكاند، پێی گوتبوون: مشك هه‌راسانی كردم، نه‌ده‌رمان كاریان تێ ده‌كات، نه‌ له‌ پشیله‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، پشیله‌ی سه‌ر گه‌وره‌م له‌ ئێوه‌ ده‌وێ..
جۆته‌ خوشك سه‌ری سێ پیشیله‌یان له‌ سه‌رنانێ نه‌خشاند، له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای تلیانه‌ی نانت كردبا، پشیله‌ چاوی له‌ چاوت بڕی بوو، به‌ڵام چ پشیله‌یه‌ك، هێند جوان هێند جوان، مشك نه‌ك هه‌ر لێی ناڕه‌وێنه‌وه‌، حه‌زده‌كه‌ن بۆی بچنه‌ ژوان!
به‌رگی رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكانیش ده‌ستكردی جۆته‌ خوشكه‌، له‌ ته‌نكی و ناسكی له‌ تارای بووك ده‌چێ، دوو چاوی گه‌شی له‌سه‌ر چنرابوو، تا هه‌ینێ چاوی چ بووكێ وا نه‌ نه‌خشابوو.. دواترێ له‌پێش قاپیی مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قێ به‌رگێكم به‌ رادیۆی ده‌ستی عه‌مۆ جه‌لیله‌وه‌ دیت، هه‌ر ده‌بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بووبێ..
ئه‌دی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵی فازیل رێحانه‌، وه‌ی وه‌ی! چه‌ند چڵه‌ رێحانه‌یه‌كی لێ چنراوه‌ هه‌ر ده‌ڵێی به‌ راستییه‌، ده‌ڵێی رێحانه‌ی سه‌ر به‌ڕكی رێحانه‌یه‌..
له‌سه‌ر په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستێش، مه‌سینه‌ی وایان ده‌چنی، ده‌ستت بۆی ده‌برد له‌گه‌ڵ خۆت بیبه‌یه‌ ژۆرێ..
ئۆی، تا ئه‌و سه‌ری گه‌ڕه‌كێ له‌ ئه‌ی ره‌قیب دووركه‌وتمه‌وه‌، ئه‌ی ره‌قیبه‌كم له‌ ماڵی بڕنۆ دیت، له‌سه‌ر په‌رده‌ی ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی كه‌ پێشتر وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مه‌لا مسته‌فای به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، له‌سه‌ر په‌رده‌ی شین كۆمه‌ڵێ پیتی سووری په‌رت و بڵاو دیارن، زۆری برد تا پیت پیت لێكم دان و بوونه‌ (ئه‌ی ره‌قیب...) ئه‌وه‌ش نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بوون..
به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك، هه‌ر له‌ به‌لاشاوه‌ نا، په‌ڕیه‌وه‌ به‌ری گڵكه‌ند و سه‌یداوه‌، به‌ شاردا بڵاوبۆوه‌، گه‌یشته‌ ده‌ڵاڵخانه‌ی ناو قه‌یسه‌ری، گوێیان لێ بووه‌، پیرێژن له‌ناو په‌ڕۆوپاتاره‌وه‌ هاواری كردووه‌:
وه‌رنه‌ به‌رگه‌بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشكان..
یه‌ك جۆته‌ خوشك هه‌بوو، وه‌ك چۆن له‌دوای ده‌روێش برایم بانگدان حه‌رامه‌، له‌دوای مام دێوانه‌ زوڕنا و له‌دوای مه‌لا عه‌بدوڵای ده‌فژه‌ن، ده‌ف بێ تامه‌، له‌دوای جۆته‌ خوشكیش چ ره‌وا نییه‌ كه‌س ده‌ست بۆ نه‌خش و چنین ببات! داخی گرانم، جۆته‌ خوشكیش به‌ ده‌ردی شه‌هابه‌ی هه‌ولێری و مینكه‌ی شمشاڵژه‌ن چوون، له‌دوای خۆیان هه‌ستانێ، ئاوازێ، نه‌خشێ بۆ شار به‌جێ نه‌ما..
جۆته‌ خوشك دێنه‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، ئێستا ده‌بێت به‌ ده‌وری رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكان بازنه‌ ببه‌ستین و گوێ له‌ ده‌نگی (ئێره‌ ده‌نگی..) بگرین.