سروە زۆر لەوە زیاتری گوتووە...!

گوتراوە لەدز وابێ ھەمووکەس دزە، سروە لەوەتەی لەبەغدا کراوەتە پەرلەمانتار لەھەوڵی خۆشیرینکردنە لەبەرچاوی شۆفینیەکانی عەرەب و ھەر رۆژە لەسەر شاشەی کەناڵێکیان لێدوان و قسەی بێ سەروبەر دژبە ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە ئەکات و لەمەیان خەریکە گرەو لە فەتلاوی و عالیە نوسەیف و ئەمسالەکانی ئەباتەوەو بەو ئومێدەی بەلەدەست لەپشتدانی نەیارانی کوردوکوردستان و سوکایەتیکردن بە پیرۆزیەکانی میللەتەکەمان ناوی بچیتە تۆماری گیتس!

ئەمجارەیان لە کەنالی(دجلە)ی نزیک لە مالیکی و لەبەرنامەی ( بەڕاشکاوی)، زۆر راشکاوانە سووکایەتی بە شێرەژنانی پێشمەرگە کردو پێشی وابوو زۆر بە ئاسایی بەسەریدا تێئەپڕێ.دواتر کە دیتی دەنگی ناڕەزایی لەگشت لاوە بەرز بووەوەو تێ گەیشت چیکردوەو چیگوتوە،ئەڵێ: ئەوە پارتیەکانن عەرەبی نازانن و قسەکانی منیان شێواندوە! ئێ باشە خۆئەو بەحیساب راگەیاندکارەو عەربیش باش ئەزانێ و بە کۆی  ژنە شەھیدی پێشمەرگەش ئەڵی: (ویبیعون انفسھم)  دەبا خۆی و عەرەبیزانەکانی پێمان بڵێن ئەگەر ئەم دەستەواژەیە کت و مت (خۆیان ئەفرۆشن) نەبێ ئەبێ چی بێ؟!سەیرە! ھەنوکە لەترسی روبەڕوبوونەوەی دادگا، تێگەیەندراوە کە باشترە بڵێ:من مەبەستم بووە بڵێم:(گورچیلە)یان ئەفرۆشن! توخوا کەس ھەیە جیاوازی نێوان خۆفرۆش و گورچیلە فرۆش نەزانێ کە یەکەمیان ناموس فرۆشتن و دووەمیشیان گورچیلە فرۆشتنە؟ ئاخر قەسابیش گورچیلە ئەفرۆشێت.

بەداخەوە سروەخان ھەرلەو دیمانە تەلەفزیۆنیە زۆر لەوە زیاتریشی گوتوە. لەوێدا چەندین بوختان و سوکایەتی دیکە بە پێشمەرگەو ھەرێمی کوردستان ئەکات کە ئەشێ کاری دوژمنانی کورد بی نەک ھی نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان بێ لە بەغدا، لەوانەش:

*ئەڵی: زۆر راستە ھەرێمی کوردستان عەرەبیان(تھجیر _ دەربەدەر) کردوەو خانووی روخاندوون.ناوی پێشمەرگەش بە(جندی_سەرباز)دێنێ و ئەڵێ خەتای سەرکردەو سەرۆکەکەیانەو ئەو(جندی)یانە بەفەرمانی ئەوان وایانکردووەو کەمال کەرکوکیش وایکردوەو پێویستە بەغدا دووای شەڕی موسڵ سزایان بدات. دیارە  سروە پێی وایە ئەوە کوردە ٤٥٠٠ گوندی عەرەبانی خاپوور کردوە،ئەنفال وکیمیابارانی کردوون!!

*ئەڵی: نابێ بەغدا پارە بۆ پێشمەرگە بنێرێ،بەڵکوو ئەبێ ھەر پێشمەرگەیەک خۆی بە(فردی) یەک بە یەک بێن لە بەغدا وەریبگرن!

ھەرلەودیمانەیە گلەیی لە بەغدا ئەکا لەوەی رێگەیدا ھەرێمی کوردستان دوای ٢٠٠٣لەبەڕەی خۆی پێی زیاتر رابکێشی و گوێڕایەڵی فەرمانی بەغدا نەبێ! ئەوەتا بارزانی بووەتە فیرعەون وکورسیەکەی چۆل ناکا. لێرەوە کۆڕگێڕ پێی ئەڵێ: گوایە بارزانی داوای لە حزبەکان کردوە لەنێوخۆیان کەسێک ھەڵبژێرن بۆ شوێنی ئەو، بۆ واناکەن؟ سروە ئەڵێ:ئاخر لەپێشدا ئەبێ خۆی کورسیەکەی چۆلبکات. لەکاتێکدا بەڕێوەبەرێکی سادەش ناتوانێ دەس لەکارەکەی ھەڵگرێ تا کەسێکی دیکە بۆ شوێنەکەی دەسنیشان نەکرێ و بەمەش ئەگوترێ: دەورو تەسلیم.

دەسا با عەرەبی زانەکان بەوردی ھەموو ئەوەی لێرەوە ئاماژەمان پێکردوە بەراوردی کەن لەگەڵ قسەکانی ئەو خانمە لەڤیدیۆ عەرەبیەکە تا بزانن و پێمان بڵێن لەکوێدا قسەکانی گۆڕدرااوەو شێوێندراوە. دواجاریش ھەر دادگایە شوێنی یەکلاکەرەوەی سەرجەم دۆسییەکان.