هەڵاتن لە خێزان - 4

هیچی نهێنی لە نێوان دوو ئەوینداردا نییە، ئەگەر هەبوو، ئەوە خۆشەویستی نییە

 

چونکە هیچ شتێک نییە لە خۆشەویستی باڵاتر، بۆیە مەسیح گوتوویەتی: خوا خۆشەویستییە. لای قەدیس (ئۆگەستین)یش، خۆشەویستی بە پلەی یەکەم دێت و ئەگەر خۆشەویستی کە کرۆکی ژیانە، شک ببەین ئیدی لە هیچمان کەم نابێت. خۆشەویستی خوایە، با سەنگەری خۆشەویستی چۆڵ نەکەین و هەر خۆشەویستی جێی بایەخمان بێت! نابێت لەگەڵ کەسێکدا بژین، ئیللا مەگەر تەواو لەوە دڵنیابین کە خۆشمان دەوێت و ئەوەی لەگەڵ ئەو کەسە کۆمان دەکاتەوە، بەدەنگەوەچوونی ئارەزووی سێکس نییە، بەڵکوو خۆشەویستییە. بە چیدا بزانین ئەوە پێکەوەمان گرێ دەدات خۆشەویستییە؟ بەوەدا کە خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بەرانبەر بە یەکتری.

 

ئەگەر وا هەست دەکەیت، ‌هێندە پێگەییشتوویت، توانای ئەوەت هەیە پێوەندییەکی قووڵت بە کەسێکەوە هەبێت، ئەوا یەکودووی لێ مەکە، بەڵام پێشەکی ئەوە بزانە، ئەو پێوەندییە ژیانت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت. یان ژیانت بە کەسی دیکەوە گرێ مەدە، یان کە گرێت دا، هەموو دەمامکەکانت فڕێ بدە! پڕ بە مانای ڕاستگۆیی، ڕاستگۆ بە! پڕ بە مانای یەکڕوویی، یەکڕوو بە! چی لە دڵتدا هەیە، بۆی بدرکێنە، هیچی لێ مەشارەوە! ئاخر هیچی نهێنی لە نێوان دوو ئەوینداردا نییە، ئەگەر هەبوو، ئەوە خۆشەویستی نییە. کە دوو کەس یەکیان خۆش ویست، هیچ لایەنێکی ئەمیان، لای ئەویان تەمومژاوی نابێت، لەگەڵ یەکدا ڕوون دەبن و دەرگای ناخی خۆیان بۆ یەکدی دەکەنەوە، ئیدی بەرەو بە یەکبوونێکی باڵا هەڵدەکشێن.

 

ئەگەر پێوەندیمان زادەی خۆشەویستیی ڕاستەقینە بێت، وەک بوون وابەستەی یەکدی دەبین، هێدی هێدی لە یەکتریدا دەتوێینەوە و بە دیداری ئەو کەسە شاد دەبین کە خەونمان پێوە بینیوە، ئاخر ناسینی کەسەکەی دەرەوە، پردێکە بۆ گەییشتن بە کەسەکەی ناو ناخی خۆمان، ئەو کەسەی لە زەینی خۆماندا وێنەیمان هەڵگرتبوو. ئەگەر بڕوا بەو ئەفسانەیە بکەین کە ئینسان سەرەتا نیوەی ژن و نیوەی پیاو بووە، لەت بووە و دوو لەتەکە یەکدییان بزر کردووە، ئەوا بە هۆی خۆشەویستیی ڕاستەقینەوە، لەتە ونبووەکەی خۆمان دەدۆزینەوە و ئەوسا کەسێکی ئازاد و هێورمان لێ پەیدا دەبێت، لە بازنەی سێکس دەرباز دەبین و بۆ باڵایی هەڵدەکشێین.

 

چونکە بوونی هەر یەکێک لە ئێمە، زادەی پێکگەییشتنی ژن و پیاوێکە، ئەوە ئاسایییە لە ناخی هەر پیاوێکدا ژنێک و لە ناخی هەر ژنێکدا پیاوێک خەوێکی قووڵی لێ کەوتبێت. چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە کەسە نوستووەکەی ناخمان بێدار دەکاتەوە، ئەوە بۆیە کە یەکمان خۆش ویست، وا هەست دەکەین لەگەڵ ئەویندارەکەماندا یەکێکین نەک دووان. ئەگەر پێوەندیی نێوان ژن و پیاو، ڕووکەش و ڕەوتەنی بێت، هەلی بێداربوونەوە بۆ کەسە نوستووەکەی ناخیان ناڕەخسێت. ئەگەر زوو زوو لەم هێلینەوە بفڕن بۆ ئەو هێلین، ڕەنگە لە سەرەتای هەر پێوەندییەکی نوێدا، هەست بە خۆشی بکەن، بەڵام دوا جار کەسێکی نیگەران و ئاڵۆزیان لێ دەردەچێت.

 

دژوارترین کێشە کە تووشی دوو ئەویندار دەبێت ئەوەیە، ساڵان تێدەپەڕن و ئەوان وەک دوو هێڵی هاوتەریب بە یەک ناگەن و هەر غەریبن بە یەکدی. ڕێگەچارەیەک نییە، بۆ ئەوەی هۆگری یەکدی ببن و لەو لە یەکتر نامۆبوونە قوتاریان ببێت، ئاخر خۆشەویستی لە دوو جەمسەری هاودژ پێک دێت، تەواو وەک موگناتیس کە دوو جەمسەرە هاودژەکەی بەرەو لای یەکدی دەکشێن. تا ئەوینداران زیاتر لێک دی جیاوازبن، بەهێزتر یەکدی بۆ لای خۆیان بەکێش دەکەن، ئاخر هێزی ڕاکێشان زادەی جیاوازییە. ئەوینداران بەرەو لای یەکدی دەکشێن، بەڵام نابن بە یەک، چونکە ئەوە یاسایەکی سرووشتییە.

 

ئەگەر ئەوینداران بە تەواوی لێک نزیک ببنەوە و موو بە نێوانیاندا نەچێت، ئەوە سەرەتای گەڕانەوەیە بۆ لە یەکدی دوورکەوتنەوە، ئاخر دوو کەس ئەگەر هێندە لە یەکدییەوە نزیکبن، تامەزرۆیییان بۆ یەکتری نامێنێت و نێوانیان وەها تێک دەچێت، بە زمانێکی بزماراوی یەکدی دەدوێنن، بەڵام دوای ئەو لێکترازانە، دیسانەوە تاسەی یەکدی دەکەن، ئیدی بە ڕیتمی دووبارەبووەوەی، نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوە، کە دەکاتە تامەزرۆیی و بێزاری، ژیان بەڕێ دەکەن. سەروەختی لووتکەی تامەزرۆیی هێندە لێک نزیک دەبنەوە، ڕەنگە بخوازن ببن بە یەک، بەڵام بایەلۆجی ڕێیان پێ نادات. ئەوە ئاسایییە کە وەخت تێدەپەرێت و تۆ هەر بە تەواوی ئاشنای ئەویندارەکەت نابیت، ئاخر تۆیەک کە توانای بە تەواوی ناسینی خۆت نەبێت، نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت، ئەوی دی بە تەواوی بناسیت.

 

نە خۆشەویستەکەت خۆی دەناسێت، نە تۆیش خۆت، ئێوە دوو بوونەوەری نەناسراون، کەستان خۆی ناناسێت، کەچی هەر یەکێکتان هەوڵ دەدات ئەوی دی بناسێت، کە تەقەلایەکی بێسوودە. ئەوینداران لە سۆنگەی ئەم یەکدی نەناسینەوە، لە یەکتری دڕدۆنگ دەبن، ئاخر گومانی ئەوە لە یەکدی دەکەن کە حەقیقەتی خۆیان، لە یەکتر دەشارنەوە کە ئەوە ڕاست نییە، ڕاستییەکەی بەدحاڵیبوونە لە یاسای سرووشت. دوو ئەویندار دەتوانن ئەوەندە لێک نزیک ببنەوە، تا ئاستی ئەوەی ببن بە یەک، بەڵام وەک هەست، نەک جەستە، بەڵام بۆ ساتێکی کورت، نەک هەمیشە.

 

وەک جەستە هەرگیز نابن بە یەک، ئاخر خۆشەویستی، لە بەیەکبوونی دوو جەستە باڵاتر و قووڵترە. پێکگەییشتنی دوو دڵ، مایەی خۆشییە، بەڵام خۆشییەکی کاتەکییە و سەرلەنوێ بە یەکدی نامۆ دەبنەوە. تا دەرک بە (بوون)ی یەکتری نەکەن، نابن بە یەک، هەر کە (بوون)ی یەکترتان ناسی، ئیدی دیوار لە نێوانتاندا نامێنێت. کە ژن و مێرد سەروەختی پیری، مشتومڕ لەگەڵ یەکدی ناکەن، مەرج نییە زادەی ئەوەبێت کە دەرکیان بە بوونی یەکدی کردووە، زیاتر لە سۆنگەی ئەوەوەیە کۆڵیان لە یەکدی داوە و حەوسەلەی مشتومڕیان نەماوە.

 

کە دوو خۆشەویست وەک جەستە نابن بە یەک، ئەوە ڕێیان بۆ خۆش دەکات، بەرزتر بڕوانن و بیر لە شتی باڵاتر لە جەستە بکەنەوە، وەک ڕۆح و وەک خوا. دەشێت نسکۆی خۆشەویستی هانمان بدات لەگەڵ سرووشتدا، بە شاخ و ڕووبار و دارستانییەوە، یەک بگرین و سەرلەنوێ لە دایک ببینەوە و بە ژیانێکی نوێ و ئەوینێکی بەرینتر ئاشنا ببین. ئەگەر نەکوژێیتەوە و تامەزرۆیی لە دەست نەدەیت، ڕەنگە لەگەڵ هەموو بووندا ببیت بە یەک.

 

ئەوە کێشە نییە کەسێکی نامۆت خۆش بوێت، کێشە کاتێک دەست پێ دەکات، پاش ماوەیەک تامەزرۆییتان بۆ یەکدی نامێنێت و لە یەکتر بێزار دەبن. ئینسان وەک هیچ لە ڕابردوویەوە فێر نەبێت، دیسان هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە، چونکە دووبارەکردنەوەیش وەڕسبوونی بەدوادا دێت، ئەوە بۆیە کە سەرنجی چاوانی ئەم و ئەو دەدەین، پرشنگی ئومێد بەدی ناکەین و بەگشتی خەڵکێکی خەمبار دەبینین. بۆچی ئینسان هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە؟ بۆچی کە لە هاوژینێک بێزار دەبێت، یەکێکی دیکە تاقی دەکاتەوە، چونکە لەوە تێناگات، لەویش بێزار دەبێت، چونکە تێناگات دوای مەحاڵ کەوتووە. ئەوە باشە کە چرای تامەزرۆییت ناکوژێتەوە، ئەوە خراپە کە دوای ئامانجێکی هەڵە کەوتوویت، ئامانجی ڕاست ئەوەیە، خۆشەویستەکەت بکەیت بە هۆکارێک بۆ گەییشتن بە خۆشەویستییەکی مەزن کە خۆشویستنی هەموو بوونە.

 

ئیدی ئینسان لەوە گەورەترە، پێویستی بە خێزان هەبێت کە دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە، ئەوانەی بەرچاویان ڕۆشنە دەرکیان بەوە کردووە کە خێزان ڕۆڵی پێویستی خۆی بینیوە و سەردەمی بەسەرچووە. خێزان بۆیە جاران گونجاوبوو، چونکە بژارەی دیکەمان لەبەردەمدا نەبوو، وەک هەڵامەت وابوو، دەبوو هەموومان تووشی ببین، بەڵام لە داهاتوودا، ئینسان توانای ئەوەی هەیە خۆی لێ بپارێزێت. خێزانی جوان ئەوەیە، لەسەر بناغەی خۆشەویستی و ئازادی پێک هاتبێت، نە ململانێی تێدابێت، نە شەڕ لەسەر موڵک و دەسەڵات، نە منداڵی تێدا ببێتە قوربانی و نە ژن و مێرد تێیدا سەرقاڵی وێرانکردنی کەسایەتیی یەکدی بن. هێشتا لە دونیادا خێزانی جوان ماوە، خێزانێک خۆشی بە یەک ببەخشن، پشتی یەکدی بگرن، یەکدی هان بدەن و قوربانی بۆ یەکتر بدەن، خێزانی وا جوان ماوە، بەڵام وەک دەگمەنی لێ هاتووە. خێزان بە گشتی دامەزراوەیەکی ناشیرینە، بچۆ لە دەروونناس بپرسە، بزانە پێت ناڵێت، خێزان سەرچاوەی هەموو نەخۆشییە دەروونییەکانە.

 

ڕەنگە گونجاوترین جێگرەوەی خێزان، کۆمۆن بێت. کۆمۆن ئەوەیە ئەو خەڵکە ئازادانە لە خێزانێکی گەورەدا دەژین، هەمووان بەرانبەر بە منداڵەکان خۆیان بە بەرپرس دەزانن. لە کۆمۆندا مۆڵکی تایبەتی نییە، ژن و پیاو چونکە یەکیان خۆش دەوێت، بۆیە پێکەوە دەژین، کە خۆشەویستی لە نێوانیاندا نەما، بە ڕێزەوە جیا دەبنەوە، وەک هاوڕێ دەمێننەوە و سەرلەنوێ هاوژینی لەگەڵ کەسێکی دیکەی دڵخوازی خۆیان پێک دەهێننەوە. لە خێزانی نەریتیدا بەربەستی گەورە لەبەردەم جیابوونەوەدا، هەبوونی منداڵە، کۆمۆن ئەو کێشەیەی چارەسەر کردووە، ئاخر منداڵ لەگەڵ کەسانێکی جیاوازدا دەژی و گەورە دەبێت، ئەمەیش کۆمەکی دەکات، تا باشتر گەشە بکات. منداڵ ئەگەر تەنیا لە ئامێزی دایک و باوکێکدا بژی و گەورە ببێت، کۆپیای هەمان باوان دەبێت و هەموو خەوشەکانی ئەوانی تێدا دووبارە دەبێتەوە. منداڵ لە خێزانی نەریتیدا یەک سەرچاوەی زانیاری شک دەبات، بەڵام لە کۆمۆندا کە چەندان ژن و پیاوی تێدایە، لەبری تاقە نموونەیەک چەندان نموونەی لەبەر دەستدایە و دەتوانێت لە هەموو ژنان و پیاوانی کۆمۆنەوە، شت فێر ببێت، بەمەیش دەبێتە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزتر و ڕۆحێکی مەزنتر.(*)

 

٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦
ستۆکهۆڵم

 

(1) أوشو، الحب و الحریه‌ و الفردانیه‌، ترجمه‌: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیه‌.
(*) ئۆشۆ بۆ ئەم بیرۆکەیەی سوودی لە شێوازی ژیانی کۆمۆنیزمی سەرەتایی وەرگرتووە.