به‌رگرییه‌ك له‌ سروه‌ عه‌بدولواحید!

 

ده‌مه‌وێ پاش ئه‌و هه‌موو خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ زۆر و فراوانه‌ی له‌ دژی لێدوانێكی سروه‌ عه‌بدولواحید په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاتنه‌ ئه‌نجامدان، به‌رگرییه‌ك له‌و په‌رله‌مانتاره‌یه‌ بكه‌م.


حه‌ق نییه‌ خه‌ڵك سه‌ركۆنه‌ی بچووكه‌ بێ ده‌ساڵاته‌كان بكات، نه‌ سروه‌ خان و نه‌ دكتۆر یوسف و نه‌ شێخ ئارام و نه‌ ئه‌مسالی ئه‌وانه‌، چ ته‌قسیریان نه‌بووه‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یامی سه‌رووی خۆیان.


ئه‌و (یوسف محه‌مه‌د)ه‌ی كه‌ په‌رله‌مانی كرده‌ چێشتخانه‌یه‌كی داخراو (به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كانی خاوێنییه‌وه‌)، ئه‌و ئارام شێخ محه‌مه‌ده‌ی كه‌ دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی به‌غدا له‌ حه‌وشه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا دایانه‌ به‌ر شاپان، ئنجا هه‌موو قوه‌تی خۆی خسته‌ گه‌ڕ بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای به‌فه‌رمیكردنی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و ده‌یان یاسای تری دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستانیشی به‌ڕێ كرد و په‌سه‌ند كرد، ئه‌و سروه‌ عه‌بدولواحیده‌ی كه‌ به‌ئاشكرا و به‌ عه‌ره‌بییه‌كی فه‌سیح گوتی (خێزانی شه‌هید خۆیان ده‌فرۆشن)، ئه‌و هه‌ڵسووڕاوانه‌ی چه‌ندین جار پێشمه‌رگه‌ به‌ (میلیشیای چه‌كدار) ناوزه‌د ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ چه‌ند كادیرێكی بچووكی گوێڕایه‌ڵی كاك نه‌وشیروانن، كه‌سیان حه‌دی ئه‌وه‌یان نییه‌ و ناشبێ رۆژێ له‌ رۆژان له‌ قسه‌ و فه‌رمانه‌كانی ئه‌و لابده‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ (له‌پڕێ بوونه‌ كوڕێ)، له‌ هیچه‌وه‌ و به‌ میزاجی كاك نه‌وشیروان كرانه‌ (فس فس پاڵه‌وان)ی تی ڤی و میدیاكان، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كی وه‌ك كاك نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك گۆڕان نه‌بێ، ئه‌وانه‌ له‌ شاشه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ نه‌بوایه‌ له‌ خه‌ونیشدا په‌رله‌مانتاریی و هۆڵی په‌رله‌مانیان نه‌ده‌بینی!


كاتێ له‌ پرۆسه‌یه‌كی بێ مشاوه‌ره‌تی دیاریكردنی كاندیدان بۆ په‌رله‌مانی عێراق یان كوردستان، هه‌ڵسووڕاوێكی گوێرایه‌ڵ و موتیعی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ ختوخۆڕایی و بێ هیچ ئه‌زموون و پێشینه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت حزبی و رێكخراوه‌ییش، له‌لایه‌ن خودی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا فه‌رز ده‌كرێن، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی رێكخه‌ری گشتییه‌ نه‌ك هه‌ڵسووڕاوه‌ موتیعه‌كه‌، كاتێ ئه‌و هه‌موو كادیره‌ لێهاتووه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئاست ئه‌و ئیختیاره‌ نابه‌جێ و نادروست و نامۆفه‌قه‌ی رێكخه‌ری گشتیدا نقه‌یان لێوه‌ نایه‌، خه‌تای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ نه‌ك كاندیده‌ ناشایسته‌كه‌.


نه‌فامه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پێی وایه‌ یوسف محه‌مه‌د بێ پرسی كاك نه‌وشیروان، هه‌وڵی دا دانیشتنی 19ی ئابی په‌رله‌مانی كوردستان رێك بخات، ساویلكه‌یه‌ ئه‌وه‌ی وا ده‌زانێ ئارام شێخ محه‌مه‌د بێ ئه‌مری كاك نه‌وشیروان، ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كوردستاندا نین، تێ ده‌په‌ڕێنێ، نه‌زانه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پێیوایه‌ سروه‌ عه‌بدولواحیدێك، رای شه‌خسیی خۆی ده‌ڵێ كه‌ له‌ كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بیی عێراقیه‌وه‌، سووكایه‌تی به‌ خێزانی شه‌هیدان ده‌كات و داوا له‌ حكوومه‌تی عێراقی ده‌كات به‌ هانای كه‌ركووكه‌وه‌ بچن و موحاسه‌به‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، سروه‌ عه‌بدولواحید ئه‌و جورئه‌ته‌ی له‌ كوێ بوو ئه‌گه‌ر لای كاك نه‌وشیروان ده‌رس دانه‌درابێ.


په‌رله‌مانتارانی گۆڕان له‌ به‌غدا، كه‌ ئێستا رۆژانه‌ ئه‌ڵێی جوجكه‌ قازن به‌دوای ئاڵا تاڵه‌بانییه‌وه‌ تا بیانبات بۆ ماڵی مالیكی و وه‌لای خۆیانی بۆ پیشان بده‌ن، حه‌دیان نییه‌ بێ پرسی كاك نه‌وشیروان ده‌ست به‌ ئاویش ب....گه‌یه‌نن!


بۆیه‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌ق نییه‌ له‌پای لێدوان و قسه‌ی نابه‌جێ و هه‌ڵوێسشتی نانیشتمانی و ناكوردانه‌، گله‌یی و شكایه‌ت و سكاڵا له‌ سروه‌ عه‌بدولواحید و هه‌ڵسووڕاوه‌ بێده‌سڵاته‌كانی تری گۆڕان بكرێت، ئه‌وان ته‌نیا جێبه‌جێكاری فه‌رمانه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی خۆیانن و هیچی تر!


ئه‌گه‌ر كاك نه‌وشیروان خۆی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر كۆمپانیا بیانیه‌كانی كوردستاندن و رفاندنی كارمه‌نده‌كانیان نه‌كات، چۆن هه‌ڵسوڕاوێك ده‌وێرێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه‌ غازی و نه‌وتییه‌كانی كوردستان بكا! چۆن هه‌ڵسووڕاوێكی تری به‌ به‌رچاوی خۆیه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا، له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌ڵێ با ده‌ست بكه‌ین به‌ خه‌ڵك كوشتن و ئاماده‌بوانیش چه‌پڵه‌ڕێزانی ده‌كه‌ن.