فێری قسه‌كردنی بكه‌ن!

 

 

كاتێك به‌رپرسێك لێدوان و قسه‌ی نابه‌رپرسانه‌ ده‌كات، پاشان پۆزش یان روونكردنه‌وه‌ ده‌نووسێت، عوزری له‌ قه‌باحه‌تی خراپتره‌ و مرۆ ده‌ڵێ هه‌ر بێده‌نگ بوایه‌ باشتر بوو! په‌رله‌مانتێر ئه‌و هه‌موو مووچه‌ نازداره‌ی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی عێراق، بۆچی سه‌رو كه‌سێك (ناكڕن) پینه‌ی قسه‌ نامه‌سئوله‌كانیان بكات؟


په‌رله‌مانتێری فراكسیۆنی گۆڕان سروه‌ عه‌بدولڕه‌حمان له‌سه‌ر سكرینی كه‌ناڵێكی ئاسمانیی عه‌ره‌بیی عێراقیدا به‌ ده‌ق فه‌رمووی: ”هه‌ندێك ژنه‌ شه‌هید له‌به‌ر بێ مووچه‌یی خۆیان ده‌فرۆشن!“


خه‌ڵكی وه‌كو فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و په‌رله‌مانتێری له‌سه‌ر لیستی دیكه‌ به‌ جواب هاتن.


به‌ڵام، حكوومه‌ت به‌ هه‌موو شكۆداریی خۆیه‌وه‌ یه‌ك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار نه‌بوو ئه‌و خانمه‌ په‌لكێشی دادگا بكات و فێری قسه‌ی بكات! كه‌سێك نه‌بوو پێی بڵێت: به‌ڕێزت به‌ سیفه‌تی گه‌وره‌كچی ماڵه‌وه‌ بانگ نه‌كراویت بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی و هه‌ر جارێك ده‌موچاوه‌ موباره‌كه‌ نورانییه‌كه‌ت سكرینه‌كه‌ روناك بكاته‌وه‌ و به‌ پانی له‌ژێری ده‌نووسرێت: په‌رله‌مانتێری لیستی فڵانی له‌ فڵانه‌ په‌رله‌مان!


خاتوو سروه‌ پۆزشی نووسی و داوای لێبوردنی كرد له‌سه‌ر فه‌رمووده‌كه‌ی خۆی و بیریشی نه‌چوو ئه‌وه‌ دووپات بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پارتییه‌ و شه‌ڕ به‌ حه‌زره‌تی موباره‌كی ئۆپۆزسیۆن ده‌فرۆشێت، ئه‌گه‌ر نا به‌ڕێزیان نه‌یگوتووه‌ ژنانی پێشمه‌رگه‌ له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو گوتوویه‌تی هه‌ندێكیان خۆیان فرۆشتووه‌! ئه‌دی جیاوازی چییه‌ له‌نێوان خۆفرۆشتن و له‌شفرۆشتن؟ یه‌كه‌میان به‌ كاڵییه‌ و دوه‌میان به‌ برژاوی؟ واوه‌تریش، خانم دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، مه‌به‌ستی له‌م قسه‌یه‌ به‌رزراگرتنی شكۆمه‌ندیی (خانمانی خۆفرۆش) بووه‌ نه‌ك شتێكی خراپ، خوا نه‌خواسته‌!


من نه‌ پارتیم و نه‌ سه‌ر به‌ هیچ حزبێكم و ته‌نیا فه‌رمانبه‌رێكی ساده‌ی بێ پله‌وپایه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته‌م كه‌ وه‌كو هه‌موو خه‌ڵكی نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ به‌ رۆژی نیوه‌ڕۆ مووچه‌كه‌م ده‌دزرێت و رۆژانه‌ كاری خزمه‌تگوزاریم كه‌م ده‌كات و حكوومه‌ت به‌ ملیۆنان دینار قه‌رزارمه‌. دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نم به‌ خوێندن به‌سه‌ر برد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم به‌ كه‌رامه‌تی خۆم بژیم، به‌بێ ده‌ست پانكردنه‌وه‌ له‌ هیچ حزب و لایه‌نێك، كه‌چی ئه‌مڕۆ قه‌رزاری دوكاندار و غازفرۆش و كاره‌بای موه‌لیده‌ و كه‌ره‌وزفرۆشیشم، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌م ناتوانێت ئیداره‌ی خۆی بسووڕێنێت و وازیش ناهێنێت له‌ كورسیی حوكم!


هه‌ڵه‌كانی سروه‌ خانم و موعاره‌زه‌ش له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كاتێك ناتوانن جیاوازی بكه‌ن له‌نێوان مافی ره‌وای مرۆڤ و خێر پێكردن!


مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر مافی ره‌وای خۆیه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كانی، كه‌چی ئه‌وان ناویان ناوه‌ (قووتی خه‌ڵك)! ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ قووت بێت، ئه‌وا ئه‌م چاره‌كه‌ مووچه‌ به‌ مه‌مره‌ومه‌ژی خه‌ڵكی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و كه‌س له‌برسا خۆی نه‌فرۆشتووه‌ و كه‌سیش له‌ سه‌رما ره‌ق نه‌بووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام كاركردنی مرۆڤ ته‌نیا بۆ قووت نییه‌، به‌ڵكو بۆ ژیان و گوزه‌رانه‌ وه‌كو مرۆڤ و دابینكردنی هۆكاره‌كانی خۆژگوزه‌رانی له‌ سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و ره‌فاهییه‌تی وه‌كو مرۆڤ نه‌ك به‌ قووتی مرۆڤی زه‌مانی ئه‌شكه‌وت رۆژ به‌ڕێ بكه‌ین!


ژنی پێشمه‌رگه‌ و ژنی شه‌هید مرۆڤی ته‌واون، كه‌مئه‌ندام نین وه‌كو خاوه‌نی پێداویستیی تایبه‌ت باس بكرێن و زۆریشیان فه‌رمانبه‌رن و وه‌كو هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی دیكه‌، بێ ویستی خۆیان مووچه‌یان ده‌بڕدرێت، چ پێویست ده‌كات بازرگانییان پێوه‌ بكه‌ن و به‌ حاڵه‌تی تایبه‌ت باسیان بكه‌ن و پاشانیش بیانكه‌ن به‌ (له‌برسان خۆفرۆش)؟
ئه‌م قسه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ ژنان جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و دووجاری دیكه‌ش ژنه‌ شه‌هید و ژنه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات به‌ قوربانیی گه‌مه‌ی سیاسی.


قسه‌كه‌ت هه‌مووی هه‌ڵه‌یه‌ و پۆزشه‌كه‌شت هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌ و ده‌كرا به‌بێ پێچ و په‌نا وه‌كو خه‌ڵكی دیكه‌ بڵێی: حكوومه‌تێك نه‌توانێت مووچه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌ كاره‌كانیان دابین بكات، ده‌بێ بیرێك له‌ چاره‌نووسی خۆی بكاته‌وه‌ و بڕیاری بوێرانه‌ بدات.