میدیای سەوز، میدیای گەلە گورگ

 

چۆن بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تەجاوزی دنیابینی یەکێتی و فکری جەلالیەت بکا بەھەمان شێوە میدیاکەی نەیتوانی لە بن سێبەر و ھەژموونی گوتاری میدیایی یەکێتی دەربچێ، رەنگە ھۆکار زۆر بن، بەڵام یەکێک لە ھۆکارە دیارەکان ئەوەیە کە زیاترە لە چل ساڵ نەوشیروان مستەفا لە بن سەرپەرشتیی مام جەلال، خۆی سەرپەرشتیی ڕاگەیاندنی یەکێتی دەکرد و لە سەردەمی چیاش نزیکترین بارەگا لە نووسینگەی خۆی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو، بۆیە لەگەڵ جیاکردنەوەی گۆڕان وەک ناونیشانێکی ڕووت و تەنھا وەک پەرچەکردارێک لە بەرامبەر بێ ئومێدبوونی لەوەی کە چیتر ناتوانێ وەک دەیەوێ یەکێتی ھەڵسوڕێنێ، تەنھا لە دەرەوەی یەکێتی، توانی گوتارە سیاسییەکەی جەلالیەت درێژە پێبدا بەھەمان شێوەش گوتارە میدیاییەکەی.

 

ئەوانە ھەموو ھۆکارن کە میدیاکانی سەوز بە ھەردوو ناونیشانەکەیەوە بتوانن باشترین ھەماھەنگیان ھەبێت و وەک یەک جەستە کار بکەن لە دژی نەیارە تەقلیدییەکەیان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئێستا فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ھەیە و سەرۆکایەتیی حکوومەت و ھەرێمی کوردستان لای ئەوە، ئەوەش وایکردووە کە لە سەر ئاستی ھەرێمایەتی، بەتایبەتیش ئێران کە تاکە وڵاتە لە دژی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵوێستی ڕاگەیاندووە و نایەوێ ھەرێمی کوردستان لەوەی ئێستا ھەیە، بەھێزتر و پێشکەوتووتر بێ، ئەو ھۆکارانە وای کردووە ئێران ببێتە عەڕابی ھەموو ئەو ھێزانەی کە لە یەکێک لە خاڵەکان دژایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، بۆیە ھەمووانی لە ژێر چەتری پاراستنی بەرژەوەندی کۆکردۆتەوە و سەرکردایەتیەکەشی بە نوری مالیکی سپاردووە،ئەوەشە وایکردووە کە ھەماھەنگییەکی زۆری میدیایی لە نێوان ھەموو ئەو ھێزانەی کە باسمان کردن لەگەڵ پەکەکە بە ھەموو باڵەکانیەوە دروست بکرێ بۆ ھێرش کردنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی ھەرێم بە شێوەیەک سیاسەتی گەلە گورگ پەیڕەو دەکەن کە تاکتیکی پێکەوە ھێرشکردن پەیڕەو دەکەن، تەنھا دێڕێک لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان یان ئەندامێکی بنەماڵەی بارزانی بنوسرێ وەک رۆژی ڕووناک دیار بێ کە ھەڵبەستراوە و ھیچ بەھایەکی رۆژنامەوانی و ھەواڵی نیە بەلام ھەموویان لە یەک کاتدا بڵاوی دەکەنەوە، لەو رۆژانەش چەندین نموونەی ھاوشێوەمان بینی وەک ئەو ھەواڵەی شار پرێس بڵاوی کردەوە و دواتر لە ئاشکرا بوو درۆیە سەرنووسەرەکەی خۆی بە درۆ خستەوە وەک چەندین جاری دیکە بە تایبەتی لە ئەفسانەی کوشتنی مولازم موحسین و شتی دیکەش.