دەروازەی عیشقی مه‌ولانا - 16

پشکۆ نەجمەدین


چ شێتییە، گەر بە بێ تۆ،
لەنێو دەیری خەڵوەتدا بم.
تۆ خۆت، سەرچاوەی ژیانی
هەموو دەیر و مەعبەدێکیت!
***
کەیل و خەمبار، دڵی مەستان،
بەزم و ئاهەنگیش، هەر پەنهان.
تۆ، بڵێسەی ئاگری مەی،
لە حەیا و شەرم، بەربدە!
***
وەکوو ڕووبار،
دوندی چیا جێ بهێڵە،
ڕووەو زەریا.
ئاخر جەستە، لەسەر لووتکە، داناساکێ!
***
تۆ لە کۆڕی مەیخۆراندا،
چەندە ورد و جوان دەپەیڤیت!
وای کە جوانە، تیشکی گەوهەر،
لە مەیخانەدا، بدرەوشێت!
***
چیم لێ هاتووە؟
تۆ پێم بڵێ،
چۆن بزانم، چی دەگوزەرێ؟
کە لێوانت، ئەم پەیڤانە،
وەک کاسەی شەراب، دەڕێژێ!
***
وای ناڵەی نەی!
ناڵەی نەی و جارێکی تریش ناڵەی نەی،
کە سەرپاکی هەموو دونیات هەژاندووە!
***
عاشقان هەر وەک شاری (ڕەی)،
تا لە چاوی بەد بەدوور بن،
ماڵەکانیان، لەژێر زەوین،
بینا دەکەن!
***
دڵم تارا و سەت پارچەشی لێ کەوتەوە،
ئەوڕۆکە، تۆ لێی بگەڕێی،
شیخاڵێکی نابینییەوە!
***
دوێنێ لەگەڵ خودی خۆتدا،
پەیمانت بەست و تۆبەت کرد.
ئەمڕۆ، عەهد و تۆبەت شکاند!
دوێنێ، زەریایەکی لێڵ بوویت،
ئەمڕۆش، گەوهەری تیشکبار!
دوێنێ، تۆ (بایەزید) بوویت و باڵات دەکرد،
ئەمڕۆکە، خومار و مەست و پاشای مەستان!
تۆ کاسەی مەستیی بنۆشە،
ڕووحەکەی من، گیانی گیانان!
ماڵی ئەقڵ جێ بهێڵە و
پۆشاکی شینیش مەپۆشە!
تۆ بە تەنیا،
بۆ پەرستنی بتی مەعشووق،
تێبکۆشە!
ئەوڕۆ، تۆ هاوجامی (شەمس) و
مەستی مەستییت.
تۆ نە خاتوونەمانگیت و
نە هاوسەری خاتوونی مانگ!
هەرگیز وەکوو هیچ شتێک نیت،
تۆ وەک ئەوەی خۆت دەتەوێت،
گشت شتێکیت!
***
ئەوی لە گڕدا دەسووتێت،
تۆ ڕێبازی ڕووەو ڕووبار،
نیشان دەدەیت!
ئەوی بەرەو زەریا دەڕوات،
بۆ نێو بڵێسەی ئاگری،
پەلکێش دەکەیت!
***
دوێنێ، من داوێنیم گرت و
گوتم: گەوهەرەکەی بەخشین،
ئەمشەو تۆ موڵکی منیت و
بە ماڵاوایی مەمکوژە!
ڕوخساری بە نوور درەوشا،
سوور وەکوو پشکۆ داگیرسا،
گوتی:
دە با ئیتر بەس بێ،
سواڵکردن و دەرکەکوتان!
****
بە هاوار و گریێە و زاری،
گوتم: تۆ سوپاسالاری!
تۆ ئەسڵی نوور، تیشکداری،
دەستی عاشقی خۆت بگرە!

***
کە فرمێسکی عەبدی بینی،
دەرکەوت خەندە و پێکەنینی.
لە لوتف و موحیبەتی ئەو،
لە خۆراوا و خۆرهەڵاتیش،
ژیان زایە سەرزەمینی!
***
تۆ هەر مووسایت،
گەر چی هێشتا شوانیش بیت.
تۆ یوسفیت،
ئەگەر گیرۆدەی بیریش بیت.
***
ئێوە کڕ بن!
بێ خۆراکی دەستی خودا،
بێ بادەی غەیب،
هەموو پەیڤ و نیگارەکان،
دوو سێ جامن، خاڵی و بەتاڵ!
***
لە مەیخانان،
کووپەی شەراب و ماناکان،
بۆ باڵندە تینووەکان،
ساز دەکەیت و
بۆنی بادەش،
بێ لە موسافیری ئاشنات،
بە ساقی و مەیخۆران ناگات!
***
چلۆن ماسی، بێ ئاو ناژیێ،
بێ زەریای تۆ،
ئێمەش هەناسەیەک نادەین!

***
وەکوو ناڵەی بولبول بۆ گوڵ،
نەی دەناڵێ..
تۆ ئەی شمشاڵی دڵی من،
ئاشنای گوڵانی بێ چقڵ!
برینداری مەکە، گەرووت!
***
گوتم بە نەی:
لە هەناسەی مەعشووقمدا،
تۆ هاوبەش و
ئەم نهێنەم،
لێ مەڕفێنە!
ئەویش گوتی:
بۆ تۆ، مەعریفە،
(فەنا)یە لە (هیلاک)دا!
گوتم: ئاخر،
نەجاتی من هەر (هیلاک) و
ئاگر هەڵکە،
هەموو شتێک و
مەعریفەش، بسووتێنە!
***
تۆ، عاشقان بە زمانی شیرین، دەکوژیت،
رووحی منیش، بەو شیرینییە فەنا کە،
گەر بکوژیت؟
مرۆڤکوشتن، بە لوتف و سۆز،
هەر شاکاری دەستی تۆیە!
تۆ بە نیگایەک، دەیکوژیت،
کەسێک، شەیدای نیگای تۆیە!
***
گشت بەیانێک،
چاوەڕوان و چاوەڕوانم...
تۆ ڕاهاتوویت، لەگەڵ گزنگدا،
بمکوژیت!
دڵڕەقیی تۆ،
لە کن ئێمە، چ شیرینە،
دەرکەی ڕەحمەت، کڵۆم مەدە!
تۆ،
کە لە ئاستانەی خۆتدا،
من دەکوژیت،
مەگەر کۆتاییی کار نییە؟
***
چریسکەی عیشقی حەقیقەت،
ئەقڵ و دڵی لێ زەوت کردم.
پێم بڵێ، بۆ کوێیان دەبا؟
بەرەو کام لا؟
گەییمە حوجرە و
نە مانگم بینی، نە ئاسمان..
ئێستا بە جیهانێک گەیشتووم،
دنیا و دنیا، لێک دابڕان!
***
تۆ کە ئاسمانی منیت و
من زەوینێک، سەرسوڕماوم.
چیت لە دڵمدا چاندووە،
کە هەمیشە باڵا دەکا؟
***
من زەوینی لێوپەڵاس و
چاوەڕێی ئاوی کەرەمت..
بە بارانت،
زەوین،
بە گوڵجار دەخەمڵێ!
***
بێئاگایە زەوین کە تۆ،
چیت لە دڵیدا چاندووە؛
زەوین بە تۆوە دووگیانە،
هەر تۆ دەزانیت، چیی پێیە!
***
لە ڕووناکی و درەوشانت،
بەردەکان دەبن بە یاقووت!
ئەوی بۆ دیدارت وێڵ بێ،
هەر دەتگاتێ!
***
وەرە و لە جێی ڕووحەکەی من، دابنیشە!
تۆ هاوکێشی هەزار ڕووحیت، وەک ڕووحی من.
تۆ مەعشووقیت،
با عاشق و ئەڤیندارانیش بکوژیت!
***
لە کۆتادا، هەڵفڕیت و بەرەو
غەیبستان کۆچت کرد!
من حەیران و سەرسوڕماوم؛
کام ڕێگا بوو،
تۆی لەم دونیایە، قوتار کرد؟!
***
ڕەشپێست نەبیت،
مەهێڵە نەینۆک لە دەستت بەربێتەوە!
ڕووحەکەت، ئاوێنەی تۆیە و
جەستەشت: ژەنگ!
***
وەرە.. فیکر لە کن منە!
هەر منیشم سەرچاوەکەی.
ئەگەر کڕیاری یاقووتیت،
وەرە لە ماڵی من بیبە!
***
ئەگەر مەعشووقێکت نییە،
چما لە دڵبەر ناگەڕێی؟
بینیتەوە؟
لە خۆشییا، هەڵناپەڕێی؟
هەڤاڵەکەت، کە هەڵناکات، لەگەڵ تۆدا،
ئەی تۆ بۆچی نابیتە ئەو؟
ئەگەر (سێتار) نایێ ناڵەی،
ئەی تۆ بۆچی فێری ناکەی؟
***
تۆ خۆشەویستیت و دڵ نیت!
کەچی شێوەی دڵ وەردەگریت،
هەزاران دڵیش دەڕفێنیت!
***
خۆت هەڵداوێ وەکوو شیهاب،
هەتا شەیتانیش، نابووت کەیت.
لە دەورانی فەلەک، دەرچیت،
دەبیتە جەمسەری ئاسمان!
***
لە سەفەری پڕ سەرچڵیی حەزرەتی نوح،
تۆ کەشتیی بوویت، لە زەریادا.
لە سەرکەوتنی (مەسیح)دا،
تۆ پەیژەکەی بوویت بۆ ئاسمان!
تەبیبی ڕووح، هەندەک جاران،
وەک عیسایە و جاروباریش،
شوانێکە، وەکوو مووسای کوڕی عومران!