جه‌نگ و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد

گه‌ڕیده‌ به‌ریتانییه‌كان رۆڵی خراپیان له‌ سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كانی كورددا بینی

جه‌نگ هه‌میشه‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تییه‌ بۆ هه‌موو جیهان، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ كوێ روو ده‌دا، ئه‌وه‌ گرنكه‌ كاره‌ساته‌ مرۆییه‌كه‌ چی به‌دوای خۆیدا جێ ده‌هێڵێ. به‌درێژایی مێژوو هه‌ر جه‌نگێك رووی دابێت، بووه‌ته‌ هۆی له‌ناوچوونی ده‌یان یان سه‌دلاان هه‌زار كه‌س و زۆر جاریش به‌ میلۆنان كه‌س، جگه‌ له‌ كاولكاری و زیانی مادیی زۆر كه‌ به‌ر ژێرخان و ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تی كه‌وتووه‌.


بۆ نموونه‌ ته‌نیا له‌ یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانیدا كه‌ له‌ ساڵی 1914- 1918 رووی دا، كه‌ تێیدا 75 ملیۆن سه‌رباز و ئه‌فسه‌ر به‌شدار بوون، 10 ملیۆنیان لێ كوژرا و زیاتر له‌ 20 ملیۆن بریندار و په‌ككه‌وته‌ بوون، نزیكه‌ی 6 هه‌زار كه‌شتیی جه‌نگی نغرۆ بوون و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر باردۆخی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌واوی ئه‌وروپا و جیهان به‌گشتی دروست كرد. كوردستانی خۆشمان زیانی زۆری به‌ركه‌وت، چونكه‌ كوردستان شوێنێكی ستراتیجی زۆر گرنگی هه‌بوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی خراپی مادیی و مرۆیی لێ كه‌وته‌وه‌، بووه‌ هۆی دابه‌شكردنی كوردستان و بزاڤی شۆڕشی كوردیشی په‌ك خست، ژیانی هه‌زاران كوردی بێ گوناح بووه‌ قوربانی و تیاچوون، خراپیی باری ژیان هه‌موو لایه‌نه‌كانی گرته‌وه‌. یه‌كێكی تر له‌ زیانه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستان ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ی تورك بوو له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان، كه‌ ده‌بوایه‌ پێداویستییه‌كانی ئه‌و سوپایه‌ ئاماده‌ بكه‌ن، به‌وه‌ش باری سه‌رشانی كوردانی ناوچه‌كه‌ی قورستر كردبوو. سه‌ره‌ڕای كۆچ پێكردنی كورده‌كان بۆ ناوچه‌كانی ئه‌نادۆل و دوورخستنه‌وه‌ سه‌رۆك هۆزه‌كان بۆ شارنشینه‌كان، تا نه‌توانن خه‌ڵكی خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌. هه‌وڵی تورك بۆ بڵاوه‌پێكردنی كورد به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی زمان و كولتووری كوردی و توانه‌وه‌یان له‌ بۆته‌ی توركدا بوو. كوردستان به‌هۆی ئه‌و راپێچكردنه‌ی لاوه‌كان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ تووشی داڕمانێكی سه‌ختی ئابووری هات و ده‌ستی كاری له‌ناو چوو، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی بێ خاوه‌ن كرد و به‌شه‌كه‌ی تریشی سووتاند، ئه‌مه‌ش وای كرد ئه‌و ناوچانه‌ به‌هۆی كه‌میی به‌روبوومی كشتوكاڵییه‌وه‌ بناڵێنن. هه‌ڵویستی داگیره‌كه‌ره‌كانی دیكه‌ی كورستان له‌ ئیتحادییه‌كانی توركیا باشتر نه‌بوو، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان وێرانكارییان له‌ كوردستان ئه‌نجام دا، رووسه‌كان خه‌ڵكێكی زۆری كوردیان له‌ ناوچه‌كانی كوردستاندا كوشت، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌، به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ وێرانكاریی زۆر گه‌وره‌ به‌سه‌ر كوردستاندا هات، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی كوردی به‌هێزتر كرد و خه‌ڵكی زیاتر هۆشیار كرده‌وه‌ بۆ شۆڕشكردن، وای كرد به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت بۆ سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد و كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌داران و نه‌ته‌وه‌خوازان خۆیان ئاماده‌ كرد بۆ پێشهاته‌كانی قۆناغێكی نوێ له‌ جیهاندا. كوردستان به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافیاكه‌یه‌وه‌ شوێنێكی گرنگ بوو بۆ به‌ریتانییه‌كان، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19ه‌وه‌ چه‌ندین گه‌ڕیده‌ و سیاسه‌تمه‌داری ناردبوو بۆ كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆڵی خراپیان ده‌بینی له‌ سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كانی كوردی، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی عوسمانی و ئێراندا، چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردستانیان له‌ژێر ده‌ستدا بوو، هه‌ر له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی، پێوه‌ندیی نێوان به‌ریتانیا و كورد به‌ جه‌نگ ده‌ستی پێكرد، له‌وكاته‌ی كه‌ هێرشی داگیركاریی بۆ كوردستان هێنا، دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی داگیر كرد، كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ هۆزه‌كانی كورد به‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئیتحادییه‌كان كه‌وتن، له‌كاتێكدا ئه‌وان بانگه‌شه‌ی جیهادیان ده‌كرد، به‌و شێوه‌یه‌ زۆریه‌نه‌ی كورد چووه‌ پاڵ سوپای عوسمانی. له‌ باشووری كوردستانیش ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی نوێنه‌رایه‌تیی كوردی ده‌كرد شێخ مه‌حمودی نه‌مر بوو، چونكه‌ ئه‌و خاوه‌نه‌ی پله‌ و پایه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییش بوو له‌نێو كورددا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و پله‌ و پایه‌ زۆره‌ی هه‌یبوو، ئیتحادییه‌كان په‌نایان بۆ شێخ مه‌حموود برد و داوای هاوكارییان لێ كرد. شێخ به‌هۆی بانگه‌شه‌ی موسڵمانانه‌یان هاه‌وكاریی كردن. جگه‌ له‌ شێخ مه‌حموود چه‌ندین كه‌سایه‌تیی ناوداری ئه‌و كاته‌ به‌شدارییان له‌گه‌ڵیاندا كرد له‌وانه‌ (رفعه‌ت ئیسماعیل به‌گی داود و نامیق عه‌لی ئاغا) و به‌شێكی تریش له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك چوونه‌ پاڵیان، به‌شێكی زۆر له‌و سوپا زۆره‌ی كورد كه‌ له‌ دژی به‌ریتانیا وه‌ستا بریتی بوون له‌ (لایه‌نگرانی شێخ و كوڕگه‌لی داوده‌ و ده‌لۆ و زه‌نگه‌نه‌ و هه‌مه‌وه‌ندی و جاف...هتد)، به‌شداریكردنی كورد به‌ جلی كوردی و خه‌نجه‌ر و بڕنۆوه‌ تا گه‌یشتنه‌ شاری ناسرییه‌، سه‌رنجی ته‌واوی ئه‌وانه‌یان راكێشا كه‌ له‌ رێگادا ده‌یانبینین، به‌و شێوه‌یه‌ عوسمانی و كورد و عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌ی شیعه‌، له‌ به‌ره‌به‌یانی 12ی نیسانی 1915 له‌ سێ لاوه‌ هێرشیان بۆ سه‌ر به‌ریتانیا برد، به‌ڵام زۆر به‌خراپی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا شكان و زیانی زۆریان به‌ركه‌وت و شێخ گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان، هاتنه‌وه‌كه‌یشی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی رووسه‌كان بۆ كوردستان، بۆیه‌ ئیتحادییه‌كان جارێكی تر داوایان له‌ شێخ كرد كه‌ له‌ دژی رووسه‌كان بوستنه‌وه‌، شێخ به‌هۆی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ ئیتحادییه‌كان پێیان دابوو به‌وه‌ی كاتێك له‌ جه‌نگی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن مافی ئَۆتۆنۆمی به‌ كورد ده‌به‌خشن. هاوكات رووسه‌كان هیچیان بۆ شێخ نه‌هێشتبووه‌وه‌ كه‌ لایه‌نگرییان بكات، چونكه‌ پێشتر رووسه‌كان تاڵان و كوشتنی زۆریان له‌ كوردستان ئه‌نجام دا، بۆیه‌ شێخ به‌ رووی رووسه‌كاندا وه‌ستایه‌وه‌ و شكستی پێیان هێنا. دوای ئه‌وه‌ ئیتحادییه‌كان كه‌وتنه‌ دزی و تاڵانكردن، پاشان كورده‌كانیان به‌ دز له‌ قه‌ڵه‌م دا، ئه‌مه‌ شێخ مه‌حموودی زۆر نیگه‌ران كرد، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا بڕیاری دا له‌ دژی ئیتحادییه‌كان بوه‌ستێته‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌كان:
- كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، كورد له‌ چه‌ند تۆمارێكی مێژووییدا
- كه‌مال مه‌زهه‌ر، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژووی گه‌لی كورد