كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانی

 

 

له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ هه‌یه‌، بیرۆكه‌ی كۆچكردن به‌شێك بووه‌ له‌ ژیانی، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له‌ بارودۆخێكی ‌نه‌گونجاو بۆ بارودۆخێكی گونجاو، چونكه‌ گه‌ڕان به‌دوای خۆشگوزه‌رانی به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ سروشتی مرۆڤ.. به‌ڵام كێشه‌كه‌ لێره‌دا دابه‌شبوونی جیهانه‌ بۆ دوو به‌ش، جیهانی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیهانی هه‌ژار. جیهانی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌میشه‌ به‌دوای ده‌ستی كاردا ده‌گه‌ڕێت به‌ نرخێكی كه‌م، له‌ جیهانی هه‌ژاریشدا سه‌ره‌ڕای كه‌میی نرخه‌كه‌ی، به‌شی خۆیان ده‌وێ له‌ وه‌ده‌ستهێنانی كاردا، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تییه‌.


ده‌توانین دیارده‌ی كۆچ بكه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان كۆچكردنی هه‌ڵبژێردراوی پێ ده‌ڵێن و به‌شه‌كه‌ی تریش كۆچكردنی ناچاری. كۆچكردنی هه‌ڵبژێردراو به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ویستی مرۆڤ خۆی، واته‌ گه‌ڕان به‌دوای كار و ژیانێكی ئارام. هه‌رچی كۆچكردنی ناچارییه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ نه‌بوونی ئازادی و سه‌قامگیری و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان له‌و شوێنه‌ی كه‌ تیایدا ده‌ژی. ئه‌م جۆره‌یان زۆر جار ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی ناخۆشی بۆ كۆچبه‌ره‌كان و كۆمه‌ڵگایه‌كه‌یان و بۆ ئه‌و وڵاته‌ش كه‌ رووی تێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ له‌ رێگه‌ی قاچاغچییه‌كانه‌وه‌ ‌ روو له‌ وڵاتێكی تر ده‌كه‌ن، كه‌ زۆر جار كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ بۆی ده‌ژیان و ئه‌و هیوایه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانییان ده‌كرد بێته‌ دی، به‌ مردن كۆتایی دێت. ئه‌وه‌ی له‌م كڕین و فرۆشتنه‌شدا سوودمه‌ند ده‌بێت ته‌نیا ئه‌وانه‌ن كه‌ بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره‌ بازرگانیكردنه‌، سامانێكی خه‌یاڵییان ده‌ست ده‌كه‌وێت. كوردیش وه‌ك هه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌ قاچاغچیی هه‌یه‌ و چه‌ندین جار له‌ ئیتاڵیا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.


له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان له‌نێو كوردى باشووری كوردستان، به‌شی هه‌ره‌زۆری خێزانه‌كان له‌سه‌ر قاچاغچیه‌تی ده‌ژیان و له‌پێناو گوزه‌رانیی ژیان شتومه‌كی ئاسایی و كه‌لوپه‌لی ئاسنیان له‌ سنووره‌كانی نێوان ئێراق و وڵاتانی دراوسێدا ئاودیو ده‌كرد، به‌ڵام دواتر كاره‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ی كرد و ته‌نیا نه‌به‌سترایه‌وه‌ به‌ ئاودیوكردنی كه‌لوپه‌ل، به‌ڵكو بوو به‌ كاری‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، به‌تایبه‌تی دوای ئازادكردنی ئێراق. ئه‌وه‌بوو گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ تۆڕی تایبه‌ت به‌ قاچاغچییان دروست ببێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر كه‌وتنه‌ داوی ئه‌و قاچاغچییانه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژیانی خۆیان خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.


بارودۆخی خراپی عێراق و كوردستان به‌تایبه‌ت دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 بووه‌ هۆی نائارامی و ناسه‌قامگیریی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌دا، سه‌رباری هه‌ڵاوسانی قه‌یرانه‌ داراییه‌كان، دۆخێكی ده‌روونیی كۆمه‌ڵایه‌تیی شڵه‌ژاوی لای به‌شێك له‌ گه‌نجان دروست كرد، كه‌ پاڵی به‌ هه‌ندێك له‌و گه‌نجانه‌وه‌ نا جارێكی دیكه‌ رێگه‌ی هه‌نده‌ران بگرنه‌ به‌ر، له‌ كاتێكدا كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌ر له‌ سوید و نه‌رویژ و هۆڵه‌نداوه‌ بگره‌ تا ئیتاڵیا و یۆنان و فه‌ره‌نسا به‌نیازن ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ دۆسییه‌كانیان ره‌ت كراوه‌ته‌وه‌ سنوورداشیان بكه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌لای ئه‌وان ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان تا راده‌یه‌ك ئه‌من و ئاسایشی تیادا به‌رقه‌راره‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، نیگه‌رانیی هاوڵاتییانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر له‌خۆ ده‌گرن، به‌تایبه‌تی ئیتاڵیا.


هاتنی به‌لێشاوی كۆچبه‌ران كاریگه‌ریی كردووه‌ته‌ سه‌ر تێكچوونی باری سیاسیی وڵاتانی ئه‌وروپا. هۆكاری نه‌بوونی رێگه‌چاره‌ش بۆ نه‌هێشتنی هاتنی كۆچبه‌ران به‌تایبه‌تی له‌ ئیتاڵیا ده‌گه‌ڕِێته‌وه‌ بۆ بوونی ئه‌و سنووره‌ ئاوییه‌ به‌رفراوانه‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا هه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌سته‌م بێت، چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقاوه‌ دێن، رێگه‌ی لیبیا ده‌گرنه‌ به‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی یۆنانه‌وه‌ روو ده‌كه‌نه‌ ئیتاڵیا. ئاشكرایه‌ دوای رووخانی رژێمی قه‌زافی، لیبیا دووچاری شه‌ڕێكی سه‌ختی ناوخۆ و ده‌ره‌كی بووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش، كه‌ توانای كونتڕۆڵكردنی سنووره‌كانی نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆكارێك كه‌ رۆژانه‌ هه‌زاره‌ها كۆچبه‌ر بگه‌نه‌ كه‌ناره‌كانی ئیتاڵیا، به‌تایبه‌تی دوورگه‌ی سیقیلیا له‌ خوارووی ئیتاڵیا، كه‌ زۆر جار پێش گه‌یشتنی كه‌شتییه‌كان كاره‌ساتی دڵته‌زێنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ته‌نیا له‌ مانگی تشرینی دووه‌می 2016 زیاتر له‌ 171 كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، كه‌ زۆربه‌یان منداڵ و ئافره‌ت بوون. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ نه‌بوونی سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش له‌نێوان وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی كۆچبه‌ران و نه‌بوونی پلانێك له‌لایه‌ن خودی حكوومه‌تی ئیتاڵیا وای كردووه‌ قه‌یرانه‌كه‌ ئاڵوزتر و سه‌ختتر بێت.