کێ پارتی ئاوا بەھێز کرد؟

بە بڕوای من سیاسەتکردن واتا شاندانە بەر ئەرکە قورسەکان و بەرپرسیارێتی و رووبەرووبوونەوەی تەحەدداکان و پاسەوانیکردنی پیرۆزیەکانی نیشتیمان و نەتەوەو ھێشتنەوەی شانازییەکانە لەترۆپکدا، واتا کە شانتدایە بەر ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دەبێ ئازایانەو شەرفمەندانە ئەو ئەرکە وەئەستۆ بگری، سیاسەتکردن و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بە رێچکەی بۆڵەبۆڵی پیرەمێردەکانی بەردەم دیوای مزگەوتان ناکرێ، وەک ئەوەی ئێستا ھەندێک لایەن و باڵی سیاسی مومارەسەی دەکەن.

 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دەریایەک خوێنی بۆ ئازادیی کوردستان ڕشتووە و ھەزاران کەڵەپیاوی جەربەزەی نێو سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی شاخ و شاری کردووەتە قوربانی، کەچی ببینن ئەم حزبە تێکۆشەرە لە چ قۆناغێکدایە:


خودی یەکێتی سەدان تێکۆشەری ئازای لە جەنگی دژبە داعشدا کردۆتە قوربانی و زۆرینەشیان تەنھا لەپێناو پاراستنی خاک و شەرەف و پیرۆزی و سەروەرییەکانی ئەم وڵاتەدا گیانی خۆیان بەختکردو خێزانەکانیشیان بدوێنی دنیایەک شانازی بە شەھیدبوونی کەڵەمێردەکانی خۆیانەوە دەکەن، پەرلەمانتارێک لەکەناڵێکی عەرەبییەوە جگە لەوەی ھەرچی ژنەشەھیدی گەردنبەرزی ئەم نیشتیمانە ھەیە بە خۆفرۆش ناودەبات و لێشی پەشیمان نابێتەوە، کەچی یەکێتییەکەی حزبی شەھیدان بەقەت تاڵە مویەک خۆی بە خاوەنی ئەم ھەموو کەڵەپیاوو ژنە شەھیدە نەفسبەرزانەی حزبەکەی خۆی نازانێ و نە بە فەرمی ھەڵوێستێک دەنوێنێ نە رێگەش بە لایەنگرانی دەدات رووبەرووی ئەم بێڕێزییە ببنەوە! تا جارێکی دیکە کەس بوێری ئەوەی نەبێ زمان لەئاستی شەھیدان و یادگارییەکانیان ھەڵبێنێ! کەچی لەبەرامبەردا پارتی و لایەنگرەکانی دەبینین کە چۆن خۆیان بە خاوەنی بەرگریکردنی ئەم دۆسیەیە دەزانن، لێرەدا دەپرسین ئەم ھاتنە دەنگەی پارتی و لایەنگرەکانی و ئەم خۆبەخاوەننەزانینەی یەکێتی چ مانایەک دەدات جگە لە دووپاتکردنەوەی بەھێزی و براگەورەیی پارتی و لاوازبوون و برابچووکی یەکێتی.


ھەروەھا لەپرسی سەربەخۆییدا لەوەتەی من چاومکردۆتەوە، یەکێتی دروشمی "مافی چارەی خۆنوسین"ی بەرزکردۆتەوە، کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ ئەوەی خۆی ناکات بەخاوەنی "پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان" یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە!


ئاڵای کوردستان لە ھەفتەی رابردوودا سووتێنرا و زۆرینەی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ھێنایە دەنگ، کەچی یەکێتییەکەی حزبی شەھیدان و لایەنگرەکانیان بۆ ئیدانەکردنی یەکێک لە پیرۆزییەکانی ئەم نەتەوەیە وەک چەند ھاوڕێیەکی حزبی شیوعیشیان پێنەکرا!


لەناوچەی نیلی و سەوزیشدا باڵی زۆرینەی یەکێتی پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ لکاندنی پارێزگای سلێمانی بە بەغاوەو وەک پەرلەمنتارێکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بە توڕەیی و نیگەرانییەوە لە شاشەی کەی ئێن ئێنەوە وتی:


"ئەگەر پرۆژەی لکاندنی پارێزگای سلێمانی بە بەغاوە سەری نەگرت ئەوا پرۆژەیان ھەیە بیلکێنن بە دەوڵەتێکی ترەوە " کە مەبەستی ئێران بوو! ئایا ئەم سیاسەتکردنەی ئێستای یەکێتییەکەی حزبی شەھیدان و ئەم مامەڵەکردنە نا لۆژیکیانەی ئەم حزبە دەیکات دواجار خۆی پێبچووک نەکردۆتەوەو لەولاشەوەی پارتی پێبەھێز نەکردووە؟


بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەقڵ و چارەنوسی خۆیان و وڵاتەکەشیان لە ھەستیارترین دۆخی ئەمنی و ئابووری وسیاسیی و ھەرێمیدا تەسلیمی گەنجێکی بێئەزموونی وەک سەرۆکی پەرلەمان کردوو ویستیان بە ئینقیلابێکی یەک کاتژمێری پارتی بچووک بکەنەوە، ئایا دەرنەکەوت ئەم سیاسەتی کورتبینینە کێ ی بەھێز کردوو کێشی بچووک کردەوە؟


ھەموو دنیا وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ بەڕێز بارزانی دەکەن، دوا جاریش دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، کەچی تەنھا یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامین تەنانەت لە میدیاکانیشیانەوە وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ناوی ناھێنن، ئایا ئەم جۆرە سیاسەتکردنە ی ئەم سێ لایەنە پارتی پێ بەھێز نەبووە؟


من وای تێدەگەم سیاسەتکردن بە سۆشیال میدیاو دروشم و بەردبارانی بارەگاو جنێودان و سوکایەتی کردن و شکاندنی شکۆو مل و پشتی یەکتری و شاتەشاتی میدیاکان و بەیانیان شەریکی حکومەت و ئێوارانیش ئۆپۆزسیۆن بۆڵەبۆڵت بێ، ناکرێ و سەرکەوتووش نابێ، سیاسەت بە مامەڵکردن لەگەڵ "دیفاکتۆ" دەکرێ وەک ئەوەی پارتی تا ئێستا کردوویەتی، لەگەڵ ئەوەی کە پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆییدا "بەشێکی زۆر لە بەرپرسەکانی لە لوتبەرزی و خۆبەخودازانیندا لەئاست خەڵک و لایەنگرانیدا ھەموو سنوورێکیان تێپەراندووە " بەڵام من قسەم لەسەرئەوەیە لەسەر ئاستی دۆخی گشتی پارتی توانیویەتی ئەسپی خۆی لێزانانەتر لە کێبڕکێی سیاسیدا تاو بدات.