لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا - 74

بیرەوەری و تێڕامان 


دارا ئەدیب ( 1982 - 1935)
ساڵی 1952 لە زۆر رووەوە ژیانی گۆڕیم، کەرکووک دنیایەکی نوێ بوو بۆم، کۆڵێک برادەری نوێم پەیدا کرد و لە خوێندنیشا بەتەواوی کەوتمە سەر رێچکەی حەز و ئارەزوو و خەونبینین بە پاشەڕۆژێکی رۆشەنتر، بە بڕوانامەیەکی بەرز لە زانکۆیەکی ئەوروپاییدا. بەڵام لەمانە لە هەمووی خۆشتر بۆ من ناسینی کوڕەلاوێک بوو کە ئەوسا و ئێستاش کەسی ترم وەک برادەر هێندەی ئەو خۆش نەویستووە: دارا ئەدیب (دارای ئەدیب ئەفەندی) هەزارجار یادی بەخێر. 


دارا وەک فریشتە لە ژیانی مندا پەیدا بوو، گەنجێکی قۆز و جوان و باڵابەرز، خەڵکی سلەیمانی کە خۆشم هەر لە منداڵیمەوە حەزم لە برادەراتیی سلێمانییان دەکرد و لە بنەماڵەیەکی زۆر بەڕێز و خانەدان و رۆشەنبیریش بوو. لە پۆلی دووی ناوەندی لە (المتوسگه‌ الشرقیه‌) لە کەرکووک هاوکلاس بووین و هەر یەکسەر بووین بە برادەری گیانی بەگیانیی یەکتری. ئەمن ناتوانم هەر وا سەرپێیی بەلای ئەو خانەوادە بەڕێزەدا تێپەڕم کە کاریگەرییەکی زۆری رۆشەنبیریی لەسەر رێچکەی ژیانی مندا هەبووە.     


فاتمەخانی دایکی دارا ژنێکی زۆر جوانی چاو و برۆ رەشی رووخۆشی کچی سەعید ئاغای هەمەوەند بوو. ئەدیب ئەفەندی هاوسەری کە پوورزاشی بوو ئەویش کوڕی عەزیز بەگی ئەفسەرێکی سەردەمی عوسمانییەکان بووە. ئەدیب ئەفەندیش پیاوێکی زۆر قۆزی ئاکار جوانی بەژنوباڵا مامناوەنجی بوو. منداڵەکانیان سێ کچ (نەبیهە و لوتفییە و نەزیرە) و سێ کوڕ (یوسف و دارا و کیسرا) هەر هەموویان خوا جوانییەکی سەرنجکێشی پێ بەخشیبوون. ئەدیب ئەفەندی کە وەک (مدیر واردات) لە بەغداوە گواسترابۆوە بۆ کەرکووک ئۆتۆمۆبیلێکی ئەمەریکیی مارکەی (ستەدی بێکەر Study Baker)ی رەنگ سەوزی هەبوو کە شۆفێر بۆی لێ دەخوڕی. راخستنی ناوماڵیان نموونەی زەوق بەرزیی خێزانێکی بورژوازی upper class بوو کە بە تابلۆی گرانبەهای بۆیەکارانی ئەوروپایی و پەیکەری برۆنز و شووشەواتی سەردەمانی بەسەرچووی بارۆک و رۆکۆکۆی ئەوروپاییەوە رازێندرابۆوە. لە ژووری میوانان و کاتی نانخواردنیش لەسەر سوفرە لە گرامۆفۆنێکی (هیس ماستەرس ڤۆیس his masters voice)ەوە سەدای دەنگ و ئاوازی مازورکا و پۆلۆنێزەکانی شۆپان و سیمفۆنییەکانی برامز و بالێکانی چایکۆڤسکی لەگەڵ تازەترین گۆرانیی ئەمەریکای لاتین بە ئیسپانی و بە ئینگلیزی شەپۆل شەپۆل بەرز دەبۆوە و ئەتمۆسفێرێکی بورژوازییەتی رۆژئاوایی دەئافراند.    


فاتمەخان نەک هەر (لێیدی lady) بوو کابانێکی تا بڵێیت پسپۆڕ بوو لە چێشت لێنانا. ئەمن زۆر جار لە قوتابخانە لەگەڵ دارا بۆ نانی نیوەڕۆ دەچووم بۆ ماڵی ئەوان و فاتمەخان زۆر بەگەرمییەوە پێشوازیی لێ دەکردم و دیار بوو چونکە خۆی عەشایر بوو پێی خۆش بوو کوڕەکانیشی دۆستایەتی لەگەڵ کوڕە عەشایری وەک ئێمەدا بکەن بەتایبەتی کە یەکێک لە ئامۆزاکانی باوکی من (حەوێز ئاغای سلێمان ئاغای دزەیی) کچە ئاغایەکی هەمەوەندیی هێنابوو. پەیوەندییەکەم لەگەڵ دارا و بنەماڵەی دارا ئەوەندە بەتین بوو کە دارا و کیسرای برای بوون بە خۆشەویستی هەموو براکانم و زۆرجار بۆ پشووی بەهاران لەگەڵ ئێمە دەهاتنە دەشتی دزەیی و دەمان بردن بۆ راوەئاسک لە دەشتی قەراج.


منێکیش کە هەر لە منداڵیمەوە مەستی شاری سلێمانی و دانیشتوانەکەی بووم هاتنی دارای سلێمانی بۆ ناو ژیانم وەک بڵێیت پڕکردنەوەیەکی لێواولێوی ئەو حەز و ئارەزووەی ساڵانی منداڵیم بوو. جا پێم وایە لێرەدا ئەم قسانە وا رام دەکێشن بۆ لادانێکی کورتی پێویست لە بابەتە سەرەکییەکەمدا.


ئەمن هەر لە منداڵیمەوە کە ئەوسا هەستم پێ نەدەکرد بۆ،  بەڵام ئێستا بە تەمەنی ئەمڕۆم وا شانازیی پێوە دەکەم کە بەڕاستی زۆر هەستیار بوویم و شتێکم یان یەکێکم خۆش ویستبێ دەبێ چەندین هۆ و فاکتەری لە پشته‌وه‌ بووبێ کە ئێستا دەتوانم شییان بکەمەوە. 


سلێمانی بۆ من مێژوو بوو، شیعر بوو، زمانی کوردیی پاراو بوو، ژیانی کۆمەڵایەتیی کراوە و سروشت و رەوشت و دەستوور و نەریتی تا رادەیەک لیبەڕاڵی دانیشتوانەکەی بوو بە ژن و پیاویەوە. خەڵکی سلێمانی پەپوولە و هەنگ ئاسا چێژ لە هەموو گوڵێکی جوان و بۆنخۆشی گوڵستانی ژیان وەردەگرن. خەڵکی سلێمانی رێز لە هەموو گەورەپیاوانی مێژووی کورد دەگرن ئەگەر لە بواری کولتوور، کۆمەڵایەتی یان سیاسەتا خزمەتی گەل و وڵاتی خۆیان کردبێت و هەرگیز لە روانگەیەکی تەسکی چینایەتییەوە ئەو کەسایەتییانەیان هەڵنەسەنگاندووە چونکە بە چاوێکی واقیعبینانە روانیویانەتە کولتوور و ترادیسیۆنە جیاجیاکانی سەردەمە جیاجیاکانی مێژوو. 


خەڵکی سلێمانی لە هەموو دەوروزەمانێکی کە ئەم بەشەی کوردستان پێیدا تێپەڕ بووبێ هەڵویستی سیاسییان هەبووە و بە جۆرێک یان بە جۆرێکی تر دەریانبڕیوە ئەگەر بە کردەوەش بۆیان نەلوابێ هەر نەبێ بە نوکتە و گاڵتەجاڕی کوڵی دڵی خۆیان هەڵڕشتووە. 


جا ئەمن لەپاش گەورەبوونم ئینجا تێی گەیشتم بۆچی هەر لە منداڵیمەوە ئەڤینداری سلێمانی بوویمە. دارا ئەدیب یەکەم برادەری تەمەنی نەوجوانیم بوو کە خەڵکی سلێمانی بێت هەرچەندە کە لە قۆناخی خوێندنی سەرەتاییشمدا برادەری خۆشەویستی سلێمانیم لە هەولێرا هەر هەبوون.


ئەم چەند کۆپلە هەڵبەستەم کە بەشێکە لە شیعرێکی درێژترم نوێنەراتیی هەست و هۆشی من دەکەن:

 

        هەڵوەستەیەک لەسەر گۆڕستانان
گردی سەیوان، قەرزارتم
قەرزاری هەر تەڵە گیایە و 
هی خاک و بەرد و دارتم
لەو رۆژەی دە لانکییان ناوم
بە لایلایەی شاعیرانی
شاری هەڵمەت و قوربانی 
بۆ سەربەخۆیی و یەکبوونی 
کوردستان فرچکیان داوم
لەو رۆژەی چوومە فێرخانە
سروودی ئەو شاعیرانە
بەسەر کورد و کوردایەتی
بۆ یەکیەتی و مەردایەتی 
بە ژێی دڵم لێدراون
لەگەڵ خوێنم تێکەڵاون
ئەمڕۆکە ئەو شاعیرانە 
وا لەناو دڵی تۆدانە
بۆیە هەستی کوردایەتیم
سەرچاوەی وا لە سەیوانە
دەسا چۆن قەرزارت نەبم؟
تا هەم، سوپاسبارت نەبم!