به‌سه‌رهاتی سه‌مه‌د و فیرقه‌ ئیعدام

سه‌ری هارومار

​هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، له‌ كوێت دكریان به‌ هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی عێراق كرد، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ ته‌نیا رادیۆ بوو، به‌ڵام ده‌نگوباس دزه‌یان كردبوو. دوای دوو هه‌فته‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و پله‌داری كورد، به‌ هه‌ر جۆرێك بێت توانییان خۆیان رزگار بكه‌ن، ئه‌وانه‌ سه‌ربرده‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان ده‌گێڕایه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ (سه‌مه‌د مه‌لاخدر) بوو، ئه‌و كوڕه‌ ده‌رچووی كۆلێژی شه‌ریعه‌ بوو، له‌ رۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ربازێكی دیكه‌ هه‌وڵیان دابوو خۆیان رزگار بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ترسی فیرقه‌ی ئیعدامات نه‌یانوێرابوو، سه‌مه‌د ده‌یگێڕایه‌وه‌:
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی ده‌وروبه‌ر هه‌مووی بوو به‌ ئاگر، رووناكییه‌ك له‌ شێوه‌ی تیشك له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هات، دوای چه‌ند خوله‌كێك هه‌رچی تانك و ده‌بابه‌ و تۆپ هه‌بوو، هه‌مووی گڕی ده‌گرت و ده‌توایه‌وه‌، له‌پشته‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ فیرقه‌ی ئیعدامات، كه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای ئه‌منیی تایبه‌ت بوون، ده‌ستیان له‌سه‌ر په‌لاپیته‌كه‌ بوو، هه‌ر سه‌ربازێك رایكردبا گولله‌بارانیان ده‌كرد.
سه‌مه‌د ده‌یگوت: له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هێرشی فڕۆكه‌كان، كه‌س نه‌بووه‌ برای كه‌س، هه‌زاران ئه‌فسه‌ری گه‌وره‌، له‌به‌ر سه‌ربازێكی گه‌وره‌ ده‌پاڕانه‌وه‌، كه‌ لۆرییه‌ك بێنێت و دووریان بخاته‌وه‌. سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ دوو كوڕی خه‌ڵكی سلێمانی به‌ شه‌و خۆمان دزییه‌وه‌، به‌ڵام گوێمان له‌ ده‌نگی ده‌ستڕێژی گولله‌ بوو، له‌ كه‌ندێك خۆمان شارده‌وه‌، كه‌ دونیا رووناك بووه‌وه‌، بینیمان رائیدێك و دوو فیرقه‌ی ئیعدامات كوژرابوون، له‌ ترسان پشتاوپشت گه‌ڕاینه‌وه‌.
سه‌مه‌د یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و شوێنی برینێكی قه‌تماغه‌ گرتووی پێ نیشان دام و گوتی:
ـ له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا، ساتمه‌یه‌كم برد و به‌سه‌ر زگدا كه‌وتم، پارچه‌ ئاسنێكی تیژ، كه‌ لام وایه‌ هی مه‌دفه‌عێك بوو له‌ زگم راچوو، خوێنێكی زۆرم له‌به‌ر رۆیشت، كوڕه‌ سلێمانییه‌كه‌ هه‌ندێك حه‌بی پاڕاستۆلی ورد كرد و خستییه‌ سه‌ر برینه‌كه‌م، نازانم چۆن چاك بووه‌وه‌.
كه‌ سه‌مه‌د ئه‌و سه‌ربردانه‌ی ده‌گێڕایه‌وه‌، له‌ دڵی خۆمدا ده‌مگوت: (ئه‌گه‌ر من له‌ شوێنی ئه‌و بام، ئه‌و هه‌موو حاڵه‌تانه‌م ده‌كرد به‌ كه‌ره‌سته‌ی رۆمانێك) دوایی په‌شیمان ده‌بوومه‌وه‌ ده‌مگوت: (جا كه‌ی من پیاوی ناومه‌یدانی شه‌ڕم!). به‌ سه‌مه‌دم گوت:
ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه‌ی عێراق كه‌ له‌ كوێت بوون، هیچ به‌رگرییه‌كیان كرد؟
وه‌رامی دامه‌وه‌: به‌رگری چی، له‌گه‌ڵ كێ شه‌ڕ بكه‌ی! خۆ ئێمه‌ هیچ سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانمان نه‌ده‌بینی، ئێمه‌ له‌ ئاسمان و ده‌ریاوه‌ بۆردومان ده‌كراین، هاشه‌یه‌ك ده‌هات و دار و به‌رد ئاگری ده‌گرت.
به‌ سه‌مه‌دم گوت:
هیچ به‌رپرسێكی گه‌وره‌، سه‌ربازی یان مه‌ده‌نیی سه‌دام له‌و ناوه‌ دیارنه‌بوو؟
گوتی: به‌ غه‌یری فیرقه‌ی ئیعدامات كه‌سم نه‌بینی، ئه‌وانیش ده‌مامكی خۆیان دابوو و له‌پشتی ئێمه‌وه‌ راوه‌ستابوون.
سه‌مه‌دی مه‌لاخدری، كه‌ ئه‌و سه‌ربردانه‌ی ده‌یگێڕایه‌وه‌ ده‌یگوت:
من له‌ زیاده‌ ماوم، قه‌ت باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد بتوانم له‌و دۆزه‌خه‌ رزگارم بێت و جارێكی دیكه‌ هه‌ناسه‌ بده‌م.
من زیاتر حه‌زم ده‌كرد بیوروژێنم و باسی ورده‌كارییه‌كانمان بۆ بكات، لێم پرسی:
باشه‌ چۆن راتكرد؟
گوتی: ئێواره‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ كوڕێكی به‌سراوی و دوو كوڕی سلێمانی، شه‌كه‌ت و ماندوو دانیشتبووین، كوڕه‌ به‌سڕاییه‌كه‌، كه‌ پله‌كه‌ی نائیب عه‌ریف هه‌بوو، كوردی زۆر خۆشده‌ویست، لای ئێمه‌ به‌رده‌وام جوێنی به‌ به‌عس و سه‌دام ده‌دا و بووبووه‌ جێگای متمانه‌مان، به‌ ئه‌سپایی پێم گوت: (تۆ شاره‌زای ئه‌م ناوچه‌یه‌ی، با به‌یه‌كه‌وه‌ را بكه‌ین و بمگه‌یه‌نه‌ به‌سڕا) وه‌رامی دامه‌وه‌:
ئه‌گه‌ر ئاماده‌ن من له‌ خزمه‌تتان ده‌بم، هه‌ردوو كوڕه‌ سلێمانییه‌كه‌ ئاماده‌یی خۆیان پیشان دا، خۆمان كۆكرده‌وه‌ و بڕیارمان دا سه‌عات 10ی شه‌و رابكه‌ین.
سه‌مه‌د، درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا و گوتی:
ـ هه‌ر چوارمان له‌سه‌ر جاده‌كه‌ راوه‌ستاین، چاوه‌ڕێی تێپه‌ڕینی تڕومبێلێكمان كرد، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد گه‌ڵابه‌یه‌ك هات، ده‌ستی لێ راگرت و هه‌ر چوارمان له‌پشته‌وه‌ سه‌ركه‌وتین، له‌پێشه‌وه‌ شۆفێره‌كه‌ و دوو سه‌رباز و، به‌ ناو بیابانێكی ره‌ش و تاریكدا تێپه‌ڕین، هه‌ر سه‌رباز بوون، كه‌ به‌پێ رێگایان گرتبووه‌ به‌ر، له‌ رێگا گه‌ڵابه‌كه‌ راوه‌ستا و چه‌ند سه‌ربازێكی دیكه‌ سه‌ركه‌وتن، وای لێ هات پڕ بوو. به‌ كوڕه‌ به‌سڕاوییه‌كه‌م گوت: (چه‌ندی دیكه‌ ده‌گه‌ینه‌ سنووری به‌سره‌؟) وه‌رامی دامه‌وه‌: (جارێ خۆت مات كه‌ و بێده‌نگ به‌)، له‌ هێكڕا گه‌ڵابه‌كه‌ راوه‌ستا، شوفێره‌كه‌ گوتی: (ئێمه‌ شوێنی هات و نه‌هاتمان له‌پێشه‌، ئه‌گه‌ر تووشی فیرقه‌ی ئیعدامات هاتین، ئه‌وا خوێنی خۆتان له‌ ملی خۆتان)، كوڕه‌ به‌سڕاوییه‌كه‌ باسی رێگایه‌كی بۆ شۆفێره‌كه‌ كرد و گوتی:
( ئه‌گه‌ر به‌وێدا بڕۆیت باشتره‌).
هه‌ستم كرد سه‌مه‌دی خدری زۆر راستگۆیانه‌ سه‌ربرده‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، پێم گوت:
دیاره‌ شۆفێره‌كه‌ش بڕیاری راكردنی دابوو.
گوتی: به‌ڵێ، ئه‌گینا چۆن بۆ ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه‌ رای ده‌گرت.
به‌ده‌م ته‌قاندنی په‌نچه‌كانی ده‌ستیه‌وه‌، سه‌مه‌د به‌رده‌وام بوو:
سه‌یری ئه‌وبه‌ر و ئه‌مبه‌رم ده‌كرد، هه‌ر پاشماوه‌ی لۆری و تانك و ده‌بابه‌ و مه‌دفه‌عی تێكشكاوم ده‌بینی، دونیا تۆزێك رووناك بووه‌وه‌ و بینیم وا له‌ ئاوه‌دانی نزیك ده‌بینه‌وه‌، له‌ نزێك شارۆچكه‌یه‌ك كوڕه‌ به‌سڕاوییه‌كه‌ به‌ شۆفێره‌كه‌ی گوت (لێره‌ دامان به‌زێنه‌)، هه‌ر چوارمان دابه‌زین، وه‌ك سه‌رخۆشان به‌ملا و به‌ولادا ده‌هاتین، كه‌مێك به‌ پێیان رۆیشتین، كوڕه‌ به‌سڕاوییه‌كه‌ له‌ ده‌رگای ماڵێكی دا و گوتی: (ماڵی ماممه‌). پیرێكی عه‌گال به‌سه‌ر، كه‌ فه‌روویه‌كی به‌سه‌ر شاندا دابوو ده‌رگای كرده‌وه‌، كوڕه‌ به‌سڕاوییه‌كه‌ی ماچ كرد و فه‌رمووی لێ كردین.