​ئه‌و په‌یمانگایه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانمه‌

 

پاش خزمه‌تكردنی 14 ساڵی به‌رده‌وامی وانه‌گوتنه‌وه‌م له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی له‌ به‌شی هونه‌ری شانۆدا، وا هه‌ستم ده‌كرد كه‌ ئه‌و په‌یمانگایه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانمه‌، ئه‌و رۆژانه‌شی كه‌ ده‌بووه‌ هه‌ینی یان پشوو، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌مژمارد كه‌ی ڕۆژ بێته‌وه‌ و ده‌وامم ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، له‌ راستیشدا هه‌ر وابوو زۆرترین كاته‌كانی رۆژانه‌مان له‌وێ به‌سه‌ر ده‌برد، دوای ده‌وامی نیوه‌ڕوان، ده‌ماینه‌وه‌ بۆ كاری راهێنانی شانۆیی و سه‌رپه‌رشتیكردنی كارنامه‌ی خوێندكاره‌كان له‌ بواری شانۆدا، ئه‌وكات هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ شانۆ له‌لای ئێمه‌ و خوێندكاره‌كانیشمان زۆر به‌ شێوازێكی دێوانه‌ئاسا هۆگری بووبووین. له‌ زۆرینه‌ی شته‌ خۆشه‌كانی ژیانی خۆمان ده‌بوردین له‌پیناو خۆشه‌ویستیی شانۆدا، ته‌نانه‌ت ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یش كه‌ ده‌بوونه‌ میوانی فێستیڤاڵه‌ شانۆییه‌كانی سلێمانی، له‌ ره‌گه‌زی تورك و عه‌ره‌ب دانیان به‌و راستییه‌دا ده‌نا كه‌ شانۆكارانی سلێمانی چه‌نده‌ له‌ ئاستێكی هونه‌ریی به‌رزدان و چه‌نده‌ خه‌مخۆری شانۆن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كاته‌ش په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ و سه‌فه‌ركردن و ئاڵوگۆڕی هونه‌ریی شانۆیی نه‌بوو، ته‌نها له‌نێوان شاره‌كانی عێراقدا نه‌بێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوڕوتینی كاركردن هه‌ر به‌رده‌وام بوو تا كاتی ڕاپه‌ڕینیش ئێمه‌ سه‌رجه‌م شانۆییه‌كانمان په‌یامێكی نیشتمانیی تێدابوو، ته‌نانه‌ت تیپه‌ شانۆییه‌كانی ئه‌وكاته‌ش له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانی په‌یمانگا له‌ كارنامه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و ده‌قانه‌دا كه‌ په‌یامێكی سیاسی یان نیشتمانیی تێدا بوایه‌ بۆ ده‌ربڕین له‌ خه‌م و خواسته‌كانی خۆیان، وه‌ك شانۆییه‌كانی (چڵپاو، دوژمنی گه‌ل، دایكه‌ ئازا، چاوی فێتنام، لۆمۆمبا، نرخی ئازادی.. هتد) ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌روازه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ سته‌مكاران.


تاكه‌ شتێك كه‌ هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه‌ و گه‌لێ جاریش بۆ خوێندكاره‌كانم ده‌گێڕایه‌وه‌، پێش ڕاپه‌ڕین كاتێ بمانویستایه‌ كار له‌ شانۆییه‌كدا بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و تیپانه‌ی كه‌ به‌فه‌رمی مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو له‌ حكوومه‌ت بۆ كاركردن، ده‌بوو پێشتر ده‌قه‌كه‌ بنێردرێته‌ پارێزگای سلێمانی بۆ په‌سه‌ندكردن بۆ به‌دواداچوون و چاودێری له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ڕژێمه‌وه‌، جارێ كه‌س ده‌ستی به‌ كاركردن نه‌ده‌كرد تا وه‌ڵامی ره‌زامه‌ندیی ده‌هاته‌وه‌ له‌ پارێزگاوه‌. گه‌لێ جار مانگ یان دوو مانگی ده‌خایاند هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئازاری شانۆكاره‌كان بده‌ن. ئه‌و ڕۆژه‌ی وه‌ڵام ده‌دراینه‌وه‌ و ده‌قه‌كه‌ په‌سه‌ند ده‌كرا، یه‌كێك ده‌بوو له‌ ڕۆژه‌ خۆشه‌كان بۆ ده‌ستپێكی كاركردن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م توندوتیژییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ شانۆكاران ده‌كرا، كه‌چی كاری شانۆ و وه‌رگێڕان و سازدانی فێستیڤاڵ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ بره‌ودا بوو.


كۆڕ و سیمیناری دوای نمایشه‌كان گوڕوتینێكی زیاتری ده‌دایه‌ به‌رده‌وامی كاركردن، ته‌نانه‌ت خوێندكارانی ئه‌و كاته‌ی په‌یمانگا، سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی كاركردن بوون له‌گه‌ڵ تیپه‌ شانۆییه‌كانی شاردا جێی متمانه‌ی كاركردن بوون. به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغی سێیه‌مه‌وه‌ بۆیان هه‌بوو بچن له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ گرووپ و تیپه‌ شانۆییه‌كاندا كار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌بووه‌ خاڵی بنه‌ڕه‌تی بۆ خۆدروستكردنیان و متمانه‌ به‌ تواناكانی خۆیان، بۆیه‌ پاش ته‌واوكردنی په‌یمانگا و ده‌رچوونیان له‌وێ، زۆرینه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ ئێسته‌ بوونه‌ته‌ ناوێكی جوان له‌ پانتایی شانۆ و راگه‌یاندنه‌ كوردییه‌كاندا، خوێندكاره‌كانی ئێمه‌ بوون چ وه‌ك نووسه‌ر و ده‌ر‌هێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و بێژه‌ر.. هتد. گه‌لێك له‌و خوێندكارانه‌ به‌داخه‌وه‌ ته‌وژمی راگه‌یاندنه‌كان و سیحری ته‌له‌ڤزیۆن رایكێشان بۆ لای خۆی و جارێكی تر پانتاییه‌كی بۆشی له‌ بواری شانۆ و نواندندا دروست كرد. ڕه‌نگه‌ هۆكارێكی تری ئه‌مه‌ بواری ده‌رامه‌تی ژیانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هونه‌ری شانۆ به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا جگه‌ له‌ حه‌زێكی تایبه‌تی و خه‌مێكی خود نه‌بێت، ناتوانێت ببێته‌ هۆكارێك بۆ بژیویی ژیانی شانۆكاره‌كان.